ڕۆژهه‌ڵات له‌ كێبەركێی چاكسازی و ڕاساندا

0
107
کاردۆ ئەحمەدی
کاردۆ ئەحمەدی

نوسینی: کاردۆ ئه‌حمه‌دی

مافی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ دونیای مودێڕندا بووه‌ به‌ جمگه‌ی سه‌ره‌كیی پێكهاته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك له‌ هه‌موو جیهان ، ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه‌ بووه‌ به‌ كێشه‌ و گرفت بۆ گه‌لی كورد له‌ ڕوژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ له‌ ڕوژهه‌ڵاتی كوردوستان وه‌كو به‌شه‌كانی تر و بگره‌ به‌ شێوازی ترسناكتر ئه‌م پرسه‌ هه‌وڵ بۆ كپ كردن و له‌ ناوچوونی ده‌درێت. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پرسه‌ی هێنده‌ قووڵ و ترسهێنەر كردوه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ڕوژهه‌ڵات به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پاوانخوازی و ئه‌قڵییه‌تی له‌ یه‌ك تێنه‌گه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ توانای قه‌بووڵ كردنی مافی گه‌لانی ئێرانی وه‌ك هه‌موو گه‌لانی دونیا كه‌ خاوه‌ن سه‌روه‌ری خۆیانن نیه‌.  ئه‌م پاوانخوازی و دڕدونگییه‌ی كه‌ تا هه‌نوكه‌ بووه‌ به‌ هوێ ڕژانی خوێنی هه‌زاران كه‌س به‌ ناحه‌ق، جگه‌ له‌ نه‌بوونی ئه‌قڵییه‌تی له‌ یه‌ك نه‌گه‌یشتنی ده‌سه‌ڵات به‌ جۆرێك نیشانه‌ی نه‌خوشییه‌كی ده‌رونییه‌ كه‌ به‌رۆكی ئه‌قڵییه‌تی سیاسی ئێرانی گرتووه‌و له‌ خراپترین حاڵه‌تیدا ئه‌م نه‌خوشییه‌ بووه‌ به‌ كه‌لتور و به‌شێك له‌ به‌هاو قییه‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات .

له‌بارچوونی بڕواو متمانه‌ له‌ نێوان خه‌ڵكی ڕوژهه‌ڵات و كۆماری ئیسلامیدا كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌كی زانایانه‌و به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو كاری له‌ سه‌ر كردووه‌و خه‌ڵكی ڕوژهه‌ڵات به‌ پێی ئه‌زمونی ٣٧ ساڵه‌یان پێی گه‌یشتوون، بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌و توخمانه‌ی كه‌ له‌ ڕوژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌وڵی له‌ ڕیشه‌ ده‌رهێنانی كۆماری ئیسلامی ده‌دات. چاكسازیی سیاسی و ئابووری و كومه‌ڵایه‌تی له‌ ڕوژهه‌ڵات كه‌ له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێراندا هیچ سه‌روشوێنێكی نیه به‌ڵام له‌ قسه‌ و به‌ڵێنی چاكسازی خوازاندا ناوه‌ناوه‌ وه‌ك ده‌هۆڵی ناوه‌رۆك پوچ لێ ده‌درێ دوای تێپه‌راندنی قوناغی جور به‌ جوری سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌هوڵیان بو ده‌كوتا به‌ بڵقی سه‌ر ئاو ده‌رچو . پێوه‌ره‌كانی چاكسازی سیاسی كه‌ بچوكترینییان و سه‌ره‌تاییترینیان له‌ مافی مروڤه‌وه‌ بگره‌ تا مافی گه‌ل له‌ هیچكام له‌ سه‌رده‌مه‌ كانی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی چاكسازی خوازاندا نه‌ك هه‌ر باسی لێوه‌ نه‌كراوه‌ به‌ڵكو بگره‌ پێشێلكردنیشی زیاتر بوه‌و ڕێژه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌و له‌ سێداره‌ دانیشی بردوه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌ . واته‌ چاكسازیخوازیش پێڕه‌وی هه‌مان یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێران بووه‌ كه‌ توندڕه‌وو میا‌نه‌ڕه‌و پێڕه‌ویان كردووه‌،  له‌ حاڵێكدا چاكسازی به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پێویستی به‌ گۆڕینی خاڵه‌ ناته‌باكانی یاسای بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ مافه‌ تاك و به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كۆمه‌ڵگا. خه‌ڵك به‌ چونه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی چاكسازانیشدا، هاوكاری چاكسازی خوازانیان دا، به‌ڵام هیچ گۆڕینێك نه‌ له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تیدا كراو نه‌ مافی گه‌لان كه‌ مافی گه‌لی كورد پڕ به‌رخودانترینیانه، ئاوڕی لێ درایه‌وه‌.

قسه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا به‌ ناوی چاكسازیەوه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س به‌ربه‌ره‌كانیی هه‌ڵوێستی توندی گه‌لان، به‌تایبه‌ت گه‌لی كورد ده‌كه‌ن كه‌ له‌و نێوه‌دا كومه‌ڵێك كوردیش هه‌ر ده‌هۆڵی دووباره‌ لێده‌ده‌ن و پرسیار لێره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌  فارس كوته‌نی ئایا ئاخرین و دوایین سه‌نگه‌ر بو دابینكردنی ماف بێدەنگییە‌؟

ئه‌گه‌ر سكوت و بێده‌نگیه‌ ئیدی بۆ باسی چاكسازیتان كرد؟ خۆ چاكسازییه‌كه‌تان هیچی له‌ كێشه‌كه‌ نه‌گۆڕێ. ئه‌گه‌ر سكوت و بێده‌نگی نییه‌ دوای به‌ پوچ ده‌رچوونی چاكسازی چی ده‌بێت بكرێت؟

له‌م قوناغه‌دا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ڕێره‌وی له‌ خه‌باتی هێوری ٢٠ ساڵ پێشه‌وه‌ گۆڕی بۆ ڕێڕه‌وی ناچاركردنی ده‌وڵه‌ت به‌ وڵامدانه‌وه‌ له‌ ڕێگای چه‌كداریەوە. ئه‌مه‌ له‌ یاسای هه‌مو كێبڕكێكاندا به‌ چه‌ندین هۆكار بەجێ و شیاوەو ده‌كرێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكرێ.

یه‌كه‌م: له‌ ماوه‌ی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان بۆ كۆماری ئیسلامی ڕه‌خسان و خه‌ڵكی ڕوژهه‌ڵاتیش هاوكاری ده‌وڵه‌ت بوون به‌ته‌واوی، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ بۆی گرنگ نه‌بوو مافی گه‌لانی بنده‌ست بوو. هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی چاڵ كرد.

دووهه‌م: حیزبی دێموكرات له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا هه‌ڵوێستی ڕه‌سمی خۆی له‌سه‌ر پیلانه‌كانی ڕژێم به‌ ئاشكرا و به‌ ڕوونی ده‌رده‌بڕێ و ئاگاداری هه‌موو ورده‌كارییه‌كان بوو، سه‌ره‌نج و تێبینیی خۆی به‌ ڕاگه‌یاندراوی ڕه‌سمی ده‌رده‌بڕێ به‌ڵام كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر نه‌گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی خۆی له‌سه‌ر مافی گه‌لان و مافی تاك شێلگیرتر بوو، به‌رده‌وام پێشێلی هه‌مو خواست و ویسته‌ مرۆییەکانی ده‌كرد.

سێیه‌م: به‌ربه‌ره‌كانی له‌ ڕۆژهه‌ڵات گه‌یشتبووه‌ قۆناغی چه‌واشه‌كاری بێ ئەملاوئەولای سیاسی به‌ دژی كورد كه‌ به‌داخه‌وه‌ كورد خۆیان به‌شێكیان زانایانه‌ یان نه‌زانانه‌ له‌ و مه‌سه‌له‌یه‌ تێوه‌گلابوون.

چواره‌م: بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانی گه‌ل، ده‌یان هه‌ڵبژاردن له‌م ٣٧ ساڵه‌دا تاقیكراوه‌و ڕێگاچاره‌ی كۆتایی به‌ره‌وڕووبونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بوو كه‌ حیزبی دێموكرات ناچار بوو هه‌ڵیبژێرێت.

جگه‌ له‌مانه‌ ده‌یان هۆكاری تر هه‌یه‌ كه‌ له‌ توێی ئه‌م وتاره‌دا باس ناكرێت. به‌رحه‌ق بوونی ئه‌م ڕاسانه‌ ڕێشه‌ و بناغه‌ی ده‌یان ساڵه‌ی هه‌یه‌ و كاری یه‌ك ڕوژ و دوو مانگ نیه‌ و داهاتوو ئێستاو دۆینێی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كوردی پێوه‌ به‌سراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت