ڕەشبگیری لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد/ ڕاپۆرتی تایبەتی

0
3516

ڕۆژی کورد: هاووڵاتییەکی گوندی قەرەبابای سەر بە باژێڕی عەفرین وێڕای ڕاگەیاندی ئەو هەواڵە، بە  ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “لە گوندی ئێمە ماڵێک هەیە کە ژنەکە بێوەژنە و چوار کچ و کوڕێکی هەیە، بۆیە پاڕاوە کوڕە تەمەن 16 ساڵانەکەی نەبن چون بە هەموویان چاویان لە دەستی ئەو کوڕەیە، بەڵام کوڕەکەیان بردووە، ژنەکە کوتی کەواتە خۆشم دێم، وڵامیان داوەتەوە، سەرەی خۆشت دێ”

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشی تا ئێستا لەو گوندە ٨ کچ و ٩ کوڕی  چاردە تا ١٧ ساڵانیان بردووە.

بە گوێرەی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە، پیاوەکانی گوند شەوانە لە ترسی ڕەشبگیری، ناوێرن لە ماڵەکانیان بخەون و دەچنە چۆلی و شوێنی شاراوە.

لە سەرجەم پارێزگای عەفرین ئەو دۆخە بەردەوامە.

بێریڤان یەکێکی تر لە هاونیشتمانییانەی عەفرینە، لە لێدوانێک بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “وامان لێهاتووە بڵێین خۆزگە بە داعش، شەو نیە شەش حەوت چەکدار نەهێنە بەر دەرگمان و چەکمان لەسەر ڕانەگرن و داوای پیاو و کوڕ و کچەکانمان نەکەن، کاریشیان بە تەمەن نیە و لە وڵامیشدا دەڵێن ئێمە هاتووین کوردستانتان بۆ ڕزگار بکەین، هاتن و نەهاتن بە دەست خۆتان نیە”.

هاوسەرەکەی بێریڤان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەمبارەوە گوتی: “ئێستا سەدان پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژئاوا هەیە، ئیزن نادرێ ئەو هێزانە بێنەوە ناو کوردستانی ڕۆژئاوا بەڵام دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری و ئەوە چەند کەسی خزم و ناسیاری من کە ژێر ١٨ ساڵن، بردوویانن، پیرەپیاوانیش دەبەن، بە ژنان دەڵێن سەرەی ئێوەش دەگاتێ، ماڵ هەیە هیچ کەسی نیە پاروویەک نانی بۆ وەدەست بهێنێ”.

ئەو هاونیشتمانییە هۆکاری ئەو پرسەی ئاوا خستە بەر باس: “ئەوان تەنیا خۆیان دەبینن، ئەوەی هەیە دەبێ لە ژێر ناوی ئەوان و ئاڵای ئەوان بێ، بۆیە ناهێڵن پێشمەرگەی پۆشتە و تەیار بێتە مەیدانەکە چون پێشمەرگە ناوی جیاوازە و ئاڵای کوردستانی پێیە و پ ک ک و بە ناو یەپەگە، ئەوەی بە دژی بەرژەوەندیی خۆیان دەبینن”.

ناوبراو باسی لە دۆخی ئاڵۆزی کوردستانی ڕۆژئاوا کرد و گوتی: “ئێستا سنوورەکان بە گشتی داخراون، ئەوەی بزانن لە سنوورەکانەوە بە نیازی ڕۆیشتنە لێیدەدەن بێ پرسینەوە دەیکوژن، ئەگینا دڵنیابە کوردستانی ڕٶژئاوا، کوردی لێ نەدەما، وایان کردووە خۆزگە بخوازین بە ئەسەد و بندەستی و تەنانەت داعش”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت