عەتا ناسر سەقزی : كۆمه‌ڵه‌ لەگەڵ خەبات بۆ مافی چینایه‌تی، خەبات بۆ مافی دیاریكردنی چارەنوسی گەلی كورد ده‌كا

0
9035

بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆمەڵە لە کوردستانی خۆرهەڵات و دەست بە چالاکی و تێکۆشان کردنی ئەو حیزبە لە گۆرەپانی سیاسیی کوردستانی خۆرهەڵاتدا، ڕۆژی کورد پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە جۆڕێک لە جۆرەکان خۆ لەو حیزبەدا دەبیننەوە ده‌كا.

ڕۆژی کورد بەو بۆنەوە، وێڕای سپاس و پێزانین، چەند پرسیاڕێکی ئاراستەی بەریز عەتا ناسرسەقزی ،ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە ی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سلێمانی كردووه‌ و به‌ڕێزیشیان به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌ .

ڕۆژی کورد: كۆمه‌ڵه‌ تا چه‌ند هه‌وڵی لێك نزیك بوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ لێك دابڕاوه‌كانی داوه‌ و ده‌دا ؟

عەتا ناسر سەقزی: ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەردەوام هەوڵی لێك نزیك بوونەوە‌و یەكگرتنەوە لەگەڵ لایەنەكانی كۆمەڵەمانداوە‌و هەمیشەش دەرگای دیالۆگو گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە ئاوەڵا بووە. لەماوەی ڕابردوووشدا هەوڵێكی زۆرمان بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ لایەنی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڵام پاش چەندین كۆبوونەوە لەئەنجامدا بە
هۆی جیدی نەبوونی لایەنی بەرامبەر ئەم پرۆسەیە توشی شكست بوو و ئەوەش ئاشكرا بوو ئەو لایەنە تەنها بۆ رازی كردنی ئەو دەنگانەبوو كە لەناو حیزبەكەیاندا خوازیاری یەكگرتنەوە بوون لەگەڵ ئێمەدا بەشداری ئەو گفتوگۆیانە بوون، بەڵام پاش شكستی پرۆسەكە، زۆربەی ئەو كەسانە كە بەشێكیان لە سەركردایەتی ئەو حیزبەداب وون وازیان لەو حیزبە هێنا یان دەركران. بەم دواییانەش ئێمە لەگەڵ دوو لایەنی دیكەی كۆمەڵە (هێڵی یەكگرتنەوەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و رەوتی سوسیالیستی كۆمەڵە) لە هەوڵی یەكگرتنەوەداین‌و بەخۆشحاڵییەوە پرۆسەكە بە باشی دەڕوات‌و دەتوانم بڵێم گفتوگۆ سەرەكییەكان بۆ یەكگرتنەوە كۆتایی پێهاتووە‌و رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ‌و بەرنامەی سیاسی هاوبەش ئامادەكراوە‌و چاوەڕوان دەكرێت یەكگرتنەوەكە لەماوەی داهاتوودا سەربگرێت. ئێمە بەردەوام خوازیاری لێكنزیك بوونەوە‌و هاوكاریی حیزبە كوردییەكان بەتایبەتی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووین‌و هەوڵیشمان داوە بۆ ئەوەی لانیكەم چەترێكی هاوكاری لەنێوان ئەم هێزە سیاسییانەدا هەبێت، تا هەر هیچ نەبێت لە مەسەلە گشتییەكان كە پەیوەندی بە خەڵكی ئێران‌و كوردستانەوە هەیە یەك دەنگ بین. بۆ نمونە دەكرا بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئێران حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەر خاوەنی چەترێكی هاوكاری یان بەرەیەك بوایەتن، رەنگە بڕیاری گشتیی‌و بەیاننامەیەكی بەكۆمەڵ كاریگەریی زۆر زیاتر بوایە تاكوو ئەوەی هەر لایەنەو بۆخۆی بەیاننامەیەك دەربكات.

ڕۆژی کورد: تا چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر ڕێبازی سه‌ره‌كیی خۆی درێژه‌ به‌ كار و چالاكیه‌كانی ده‌دا؟

عەتا ناسر سەقزی: ڕێبازی كۆمەڵە داكۆكی لەمافی كرێَكار‌و زەحمەتكێشی كوردستان‌و مافەكانی ژنان‌و ئازادی‌و دیموكراسی بووە. هەموو هەوڵ‌و تیكۆشانی ئێمە لەپێناو ئەو ڕێبازەدا بووە‌و وەك رەوتێكی چەپ‌و سوسیالیستی لەكوردستان، بۆ رێكخستنی خەباتی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان‌و بۆ ئازادی‌و دیموكراسی هەوڵمانداوە. پێناسەی كۆمەڵە بە پێداگریی لەسەر ئازادی ژن‌و یەكسانی مافەكانی لەگەڵ پیاو، هەوڵدان بۆ وشیاركردنەوەی خەڵك بەشداریی راستەوخۆی خەڵك لە بڕیاردانی سیاسی‌و بەرگریی لە كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی كوردستانە. كۆمەڵە بەردەوام بەشێك بووە لە خەبات بۆ رزگاری خەڵكی كوردستان لە ستەمی نەتەوایەتیی، لەلایەكی دیكەوە خەباتی شێلگیری دژی چەوسانەوە‌و رێگای رزگاری ستەملێكراوان‌و چینە ژێر دەستەكانی كۆمەڵگا‌و پەرەپێدەری فەرهەنگی پێشكەوتوو ‌و عەداڵەتخوازانە بووە.

ڕۆژی کورد: كام یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵه‌كان له‌ سه‌ر هه‌مان ڕێبازی سه‌ره‌تای دامه‌زرانیانن؟

ناسر سەقزی: هەموو ئەو حیزب‌و لایەنانەی كە ئێستا بەناوی كۆمەڵەوە كاردەكەن، خۆیان بە میراتگری هەمان ڕێبازی سەرەتای دامەزارندنی كۆمەڵە دەزانن، بەڵام بە بڕوای من ئەوەی لەم ناوەدا ئەوەی گرنگە بڕیار‌و هەڵسەنگاندنی خەڵكی كوردستانە كە لە رووی سیاسەت‌و هەڵسوكەوت‌و كاردانەوەی هەر كام لەو لایەنانەی كۆمەڵە لەبەرامبەر رووداوەكان‌و لەبەرامبەر ژیانی رۆژانەی خەڵك لەژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، بڕیاری ئەوە بدەن كام لایەنی كۆمەڵە زۆرتر لەسەر ڕێبازی سەرەتای كۆمەڵە ماوەتەوە.

ڕۆژی کورد: هه‌ستی چینایه‌تی له‌ لای كۆمه‌ڵه‌ به‌هێز تره‌ تا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی؟ راتان چییه‌ ؟

ناسر سەقزی: كۆمەڵە هەر لەسەرەتاوە داكۆكیكاری مافی كرێكار‌و زەحمەتكێشی كوردستان بووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نەبووە كە گرنگی بە داخوازییە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان نەدابێت. كۆمەڵە هەر لەسەرەتاوە بڕوای بە مافی دیاریكردنی چارەنوسی گەلی كورد بووە‌و لەبەرنامەی سیاسیەكانیدا جەختی لەسەر كردوەتەوە كە ئێستا تازە بەتازە هەندێ حیزبی كوردستان باسی مافی دیاریكردنی چارەنوس بۆ خەڵكی كوردستان دەهێننە گۆڕێ. بەپێی بەرنامەی سیاسی ئێمە، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان مافی دیاریكردنی چارەنوس تا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بە مافی دیموكراتیك‌و حاشا هەڵنەگری خەڵكی كورد دەزانێت‌و هاوتەریب لەگەڵ خەبات بۆ دەستبەركردنی مافی كرێكار‌و زەحمەتكێشی كوردستان، شێلگیرانەش خەبات بۆ مافی دیاریكردنی چارەنوسی گەلی كورد دەكات.

ڕۆژی کورد: په‌یام به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی كۆمه‌ڵه؟‌

عەتا ناسر سەقزی: لە 37 ەمین ساڵیادی ئاشكرابوونی خەباتی كۆمەڵە من سەری رێز‌و نەوازش بۆ هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دادەنوێنم. هەروەها سڵاوو رێز بۆ هەموو بنەماڵەی ئەو ئازیزانە‌و بۆ زیندانیانی سیاسی لە سیاچاڵەكانی كۆماری ئیسلامی دەنێرم. ئەگەر لەم سەردەمەدا بەهۆی دووركەوتنەوەمان لە خەڵكەكەی خۆمان‌و بەهۆی چەندین فاكتەری دیكە چەندین حیزب‌و لایەنی سیاسی بەناوی كۆمەڵەوە دژی كۆماری ئیسلامی خەبات دەكەن، بەڵام لە راستیدا كۆمەڵە لەناوی حیزبێك یان چەند لایەنێكی سیاسی كورت ناكرێتەوە. كۆمەڵە رەوت‌و بزوتنەوەیەكی سیاسی كۆمەڵایەتییە كە لە بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان جێگەی دیار‌و بەرچاوە. كۆمەڵە رەوتێكی چەپ‌و سوسیالیستییە كە بەهەزاران كوڕ‌و كچی ئەم نیشتمانە خوێنی خۆیان بۆ بەخشیوە‌و ئاواتی ئەوەشم هەیە سەركردەكانی كۆمەڵە، ئەوانەی لە نەوەی یەكەمی كۆمەڵەن رۆژێك هەموو ناكۆكییەكان وەلا بنێن‌و لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان یەكبگرنەوە‌و كۆمەڵەیەكی بەرین‌و بەهێز پێكبێنن كە ئەوەش مایەی رەزامەندی‌و دڵخۆشی خەڵكی كوردستانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.