ڕەگەزپەرەستی و فاشیزم لە ئێران بەرەو زیاد بوون و هەڵکشانە

0
608

ڕۆژی کورد: بڵاو بوونەوە و پەرەسەندنی هەندێک وێنەی ڕەگەزپەرەستانە و دژ بە هەندێ نەتەوە وەک ئەفغانییەکان، گومانی پەرەسەندنی کرداری دژەمرۆیی و ڕەگەزپەرستانە لە ئێران، بەرز دەکاتەوە.

ماوەیەکە هەندێک بەنێر و ڕاگەیێندراو لە هەندێ باژێڕی ئێران و بۆ نموونە لە شاری زارچ ـی شاری یەزد بڵاو بۆتەوە کە داوا لە هاوشاریان دەکات، ئەو باژێڕە لە کەسانی ناخۆجێی و بێگانە پاقژ بکەنەوە.

لەو ڕاگەیێندراو و بەنێرانەدا داوا دەکرێت بە هیچ شێوەیەک خانوو بە کرێ نەدرێت بە کەسانی ناخۆجیی و یان غەیرە ئێرانی و بۆ ئەو کارەی خۆشیان پێشگرتن لە “دزی و مادەی هۆشبەر و دەست درێژی و پاراستنی نەریتی شار و…تاد” وەک هەنجەت باس کراوە و داوا کراوە ئەگەر کەسێک خانووی بە کرێ داوە بە کەس یان کەسانێکی ئەوتۆ لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا پێیان چۆڵ بکەن.

سەرەڕای ئەو بەنێر و ڕاگەیێندراوە هەندێک نووسراوە لە ناو ماڵەکان هاویشتراوە کە ڕێک کەسانی ئەفغانی کردۆتە ئامانج و بەم جۆرە نووسراوە: “ئێمە بە هیچ چەشنێک ڕازی نین تا کەسانی ئەفغانی و نامۆ لە باژێرەکەمان بن بۆیەش داوا لە سەرجەم هاوشارییە بەغیرەتەکانمی زارچ دەکەین بۆ ڕێکخستن و دەرکردنی کەسانی بێگانە  و غەیرە ئێرانی ئەوپەڕی هاوکاریمان لەگەڵ بکەن”.

بەشێک لە خاوەن ڕایان و کۆمەڵناسان لایان وایە کە ئەو هەوڵانە بەو واتایەیە کە بێگانە سڕینەوە و ڕەگەزپەرەستی لە ئێراندا خەریکە برەو دەستێنێ. لەمبارەوە، سادق زیباکەلام، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران لە ڕۆژنامەی “شەرق” لە بابەتێکدا باس لەو بابەتە دەکات و دەڵێ بەشێکی زۆر لە ئێرانیەکان ڕەگەزپەرەستن.

زیباکەلام لەو بابەتەی خۆیدا ئاماژە بە ڕوانگەی ئێرانیەکان لەمەڕ ئەفغانی و عەرەب و تورکەکان دەکا و دەڵێ: “ئێمە ئێرانیەکان، رەگەزپەرستین” و دەڵێ : “ڕووی تری دراوی نەژادپەرەستی و ڕەگەزپەرستی ئێمە ئێرانیەکان، شکاندن و تێکشاندن و ورد کردنی ڕەگەز و قەومەکانی ترە، ئەوەش لەو نوکتانە ڕا دەردەکەێ کە بۆ عەرەب و ئەفغانیەکان سازمان کردووە.”

شایانی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بەشێکی بەرچاو لە ئەفغانیەکانی بۆ شەڕی سووریە و پاراستنی ڕژیمی ئەسەد بەکار هێناوە و بەشێکی بەرچاویشیان کوژراون، هەر بۆیە پێدەچێ مەبەست لەو گوشارە پلان بۆ داڕێژراوە، ناچار کردنیان بێ بۆ چوونی زۆرەملی بۆ شەڕی سووریە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت