تێكۆشەران و ئەدیبان و دڵسۆزانی نەتەوەی كورد، دژی شێواندنی گڵکۆی شاعیران وەدەنگ هاتن

0
2541
#نا بۆ تێكدانی گڵكۆی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانی كورد

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، تێكۆشەران و ئەدیبان و دڵسۆزانی نەتەوەی كورد، لە ڕێگای وەڕێخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی ” نا بۆ تێكدانی گڵكۆی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندانی كورد” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە دژی شیواندنی گڵکۆی شاعیرانی ئەو باژێڕە، هەڵوێستیان گرتووە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

ئەو چالاکوانانە لە ڕاگەیێندراوێکدا داوایان لە بەرپرسانی باژێڕی مهاباد کردووە، کێل و بەردی ئەدیبان و هونەرمەندانی شارەکەیان لە شوێنی خۆی دابنێنەوە.

شارەوانی و قایم مقامی مهاباد لە کردەوەیەکی ناکوردانەدا گڵکۆی شاعیران و هونەرمەندانی مهابادیان لە ناو بردووە و لە سەرجەم گڵکۆکان تەنیا یەک کێلیان هێشتۆتەوە کە تەنیا ناوی شاعیر یان نووسەرەکەی لەسەر ماوە.

دەقی ڕاگەیێندراوی چالاکوانانی تێكۆشەران و ئەدیبان و دڵسۆزانی نەتەوەی كورد بەو شیوەی خوارەوەیە:

ماوەیەکە شارەداریی مەهاباد بە ناوی “پڕۆژی نۆژەن کردنەوەی گڵکۆی هونەرمەندان و ئەدیبان” دەستی داوەتە تێکدانی گۆڕی هونەرمەندان و ئەدیبانی ئەو شارە و کێل و بەردی سەر گڵکۆکانی لە شوناسی نەتەوەیی و لە کەسایەتیی بەرزی نەتەوەیی ئەوان داماڵیوە. بۆ دەمکوت کردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیش، چەند کەس لە ئەدیبانی ئەو شارە لە لاوە تێکەڵ بە پڕۆژەپیلانەکە کراون. شارەداری و هەر دەزگایەکی پێوەندیدار دەتوانێ دەوروبەری گڵکۆی ئەم هونەرمەند و ئەدیبە بەرزانەی کوردستان بڕازێنێتەوە یان رێکوپێکی بکا بەڵام دەسبردنی بە ئانقەست بۆ كێل و گڵكۆكانیان و سڕینەوەی رۆحی پەیام و شیعری سەر گۆڕەكانیان بە دەهۆ و پیلانی دوژمنان، شتێك نییە نیشتمانپەروەران لێی خۆش بن و خەمساردانە پشتگوێی بخەن.

ئێمە تێکدانی گڵکۆی هونەرمەندان بە پیلانی دەزگا ئەمنیەتی و سیخوڕیەکان دەزانین. تاکە ئامانجی ئەو پڕۆژەیەش لە سڕینەوەی پەیامی ئەو نەمرانەدا دەبینین کە لە سەر کێل و بەردی سەر گڵکۆکانیاندا رەنگی داوەتەوە. هەر بۆیەش داوا دەکەین کێل و بەردەکان لە جێی خۆیان دابنێنەوەو داوای لێبوردن لە روحی بەرزی ئەو نەمرانە بکەن. خۆ ئەگەر ئەو گەڕاندنەوەیە لە دەست جێبەجێكەراندا نییە، ئەوە باشترە بە ئاشکرا لەو پڕۆژەپیلانە بێنە دەرێ و داوای لێبوردن لە گەلی خۆیان بکەن و ئەو پەڵەیە لە سەرشانیان بشۆنەوە. ئەگینا باری ئەو گوناحە لە ئەستۆی جێبەجێکاران و پاساودەرانی ئەو پڕۆژەپیلانەیە. پاساوی بە رواڵەت زانستیانە و لە راستیدا گەوج خەڵەتێنانە، زۆر قورسترە لە قەباحەتی جێبەجێ کردنی ئەو کردەوە دژە نەتەوەییە.

لینکی فەیسبووکیی کەمپەین

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت