سەدان عەرەب و ئێرانی بە دژی سەردانی زەریف بۆ فەڕانسە ڕێپێوانیان کرد

0
692

ڕۆژی کورد: ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتی عەرەبەکان بە دژی سەردانی محەممەد جەواد زەریف، وەزریری دەرەوەی ئێران بۆ فەڕانسە، ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتیان پێکهێنا.

ناڕازیەکان لە کۆبوونەوەی خۆیاندا کە لە گۆڕەپانی پانتیۆن لە نزیک زانکۆی سۆربۆن ـی فەڕانسە پێکهاتبوو، بە دژی بوونی سێدارە و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە هەڵگرتنی پلاکارد و نووسراوە و دانەوەی درووشم،  ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و دەست تێوەردانەکانی ئێرانیان لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی لە سووریە و عێراق مەحکووم کرد.

 عەرەبەکانی بەشداربوو لەو رێپێوانە کە خەڵکانی عێراق و سووریەشیان لەگەڵدا بوو، ئێرانیان بە سەرچاوەی ئاڵۆزی و پشێوی لە وڵاتەکەی خۆیان ناساند و مەحکوومیان کرد.

شایانی ئاماژەیە لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا کە بنکەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تێیدا بەشدار بوون، پشتگیری لە ڕاگەیێندراوی هاوبەشی ٢٧٠ نوێنەری پارلمانی ئوروپا لەمەڕ مافی مرۆڤ لە ئێران کرا کە تێیدا ئەو نوێنەرانە داوای ڕاگرتنی سێدارە و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێرانیان کردبوو.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە، هەروەک لە هەواڵەکانی ئەمڕۆی ڕۆژی کورددا هاتووە، ڕۆژی چوارشەممە، یەکەم فڕینی فرۆکەی نەفەرهەڵگری ماهان کە وەک کۆمپانیایەکی تیرۆریستی دەناسرێ، لە ئێران بەرەو فەڕانسە دەستی پێکرد کە هاوکات ىوو لەگەڵ سەفەری محەممەد جەواد زەریف.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت