شیکردنەوەیەکی چالاکییەکانی کەمپەینی نا بۆ تانکەری مەرگ/وتووێژی ڕاوێژ لەگەڵ د. حامید کۆنەپۆشی

0
1318

گوتوبێژی بەردەستت، یەکێکە لە زنجیرە گوتوبێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی تلێگرام کە ڕێکەوتی 14 و15ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی لەسەر مژاری شیکردنەوەیەکی چالاکییەکانی کەمپەینی نا بۆ تانکەری مەرگ” بە میوانداریی، مامۆستای زانکۆ و چالاکی مەدەنی، د. حامید کۆنەپۆشی و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

د.حامید کۆنەپۆشی
د.حامید کۆنەپۆشی

ڕاوێژ: دوکتور سەرەتا ئەگەر بکرێ باسێکمان بۆ لە دۆخی ڕێگاکانی کوردستان بە گشتی و ڕێگای سنە-مەریوان بەتایبەتی بۆ خوێنەران بکەن.

بەگشتی ئاماری کوژرانی نێو جادەکان لە ئێراندا، لە هەموو دنیادا یەکەمە. ئەوەیش دەگەڕێنرێتەوە بۆ نەبوونی ڕاهێنان و خراپیی ماشین و خراپی ڕێگەو بان. بەوەیشەوە، کەسێکی ئاسایی ئەگەر

سەفەرێک بۆ ناوەندی ئێران بکات بە چاوی خۆی جیاوزیی ڕێگەکانی کوردستان لەگەڵ شوێنەکانی تری ئێران دەبینێت. بۆیە باسی ڕێگەوبانەکانی کوردستان باسێک نییە کە پێویستی بە شی کردنەوە بێت. گوێ نەدران بە ڕێگەوبان لە کوردستاندا وەکوو یەکێک لە بناغەکانی پەرەپێدان، بەرچاوە.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

بۆ باسی ڕێگەکانی مەریوانیش، مەریوان لەباری جوگڕافییەوە لەگەڵ سنە، سەقز، بانە، دیواندەرە، کامیاران، پاوەدا دراوسێیە و ڕێگای بۆ سنە، پاوە، سەقز و بانە و کامیاران هەیە. بەڵام تاکە ڕێگایەک کە بکرێت کەڵکی لێ وەربگیررێت ڕێگەی سنە-مەریوانە. بۆیە هەموو فشاری هاتوچۆی شارێکی دووسەدهەزار کەسی دەکەوێت سەر ئەو جادەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە جادەکە خۆی زۆر خراپ دروست کراوە و ئێستایش ترافیکی گواستنەوەی سنووری باشماخ و هەروەها گواستنەوەی نەوتی هەرێمیشی کەوتووەتە سەر.

بۆیە ڕۆژانە ئێمە ڕووداوی هاتوچوو لەو ڕێگەیەدا دەبینین و بەداخەوە جار نە جاریش کارەساتی وەکوو سووتانی هاوڵاتیانی لێ دەکەوێتەوە

 ڕاوێژ: هۆکاری دانانی ئەو کەمپەینە بۆ چی دەگەڕێتەوە و چۆن بوو ئەو بڕیارە دراو؟

ساڵێک لەمەو پێش لە ڕووداوی هاتوچووی تانکەرێکدا چەند هاوڵاتی سووتان و بوونە قوربانی. بەداخەوە ئیمساڵیش چەندین کەس لە ڕووداوێکی تردا سووتان و بریندار بوون. تا ئیستەیش چوار کەس لە ئەو ڕووداوە گیانیان لە دەست داوە.

ڕۆژانە خەڵکی مەریوان بەرەوڕووی مەترسیی مردن دەبنەوە و دیتنی کارەساتی لەوشێوەیە بێجگە لەوەی کە داخی قوربانیان خەڵک هان دەدات، خەڵک خۆیان بە هاوچارەنووسی ئەو کەسانە دەبینن و دەزانن خۆیان یان کەس و کاریان قوربانیی داهاتوون.

ئەم کەمپینە لە ڕێگای نێتەوە و بە شێوەیەکی خۆڕسک سەری هەڵداوە و ئەوەی کە من ئاگادار بم هیچ لایەنێک داینەمەزراندووە و ڕێبەریی نەکردووە.

ڕاوێژ: کەمپەینی “نا بۆ تانکەری نەوت”، تا ئێستا چ هەنگاوێکی هەڵگرتووە و پێشوازیی خەڵک چۆن بووە؟

ئەم کەمپینە بێجگە لەوەی کە لەسەر نێتدا بەشێوەیەکی بەربڵاو چالاک بووە، زیاتر لە پێنج هەزار ئیمزای کۆ کردەوە و لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزاییدا لە بەردەم فەرمانداریی شاردا، خەڵک کۆبوونەوە و ناڕەزاییی خۆیانیان دەربڕی. ئێستەیش بڕیارە دوانیوەڕۆ سبەی پێنجشەممە ئەم جار لەسەر ڕێگەی تانکەرەکاندا کۆ ببنەوە و دیسان بڵێنەوە نا بۆ تانکەری مەرگ

ڕاوێژ: ئەو ڕێگایە جیا لە تانکەرەکان، وەک باستان کرد کێشەی تریشی هەیە، ئەدی چۆنە ڕاست ئەو درووشمە هەڵگیراوە؟

داوای چاک کردنی ڕێگا و بان داوایەکی لەمێژینەی خەڵکی مەریوانە و سەرەکی ترین هۆکاری گەشە نەسەندنی ناوچەکەیە. بەڵام ئێستا ئەو تانکەرانە بەڕاستی باری ترافیکیی ئەو ڕێگەیەیان قورس کردووە و بوونەتە هۆکاری زۆرێک لە ڕووداوەکانی هاتوچوو. خەڵک داوای گەڕاندنەوەی بەشێک لە قازانجی گومرکیی ئەو تانکەرانە بۆ ئاوەدان کردنەوەی شار دەکەن؛ بەڵام ئێستا نەک قازانجیان نییە بەڵکوو زیانێکی گیانی و ماددیی زۆریان خستووەتە سەر شانی خەڵک.

هەر وەها  ئەوەیش لە بیر نەکەین کە ورووژانی ڕای خەڵکی بە هۆی ڕووداوی تانکەرەوە بوو کە بووە هۆی سووتانی چەندین هاوڵاتیی مەریوانی.

ڕاوێژ: وڵامی بەرپرسان تا ئێستا چی بووە و چەندە گەش بینن بە وڵامدانەوە بە داواکارییەکانتان؟

پارێزگاری پارێزگای سنە گوتوویە کە بوودجەی تەواوی ڕێگاکە تەرخان کراوە و فەرمانداریش گوتوویە کە ئیتر لەباری بوودجەوە گرفت نییە بەڵام لە باری فەننییەوە ئامادە بوونی ڕێگای نوێ دوو ساڵ دەخایەنێت.

ئیستە لە ژووری کەمپیندا خواستێکم دیت کە تا ڕادەیەک مەعقوول بوو. بەرپرسان دەیانەوێت هۆکاری ڕووداوەکە بگەڕێننەوە بۆ جادەی سنە مەریوان و بە بەڵێنی چاک کردن گرفتەکە چارە بکەن. بەڵام خەڵک دەڵێن ڕووداوی هاتوچوو هەرچەند بە هۆی خراپیی ڕێگەی سنە-مەریوانەوەیە بەڵام ئەوە تاکە هۆکاری نییە. بۆیە داوای پلانێکی گشتگیریان کردووە بۆ پەرەپێدانی هەموو ڕێگەکانی مەریوان و هەر وەها تەرحی گواستنەوەی وەکوو فڕۆکەخانە و هێڵی ئاسن.

ڕاوێژ: ئەو ڕێگایە، ڕێگای نێوان سنە و مەریوانە، پێتان وانیە باشتر  دەبوو ئەگەر سنەش بەشداری ئەو ناڕەزایەتییانە بوایە یان لە سنەوە دەستی پێکردبا کە جەماوەریشی زیاترە؟

بە دڵنیاییەوە ئەو ڕێگایە زیانێکی گیانی و ماددی زۆریشی بە هاوڵاتیانی شاری سنە گەیاندووە. وێدەچێت چون ئەو ڕێگایە تاکە ڕێگای سنە نییە و هەموو هاتووچووی خەڵکی سنە لەو ڕێگایەوە نییە، بە بەراورد لەگەڵ مەریوان ڕێژەی زیان لێکەوتن لەوێ کەمتر بەرچاو بێت. بەڵام جێگەی خۆیەتی ئەگەر هاوڵاتیانی سنەیش لە ئاستی چارەنووسی خۆیاندا بەرپرس بن و لە بەرانبەر ئەو هەموو زیانە گیانی و مادییە وە دەنگ بێن. یان لانیکەم دەنگی پشتیوانی بۆ خەڵکی مەریوان دەرببڕن

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک:  ئەو کەمپەینە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئایا هیچ بەڵێنێک لە لایەن بەرپرسانەە بۆ جێبەجێ کردنی خواستەکانی کەمپەین دراوە؟

من نازانم ئەو کەمپینە چۆن سەری هەڵداوە و بۆیە نازانم تا کەی بەردەوام دەبێت. من وەکوو بینەرێک و لێکۆڵەرێکی کۆمەڵایەتی، ڕووداوەکە شی دەکەمەوە.

 ڕاوێژ: پێدەچێ میدیاکانی ئێران بە خۆجێی و سەرانسەری و میدیا فارسیەکانی دەرەوەش لە ئاست ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییە یاساییە بێدەنگ بن، هۆکار لە چیدا دەبینن؟

بەداخەوە هەندێک کەس بە بیانووی دوانەی محلی/ملی لە ڕاگەیاندندا، مرۆڤەکانیش دابەش دەکەن بە خۆجێی و سەراسەری؛ من وا نازانم خوێنێک کە لە ڕووداوەکانی جادە مەحەللییەکاندا دەڕژێت کاڵتر لە خوێنێکی جاددە میللییەکان بێت! بەڕای من گوێ نەدان بەو هەواڵە هەڵاواردنێکی ئاشکرا و لادان لە بنەماکانی یەکسانیی مرۆڤە.

ڕاوێژ: هەنگاوی داهاتووتان چیە و ئەگەر بابەتێک بە پێویست دەزانن تکایە لە دەلاقەی ڕاوێژەوە ڕایبگەیێنن.

ئەوەی کە ڕاگەیەنراوە، دوانیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە، خەڵک کۆ دەبنەوە و جارێکی تر ناڕەزاییی خۆیان دەردەبڕن. وا دیارە وەزیری ڕێگەوبانی ئێرانیش قەرارە سەردانی مەریوان بکات. وەکوو هاوڵاتییەکی خەڵکی مەریوان هیوادارم لە ڕێگای یاساییەوە خەڵک دەستکەوتێک بۆ شارەکە مسۆگەر بکەن و بتوانن کەمێک لە زیانە گیانییەکانی ئەو ڕێگەیانە کەم بکەنەوە.

ڕاوێژ: دوکتور مەریوان ئەزموونی باشی لە ناڕەزایەتی دەربڕینی مەدەنی هەیە، وەک پرسی داخرانی بازاڕچە، وەک کێشەی دووچەرخە هاژووتنی ئافرەتان و وەک ئەو کەمپەینەی ئێستا. پێتان وایە باشتر نیە ئەو ئەزموونە ڕابگوازرێ و هەر لە مەریوان قەتیس نەمێنێتەوە؟

ناڕەزایەتی ئەزموونی ناوێت، بەرپرسیارەتیی دەوێت. خەڵکی مەریوان نیشانیان داوە کە لە ئاستی چارەنووسی خۆیاندا بەرپرسیارن و لە مافی خۆیان بێدەنگ نابن.

بۆیە ئەوە ڕاناگوێزرێت؛ لە هەر کوێی ئەم دنیایە خەڵک بەرپرس بوو لە کێشەکانی خۆی، هەوڵ دەدات بە باشترین ڕێگا چارەی بکات. جار لە ڕێگەی ئیدارییەوە جار بە یاسا، جار بە هەوڵی بەدەنی و ماندوو بوون بۆ کوژانەوەی ئاگری ژینگە، جار بۆ فێر کردنی زمانێک کە لە پەرەوەردەدا لە بیر کراوە و جار بە دەنگ هەڵبڕین لەسەر شەقامدا.

photo_2016-10-05_21-48-01

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت