ڕەسووڵ بێزار گەردی، میری حەیران و مامۆستای حەیرانبێژان

0
309
عایشە شان و ڕەسووڵ بێزار گەردی
عایشە شان و ڕەسووڵ بێزار گەردی
عایشە شان و ڕەسووڵ بێزار گەردی

 

” ڕەسووڵ ئیبراهیم سوڵتان “، ناسراو بە ” ڕەسووڵ بێزار گەردی “، لەساڵی ١٩٢٢، لە گوندی ” قەڵادگە “ی بەڕانەتی سەربەشاری هەولێر لە دایک بووە. هێشتا ساوا بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە. پاش مەرگی باوکی، هەردوو براکەی ” عەلی و خدر ” بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییان کردووە و خێزانەکەیان کەوتووەتە بارودۆخێکی وەهاوە کە ” ڕەسووڵ ” لەگەڵ دایکیدا بۆشارۆچکەی ” دیبەگە ” بچێت و لەوێ، تاکو پۆلێ پێنجی سەرەتایی بخوێنێت. لەو شارۆچکەیەدا، وەک قوتابییەکی دەنگخۆش ناوبانگی بڵاو بووەتەوە. پاش ماوەیەک هەژاریی وای لێ کردووە کە واز لە خوێندن بهێنێت و بە ناچاری بەرەو لای مامەکانی ” میکائیل و ئیسماعیل شازێ ” بگەڕێتەوە کە لە گوندی ” گردی ماوان “ی ناوچەی ” زرارەتی ” بوون. پاش چەند ساڵێک، ڕووی لە هەولێر کردووە و بۆ لای داپیرە ” فاتم ” و پلکە ” ستی “ی چووە و لەژێر چاودێری ئەواندا ماوەتەوە.

لەساڵی ١٩٤٠دا، بۆ خزمەتی سەربازی بانگ کراوە و هەر لەم کاتانەدا لە شەڕی ” ڕەشید عالی گەیلانی “دا بەشداری کردووە و جارێکیش بریندار بووە. دوای تەواو کردنی ماوەی سەربازی –لە ساڵانی ١٩٤٢ تاکو ١٩٤٧دا- لە شارۆچکەی کۆیە و ناوچەی پشدەر و ماوەیەکیش لە هەولێر، پۆلیسی سوارە بووە و دواتریش لە فەرمانگەی ” ئەشغال “ی شاری هەولێر، بە چاودێر دامەزراوە.

لە ساڵی ١٩٤٤دا، خاتوو ” ئامینە محەمەد حەسەن “ی لە هۆزی بڵباس خواستووە و دوو کوڕ ” کەیفی و سەفین ” و دوو کچ ” سەرگوڵ و شاهیدە “یان بووە. دوای ئەوەی هەستی کردووە کە هونەر بووە بە بەشێک لە ژیان و ئارەزووەکانی، لەساڵی ١٩٤٧دا ڕووی لە ئێزگە و تەلەفزیۆنی بەغدا کردووە و ویستوویەتی فرەتر پەرە بە بەهرەکەی بدات. گۆڤاری ” هونا بەغداد “، کە بەڵگەیەکی گەورەیە نیشانی ئەدات کە ” ڕەسووڵ بێزار گەردی ” بۆ یەکەمین کەڕەت، رۆژی هەینی ٢٦ی مانگی ٩ی ساڵی ١٩٥٢ بۆ ماوەی پازدە خولەک سترانی تۆمارکراوەی بڵاو کردووەتەوە.

هونەرمەند لەگەلێک لایانەوە کەڵکی بە هونەر و نووسینی کوردی گەیاندووە و نموونەیەکی دیاری هونەرمەندی فرەبەهرە بەگشتی و حەیران بەتایبەتی بووە.

بەپێی سەرچاوەکان لە ئێزگەی بەغدادا، زیاتر لە ٦٠٠ بەرهەمی تۆمارکراوی هەبووە، ئەمە جگە لەوانەی کە لە دەرەوە تۆماری کردووەن. لەهەمانکاتدا، ئاوازی بۆ هۆنراوەی شاعیرانی تر و هۆنراوەکانی خۆیشی داناوە. ئەوەندەی لەژیاندا بووە، سێ کتێبی ” بژار ١٩٥٧، گوڵە مێلاقەی کوردستان ١٩٦٠، شیلان و شلێر ١٩٦٧ ” لەسەر گۆرانیی وهۆنراوەکانی خۆی بەچاپ گەیاندووە. لەم ساڵانەی دواییدا، لەلایەن ” سەفین ڕەسووڵ گەردی و هەندرێن خۆشناو “ولەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیریی، کتێبی ” دارە شەکران ٢٠٠٧ “لەلایان کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کورد-هەولێر وکتێبی ” پەنگر ٢٠٠٨ “یشی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ڕەسووڵ بێزار گەردی لەتەواوی قۆناغەکانی ژیانیدا، بەدەم هەستی نیشتمان پەروەرییەوە بووە و لەزۆربەی ئاهەنگ و بۆنە نەتەوەییەکاندا، بەشداری کردووە، بەم کارەشی چەندین جار لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی ئێراقدا، تووشی کێشە بووە و لە ماوەی ١٩٦٨ تاکو ١١ مانگی ٣ی ساڵی ١٩٧٠دا، کاری هونەریی لێ قەدەغە کراوە.

لەگەڵ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٤دا، ئێزگەی بەغدای جێهێشتووە و پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە و لە ” ئێزگەی دەنگی کوردستان “یشدا، چەندین حەیران و بەستە و سروودی تۆمار کردووە.

” ڕەسووڵ بێزار گەردی ” کۆمەڵێک داهێنانی لە کارە هونەرییەکانیدا کردووە کە بۆ سەردەمەکی خۆی پێشەنگ بوون و بۆ ماوەی پتر لە ٥٠ ساڵیش لەکاری هونەریدا بەردەوام بووە. یەکەم کەس بووە کە لە ئێزگە و تەلەفزیۆندا، بەڕاستەوخۆ و لەگەڵ موزیکدا، حەیرانی پێشکەش کردووە، هەروەها بە میری حەیرانی کوردی و مامۆستای حەیرانبێژان ناسراوە.

لەساڵی ١٩٧٨دا، هونەرمەند تووشی نەخۆشی دڵ بووە و لەسەر ئەرکی حکوومەتی ئەوکاتی ئێراق، ڕەوانەی لەندەن کراوە و لەوێ نەشتەرگەری بۆ کراوە. دکتۆرەکان ئاگاداریان کردووتەوە کە پێویستە دواتر سەردانیان بکاتەوە… . بەداخەوە بەهۆێ بارودۆخی ناهەمواری ئێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، نەیتوانیوە سەردانیان بکاتەوە و لە ١٧ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٤دا، بەهەمان نەخۆشی، گیانی پڕ لە داهێنانی بەخاکی کوردستان سپاردووە و لە گۆڕستانی ” شێخ ئەحمەد “ی هەولێر، نێژراوە

 

ڕەسووڵ بێزار گەردی و شەماڵ سائیب
ڕەسووڵ بێزار گەردی و شەماڵ سائیب
لە ڕاست بۆ چەپ : حەسەن گەرمیانی، فوئاد ئەحمەد، ڕەسووڵ بێزار گەردی، عوسمان عەلی
لە ڕاست بۆ چەپ : حەسەن گەرمیانی، فوئاد ئەحمەد، ڕەسووڵ بێزار گەردی، عوسمان عەلی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت