ڕۆژهەڵاتی ناڤین دووگیانە، ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە دوو بەرەی دۆست و دوژمن دا

0
96
جەماڵ پوورکەریم

نووسینی: جەماڵ پوورکەریم

گۆڕانکارییە بنەڕەتییە جوغرافییەکانی سەدەی 21 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوردستانەوە چەخماخەیان لێدەدرێ، دروست بوونی دەوڵەت و حکوومەتی سەربەخۆی کوردستان، دەبێتە سەرەتای ئاڵووگۆڕیی بنەڕەتی لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دا .

گەلی کورد کە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، نزیکەی سەدان ساڵە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی خەبات دەکا و لەو ڕێگەیەدا گەلێک قوربانی داوە .

ئەگەر خەباتکارانی کورد، سەردەمانێک باسیان لە خودموختاری ، فیدرالیزم و کۆنفدراڵی کردووە، ئەوە بۆ ئەوە نەبووە کە بۆ هەتاهەتایە لەو چوارچێوەدا خۆ قەتیس بکەن و خۆی لێ دەرباز نەکەن، بەڵکوو دروشمگەلێکی ستراتیژی و کاتی بوون بۆ گەیشتن بە ئامانج کە هەمان سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.

لە درێژایی مێژووی خەباتی کورد و بەتایبەتی لە خەباتی یەک سەدەی ڕابردوو، خەونی هەرە گەورەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، گەیشتن بە سەربەخۆیی و سازبوونی دەوڵەتی کوردستان بووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەدان ساڵە خاکی کوردستان لە لایەن چەند نەتەوەیەکی داگیر کەری وەک فارس، عەڕەب و تورک داگیر کراوە و لە قالبی جۆراوجۆر دا دەیان و سەدان ژینۆسایدیان بە دژی گەلی کورد بە کار هێناوە .

داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە، لە ڕێگای ئەنفاڵ، کۆمەڵکوژی، فەرمانی جیهاد، کوشت و بڕ و سێدارە و …تاد، زمان، ناسنامە و شوناسی کورد و کوردستانی بوون بسڕنەوە و لە ناوی بەرن.

هەنووکەش کە پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، دوژمنانی گەلی کورد و لە پێش هەموویانەوە کۆماری سێدارەی ئێران، ماڵی خۆیان بۆ دژایەتی کردنی ئەو پرسە ڕێکخستووە و خۆیان بۆ دوژمنایەتی لەگەڵ ئەو پرسە، توندوتۆڵ کردووە و بە شێوەی جۆرواجۆر خەریکی دروست کردنی لەمپەر و تەگەرە و بەربەستن و بە هۆڤانەترین شێوە هەڕەشە دەکەن و خۆیان بۆ ئاژاوەنانەوە و بەربەرەکانی سازداوە و تەیار کردووە.

دوژمنان لە هەوڵ دان کوردستان بە سەر دوو بەرەی دژ بەیەک دا دابەش بکەن : بەرەی دۆست و بەرەی دوژمن، بەرەی بەڵێ و بەرەی نا.

 بەرەیەک لە  لایەنگرانی سەربەخۆییخوازی پێکدێ کە ڕەوتێکی نەتەوەیی و سەر بە ناسیونالیسمی کوردی پاڵپشتی لێدەکا و هەموو داگیرکەرانی کوردستان دژ بەو ڕەوتەن.

ڕەوتی  دووهەم کە بەرەی دوژمنە و لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران، تورکیە ، عێڕاق و سووریەوە هان دەدرێ و پاڵپشتی لێدەکرێ.

دژایەتیکردنی دوژمنان، شتێکی ئاساییە و ئەگەر دژایەتییان نەکردبایە جێگەی گومان و تێڕامان دەبوو، بەڵام چوون و پەیوەست بوونی ئەو لایەن و کەسانەی خۆ بە شۆڕشگێر و کورد دەزانن بۆ ناو ڕەوت و بەرەی دوژمنان، جێگەی داخ و تێڕامانە، تێڕامانێکی مێژوویی و خیانەتێک کە بێ گومان، مێژوو بە پەڵەیەکی ڕەشی نەگۆڕ سەیری دەکا و تۆماری دەکات.

ئەگەر لە کوردستانی باشوور ڕێفراندۆم بەڕێوە بچێ و لە سەدا کەمتر لە ٩٥ دەنگی بەڵێ وەدەست بێنێ ئەوا ئەو کات ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە “بەڕاستی چۆنە خەڵکانی نیشتمانپەروەر پاڵیان وە ڕەوت و سەروسەودایەک داوە کە ڕاشکاوانە دژ بە کورد و کوردستانە”، بڵێی ئەو گەلە چی لێ بە سەرهاتبێ کە “دەنگی نا” بۆ گەورەترین خەون و ئاواتی نەتەوەکەی، واتە سەربەخۆیی دەدا؟

لە ڕوانگەی منەوە، دانی دەنگی “نەخێر” بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هیچ بیانوو و پاساوێک هەڵناگرێ و ئەوەی دەنگی “بەڵێ” نەدا، بخوازێ و نەخوازێ، بڵێ و نەڵێ، دەچێتە خانەی داکۆکی لە پڕۆژە و ڕەوتی دوژمنانی گەلی کورد و لە ئەنجامدا دەبێ بە دژبەری کورد و کوردستان، ناوی بزڕێ و تۆمار بکرێ.

سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەبێ بۆ پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و لەو بیرە تەسکە حیزبییەوە دوور کەونەوە کە دەڵێ: “سەربەخۆیی بۆ تاکە حیزب و کەس و بنەماڵەیەکە”. سەربەخۆیی کوردستان نە بۆ بارزانییە و نە بۆ تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا و نە بە تەنیا هی هیچ تاکێکی کوردە، ئەوە ماف و ئاواتی نەتەوەیەکە کە لەوەتا مێژوو دەنووسرێتەوە، بێ وڵاتە.

سەربەخۆیی تەنانەت ئەگەر لە یەک پارچەی کوردستانیش ڕابگەیێندرێت، ئەوا پرسێکە پێوەندیدار بە هەموو گەلی کوردەوە، بۆیە پێویستە لە بەرانبەر داهاتووی منداڵەکانمان و وەچەی نوێ و مێژوودا هەست بە بەرپرسایەتی بکەین و باش لەوە تێبگەین کە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پرسی هەموو گەلی کوردە و ترسی هەموو دوژمنانی کورد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت