ڕەحمانپەنا: خاپوور کردنی گۆڕستانی گیانبەختکردووان نیشانەی ترسی ڕژیمە

0
1170

هەروەک ڕۆژی کورد وەک ناوەندێکی دەروەستی کوردی، هەمان ڕۆژ هەواڵەکەی بڵاو کردەوە و هەوڵی بە میدیاییتر کردنی دا، کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، ڕژیم بە بیانووی ساز کردنی بینای نوێ گۆڕستانی شەهیدانی شاری قوروە، هەڵکەوتوو لە ٢ کیلۆمیتریی شاری قوروە لە شەقامی شێخ جافر ـی  تێکڕماند و خاپووری کرد.

ئەو گۆڕستانە کە زۆربەی شەهیدانی دێموکرات و کۆمەڵە و بەتایبەتی گوردانی شوان ـی ناوچەی سنەی تێدا نێژرابوو و بۆ خەڵکی ناوچە ڕێز و گرنگییەکی تایبەتی هەبوو و سەردانی شەهیدانی لێ دەکرا بە بیانووی ساز کردنی بیان و پارک لە لایەن ڕژیمەوە بە گشتی تەخت کراوە. شەهیدانی دەیەی 60 و 50 دیموکرات و کۆمەڵە کە لە لایەن ڕژیمی تارانەوە لە دار درابووون لەو گۆڕستانە نێژرابوون و خەڵکی ناوچە بەردەوام سەردانی ئەو گۆڕستانەیان دەکرد. ئەگەرچی دەوڵەت ناوی ئەو شوێنەی نابوو “لەعنەت ئاوا” بەڵام خەڵکی قوروە و ناوچە بە گۆڕستانی شەهیدان و شوێنێکی پیرۆز لێیان دەنواڕی.

بۆ تاوووێ کردنی ئامانجی ڕژیم لەمەڕ ئەو کردەوە ناشارستانییەتەی و هەروەها کردەوەی هاوشیوەی تری، ڕۆژی کورد وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز حوسێن حەسەن ڕەحمانپەنا، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پێکهێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین.

ڕۆژی کورد: هەروەک ئاگادارن، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ڕژیم بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە و دوور لە شارستانییەت دەستی کردووە بە شکاندنی گۆڕی شەهیدانی کۆمەڵە و دێموکرات و گۆڕستانی شەهیدانی لە قوروە  خاپوور کرد و کێلی گڵکۆی شەهید فوادیان شکاندووە، ئێوە هۆکاری ئەو کردەوانەی ڕژیم بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

حەسەن ڕەحمانپەنا
حەسەن ڕەحمانپەنا

ڕەحمانپەنا: ئەو کردەوانەی ڕژیم چ خاپوور کردنی گۆڕستانی شەهیدان لە قوروە و چ شکاندنی کێلی شەهید فواد، پەیوەندی بەو هەل و مەرجەوە هەیە کە ئێستا کۆماری ئیسلامی تێیدا کە ئەوە خۆی باسێکی زۆر هەڵ دەگرێ بەڵام من هەر ئەوەندە دەڵێم کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕوویەکەوە نیگەرانە، هەم لە ئاستی دەرەکییەوە لە چەند وڵاتدا خەریکی شەڕە و هەمیش لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی یەکجار نالەبار دایە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای درووشمگەلێکی زۆر کە بە خەڵکیان داوە، هیچ کام لە بەڵێنییەکانیان بۆ نەچۆتە سەر و بۆیان جێ بەجێ نەبووە و ئێستاش لە ئاخێزی جەماوەی لە ئێران نیگەرانن کە بە هۆی دۆخی ئابووریی شڵەژاو کە بەسەر ئیرانیاندا هێناوە، بەرەوڕووی دەبنەوە، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە کە هەیەتی نە تەنیا ڕووبەڕووی زیندووەکان دەبێتەوە بەڵکوو تەنانەت لە گیان بەختکردووەکان و گۆڕستانەکانیش دەترسێت، ڕژیم دەترسێ کە سەرەڕای ئەو هەموو پرۆپاگەندایە ئیسلامییەی ڕژیم کە بۆ نموونە ناوی گۆڕستانی شەهیدانی قوروەیان ناوە “لەعنەت ئاباد”، یان ناوی تری نەشیاو، بە هۆی ئەوەی کە هەر کام لەو گڵکۆیانە و گیان بەختکردووەکان، خۆشەویستی خەڵکن و لە لای خەڵک ناسراو و پیرۆزن و خۆشەویستن و بە ملیۆنان خەڵک لەو شوێنانە کۆدەبنەوە و ڕێزیان لێدەگرن، هەر بۆیەش ئێستا بوون بە هێمای کۆبوونەوە. چاو لە خاوەران ـی تاران بکەن، دیزڵ ئابادی کرماشان هەروەها، یان شوێنەکانی لای سنە و گۆڕی سەرجەم شەهیدانی کوردستان، ڕۆژانە وەک زیارەتگایان لێهاتووە، خەڵک سەردانیان دەکەن، هەر بۆیەش بوون بە شوێنی کۆبوونەوە و بیزاری و ناڕەزایەتی دەربڕین لە کۆماری ئیسلامی، ئەوە لە حاڵێکدایە کۆماری ئیسلامی هەر کۆبوونەوەیەکی دوو یان سێ کەسی بە ترس لەسەر خۆی دەزانی هەر بۆیەش لای وایە بە تێکدانی ئەو شوێنە پیرۆزانە لە ڕاستیدا شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک تێکدەدات و بە تەمەنی نگریسی خۆی زێدە دەکات و درێژی دەکاتەوە.

ڕۆژی کورد: ئێوە لاتان وانیە کە لەگەڵ درێژەدار بوونی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی ڕژیم، ئەوا ڕووبەڕووی ڕقی پیرۆزی خەڵک ببێتەوە؟ کەواتە چۆنە ڕژیم هیچ ترسێکی لەم بارەوە نیە و بە ڕاشکاوی ئەو گڵکۆ پیرۆزانە دەشکێنێ، لە حاڵێکدا بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە خەڵک ئەو شوێنانە بە پیرۆزیی خۆی دەزانێ و بۆ نموونە نەمامیان بۆ گڵکۆکی شەهیدانی کۆمەڵە و دێموکرات لە قوروە ناشتبوو.

ڕەحمانپەنا: بەداخەوە ئێستا کۆماری ئیسلامی سەرمایەگوزاری لەسەر پرژوبڵاویی خەڵک کردووە کە مخابن خەڵکەکەمان پرژووبڵاوە، کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە ڕێکخراوەگەلێکی جەماوەری کە بتوانن ئەو خەڵکە کۆبکەنەوە، بۆ نموونە ڕێکخراوی بنەماڵەی گیان بەختکردوان کە لە ئاستی ئیراندا بوونی نیە کە ئەگەر هەبووایە و بیانتوانیبا بە هەزاران کەسیان بهێنابا سەر شەقامەکان و لە هەمبەر ئەو خاپوور کردنەی گۆڕستان کە ڕۆژی پێنج شەممە کردوویانە یان لەسەر گۆڕی کاک فواد کۆبووبانەوە، بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی نەیدەتوانی ئەو چەشنە کارانە بکات. هیزی کۆماری ئیسلامی لە پرژوبڵاویی خەڵک دایە. خەڵکی ئێمە بە هێزە بەڵام پرژووبڵاوە، بۆیە کۆماری ئیسلامیش لەو پرژووبڵاوی و نارێکخستنیە کەڵک وەردەگرێ و دەیهەوێ ترس و دڵەراوکێیەکی زیاتر بخاتە ناو خەڵک و جەماوەی کوردستان و ئێران. تەنیا ڕێگای وڵامدانەوە و بەرهەڵست بوونەوە لە هەمبەر ئەو کردارانەی ڕژیم، خۆ ڕێکخستن و کاری ڕێکخراوە، بەتایبەت ئەم کردەوەی ڕژیم کە لە هەمبەر کەسانێکی کردووە کە خۆشەویست و ناسراوی خەڵکن جا چ شەهیدبووەکان چ لە سێدارەدراوەکان، حەق وایە خەڵک و بنەماڵەکانیان لەو شوێنانە کۆ ببنەوە، حەق وایە خەڵک لە قوروە، دێوڵان، کامیاران و سنە و شارەکانی تری کوردستان بەدەنگیانەوە بچن و پشتیوانییان لێ بکەن، ئەوانە تەنیا جگەرگۆشەی بنەماڵەکانیان نین بەڵکوو خۆشەویست و ئازیزی هەر هەموومانن، بۆیەش حەق وایە بە دەنگیانەوە بچن و ئەوە ببێ بە شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتی، بۆیە بە بڕوای من نابی ئیزن بدەین چیتر کۆماری ئیسلامی ئەو پرژوبڵاوییە بەکار بینێ. هەڵبەت کۆماری ئیسلامی هەر لە ترسی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکە کە لە نیوەشەودا و لەگەڵ ئیمام جومعە و فەرماندار و شارەوان، دەچن و ١٣٠ گڵکۆی پیرۆزی نەمران خاپوور دەکەن و حەق وایە بورکانی ڕقەی خەڵک ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

ڕۆژی کورد: پێتان وا نیە کە ئەم پرژوبڵاوییەی خەڵک بە هۆی پرژوبڵاویی حیزبەکانە؟ بۆ نموونە لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەردا کۆمەڵە بە دەم بانگەوازیی دێموکراتەوە نەهات، لە خاپوور کردنی گڵکۆی شەهیدانیش هەرچەند شەهیدی دێموکراتیشی تێدایە بەڵام دێموکرات بیدەنگە، هەرچەند خودی کۆمەڵەش تا ئێستا دژکردەوەیەکی ئەوتۆی نەبووە. ئایا ڕێگاچارە یەکگرتوویی حیزبەکان نیە؟

ڕەحمانپەنا: ئەو پرژووبڵاوییە بەدڵنیاییەوە هۆکاری خۆی هەیە، لەوانەیە لێرەدا دەرفەتی شیکردنەوەی ئەو باسە نەبێ بەڵام بە دڵنیاییەوە پێویستە لە هەمبەر هەر کردەوەیەکی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی، بە کۆدەنگییەوە بوێستینەوە، بۆ نموونە لە خاپوورکردنی ئەو گۆڕستانە و شکاندنی کێلی گڵکۆ پیرۆزەکان، جا ئەوان لەبەر هەر فکر و ئایدیایەک لەدار درابن یان گیانیان بەخت کردبێ، لە ڕاستیدا تاوانبار و بکوژی ئەوان کۆماری ئیسلامییە و بە دەست کۆماری ئیسلامی تێداچوون جا سەر بە کام لایەنی سیاسی بن یان بیروباوەڕیان هەرچیەک بێ ئەوە لەجێگای خۆیدا جێگای ڕێز، ڕەخنە و لێکدانەوە یان بەرگری و …تاد، یە، دەبێ ئەوە لە لایەکی تر دابندرێت، لە ئێستادا نابێ ئەوە بچوکترین درز بخاتە ناو لایەنەکانەوە و دەبێ هەموومان یەکدەست لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیدا بوێستینەوە، لاموایە لەم بابەتەوە هەرهەموومان لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا کەمکاریمان کردووە، دەبوا زیاتر بە میدیایی بکەین، بە جیهانی بکەین، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە دژی بوەستینەوە. کۆماری ئیسلامی کە ڕەحم بە مردوو و گیان بەختکردووەکانمان ناکات، ئیستا چۆن ڕەحم بە زیندووەکانمان دەکات؟ هەر ئەو ڕژیمەیە کە ڕۆژانە بە بەردەوامی خەڵک دەکوژی و دەبڕێ و دەستدرێژی دەکا و لە سێدارەیان دەدا، بۆیەش نابێ لە هەمبەری بێدەنگ بین، بێدەنگیەکەش لە لایەن هەر لایەنێکەوە کرابێت درووست نیە. ئەو گۆڕستانە تەنیا شەهیدانی کۆمەڵە نین، شەهیدانی لایەنی تریشی لێیە، کۆمەڵێک گۆڕی بەهاییەکانی لێ بووە، کەواتە حەق وایە هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو جینایەتەی ڕژیم ببینەوە.

ڕۆژی کورد: ئێوە تا چەند لاتان وایە کە ئەو کردەوە و دژکردەوانەی ڕژیم پەیوەندی بە ڕاسانەوە و هەستانەوەی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە؟

ڕەحمانپەنا: ڕاستیەکەی من لاموایە زۆر پەیوەندی بەو باسەوە نیە، چون ئەگەر سەرنج بدەن دەبینن لە تاران و شوێنەکانی تریش، ڕووداوی هاوشیوە هاتۆتە ئاراوە، هەروەها لە تاڵەسوار و لەسەر گۆڕی کاک فواد کراوە. بۆیە بە باوەڕی من پەیوەندی بەوەوە نیە بەڵکوو پەیوەندی بەو نیگەرانییە گشتییانەوە هەیە کە کۆماری ئیسلامی هەیەتی.

یەکەم: نیگەرانییەک کە ڕژیم لە هەر جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێک هەیەتی.

 دوو: ڕژیم تا ئێستاش کوردستان بە ناوچەیەکی ئەمنیەتی دەناسێ و دەزانێ.

لەلایەکی ترەوە ئەو شوێنانە هەمیشە و ئەو ماوەیەش کە حیزبی دێموکرات ئەو چالاکییانەی کردووە، شوێنی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک بوون. کەواتە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانیی ڕژیم لە یەکە بە یەکەی ئەو گڵکۆیانە، چون ڕژیم پێیوایە دەبن بە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک و وەبیرهێنانەوە و بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو گیان بەختکردوویانە کە کۆماری ئیسلامی زۆر لەوە دەترسێ.

ڕۆژی کورد: ئێوە وەک کۆمەڵە لە هەلومەرجێکی وسادا چ چاوەڕوانی و داواکارییەکتان لە خەڵک هەیە؟

ڕەحمان پەنا: ئەم چەند ڕۆژەی کە خودی خۆم پەیوەندیم بە شارەکانی سنە و مەریوان و قوروە و دێوڵانەوە بووە و ئەو پەیوەندییانەش کە پێمانەوە کراوەن، خەڵک زۆر لەو ڕووداوە خەمبارن و تووڕەن، ئیتر ئەو شوێنە کە خەڵک لێی کۆدەبوونەوە و خەمەکان و ئازارەکانی خۆیان دەبردە ئەوێ و لە سەر گڵکۆکان دەگریان و هیور دەبوونەوە، ئیتر نەماوە، ئەو گڵکۆیانە شوێنی پیرۆز و مەزاری خۆشەویستی ئەو خەڵکە و بنەماڵەکانیان بوون، بۆیە ئێمە داوا دەکەین لە کوردستان بە گشتی و بە تایبەتی لە سنە و دێوڵان و مەریوان و کامیاران، کە بە هانای ئەو بنەماڵانەوە بچن کە بی رێزی بە جگەرگۆشەکانیان کراوە، بێدەنگ مەبن و تەنیا جێیان مەهێڵن و لەبەردەم دام و دەزگاکانی حکومەت کۆببنەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن و حەق وایە ئەو شوێنانە نوێژەن بکرێنەوە و شوێنێک وەک هێما بۆ ئەو گۆڕانە درووست بکرێتەوە.ڕاستە ئێمە دوای ئازادی دەتوانین ئەو کارە بکەین و وەک شوێنیکی پیرۆز سازیان بکەینەوە و ناوەکان وەک هێما بنووسینەوە بەڵام هەر ئێستاش دەبێ ناڕەزایەتییەکان دەست پێبکات و دژایەتی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی ڕژیم بکرێت و گوشار بۆ ڕژیم بهێندرێت تا ئەو شوێنانە چاک بکاتەوە.

ڕۆژی کورد: بەرێز ڕەحمانپەنا لە کۆتاییدا وێڕای سپاس بۆ بەڕێزتان، ئەگەر خاڵێک هەیە بتانهەوێ ئاماژەی پێبدەن بفەرموون.

ڕەحمانپەنا: سپاس و ڕێزم هەیە بۆ ئێوە و دەست خۆش بۆ بەدواداچوونتان. تەنیا ئەو خاڵەی کۆتایی وەبیر دێنمەوە کە پێویستە ڕێوڕەسمێکی وەبیرهێنانەوە لەو شوێنە بۆ گیانبەختکردووەکان بگیردرێت، لە ڕێوڕەسمەکەدا ناو و وێنەی ئەو گیانبەختکردوویانە دابندرێت و داوا بکرێت ئەو گۆڕستانە چاک بکرێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت