وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زانیاری لەسەر سێ کەس لە ڕێبەرانی ئەلقاعیدە کە نیشتەجێی ئێرانن، بڵاو کردەوە

0
855

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی مڵپەڕی ئەلعەرەبیە، ڕۆژی چوارشەممە 20ی ژووئیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ناوی 3 کەس لە ڕێبەرانی گرووپی ئەلقاعیدە کە هەنووکە لە ئێران دەژین، بە پێڕستی گەمارۆکانی خۆی زێدە دەکات.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ئەم سێ کەسایەتییەی ئەلقاعیدە، بەرپرسی حەواڵە ماڵییەکانی ئەم گرووپە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینن و هەروەها ڕێکخستن و گواستنەوەی توندئاژۆکان لە وڵاتانی باشووری ئاسیاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین ـیان لە ئەستۆیە.

ئەم سێ کەسە بریتیین لە :

1ـ فەیسەل جاسم محەممەد عەمری خالدی: لە بەرپرسانی پلەبەرزی گرووپی ئەلقاعیدە و ئەمیری یەکێک لە گوردانەکانی ئەو ڕێکخراوەیە. ناوبراو ڕۆڵی نێوانگری مەجلیسی شۆرای ئەلقاعیدە و تاڵەبانی پاکستان بووە.

2ـ یەزرا محەممەد براییم بیومی: ناوبراو لە ساڵی 2006ەوە ئەندامی ئەلقاعیدەیە و لە ساڵی 2014ەوە لە ئێران دەژیت. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزانەداری ئەمریکا، بیومی لە نیوەی ساڵی 2015ەوە، لە ئازادکردنی ئەندامانی ئەلقاعیدە لە ئێران دەوری هەبووە. ئەو لە ڕێگای ئێرانەوە هەوڵی کۆکردنەوەی پارە و هەناردنی بۆ گرووپی نوسرە، لقی ئەلقاعیدە لە سووریادا بووە.

3ـ ئەبووبەکر محەممەد محەممەد غەمین: ناوبراو بەرپرسی گەیاندنی یارمەتی و ڕێکخستنی هێزەکانی ئەلقاعیدەی نێوخۆی ئێران بووە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ئێران، لە دەزگای ئاسایشی ئەلقاعیدە لە وەزیرستانی پاکستاندا کاری کردووە. بەپێی گەمارۆ نوێیەکان، ناوی ئەم سێ کەسە، دەکەوێتە نێو پێڕستی پشتیوانانی تیرۆریسم، سەرجەم داراییەکانیان بەپێی یاسای دادوەری بلۆکە دەکرێت و هەموو شارۆمەندانی نیشتەجێی ئەمریکا لە هەرچەشنە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەوانەدا مەنع کراون.

ئادام ڕووبین، جێگری کاتیی وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا سەبارەت بە تیرۆریسم، لەم ڕاستەیەدا گوتی : کاربەدەستانی باڵای ئەلقاعیدە کە بەرپرسی گواستنەوەی پارە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناڤینن، دەکەونە بەر گەمارۆکانەوە.

ڕووبین پێداگری کردەوە کە وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا پێبەندە بە بەڵێنی خۆی لەمەڕ هەوڵدان لەدژی چالاکییە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە و پێشگرتن لە پێوەیستبوونی ئەم گرووپ و ڕێکخراوە پشتیوانەکانیان بە پێکهاتەی ماڵی جیهانی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت