ڕۆژئاوای کوردستان، پاراستنی هاوسەنگی نیگەتیڤ یان موازنە منفی

0
862

نووسەر: هادی سۆفی زادە

هادی سۆفیزادە
هادی سۆفیزادە

گەڕێکی دیکەی کۆبونەوەکانی ژنێڤی ٣ بۆ چارەسەری قەیرانی سوریە بێ ئاکام کۆتایی پێ هات. هەرچەند بڕیار دراوە ئاگربڕ تا مانگی ئاوگوست درێژ بکرێتەوە بەڵام هەر دوای کۆتایی کۆبونەوەکان وەزیری دەرەوەی سعودیا داوای بە کارهێنانی پلانی ” ب ” ی ئەمریکا ـ واتە بەکارهێنانی هێزی نیزامی دژی دەوڵەتی سوریە ـ  کردوە. بۆیە ئاسۆیەکی ڕوون لە ڕێگەی وتووێژەوە بۆ سوریە بە ئاسانی پێشبینی ناکرێت.

قەیرانی سوریە دوای ژنێڤی ٣

قەیرانی سوریە یەک لە پێچاوپێچترین قەیرانەکانە کە تا ئیستا لە دنیادا سەری هەڵداوە. قەیرانێک کە جگە لە ئوپوزسیۆنی سوریە، وڵاتانی ناوچەیی و لە بازنەیەکی گەورەتردا وڵاتانی بەهێزی دنیا دەستیان تێ هاویشتوە. ئاسۆی چارەسەری قەیرانی سوریە و کۆتایی هێنان بە کوشت و کوشتار لە ٣ حاڵەت بەدەر نیە کە بریتین لە، یەکەم پێک هێنانی حکومەتی تەوافوقی، دووهەم فیدڕالیزە کردنی سوریە، سێهەم دابەش کردنی سوریە. گەیشتن بە هەر کام لەوانە میکانیزمی خۆی هەیە کە دەبێ جگە لە خەڵکی ئەو وڵاتە وڵاتانی ناوچەییش لە سەری کۆک بن.  ئەوەی کە لە قەیرانی سوریەدا بەرچاوە ئەوەیە کە سورییەکان کەمترین ڕۆڵیان لە چارەسەری پڕۆسەکەدا هەیە و وڵاتانی دیکەن کە بڕیاردەری سەرەکین.

ـ  مودێلی تەوافوقی (هاوبەش):

مودێلی تەوافوقی ( وەک عێراق )  بە هەبوونی بەشار ئەسەد سەر ناگرێت، چونکە سونییەکان مەرجی سەرەکییان لاچوونی ئەسەد لە دەسەڵاتە. عەلەوییەکانی سوریەش جگە لە بەشار ئەسەد بژاردەیەکی دیکەیان نییە. عەلەوییەکان لێیان ڕوونە کە بە لادانی ئەسەد دواڕۆژێکی تاریکیان دەبێت هەر وەک ئیستا سونییەکانی بەغدا ئەو حاڵەتەیان هەیە. بە گوێرەی هەندێ ئاماری ناڕەسمی ڕێژەی حەشیمەتی عەرەبی سوننی لە بەغدا لە ٤٠% بۆ ٢٠% دابەزیوە. ڕۆژانە جەنازەی چەندین عەرەبی سوننی لە ناو زبڵدانەکانی ئەو شارە فڕێ دەدرێن و دەدۆزرێنەوە. سونییەکانی بەغدا بە ناچار بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعیش کۆچ دەکەن وبەشێکیان پەیوەست بە ڕیزەکانی داعیش دەبن.

 لە مودێلی تەوافوقیدا دەبێ دەسەڵاتی ناوەندی دابەش بکرێت بە تایبەت بە پێێ زۆرینەی حەشیمەتی سوننی ئەوان دەبێ باڵادەست دەبن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەشار ئەسەد هیچ کات قبووڵی ناکات جێگرەکەی عەرەبێکی سوننی بێت،  یا پۆستە هەستیارەکان وەک وەزارەتی ناوخۆ، دەرەوە، بەرگری و ئیتلاعات لە گەڵ نەیارانی خۆی دابەش بکات. بۆیە زۆر زەحمەتە لە سوریە حکومەتی بنکە فرەوان یا تەوافوقی دروست بکرێت.

ـ مودێلی فیدڕاڵ:

 فیدڕالیزە کردنی سوریە زیاتر بژاردەی وڵاتانی ڕوسیە و فەڕانسەیە بەڵام هەرکام بە مودێلی خۆیان. فیدڕالیزم ئەگەرچی دەسەڵات دابەش دەکات بەڵام لە ئاستی ژووردا گرێدراوی ناوەندە. لە ئەگەری تەوافوق لە سەر فیدڕالیزە کردنی ئەو وڵاتە بە بێ لەبەرچاوگرتنی کورد مومکین نیە. چونکە ئەگەرقەرار بێت سوریە بە سەر دو هەرێمی سوننی و عەلەوی دابەش بکرێت لە بەر ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان  گرێدراوی سنووری سونییەکانە ناوچە کوردییەکان دەبێ بە هەرێمی سونییەوە بلکێندرێت، ئەوکات  هەرێمی سوونی لە باری حەشیمەت و جوغڕافیاوە لە هەرێمی عەلەوی بەهێزتر ئەبێت و ئەمنییەتی هەرێمی عەلەوی دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە دەوڵەتی ناوەندی سوریە حازر نییە ڕیسکی وا قبووڵ بکات. لە ئەگەری بڕیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر فیدڕالیزم  دەوڵەتی ناوەندی سوریە بۆ مانەوەی خۆی و لاوازکردنی سونییەکان مەجبورە سێ قەوارەی سوننی، عەلەوی و کورد قبووڵ بکات  تا لە قورسایی سوننییەکان کەم بکاتەوە. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە  نە تورکیە نە سونییەکان ڕازی بە سێ قەوارە کە کورد یەک لەوان بێت، نابن.

دابەش کردنی سوریە:

لە ئەگەری نەگەیشتن بە مودێلی یەکەم و دووهەم دوا بژاردە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سوریە  دابەش کردنی ئەو وڵاتەیە. لێرەدایە کە باس لە کۆتایی سایکس پیکۆت دەکرێت. جێگرەوەی سایکس پیکۆت چی بێت گرنگە. لە یادی سەدساڵەی سایکس پیکۆ بە دەیان وتارو دیمانە لە سەر ئەم مژارە کرا و ئاماژە بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کرا بەڵام لە سەر چ بنەمایەک  کەمتر ئاوڕی لێ درایەوە.

 لە ڕوانگەی منەوە جێگرەوەی سایکس پیکۆت پڕۆژەیەکی هاوشێوەی وێستفاڵی یە کە لە ساڵی ١٦٤٨ لە ئوروپا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆیی ئوروپا بەسترا. لە ئوروپای ساڵانی نێوان ١٦١٨ تا ١٦٤٧ شەڕێکی سی ساڵە هاتە ئارادوە کە لە نیهایەتدا بە بەستنی پەیمانی وێستفاڵی لە سەر ئەساسی ویستی ئایینی، نەتەوەیی و جوغڕافییایی میللەتانی دەرگیری شەڕ کۆتایی پێ هات. لە خوێندنەوەی ئوروپاییەکاندا، لە جەرەینی شەڕی کوەیت لە ساڵی ١٩٩٠ تا بە ئەمڕۆ نیزیک بە سی ساڵ تێدەپەڕێت. ئەوان  لایان وایە لە باری زەمەنییەوە شەڕی ناوچەکە هاوشێوەی شەڕی ئوروپای سەدەی حەڤدەیە و پێویستە سنوورەکانی ناوچەکە سەر لە نوێ دابڕێژرێتەوە. بۆ زانیاری زیاتر ئێرە کلیک بکە

ڕۆڵی تورکیە:

 ئۆلەوییەتی یەکەمی تورکیە بە دەسەڵات گەیشتنی سوننیەکانە. چونکە بە بەدەسەڵات گەیشتنی سوننی تورکیە دەستی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگاو لە هەمان کاتدا مەسەلەی کورد لەو وڵاتە ئەخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. ئەم بژاردەیەی تورکیە بیرۆکەی ئەحمەد داوودئۆغڵو بو کە لە کتێبی قوڵایی ستراتژیک سیاسەتی دەرەکی تورکیەی لە سەر دارێژرابو. پێدەچێت بە لاچوونی داوودئۆغڵوو پاشان گۆڕان لە باڵانسی هێزو هۆکاری دیکە تورکیە لەم سیاسەتە پاشەکشەی کردبێت.

 ئۆلەوییەتی دووهەمی تورکیە گەڕانەوەی سوریەیە بۆ قۆناغی پێش ٢٠١١ و بە دەسەڵات گەیشتنەوەی بەشار ئەسەد و رزگار بوون لە قەیرانی سوریەیە کە ئەوەش بۆ مومکین نیە.

ئۆلەوییەتی سێهەم و شانسێکی بچووکی تورکیە لە ئەگەری دابەش بوونی ئەو وڵاتە، بە هەرێمی کۆبانی و جزیر وەک ناوچەیەکی کوردی ئیعتراف بکات، جوغڕافیای کوردو عەلەوی کە لە ڕۆژئاوای حەلەب و ئیدلبەوە یەک ئەگرنەوە لێک داببڕێت و لە ڕووباری فورات بەرەوە عەفرین  لە سەر قەوارەی هەرێمی سوننی بێت و بەم جۆرە نیوەی خەونەکانی خۆی بەدی بێنێتەوە. شەڕی ئیستای حەلەب بۆ تورکیە بۆ ئەو مەبەستەیە.

ڕۆڵی ئەمریکا:

 ئەمریکا وەک دوابژاردە پلانی ( ب ) ی هەیە کە لە نیهایەتدا بە دابەش بوونی سوریە تەواو ئەبێت. لە خوێندنەوەی ئەمریکییەکاندا ڕۆژئاوای کوردستان ئەکەوێتە بازنەی بەرژەوەندی ئەو وڵاتەوە. خاڵی ناکۆکی نێوان تورکیە و ئەمریکا لێرەدایە.  هەبونی ٣٠٠ ڕاوێژکاری نیزامی لە ڕۆژئاوا و دروست کردنی فڕۆکەخانە بۆ داڕشتنەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەیە.  ئەمریکا زۆر پلانی شاراوەی هەیە کە کەمتر لە میدیاکاندا باسی لێ دەکرێت. چەند ڕۆژ پێش ئیستا ئەمریکا بە بیانووی دروست کردنی ناوچەی ئەمن داوای کرد شاری حەلەب لێک داببڕێندرێت کە بە ڕواڵەت بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیلە بەڵام پێدەچێت سەرەتایەک بێت بۆ دابەش کردنی ئەو شارە کە بوەتە گرێ بوچکەی قەیرانی سوریە.  لە هەمان کاتدا ئەمریکا  نیگەرانە لەوەی کە لە ئەگەری دابەش بوونی سوریە، ناوچەی سوننی بە هۆی داخراویی جوغڕافیایی  وەک ئەفغانستان ببێتە ناوەندی تیرۆریزم  هەمو دنیا بخاتە مەترسییەوە.

ڕۆژئاوای کوردستان و پاراستنی هاوسەنگی نیگەتیڤ ( موازنە منفی )

هاوسەنگی نیگەتیڤ ( موازنە منفی ) چەمکیکە کە کاتی خۆی دوکتور موسەدیق لە ساڵی ١٩٥٠ لە ئێران لە هەمبەر هاوسەنگی پوزێتیڤی ( موازنە مثبت ) شای ئێران کە بۆ ڕازی کردنی ئەمریکا و سۆڤیەت بەردەوام ئیمتیازی نەوتی پێ ئەدان هێنایە ئاراوە. موسەدیق کۆتایی بە ئیمتیازدانی بە خۆڕایی لە سەر حسابی خەڵکی ئێران بە بەرەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات هێنا. ئەگەرچی بە هۆی پیلانی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی بە کودەتا  حکومەتی موسەدیق تێکچو بەڵام موسەدیق خزمەتێکی گەورەی بە ئێران کرد و نەوتی ئێرانی بە نەتەوەیی کرد.

سەرکەوتنی ڕۆژئاوای کوردستان لە قەیرانی سوریە و تا ئیستا ڕاگرتنی باڵانسی نیگەتیڤ بوەو هاوشێوەی سیاسەتی نەوتی سەردەمی موسەدیقە.  ڕۆژئاوای کوردستان  وەک ترازویەکە کە بەهەرلایەکدا بکەوێت باڵانسی هێز بە قازانجی ئەو لایەنەدا دەشکێتەوە، بەڵام لە گۆڕەپانی سیاسی سوریەدا هیچکام لە لایەنەکان روانینێکی ئیجابیان لەسەر پرسی کورد نەبوە تا کورد بە ئاڕاستەی ئەو لایەنەدا بشکێتەوە .

 لایەکی ترازوەکە کە ئوپوزسیونی سوریەیە و دەوڵەتی تورکیە پشتیوانیانە  دژی هەر چەشنە مافێکی گەلی کورد لە چوارچێوەی تەوافوقی ناوخۆیی،  فیدڕاڵی و  سەربەخۆیین.  زۆر جار مومکینە هۆکاری نەسازانی ئیئتلافی نیشتمانی سوریە و ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی   دەسەڵاتی خەتی پ.ک.ک لە ڕۆژئاوا لێک بدرێتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە بە هەبوونی ٧٠٠ کیلومیتر سنووری هاوبەشەش لە گەڵ تورکیە،  ئەگەر لە جیاتی پ.ک.ک  خەتی مەسعود بارزانی کە دۆستی نزیکی تورکیەیە لەوێ حاکم بێت دیسان تورکیە ڕازی بە قبووڵی مافی کورد نابێت، چونکە ستاتۆیەک بە ناوی  ڕۆژئاوای کوردستان بە مانای کۆتایی هاتن بە ڕۆڵی ژئوئۆکونومیک و ژئوئیستراتژیکی تورکیەیە.  پێویستە بە بیر بێنمەە ماوەیەک پێش ئیستا و لە جەرەیانی گەڕی پێشووی ژنێڤی ٣ وتەبێژی ئوپوزسیونی سوریە لە بەرچاوی میدیاکاندا باسی لە قەتل و عامی کوردەکان کرد. ئەوە لە کاتێکدا بو کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان( ئەنەکەسە ) نزیک لە پارتی هاوپەیمانی ئەو هێڵە بوون. دوای ئەوە ئەنجومەنی نیشتمانی ئەندامەتی خۆیان لەو ئیتلافەدا هەڵپەسارد.

ئەو تای دیکەی ترازوەکە دەسەڵاتی سوریەیە. ڕژیمی ئەسەد هەر هەمان بیرکردنەوەی لە سەر مەسەلەی کورد هەیە کە لایەنی بەرامبەر هەیەتی بە هەندێ جیاوازییەوە. خاڵی هاوبەشی ئوپوزسیونی سوریە و دەوڵەتی بەشار ئەسەد کە لە ژنێڤی ٣ لە سەری ڕێککەوتن دژایەتی ئیعلانی فیدڕاڵی ڕۆژئاوای کوردستان بو. بەشار ئەسەد تەنیا لە ئەگەری شکستی حەتمی خۆیدا لە کارتی کورد بە دژی نەیارەکانی کەڵک وەردەگرێت. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا لە ئەگەری فیدڕالیزە کردنی سوریە تەرجیحی دەوڵەتی سوریە قبووڵ کردنی هەرێمی فیدڕاڵی ڕۆژئاوایە.لە ئەگەری کۆدەنگی جیهانی بۆ دابەش کردنی سوریە دیسان بژاردەی سوریە دابەش بوونە بە سەر سێ پارچەیە. بە کورتی دەوڵەتی سوریە مەجبورە لە دواستەکاندا لە کارتی کورد بۆ مانەوەی خۆی کەڵک وەربگرێت.

ئەم شەڕە چۆن ساخ دەبێتەوە؟

هەر کام لە لایەنەکان بۆ زاڵ بوون بە سەر گۆڕەپانی سیاسی سوریەدا، شەڕ بۆ بە دەست هێنانی شاری حەلەب دەکەن. پێشتر لە وتارێکدا لە ژێر ناوی شەڕی حەلەب شەڕی یەکلاییکەرەوەیە  تا ڕاددەیەک هەستیاری و بەرژەوەندی لایەنەکانی شەڕم لەم پێوەندییەدا بەرجەستە کردوبوەوە. دەوڵەتی سوریە لە ئەگەری کۆنتڕۆڵی حەلەب پێوەندی زەمینی نێوان تورکیە وهەرێمی سوننی دادەبڕێت، دەتوانێ تا ڕاددەیەکیش کوردەکان مەهار بکات. لە بەرامبەردا سونییەکانیش ئەیانەوێ بە بە دەست خستنی حەلەب  هەم سنووریان لە گەڵ  تورکیە بپارێزن، هەم کورد لە یەک داببڕن واتە ئەو شتەی کە دەوڵەتی تورکیە ئەیەوێت. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ سونییەکان و تورکیە. بۆیە لە ئەگەری ئەم حاڵەتە تاکە ڕێگای دەوڵەتی سوریە بۆ دەربازبوون لەم مەترسییە بەهێزکردنی کوردە. لە خوێندنەوەی ڕژیمی ئەسەد لە ئەگەری شکستی نیهاییان بۆ شکستهێنان بە تورکیە و هێڵی سوننی ڕازی بە دەست پێڕاگەیشتنی کورد بۆ سەر دەریا دەبن تا بە تەواوی تورکیە تووشی کێشەیەکی جیددی بکات کە لەوانەیە بە دابەش بوونی تورکیە تەواو بێت.

باندۆری ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

 قەیرانی سوریە خاڵێ وەرچەرخانی سیاسەتی دەرەکی وڵاتانی دەوروبەرە. لە خوێندنەوەی قوڵی دەوڵەتی ئێران، لە ئەگەری دابەش بوونی سوریە بۆی گرنگە کە هەر چۆن بێت سەرنجی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. هەر ئیستا هەوڵدانەکانی ئێران لەو پێناوەدا دەبینین. بە بەدەست هێنانی سەرنجی کورد لە ڕۆژئاواو باشوور، ئێران دەستی بە دەریای ناوەڕاست ڕادەگات. ئێران لە گرێدراوی بە تورکیە بۆ هەناردەکردنی وزە بە درێژایی ٢٤٠٠ کیلومتر ڕزگاری دەبێت و بە مەسافەیەکی ١٠٠٠ کیلۆمیتری وزەی خۆی بۆ ئوروپا ڕەوانە دەکات. ئێران لە ڕێگەی کوردستانەوە ئەتوانێ بەرژەوەندی خۆی لە گەڵ سوریەی عەلەوی گرێ بداتەوە. ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە ئاڵوگوڕ سیاسەتی ئێران لە هەمبەر مەسەلەی کورد لە ناوخۆیش هەیە. ڕژیمی ئێران هەندێ هەنگاوی میلیمیتری وەک دانانی باڵوێزێکی کورد بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێراندا، کردنەوەی یەکەیەکی زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستان، بەرفرەوانتر کردنی بازرگانی لە گەڵ باشووری کوردستان، پەردە لادان لە سەر کتێبی مەلا مستەفا بارزانی بە بەشداری کەسانی پلەبەرزی حکومەت  وەک ڕێز لە کەسایەتی مەلا مستەفا نمونەی ئەو هەنگاوانەن کە ئێران هاویشتویەتی. لەوانەیە ئێران لە داهاتویەکی نزیکدا  ڕوانینی ئەمنییەتی لە سەر کورد کەم بکاتەوە بە تایبەت کات بۆ ئێران گونجاوە چونکە تورکیە کە پێشتر ئەیویست پێشەنگایەتی بە دەستەوە گرتنی مەسەلەی کورد بکا لە بەڵێنەکانی پاشگەز بوەتەوەو ئیستا ئیبتکار عەمەل لە دەستی ئێراندایە. لە ئەگەری لە دەست چوونی فرسەت بۆ گەڕانەوەی ئاشتی بۆ سوریە هاوسەنگی هێز دەگۆڕدرێت و تاکە ڕیگا بۆ  ئێران نزیک بونەوە لە مەسەلەی کوردە. لێرەوە ئەحزابی کوردی دەبێ باش خاڵە لاوازەکانی ڕژیم لە سیاسەتی ناوچەییدا ببیننەوەو سیاسەتی خۆیان بە پێی لاوازییەکانی ڕژیم پەرە پێ بدەن.

وەک کۆتایی، روناکبیران و سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیویستە گرنگی بەم گۆڕانکارییە جیددیانە بدەن و بە دور لە هەست، سیاسەتی خۆیان لە گەڵ پێشهاتەکان تەنزیم بکەن. بەرتەسک کردنەوەی بیرۆکەی سیاسی و نەدیتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تەنیا بەوەی کە ئێران دوژمنی سەرەکییە و حساب لە سەر شکستی ئێران لە قەیرانی سوریە و وڵاتانی دیکە بکەن ناچێتە خانەی سیاسەتێکی واقعبینانە، هەر وەک چاوەڕوانی هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێران نەتیجەی نەدا. پاشان دژایەتی کردنی ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی ترس لە ڕۆڵی پەژاک وەک هاوشێوەی پ.ی.د لە دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ناچێتە خانەی ستراتیژی نەتەوەیی و دورە لە ڕێبازی نەتەوەیی.

قەیرانی سوریە و دواڕۆژی ڕۆژئاوای کوردستان

شەڕی حەلەب شەڕی یەکلایی کەرەوەیە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.