ڕێفۆرمخوازی لە ئێران، هەڵدێرێک بۆ کوردایەتی

0
907
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

جیا لەوەی کە ئایا لە ڕووی فەلسەفە و زانستی سیاسی و چەمکەکانییەوە، دەکرێ لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامی، توتالیتێر و سەرەڕۆ و فاشیستدا، ڕیفۆرمخوازی واتای هەبێ یان نا؟  یان ئەوەی کە تەنیا و ناو و سێبەرێکی ڕەش و بەلاڕێدابەرە، ئێستا لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، تاقمێک بە ناوی ڕیفۆرمخواز بوونیان هەیە کە بەپێی پشتوانیی قایمی مادی، سیاسی و میدیایی لەلایەک و بۆشایی سیاسی لە ڕۆژهەڵات و هەڵاواردنی ناو حیزبەکان و تەسکەبەربوونی مەیدانی خەبات بۆ تاکە چالاکەکان لە ناو حیزبەکان و دووربوونەوەی حیزبەکان لە ئەرکی مێژوویی و سیاسیی خۆیان، ئەو تاقمە هێزیان گرتووە و لە هەموو شوێنێک و بە چەندین ڕەنگ دەردەکەون و تەنانەت لە ناو بەشێک لە حیزبەکانیشدا ئیتر لە چەکەرە دەرچوون و بناغەیان بەستووە.

مەترسییەکانی ئەو بناغە پتەوکردنە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەگەر بە ماوەیەکی کورت، حیزبەکان واز لە ئینشعابەکان نەهێنن و یەکتری نەگرنەوە، بی گومان ناکرێ تەمەنی مانەوەی چالاکی حیزبەکان لە ٥ تا ١٠ ساڵی داهاتوو زیاتر پێش بینی بکرێت و مانەوەیان تەنیا پەیوەستە بە یەکگرتنەوە و پتەوکردنی گوتاری نەتەوەیی و ناشتنی گوتاری ئیسلاح تەڵەبی.

ئەو گوتارە لە ناوخۆ ساڵانێکە لەناو چەند تاکێکی کوردی سەر بە ڕژیم  و بە پێشنیاری ژوورە فکرییەکانی ئیتلاعات، موحسێن ڕەزایی، هاشمیی ڕەفسنجانی و …تاد، سەریهەڵداوە و دواتر لە بەرەی بەناو یەکگرتووی کورددا بوو بە پراکتکی و ئێستاش لە حیزبی وەحدەتی میلی (لقی کوردستان) بە تەواوی کاری لەسەر دەکرێت و تەنانەت خۆیان هاویشتووەتە بواری ژینگەپارێزی و …تاد و بە ئاشکرا خەڵکی ناوخۆ هیچ، حیزبەکانیشیان تووشی چەند گوتاری و یەک بان و چەند هەوایی کردووە و زۆر تاکی بەناو سیاسی و شرۆڤەکاری سیاسیش کە لەم ساڵانەدا لە میدیاکاندا بووە بە نەریت و میوانەکانیان بەو ناوە ناودێر دەکەن، رەنگی داوەتە، بەشێک لەو کەسانە تەنیا پاشکۆن و ناشتوانن بە باشی رای خۆیان شی بکەنەوە و بێژن چیان گەرەکە و تەنیا چەمک و واتای چەند پەرتووک و زانایەک، بە بێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی زەمەنی و شوێن، دووپات دەکەنەوە.

مەترسیی ئەو بیرۆکەیە کە ئێستا وایکردووە حیزبەکان لە یەک ئینشعابی ئاشکراوە بەرەو چەند ئینشعابی شاراوە و ناوخۆیی و ڕیزبەندیی دژبەیەک ببات، باسێکی چرە و دەکرێ چەندین مەترسی بۆ ئەژمار بکرێت کە بە گشتی دەکرێ لە یەک ڕستەی “بەرەو هەڵدێر بردنی کورد و کوردایەتی لە ڕۆژهەڵات و بە فیڕۆدانی خوێنی شەهیدان” و بە کورتی “فرۆشتنی کوردستان” باسی بکەین.

ئەو بیرۆکە نامۆ و ناڕێکە کاتێک خۆی هاویشتە ناو حیزبەکان کە ئینشعابەکان ڕوویان دا و حیزبەکان هەوڵیان دا لە کێبرکێی ئەندامگیری و پەرەسەندنی سازمان و رێکخراوەکەی خۆیان، لە جیاتی هانا بردن بۆ کار و چالاکی و نێشاندانی جیاوازیی کردەیی خۆیان، هانایان بردە بەر “زۆر و بۆر” و جیا لەوەی کە چەندین سیخوڕ و مۆرەی ڕژیم خۆیان هاویشتە ناو حیزبەکان، کەسانێکیش کە پتانسیەلی سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامییان هەبوو، هاتنەوە ناو بازنەی حیزبەکان، ئەوەش بە وەلانانی ناڕەوای کەسانی باش و چالاک زیاتر لە پێشوو، ڕەگی خۆی داکوتا.

لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا، بەپێی چەندین بەڵگە، لانیکەم ٤ سەردان لە لایەن بەشێک لە حیزبەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی ڕژیم لە ئێران لە هەرێمی کوردستانی باشوور لە هەولێر و سلێمانی ئەنجام دراوە کە تەنانەت مۆرەی دژە کورد و تیرۆریستی ڕژیمیش لەو سەردانانەدا بەشدار بوون، لەوێوە بیرۆکەی دانیشتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەری هەڵدا و تا ئێستاش هەر لە پەرەسەندن دایە (لێرەدا بەڵگە خستەن ڕوو پێویست ناکات چون لەلایەن خودی کەسەکانیشەوە ئێستا نکوڵی لێناکرێت).

بیرۆکەی سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، نەبوونی هێز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، یەکنەگرتوویی کورد و حیزبەکانی، کەڵک وەرگرتن لە هەڵبژاردن و نا گوتن بۆ بایکۆت و…تاد، بەرهەمی ئەو دانیشتنانە و ئەو کارتێکەرییەکی کۆماری ئیسلامین کە زۆر جار لەژێر ئەو خاڵە لە ئەساسنامەی حیزبەکان کە “دانیشتن لەگەڵ کۆماری  ئیسلامی ڕەت ناکەینەوە” خۆی حەشار دەدات و بیانوو دەبینێتەوە و ڕەوایی دەدا بە خۆی، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە تەنیا بە چاو لێکردنێک لە ئامارەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، نە ئەسپاردنی بەپرسیارەتییەکان بە کەسانی خۆجێی، بەسەربازی کردنەوەی زیاتری کوردستان، هێرش کردنە سەر ویستی سەربەخۆیی لە کوردستانی باشوور، هەڕەشە کردن لە حیزبەکان بە کردەوە و قسە (هێرشی تیرۆریستیی شەوی یەڵدای قەڵای دێموکرات نموونەیەکی ئەم باسەیە)، بۆمان دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی هەوڵی بنەبڕکردنی کورد دەدات نەک لەگەڵ سازانی.

بەوپێیە بیرۆکەی ئیسلاح تەڵەبی و پەرەپێدانی لە ناو کوردی ڕۆژهەڵات، تەنیا بە مەبەستی خستنەوەی دووبەرەکیی زیاتر، پەرتەوازەیی، سەرلێشێواوی و ئینشعاب و دوورترکردنەوەی حیزبەکان لە خەڵک و لە ئەنجامدا بەدەردی ئۆپۆزیسیۆنی فارس و ئێرانی بردنی خەباتی کوردە.

دوا وتە:

 تەنیا ڕێگا و ئاسۆی کورد لە ڕۆژهەڵات، دەربازبوون لە ئیشنعاب و هەنگاونانی جیدیە بەرەو یەکگرتنەوە و دواتر، پتەوکردنی گوتاری سەربەخۆیی خوازی و دوورکەوتنەوە لە ئێرانچیەتی و خۆ بە ئێرانی زانینە. لە ئەگەری یەکنەگرتنەوەی حیزبەکان و دواتر پەرەپێدان بە کاری هاوبەش لە ناو حیزبە جیاجیاکان و پتەونەکردنی هزری کوردایەتی و سەربەخۆیی خوازی، سەرجەم ڕێگاکانی تر بەرەو هەڵدیرە و لە چەند ساڵی داهاتوودا، لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد تەنیا چەند بەیاننامەنووس دەمێنێتەوە و بەس.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت