زمانی کوردی، وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد زوڵملێکراوه
زمان یه‌كێكه له‌بنه‌ماو كۆڵه‌كه‌كانی بوون و مانه‌وه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، نه‌ته‌وه‌ی كوردیش سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگ و ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ی به‌سه‌ریهاتووه، زمانه‌كه‌ی هه‌ر به‌زیندوویی ماوه‌ته‌وه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌خه‌ریكه پاراستنی زمانی دایك مه‌ترسیی جددیتر له‌جارانی له‌سه‌ر دروست ده‌بێت به‌هۆی پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و بچووكبوونه‌وه‌ی سنووری نێوان وڵاتان، هاوكات بایه‌خێكی تایبه‌ت به‌زمانی دایكیش ده‌درێت.
دیاریكردنی رۆژێكی جیهانیش بۆ زمانی دایك ده‌رفه‌تێكه بۆ هه‌مووان كه به‌ته‌نگ زمانی كوردییه‌وه بێین و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و زمانه‌و كاریگه‌رییه مێژوویی و سیاسییه‌كانی له‌سه‌ر روون بكه‌ینه‌وه.
زمانی كوردی له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵات
له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له‌ئێران زمانی كوردی خه‌ریك بوو ببێته یه‌كێك له‌قوربانییه‌كانی سیاسه‌تی شاهه‌نشاهی په‌هله‌وی له‌ئێران و به‌هۆی رووكردنه خۆرئاوا‌و كاڵكردنه‌وه‌ی پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی یه‌كه نه‌ته‌وه‌یی ئێران، مه‌ترسی جددی له‌سه‌ر زمانی كوردی و ناسنامه‌ی كوردیش دروست بوو. رژێمی شاهانه‌ی په‌هله‌وی ئێران له‌و كاتانه‌وه رێگه‌ی نه‌دا زمانی كوردی له‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن هه‌روا كه‌لتوورو رووناكبیری به‌كاربێت و زمانی كوردی له‌ئێراندا قه‌تیس كرد له‌زمانێكی زاره‌كی و شه‌فه‌هی، ته‌نانه‌ت له‌و سه‌رده‌مانه‌دا پۆشینی جلی كوردیش قه‌ده‌غه كرا.
له‌ده‌ورانی شۆڕشی سمكۆی شكاك، رۆژنامه‌و گۆڤار‌و بڵاوكراوه به‌زمانی كوردی ده‌رچوون، شۆڕش رۆژنامه‌یه‌كی ده‌رده‌كرد به‌ناوی (رۆژی كورد‌و شه‌وی عه‌جه‌م)، كه‌دواتر ناوه‌كه‌ی گۆڕادرا به(رۆژی كورد). (( مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌دی تورجانی سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی “رۆژی کورد و، شه‌وی عه‌جه‌م” بوو )) به‌ڵام دوای سه‌ركوتكردنی ئه‌و شۆڕشه گۆڤار‌و بڵاوكراوه كوردییه‌كانیش به‌ره‌و نه‌مان چوون، به‌ڵام كاره‌كانی ئه‌م شۆڕشه جارێكی تر زمانی كوردی له‌و ناوچانه زیندوو كرده‌وه‌و له‌مه‌ترسی فه‌وتان ده‌ربازی كرد. سه‌رده‌می زێڕینی زمانی كوردی له‌ئێراندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می حوكمڕانی كۆماری كوردستان له‌مهاباد. له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و كۆماره‌دا، رۆژنامه‌و گۆڤاری كوردی ده‌ستیان به‌بڵاوبوونه‌وه كرد‌و بۆ یه‌كه‌مینجاریش گۆڤاری تایبه‌ت به‌جیهانی منداڵان (( گڕوگاڵی منداڵان )) له‌كۆماره نازداره‌كه‌ی مهاباد بڵاوكرایه‌وه.
له‌سه‌رده‌می كۆماردا، زمانی كوردی بووژانه‌وه‌یه‌كی فراوانی به‌خۆیه‌وه بینی، خوێندنگه‌ی كوردی و خوێندنی زمانی كوردی كرانه‌وه‌و به‌فراوانی ده‌ستیان پێكرد. جگه له‌بواره‌كانی په‌روه‌رده‌و كه‌لتوور له‌سه‌رده‌می كۆماردا، زمانی كوردی بووه زمانی ره‌سمی و له‌نووسراوه‌كانی دادگا‌و ده‌زگا ره‌سمییه‌كان زمانی كوردی به‌كارهات.
دواتر‌و دوای هاتنه سه‌ر ته‌ختی حه‌مه ره‌زاشای كوڕ، له‌ژێر كاریگه‌ریی بڕیار‌و هه‌نگاوه‌كانی عیراقی كۆماری له‌دوای شۆڕشی 14ی گه‌لاوێژی 1958، له‌ئێرانیش تاڕاده‌یه‌ك زوڵمه‌كانی سه‌ر زمانی كوردی هه‌ڵگیران، له‌و سه‌رده‌مه‌دا، حكومه‌تی شاهانه‌ی ئێران له‌ئاستێكی دیاریكراودا گرنگیی به‌زمانی كوردی دا به‌رنامه‌ی رادیۆیی دامه‌زراندو خۆشی رۆژنامه‌ی (كوردستان)ی ده‌ركرد، به‌ڵام به‌شه فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوورییه‌كه‌ی سوودی به‌زمانی كوردی گه‌یاند.
له‌سه‌رده‌می كۆماری ئیسلامیی دوای شۆڕشی ساڵی 1979، له‌سنوورێكدا ده‌رفه‌ت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤار‌و رۆژنامه‌ی كوردی درا. مامۆستا هێمن ده‌ستیكرد به‌ده‌رچوواندنی گۆڤاری سروه‌و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی تر بڵاوكرانه‌وه.
له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی محه‌مه‌د خاته‌میدا جارێكی تر گۆڤار‌و رۆژنامه‌ی كوردی به‌پچڕ پچڕی ده‌ستیان به‌بڵاوكردنه‌وه كرد وه‌ك هه‌ردوو رۆژنامه‌ی رۆژهه‌ڵات و ئاویه‌ر له‌شاری سنه‌و رۆژنامه‌ی ئاشتی له‌تاران.
ئێستاش له‌رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی بیستراو و بینراوه رێگه به‌زمانی كوردی ده‌درێت، به‌ڵام هێشتا زمانی كوردی وه‌ك زمانی خوێندن و په‌روه‌رده به‌كارنایه‌ت. ئێستا له‌ئێران زمانی كوردی به‌زمانێكی ناڕه‌سمی ناوچه‌یی ئه‌ژمار ده‌كرێت، هێشتا خوێندن و په‌روه‌رده به‌زمانی كوردیی دایكبوونی نییه.
زمانی كوردی له‌كوردستانی باكوور
هه‌رچه‌نده یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی له‌مێژوودا له‌لایه‌ن به‌درخانییه‌كانه‌وه كه‌كوردی ره‌سه‌نی كوردستانی توركیا بوون بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئاستی زمانی كوردی له‌و وڵاته له‌ئاستێكی دیاریكراودا بووه.
له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی ئیتیحاد‌و ته‌ره‌قیدا هه‌ندێك گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی كوردی ده‌رچوون و زمانی كوردی كه‌مێك بووژانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه دی، به‌ڵام له‌دوای دامه‌زراندنی كۆماری توركیا‌و هاتنه سه‌رحوكمی ئه‌تاتورك ئه‌و بڵاوكراوانه كۆتاییان هات. به‌هاتنه‌سه‌ر حوكمی ئه‌تاتورك، نه‌ك رێگه به‌زمانی كوردی و گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی كوردی نه‌درا، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی نكۆڵی له‌بوونی كورد كرا‌و ئه‌م نكۆڵی كردنه‌ش تاكو ئێستا له‌سه‌ر ئاستی ره‌سمی به‌رده‌وامه، به‌ڵام هه‌ندێك جار‌و له‌هه‌ندێك قۆناغدا چاوپۆشی ده‌كرێت.
له‌ساڵانی شه‌سته‌كاندا، له‌توركیا چاوپۆشی له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی كوردی كرا‌و هه‌ندێك گۆڤار به‌پیتی لاتینی به‌كوردی و توركی ده‌ستیان به‌وه‌شان كرد، به‌ڵام هێشتا نكۆڵی‌كردن به‌رده‌وام بوو.
له‌ساڵانی حه‌فتادا جارێكی تر هه‌وڵدرا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی كوردی، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان سه‌ریان نه‌گرت و به‌هۆی روودانی كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه هه‌موو خه‌ونێكی له‌و جۆره زینده به‌چاڵكران.
له‌ساڵانی هه‌شتاشدا هه‌ر به‌هۆی روودانی كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه، هه‌موو جۆره چالاكییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی رێگه‌ی لێ‌گیراو هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌كی كه‌لتووری و رووناكبیریی كورد په‌كخرا. له‌ساڵی 1991 به‌دواوه‌و له‌دوای هاتنه سه‌ركاری توركوت ئۆزال، هه‌ندێك ئاسانكاری و چاوپۆشی كرا، رێگه به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی و به‌كارهێنانی شه‌فه‌هی و زاره‌كی زمانی كوردی درا. ئێشتا حكومه‌تی توركیا چاوپۆشی ده‌كات له‌ده‌ركردنی بڵاوكراوه‌و رۆژنامه‌ی كوردی، به‌ڵام تاكوئێستا له‌توركیا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی نكۆڵی ده‌كرێت و سووكایه‌تی به‌زمانی كوردی ده‌كرێت و به‌زمانی توركی شاخاوی داده‌نرێت، بۆیه خه‌باتكردن بۆ زمان بۆته به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌خه‌بات و تێكۆشان له‌كوردستانی توركیا.
زمانی كوردی له‌كوردستانی باشووری بچووك
له‌سه‌رده‌می ئینتیدابی فه‌ره‌نسییه‌كاندا له‌سوریا، رێگه به به‌كارهێنانی زمانی كوردی ده‌درا، به‌درخانییه‌كان له‌وێ چالاكی رۆژنامه‌وانییان هه‌بوو، گۆڤاره‌كانی هاوار، هێڤی، ژین، به‌لاتینی بڵاوكرانه‌وه، به‌ڵام له‌دوای قۆناغی (سه‌ربه‌خۆیی) سوریا حكومه‌تی سوریا ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد‌و زمانی كوردی پێچایه‌وه. له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌ركاری نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌عسییه‌كان، له‌سوریا زمانی كوردی حاڵی به‌ره‌و خراپبوونی زیاتر چوو. له‌سه‌رده‌می حافز ئه‌سه‌دو تا راده‌یه‌ك به‌شاریش چاوپۆشی له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌ی حزبه سیاسییه‌كان ده‌كرا، هه‌رچه‌نده ئه‌و گۆڤارانه سیاسی بوون، به‌ڵام سوودی زۆریان هه‌بوو و به‌ئاستی جیاواز خزمه‌تی زمانی كوردیان كردووه.
هه‌رچه‌نده زمانی كوردی له‌سوریا له‌سه‌ر ئاستی شه‌فه‌هی و زاره‌كی قه‌ده‌غه‌كراو نییه، به‌ڵام زمانی كوردی له‌خوێندن و قوتابخانه‌كاندا بوونی نییه.
زمانی كوردی له‌كوردستانی سوور
له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ئۆتۆنۆمی بۆ كورده‌كانی سۆڤیه‌ت و كوردستانی سوور سه‌لمێنراوه‌و زمانی كوردی له‌و ناوچانه گه‌شه‌كردنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه دیوه‌و خوێندن به‌زمانی كوردی هه‌بووه، هه‌رچه‌نده ژماره‌ی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان كه‌مه، به‌ڵام چالاكی زمانی و به‌رهه‌می نووسراو به به‌راورد به‌ژماره‌ی كورد له‌وێ، زۆرن.
له‌و سه‌رده‌مه‌وه، رۆژنامه‌ی رێیا تازه به‌پچڕ پچڕ ده‌رده‌چێت و تاكوئێستاش به‌رده‌وامه. ئه‌م رۆژنامه‌یه له‌سه‌ره‌تادا به‌پیتی لاتینی و دواتر به‌پیتی روسی ده‌رچوون. به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری زمانی كوردی له‌كوردستانی سوور قه‌ده‌غه نه‌بووه، به‌ڵام ئاستی به‌كارهێنانی ئه‌و زمانه زوو زوو كه‌م و زیاد ده‌كرا.
له‌ناوچه كوردییه‌كانی كۆماره‌كانی سۆڤیه‌تی جاران، زمانی كوردی زمانێكی قه‌ده‌غه كرا‌و نییه، به‌ڵام گوشاری جۆراوجۆر‌و له‌سه‌ر كورد‌و زمانه‌كه‌یان هه‌یه‌و حكومه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ش وه‌ك پێویست یارمه‌تی پێشكه‌ش ناكه‌ن به به‌راورد به‌و هاوكارییانه‌ی له‌سه‌رده‌می سۆڤیه‌تدا بوونیان هه‌بوو.
له‌به‌رئه‌وه‌ی زمان به‌شێكی گرنگ و كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بوون و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه، بۆیه زمانی كوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌هه‌موو پارچه و ناوچه‌كان، تووشی ئازاد‌و په‌راگه‌نده‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و لاوازكردن بووه.
دابه‌شكردنی كوردستان به‌سه‌ر وڵاته جۆربه‌جۆره‌كان، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر زمانی كوردی هه‌بووه. ئێستا له‌كوردستانی عیراق و كوردستانی ئێران پیتی ئیسلامی عه‌ره‌بی بۆ زمانی كوردی به‌كاردێت، به‌ڵام له‌سوریاو توركیا پیتی لاتینی به‌كاردێت كه له‌پیتی به‌كارهێنراوی توركیاوه وه‌رگیراوه‌و به‌درخانییه‌كان هه‌ندێك گونجاندنی رێنووسیان بۆ كردووه. به‌ڵام له‌كوردستانی سوور پیتی سلاڤی به‌كاردێت، بۆیه وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، رێنووس و پیته به‌كارهێنراوه‌كانیش بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كورد ببێته خاوه‌نی زمانێكی یه‌كگرتوو، ئه‌گینا زمانی كوردیش وه‌ك زمانی نه‌ته‌وه‌كانی تر وایه‌و هیچی له‌وان كه‌متر نه‌بووه‌و نابێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ماڵوێرانی و چه‌رمه‌سه‌ری و په‌راگه‌نده‌ییه‌ی تووشی كورد‌و زمانه‌كه‌ی هاتووه، زمانی كوردی ئێستاش زمانێكی زیندووه‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌و تێری پێویستییه رۆحی و فه‌رهه‌نگییه‌كانه ئه‌مڕۆی كورد ده‌كات.
به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، شه‌ڕێكی به‌رده‌وام و فراوان به‌كوردو زمانه‌كه‌ی فرۆشراوه‌و تاكوئێستاش ئه‌و شه‌ڕه به‌رده‌وامه، ئه‌م شه‌ڕه جگه له‌وه‌ی ته‌عه‌دایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه، له‌هه‌مانكاتدا ته‌عه‌دایه له‌سه‌ر ره‌نگێك له‌ڕه‌نگه‌كانی فره‌یی سروشتی، ته‌عه‌دایه له‌و ئاماژه‌و زمانانه‌ی خوای گه‌وره به‌مرۆڤه‌كانی به‌خشیوه‌و ته‌عه‌داشه له‌ئیراده‌ی خوای گه‌وره كه‌زمانی بۆ نه‌ته‌وه‌كان داناوه.
سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وتی زمانی كوردی له‌كوردستانی جنوبیدا، كوردستانی نوێ به‌دوو ئه‌ڵقه باسی له‌پرسی زمانی كوردی كردووه‌و له‌دوو ژماره‌ی رابردوودا بڵاوكرانه‌وه.
سه‌چاوه : كوردستانی نوێ