ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە هونەرمەند “حەسەن خاوەر” لە گوندی دەرەکێی هەورامان بەڕێوەچوو

0
275

ڕۆژی کورد: ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە حەسەن حوسێنی ناسراو بە حەسەن خاوەر گۆرانی‌بێژ و هونەرمەندی ناسراوی ناوچەی هەورامان، لە سەیرانگای قەڵاخانیی گوندی دەرەکێ سەربە شارستانی سەوڵاوا بە بەشداریی هونەردۆستان و خەڵکی ناوچەکە، بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ۹ی ڕەزبەری ۱۳۹٥، لە ڕێوڕەسمێکدا لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی بێسارانی (باهۆز)، لەژێر دروشمی “سیاچەمانە دەنگی ئەڤین و خۆشەویستیی هەورامان، دەبێ بە جیهانی بکرێ”، ڕێز لە حەسەن خاوەر سیاچەمانەبێژی ناسراوی ناوچەی هەورامان گیرا.

ئامانجی ئەو ڕێوڕەسمە هەڵگرتنی یەکەم هەنگاو بۆ ناساندنی مۆسیقای فولکلۆری هەورامان و لادانی پەردە لەسەر کۆمەڵێک بەرهەمی نەبیسراوی مامۆستا حەسەن خاوەر بوو.

لە چەند بڕگەیەکی ئەو ڕێوڕەسمەدا هونەرمەندانی هەورامان و چەند بەشداربوویەک بە یادی هونەرمەند حەسەن خاوەر بەرهەمی خۆیانیان پێشکەش کرد.

فەرشاد نیک ڕەفتار گۆرانی‌بێژی ناسراوی شاری پاوە و حەسەن عومرانی شاعیری بەناوبانگی هەورامانی تەخت لەو هونەرمەندانە بوون کە بەرهەمەکانیان پێشکەش کردن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا لەلایەن “محەممەد خاوەر” برای حەسەن خاوەر و جەمیل نەوسوودی سیاچەمانەبێژی ناسراو، پەردە لەسەر بەرهەمەکانی هونەرمەند حەسەن خاوەر لا درا.

هونەرمەند حەسەن خاوەر ساڵی ۱۳۲۸ لە گوندی دەرەکێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو و ساڵی۱۳۸۹ی هەتاوی لە تەمەنی ٦۱ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

14555679_660585430777354_749351290_n

14555584_660585484110682_692836853_n

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت