ڕاوەستەیەک لەسەر دژبەرانی “ڕاسان”ـی خۆرهەڵات/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ کەیهان یوسفی

0
2103

خوێنەری هێژا:

گوتوبێژی بەردەستت، یەکێکە لە زنجیرە گوتوبێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی تلێگرام کە ڕێکەوتی 12 و13ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی لەسەر مژاری “ڕاوەستەیەک لەسەر دژبەرانی “ڕاسان”ـی خۆرهەڵات” بە میوانداریی، وەرگێڕ و چالاکی سیاسی، کەیهان یوسفی و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

کەیهان یوسفی
کەیهان یوسفی

ڕاوێژ: کاک کەیهان بەر لە باسەکەی ئەمشەو دەمهەوێ ئاوڕ لە هەواڵی کشانەوەی حیزب و پێشمەرگەکان لە سنوورەکان بدەینەوە کە دۆینێ لە  لایەن کوردستان 24 بڵاو بۆوە، تێڕوانی ئێوە بۆ ئەم باسە چیە؟ خوێندنەوەتان چیە؟

یوسفی: بۆ من قسەی بەرپرسانی حیزبی پێوەرە کە ئەوانیش شتی وایان ڕەت کردەوە. بەڵام گوشار بۆ سەر حیزب لەلایەن پارتەکانی باشوورەوە هەیە و دەکرێت چاوەڕێ بکەین ئاڵترناتیڤ حیزب چییە.

ڕاوێژ: پێتان وایە دەستی کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو هەواڵەوە هەبێ یان باشترە بڵێم پێتان وایە لەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامیدا بووە؟

یوسفی: بێگومان گوشاری ئیسلامی لە یەکەمین ڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕاسانەوە هەیە  و بۆ هەمووش ئاشکرایە کە پارتەکانی باشوور بە چەشنێک ملکەچی ئێرانن، هەنووکە لە بەر ئەوە دابەشبوونی هێزە لە ناوچەکە پارتی لە زاهیردا لە بەرەی ئێران نیە بەڵام زۆر هۆکار هەیە کە پارتیش بۆ لای ئێران با بداتەوە و بێگومان قوربانی سەرەکیش بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات، بەڵام ئاڵترناتیو هەڵکەندن لە باشوور

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

واتا لە ژیر دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتیی و گەڕانەوەی گشتی بۆ شاخەکانە.

ڕاوێژ: بە گشتی و وەک کۆبەندی، نەیارانی ڕاسان کێن و دابەش دەبن بە چەند دەستە و تاقم؟

یوسفی: ڕاسان من بۆ خۆم بە سێ کوچکەی دژبەرانی ڕاسان ناودێریان دەکەم، یەکەم کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندییەکانی کە بە تەواوەتی دژایەتی دەکەن و گلەیی لەوان نیە و ئەوان دوژمنن و سروشتیە دژایەتی کردنی. دووهەمی گرووپە پان ئیرانیستەکانی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانیەکانن کە هەر چەشنە جووڵەیەک بە دژایەتی تەوایەتی ئەرزیی لە ناو دەبەن و بە گشتی دژبەری بزووتنەوەی کوردستانن و لە ناوەڕۆکدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان بۆ دژایەتی بزووتنەوەی کوردستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی نیە. سێهەم کە ئەمیش دەچنە خانووی چەپەکانی کوردستان نە هەموویان، ئەڵبەت ئەگەر بکرێت پێناسەی چەپیشیان بۆ بکەیت،  ئەوانەی خۆیان بە شوێنکەوتووی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانین، واتا ڕۆژهەڵاتیە باکوور میحوەرکان کە دەبینین بە شێوەیەکی بێ ڕەحمانە دژایەتی ڕاسان  دەکەن و ئەمەش لە بەر ئەوەیە کە گشت ئەو دروشمانەی دژی دێموکرات لە ڕۆژهەڵات بڵاویان دەکردەوە ڕاسان کردووە ڕاسان بەتاڵی کردووە و بە جۆرێک ڕاسان جووڵەیەک بوو بۆ فارس وتەنی مشروعیەت زدایی ئیدیعاکانیان و هەروەها کۆنە چەپ کۆمۆنیستەکانی شوێنکەوتووی گرووپی سەهەند کە دوژمنی سوێندخواردووی ڕاسان و دێموکراتن و هەر ئەوانیش بوون کە کۆمەڵەیان بۆ ساڵانێک لە ڕێبازی سەرەکی خۆی بە لاڕێدا برد.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە جیاوازییەک لە ناو فارسەکان لەمەڕ مەسەلەی خەباتی چەکداری و ڕاسان بوونی هەیە؟ دەکرێ فارسەکان دابەش بکەین بە ٢ دەستەی لایەنگر و دژبەری ڕاسان؟

یوسفی: فارسەکان لە ڕواڵەتدا خۆیان بە دێموکرات پێناسە دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا لە سەر مەسەلەی مافی نەتەوەکان بەڕای من لە کردەوەدا جیاوازییەک لە نێوانیدا نیە، هەڵبەت ناکرێت چەندین کەسایەتی دیار لەناویاندا لە بەرچاو نەگرین کە دۆستی کوردن و نەرمترن بە نیسبەتی ئەوانەوە

ڕاوێژ: باستان لە پارتی کرد کە ئەویش دەتوانێ بە هەندێ هۆکار با بداتەوە بۆ لای ئێران، پرسیار ئەوەیە ئایا حدکا لە دۆخێکی ئەوتۆ کە پارتیش با بداتەوە بۆ لای ئێران، توانای مانەوە لەسەر بڕیاری خۆی و سوور بوونی هەیە؟

یوسفی: ناتوانین بڵێین کە ڕاسانە کۆڵەکەی پارتی دێموکراتە یان ڕاسان دڵی خۆی بە پارتی خۆش کردووە و ئیرادەی ڕاسان ئیرادەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بەڵام باسم کرد ئێستاکە پارتی لە بەرەی دژبەرانی ئێراندایە و پارتەکانی باشوور بەرژەوندیی خۆیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێن و دەتوانن لەمپەر بخەنە بەردەم ڕاسان، چوونکە هەنووکە بنکەکانی سەرکردایەتی و بەشێکی زۆرلە کادیر و پێشمەرگەکانی حدکا لە  ژێر دەسەڵاتی ئەواندایە و بۆیە ئیمکاناتی گوشار خستن و لەمپەر دروستکردنیان لە بەردەستدایە، تەنیا ڕێگا ئەوەیە کە بنکەو بارگەکان لەوێ نەمێنن

ڕاوێژ: بەڕێزتان بە گوێرەی زانیاریی خۆتان و بە پێی ئەوەی کە گەلێک بابەتتان لە ئینگلیسییەوە وەرگێڕاوە و بەدواداچوون بۆ میدیا ئینگلیسیەکان دەکەن، پێتان وایە، لە دەرەوە و لە لایەن وڵاتانی ترەوە، چۆن لە ڕاسان دەڕواندرێ؟ دژبەری زۆرن یان هاوڕا؟

یوسفی:  بێ شک ئێران دوژمنی ناوچەیی و جیهانی زۆرە و زۆربەی وڵاتان وەکوو هەڕەشەیەک چاوی لێدەکەن، ڕاسان بێ شک لە داهاتوودا دەتوانێت لایەنگری دەرەکی بۆ خۆی پەیدا بکات و مەرجی ئەوەش بەردەوامبوونیەتی و ئەوان دەڕوانن  تا بزانن ڕاسان تا چەندە جیددییە و تا چەندە توانای شوێندانەری لە سەر ڕێژیمی ئێران هەیە.

ڕاوێژ: باستان لە دژایەتیی چەپە کوردەکان کرد کە خۆیان بە ڕێڕەوانی پ ک ک دەزانن، هۆکاری دژایەتیی ئاشکرای پەکەکە لەگەڵ ڕاسان چیە؟ ئایا ئەوە دەکرێ بەو واتایە بێ کە پەکەکە لە لایەن ئێرانەوە ئەمری دژایەتی پێکراوە؟

یوسفی:  پ ک ک بە فەرمی ناتوانین بڵێن دژایەتی ڕاسانی ڕاگەیاندووە بەڵام لە هەڵسوکەوتی هەڵسووڕاوان و شوێنکەوتووانیان دەتوانرێت ئەوەی لە بەرداشت بکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەو پێگەی ئەوان دەیانهەویست لە ڕۆژهەڵات بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، لە ناو دەبات، لە بیرمان نەچێت بەهۆی نەبوونی حزووری چەکداری هێزەکانی ڕۆژهەڵات بەشێکی بەرچاو لە چەکدارانی پ ک ک لە وزەی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات وەری دەگرت و بە دەسپێکردنی ڕاسان بێ شک ئەو هێز و وزە بۆ باکوور و ڕۆژئاوا نابردرێت و لە خزمەت بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتدا دەبێت.

ڕاوێژ: پێدەچێ دژبەرانی ڕاسان لە هەر بیانوویەک کەڵک وەربرگن بۆ دژایەتی کردنی ئەو خەباتە، بۆیەش هەر جارە و بیانوویەک هەیە، ڤیدیۆیەک یان سەردانی ئەندامێکی حدکا بۆ عەڕەبستان یان سەردانی شاندێکی حدکا بۆ کۆنووسلگەریی عەڕەبستان. ئێوە ڕاتان لەسەر پەیوەندیی حدکا لەگەڵ سعوودیە چیە؟

یوسفی: مەسەلەی باشێکتان ئیشارە کرد، لە ڕاستیدا هەروەک وتتان بیانووە و ئەوان کەوتوونەتە ناو پیلانێک کە دەزگای پڕۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامی بڵاوی دەکاتەوە، ئەگێنا ساڵی پاریش حدکا بەشداری ئەو ڕێوەڕەسمە بوو و ئەوان متەیان پێوە نەهات، هەروەها خۆیان بە سیکۆلار ناودێر دەکەن بەڵام لە بیرمان نەچێت ئەوان بەشێکی زۆریان سیکۆلار نین بەڵکوو دژایەتی ئایین دەکەن و لە مێژوویان لە ڕۆژهەڵات دەیان بنکە و شوێنی ئایینیان ئاگر تێبەرداوە و کەسایەتی ئایینیان تەنیا بە تاوانی ئایینی بوون کوشتووە، پەیوەندی لە گەڵ هەر کەس  و لایەنێک کە کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشە چاو لێ   دەکات بۆ حیزبێکی دژبەری ئەم ڕێژیمە ئاساییەو ناچێتە خانووی ئەوەی کە سەربەخۆیی ئەو حیزب خەوشدار بێت، پەیوەندی شتێکی زۆر ئاسایی لە کاروباری سیاسیدا.

ڕاوێژ:  لایەنێکی کوردی کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕابردووشەوە دژایەتی خەباتی خۆرهەڵاتی کردووە و ئەم ڕۆژانەش باس لە سازکردنی کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشمەرگەکانی حدکا لە لایەن ئەو لایەنەوە هاتە ئاراوە، یەکێتی نیشتمانی (باڵی هێرۆخان)ـە، بەڕای ئێوە دژایەتیی ئەوان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

یوسفی: لە یەکیەتیی هەروەک وتتان باڵی و تێڕوانینی جۆاروجۆر هەیە، بەڵام زۆرێکیان هەنووکە نەک پەیوەندیی قووڵیان لە گەڵ ئێران هەیە بەڵکوو بوونەتە جێبەجێکاری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و کارتێکی باشن لە دەستی ئێران کە خەریکە لە ناوچەکە کایەیان پێ دەکات، سەیری ڕاگەیاندنەکانیان بکەیت دەبینیت چۆن کوێر و لاڵ بوون لە بەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات و ڕاسان و سەردانەکانی قاسم سولیمانی بۆ سلێمانی و دیاریکردنی ئەرک و … بۆیان لە کەس شاراوە نیە، ئەوان وەها   چوونەتە ژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامی کە سەرکردەکانیان قاسم سولەیمانی فەرماندی سپای تیرۆریستی قودس بە قارەمانی خۆیان دەزانن

ڕاوێژ: ئەو دژایەتییە لەگەڵ ڕاسان، بەشێک لە کوردەکان دەگرێتەوە کە بە ئیسلاح تەڵەبیان ناو دەبەن و لەناوخۆن بەڵآم ئەوان لە مێژە خۆ بە لایەنگری مافی کورد دەزانن و دەڵێن خەباتی بۆ دەکەن، هۆکاری دژایەتی کردنی ئەوان بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

یوسفی: بێ شک زۆر کوردی دڵسۆز لە ناوخۆی وڵات هەیە  کە بە هۆکاری ئەمنیەتی ناتوانن ڕای ڕاستەقینەی خۆیان دەرببڕن، بەڵام ئیسلاح تەڵەبی کورد شتێکی فارس وتەنی من دراوردییە، سەرەتا ئیسلاح تەڵەب لە کۆماری ئیسلامیدا هیچ   واتا و مانایەکی نیە، دووهەم ئەوانە زۆربەیان لە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ڕێژیمدا ئەرک پێسپێردراو بوون و ڕێژیم دەیهەوێت ئەوان بە نوێنەری مافی خەڵکی کورد بە بیروڕای گشتی بناسێنێت و ئەوانیش بوونی خۆیان بە بوونی کۆماری ئیسلامیەوە پێناسە دەکەن، هەر بۆیە دژایەتی هەر چەشنە هەڕەشەیەک بۆ سەر تەناهی کۆماری ئیسلامی دەکەن و ناوی  جۆراوجۆری لێ دەنێن بۆ گەوجاندنی بیروڕای گشتی.

ڕاوێژ: پێتان وایە تا ئێستا “ڕاسان” چەندە توانیویە سەرکەوتوو بێ و ئایا ڕاسان بەرگەی ئەو هەموو نەیارە دەگرێ؟ ئەوە دواپرسیارە و زیاترتان ماندوو ناکەین بۆ ئەمشەو

یوسفی: هێشتا قەزاوەت کردن لە سەر سەرکەوتووبوون یان نەبوونی ڕاسان زووە، بەڵام قورس و قایم هەنگاوی هەڵگرتووە و بێ شک ڕێبەرایەتی حدکا هەم ئەزموونی باشی هەیە و هەمیش ستراتژی باشیان بۆ داڕشتووە و دەکرێت لە داهاتوودا نەتیجەیەک ببینین، بەڵام بەڕای من ئەوەی کە دەتوانێک ڕاسان بخاتە قوناغێکەوە کە بەرگەی هەموو ئەو شتانەی کە باستان کرد بگرێت، نەمانەوە لە باشووری کوردستان و ژێردەسەڵاتی پارتەکانی باشوورە، ئەو هەنگاوەش هەڵبگیردرێت بێ شک ئاسۆی ڕاسان زۆر و هیوابەخشە.

ڕاوێژ: شەوی ڕابردوو، بزووتنەوەی فیدرال دیموکراتیکی ئازەربایجان وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە ڕاسان لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال هاتە دەر و بە هەمان شێوەی ئێران و دژبەرانی کورد، “ڕاسان”ـی خستە باڵ سعوودیەوە، پێتوان وایە ئەو دژایەتییانە کە وا بەردەوام زیاد دەبن، دەستی کێی لە پشتە؟ پێتان وایە هەندێ لایەن و هێز خەریکن بە پارەش بێ، دژبەر بۆ ڕاسان زیاد دەکەن؟ یان ئەوەتا لاتان وایە ئەو هێزانە لە بێ هێزیی خۆیان لە هێزی کورد دەترسن؟

یوسفی: بە داخەوەوە کۆماری ئیسلامی کوردی لێ دەربکەیت، خاوەن ئۆپۆزیسیۆنێکی جیددی نیە و قورسایی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵیش بە کوردەوەیە. کە جووڵەت کرد ئەم شتانە ئاساییەو لە ڕاستیدا جووڵە و ڕووداوەکان ڕوومەتی ڕاستەقینەی زۆر کەست بۆ دەردەخەن .

راسان جووڵەیەکی نەتەوەییە و ئەم جووڵە نەتەوەییەش بێ شک دوژمنانی خۆیان بۆ ناگیرێت و خۆیان دەردەخەن. من شارەزایی زۆرم لە سەر ئەو لایەنە نیە بەڵام هەر ئەوەندە دەزانم کە زۆربەی ئەم جەریانگەلە خۆیان هێشتا لە ژێر هێژمۆنی دوو گوتار دا دەرباز نەکردووە و کاریگەری ئەو دوو گوتارەیان لە سەرە یەکەم شێعەگەری و دووهەمیش پان ئیرانیستی، کە ئەم کاردانەوانە بەرانبەر بەم ڕاسان بە بیانووی عەرەبستان دەچێتە خانووی ئەم تێڕوانینەوە.

ڕاوێژ: هەندێ لە شارەزایانی سیاسی دەڵێن سەرکەوتن و لە مەیدان دا بوونی کوردی خۆرهەڵات بە قازانجی باشوورە و ڕێگا لە دەست تێوەردانی ئێران لەوێ دەگرێ، ئێوە چۆن لەو پرسە دەڕوانن؟

یوسفی: دەتوانێت تێڕوانینێکی دروست بێت، کۆماری ئیسلامی زیاتر ئیمتیاز بە باشوور دەدات، بەڵام یەک شت لەم نێوەدا زۆر گرنگە کە هێزەکانی باشوور بەشێکیان شانازییە بۆیان پاشکۆی ئێران بن، ئەگینا ئەکتیڤ بوونی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات دەتوانێت باشووری کوردستان لە ژێر هێژمۆنی ئێران دەرباز بکات و زۆر بوێرانەتر و ڕاشکاوانەتر لە بەرانبەر ئێراندا هەڵوێست بگرن، بەڵام بەشێکی کێشە لە لای کەسایەتی خودی هێزەکانی باشوورە

ڕاوێژ: بەشێک لە دژبەرانی ڕاسان وەک بەڵگە بۆ قسەکانی خۆیان، دەستبەسەرکردنی خەڵک و وێران بوونی چەند گوند و شەهیدبووةی چەند پێشمەرگە و کادری حیزب دێننەوە و دەڵێن بە خەباتی چەکداری تەنیا ڕێگا بۆ دەوڵەتی ئێران بۆ نیزامی کردنی کوردستان خۆش دەکرێ و ماف مسۆگەر ناکرێ، ئێوە ڕاتان لەسەر قسەی ئەمان چیە؟

یوسفی: پرسیارێک کە دەبێت ڕووبەڕووی ئەمانە بکرێتەوە ئەوەیە باشە لە ماوەی ئەم دوو دەیەدا کە حیزب خەباتی چەکداری ڕاگڕتبوو، چ ئاڵۆگۆڕێک بە سەر سیاسەتی ڕێژیم لە کوردستاندا هات، چ گۆڕا، ئایا ڕێژەی زیندانی سیاسی کەمتر بوو، ئایا کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر بوو، ئەمە بە چەشنێک کایەی ڕێژیمە کە بە هەندێک کەس دەیکات، بەشێکیان بە نائاگایانە دەکەونە داو و بەشێکیان زۆر پلان داڕێژراو دێن ئەم شتانە مەترەح دەکەن، کامە شۆڕش و گۆڕانکاری بێ خوێن و گرتن سەرکەوتووە و ئەویش لە بەرانبەر ڕێژێمێکدا کە باوەڕی بە هیچ نیە، هەڵبژاردنی ڕێگای ژیانی شەرافەتمەندانە کاری هەموو کەس نیە.

ڕاوێژ: کاریگەرییەکانی ڕاسان تا ئێستا لە ڕوانگەی ئێوەوە چی بووە؟ ئایا کاریگەریی ئەرێنی بووە؟

یوسفی: بێ گومان کاریگەری ئەرێنی بوو، یەکەم کاریگەری ئەوە بوو کە باسی ڕۆژهەڵاتی لەو پەراوێزەی کە کەوتبوو هێنایە دەرێ، دووهەم هێز و وزە و ئۆمێدێکی زۆری خستۆتە نێو چالاکانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کوردستان و هەروەها خەڵکی کوردستانی ئێران، گەر پەیوەندیتان لە گەڵ خەڵکی ناوخۆ هەبێت هەست بەوە دەکەن کە ڕاسان چۆن هیوای بە هەموویان بەخشیوە و چەندە بەورە و وزە بۆی دەڕوانن.

ڕاوێژ: ئەو پرسیارە زۆر جار لە لایەن ئەندامانی گەورەژووری ڕاوێژ کراوە ویستمان ڕای بەڕێزتان بزانین. بەڕای ئێوە پەیوەندی لەگەڵ سعوودیە نابێتە هۆکاری دوورکەوتنەوە و ترازانی کوردانی شیعە لە خەباتی خۆرهەڵات؟

یوسفی: پەیوەندی بە مانای ئەوە نیە کە لایەنێک لە گەڵ هەر کەس پەیوەندی بوو کەوتۆتە ژێر ڕکێفی ئەو لایەنە، کوردی شێعە لە ئیلام و کرماشان و بەشێک لە پارێزگای سنە تا ئیستا چییەتی کۆماری ئیسلامیان بۆ دەرکەوتووە و بەرەکاتی حکوومەتی شێعیان بینیوە، گەر وابێت دەکرێت لە گەڵ کەس دەبێت پەیوەندی نەگریت، عەرەبستان دوژمنی کورد لانیکەم تا هەنووکە نەبووە، سنووری لە گەڵ کوردستان نیە و بزووتنەوەی کوردستانیش بزووتنەوەیەکی ئایینی نیە  تا پەیوەندییەکانی لە سەر بنەمای ئایین ڕێک بخات، بۆیە ئەمانە هەمووی پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامیە کە دەیهەوێت سیمایەکی وەها بە ڕاسان و حدکا ببخەشێت بو خەڵکی وەها کە خۆی دەیهەوێت بیناسێنێت.

ڕاوێژ: بەڕای جەنابتان لە ڕووی پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە، بۆ خەباتێکی ئەوتۆ بەرین، کەمکاری نەکراوە؟ هەرچەند ئەو ڕۆژانەی دوایی بەڕێز کاک مستەفا هیجری سەدانی پارلمانی ئاڵمانی کرد بەڵام پێتان وا نیە کەمکاری زۆر بووە؟

یوسفی: من ئاگاداری کەم کاریی بەشی پەیوەندی نیم، چونکە پەیوەندی هەموو بە ڕاگەیاندن ناکرێت و ئاشکرا نیە، بەڵام ڕاستیەکەی گەر مەبەستتان پشتیگری وڵاتانی ڕۆژئاواییە هەروەک دوێنی شەو باسمان کرد ئەوان تا لە جیددی بوونی حەرەکەتێک دڵنیا نەبن هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا ناکەن، ئەوان لە ڕاستیدا بە دوای بەرژوەندی خۆیانن زیاتر  و بەرژوەندی خۆیان لە کوێ ببینەوە لەوێ خۆیان دەردەخەن.

ڕاوێژ: حەسەن ماوەڕانی لە بابەتێکدا دەنووسێ: شەری چەکدارانە بە هەرپێوانە و ئیدیۆلۆژیەکەوە کە بکری، پێویستی بە سازکردنی بواری تایبەتی خۆی هەیە. ڕیکخراوەی بەهێز هەم لە لانی سیاسیەوە و هەم لە ئاستی چەکدارییەوە، پێشمەرگەی  کارا و بە ئەزمون، پاڵپشتی و پشت بەرەی  قایم و پتەو و بڕوا پێکراو، دەرەتانی داراییی و تێکنیکی بۆ بەردەوامبوون لە شەردا، دەزگای مێدیایی چالاک بۆ ناساندنی  ڕەوا بوون و حەقخوازانەبوونی شەرەکە و پێشوازی فراوانی گەڵ لە چالاکیەکان. واتا ئەو دەڵێ ئەو ئامادەکارییانە نەکراون، ئەگەر وابێت و بێ ئامادەکاری بێ، ئەو کات لاتوان وانیە ڕاسان، هەرەس دێنێت؟

یوسفی: مرۆڤ کە ویستی کارێک نەکات هەزار بیانووی بۆ دێنێتەوە، لە تیۆریی ڕێبەریدا بۆچوونێکی جوان هەیە، دەڵێت ڕێبەر ئەگەر ئایدیا و ئامانجی ڕێکوپێک و باشی هەبوو، بە تەنیاش هەنگاو هەڵبگرێت پشتی سەری پڕ دەبێت و سەردەکەوێت.

ڕاوێژ: با بچێنەوە سەر دژبەرانی ڕاسان، قسەی زۆرێک لە دژبەرانی ڕاسان، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئێران نیە، هەندێک لەو کەسانە لە ڕواڵەتدا خەباتکاریشن بەڵام ئەدەبیاتیان ڕێک هی ئێرانە، بەڕای جەنابت هۆکاری چیە کەسانی دژی ڕژیم، قسەیان لێرەدا لەگەڵ ڕژیم یەک دەگرێتەوە؟ ئایا هەمووی دەگەڕێتەوە سەر قوربانیی کردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە پێناو بەرژەوەندیی حیزبی؟ یان بەڕاستی ڕاسان ناهەماهەنگ دەستی پێکردووە؟

یوسفی: نازانم مەبەستتان لە خەباتکار چییە، ئەوەی خەباتکار بێت و خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بکات، دژایەتی هیچ هەوڵێک کە دژی ئەم ڕێژیمە دەدرێت نادات، لە بیرمان نەچێت زۆر کەس و لایەن ئەوەندە کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆیان دەزانن چەن قات بزووتنەوەی نەتەوایەتی کوردستان بە دژبەری خۆیان پێناسە دەکەن و بۆیەش دژایەتی ڕاسان دەکەن چۆن لە داهاتووی ناڕوونی خۆیان نیگەرانن

ڕاوێژ: ترس لە دابەش بوونی ئێران، وتەی سەر زاری هەموو پان ئێرانیستەکانە و بۆیەش بە دژی خەباتی چەکدارین ئەوە لە حاڵێکدایە نە حدکا و نە هیچ هێزێکی تری کوردی داوای جیابوونەوەی نەکردووە. سەرچاوەی  ئەو ترسە لە چیەوە دێ؟

یوسفی: ئەوان بە فاشیزم و ڕاسیزم گۆشت کراون، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئێران و ئێرانی واتا فارس و ناوەەند، ئەوان باش دەزوانن کە دەسەڵات لە ناوەند دابەش بکرێت هێژمۆنی و خەون و مێژووی درۆیی ئەوان هیچی نامێنێت. ئەوان لە ڕاستیدا هیچ مافێک بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئێران قایل نین، و هەربۆیەش بە تۆمەت لێدان بە هەر لایەن و جووڵەیەک کە بۆ مافی نەتەوەکان تێدکۆشی دەیانهەوێت ڕای گشتی بە دژی تەیار بکەن بۆیە، وشەگەلی وەک ، جیایی خواز، بەستراوە بە سەدام حوسێن، ئامریکا ، ئیسراییل و سناریۆی هەنووکەیش عەرەبستان دەکەنە گوتارێک و لە نێو خەڵکدا بڵاوی دەکەنەوە، ئەوان خەون بە ئیمپراتۆی پارسی گەورەوە دەبینین و هەربۆیە حەقخوازی نەتەتەوەکان دژی ئەم خەونەی ئەوانە و بە هەموو چەشنێک دژایەتی دەکەن و تەنانەت حازرن هاوسەنگەری کۆماری ئیسلامیش بن بە دژی. ت

ڕاوێژ: جیا لە پان ئێرانیەکان و چەپەکان و پ ک ک و هەندێک هێزی باشوور، پێدەچێ هێزەکانی خۆرهەڵاتیش هەرچەند بە ڕاشکاوانە دژایەتیی ڕاسان ناکەن بەڵآم بە کردەوە لەگەڵی هاوهەنگاو نین. لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕان؟

یوسفی: هاوهەنگاوی بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە، یەکەمی ئەو دابەش بوونە و ئینشیعاباتە، دووهەم هەلومەرجێک کە تێدان، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور لە چیەتی خۆیان زۆر دوور کەوتوونەتەوە، هەروەها  بەشێکیان خاوەنی هێز و پێشمەرگەیەکی وەها نەماون و پێیان خۆشە هەر لە باشوور بمێننەوە.

ڕاوێژ: کاک کەیهان بەڕێزت خۆت سکرتێری یەکێتیی خوێندکاران بووی و چەندین کتێبیشت وەرگێڕاوەتەوە و چاوەدێریی زۆربەی ڕووداوەکانیشت کردووە، ڕەخنەکانی خۆتان لە ڕاسان چیە؟

یوسفی: هەروەک باستان کرد من بووم، هەنووکە لێرەوە بە خۆم ئیزن نادەم هیچ بڵێم چونکە زۆر شت هەیە تا لە گۆڕەپانی کردەوەدا نەبیت نازانیت گیر و گرفتەکانی چین، تەنیا شتێک کە من دەتوانم وەک پێشنیار  بیڵێم و کە بێ شک ڕێبەراتی خۆشی باشتر لەمن دەزانێت ئەوەیە کە بنکە و بارەگا لە باشوور و ژێردەسەڵاتی یەکیەتیی و پارتی نەمێنێت و کلیلی سەرکەوتنی ڕاسان یان هەنگاوی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی ڕاسان ئەمەیە.

ڕاوێژ: پێتان وا نیە پێکهاتنی بەرەی یەکگرتوو لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، سەرەکیترین هەنگاوە بۆ سەرکەوتنی خەباتی چەکداری و دەبا هەوڵەکان لەوبارەوە چڕتر بن؟

یوسفی: ڕاستە بەڵام لە قوناغی هەنووکەدا ئەستەم و دەکرێت بڵێن ناکرێت.

ڕاوێژ: هەندێک لە ڕەخنەگران و دژبەرانی ڕاسان دەڵێن، حدکا و هێزە کوردییەکانی خۆرهەلات، ئەوەندەیان چەک و پێشمەرگە نیە کە بتوانن بەشداری خەباتی چەکداری بن و دەشلێن ئەوە وەک چالاکیەک بۆ پێش کۆنگرە کراوە و دواتر دەسڕدرێتەوە. ئەو قسە بەڕای ئێوە تا چەند لە جێی خۆیەتی؟

یوسفی: حدکا پشتی بەو هێزەی لە باشوورە نەبەستووە و هیچ کاتیش ڕێبەرایەتی ئەوەی باس نەکردووە، هێزی سەرەکی حدکا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتە، چالاکیەکانی ئەم دواییەش و بەتایبەت ئۆپراسیۆنەکانی هەڵۆکانی زاگرۆس ڕاستی ئەم بۆچوونە تەئید دەکەن.

کە حەرەکەت و حزوورت هەبوو هێز خۆی کۆ دەبێت، هێزیش بێ شک خەڵکە کە تینووی خەبات و تێکۆشانن.

ڕاوێژ: وەک جەنابت ئاگادار بی و بەدواداچوونت بۆ کردبێ، خەڵک چۆن لە ڕاسان دەڕواننو ڕەخنەکانی دژبەرانی ڕاسان چەندە لە لای خەڵکی ناوخۆوە بە هەند وەرگیراوە و کاریگەری هەبووە؟

یوسفی: خەڵک هەمووی وەک یەک بیر ناکاتەوە بەڵام من بە جورئەت دەتوانم بڵێم زۆرینەی ئەو خەڵکە بە هیوا و ئۆمێدەوە بۆی دەڕوانن و پاڵپشتی و تەئیدی دەکەن.

ڕاوێژ: ڕاسان بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی ڕەخنە و دژوەستانەوەی یەکتریی کوردەکانی سەر بە هێزەکانی هاوڕا و دژبەری ڕاسان، کاریگەریی نەرێنیی ئەو دمەقاڵانە لەسەر هەستی خەڵک لە ناو خۆ چۆن دەبینن؟

یوسفی: خەڵک بۆ خۆی هۆشیارە و هەروەک دەڵێین خەڵک و زەمان باشترین قازین، خەڵک گوێ بۆ ئەو شتانە ناگرێت و چاو لە مەیدانی کردەوەدا دەکات، کەی بۆی خەبات دەکات و خوێن دەدات ئەوە دەبینێت و ئەوە بۆی میلاکە، سەیری شرۆڤە و لێکدانەوەی کۆمەڵێک دوورپەرێز و پاسیڤ ناکات کە لە دوورەوە دانیشتوون و نوسخە بۆ خەڵک دەپێچنەوە، کێ لە مە یدانی کردەوەدا خەبات بکات، خەڵک ئەو بە قارەمانی خۆی دەزانێت.

ڕاسان: من پرسیارێکی ئەوتۆم نەماوە کاک  کەیهان، وێڕای ئەوەی کە سپاسی بێ بڕانەوەتان دەکەم بۆ بەشداری لەو باسە لەو ٢ شەوەدا، ئەگەر لە کۆتاییدا خۆتان قسەیەکتان هەیە ڕوو بە خەڵکی ناوخۆ کە بەشێکی باش لێرە ئەندامن و باسەکە دەبین، تکایە بفەرموون.

یوسفی: من هەر ئەوەندە دەڵێم کە ڕاسان بە خوێنی کەسانێک دەستی پێکردووە کە هەرکامەیان گەنجێک بوون بۆ ئەو کوردستانە، کەسانێک کە باشترین ئاستی ڕیفاه و ژیانیان هەبوو چوون بە گژ گوللەی دوژمندا تا بە خوێنی خۆیان دەرگایەک بۆ هەرمان بوون بکەنەوە، هەموومان دەبێت بەش بە حاڵی خۆمان چیمان لە دەست دێت بۆ گەشە و پەرەپێدان و لە سەر پێ مانی ڕاسان بکەین، با شەرمەزاری خوێنی ئەو شەهیدانە نەبین. ڕێز و حورمەت بۆ ئێوە و گشت هاوڕێیان کە ئەم دوو شەوە تەحمۆڵی منتان کرد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت