راسانی رۆژهەڵات و شکۆی شکاوی ئاخوندیی

0
155

azad rostemiئازاد رۆستەمی

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پاش بڕیاری “راسانەوەی رۆژهەڵات” نە تەنیا رووبەڕووی کۆمەڵێک هێرش و پلانی کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی بووەوە بەڵکوو لە بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردی و ئەحزابی سیاسی‌یەوە کەوتە بەر هەندێ راڤە و هەڵسەنگاندن کە پێویست بوو ئانالیزێکی ورد و گشتی کرابا، ئەگەر مەجال و دەرفەتی ئاسایی لەبەردەست‌دا بووایە. بەڵام خێرایی رووداوەکان و پێشچوونی چاوەڕوان نەکراوی هاوسەنگی‌یەکان کاتی ئەوەم ناداتێ کە هەموو لایەنەکانی ئەو ئیستراتیژییەی “حدکا”، کە مێژوویی و بێ‌وێنە بوو، بدەمە بەر باس و هەڵسەنگاندنی بەرین. بۆیە بە کورتی لە چەند خاڵێک‌دا نەک باس بەڵکوو گوتەیەکی پەیام ئاسا بڵاو دەکەمەوە کە هیوادارم بە گوێی خاوەن مەتڵەب بگا!

یەک:

– “حدکا” بڕیاری مێژوویی خۆی بردە سەر و درێژە بە خەباتە رەواکەی خۆی دەدا. کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان لە ناوخۆی رۆژهەڵات لەژێر فاشیستی‌ترین سیستەمی سەرکوت‌دا نەک شاگەشکە بوون بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک لە یارمەتیدانی رۆڵەکانیان بەردەوامن.

– ئەندامان و لایەنگرانی گەل لە باشوور و دەوەی وڵات ئەوپەڕی ئەمەگناسی خۆیان پیشاندا و بە هێرشێکی بەرینی هەمەلایەنە خاوەندارەتییان لە راسانی نوێ و رۆڵە قارەمانەکانیان کرد و ئەوپەڕی وەفا و ئەمەگی خۆیان بۆ شەهیدانی گەل بە گشتی و شەهیدانی نوێی خەبات بەتایبەتی پیشاندا.

– زۆرینەی رووناکبیرانی شۆڕشگێڕ و ئۆرگانیکی رۆژهەڵات بە راڤە و هەڵسەنگاندنی سیاسی – ئاکادمیک هەڵوێستی “حدکا”یان بەرز نرخاند و پێشنیاز و گەڵاڵەی خۆیان خستە بەردەست رۆژهەڵات. هاوکات شاعیرانی هەست بەرز و گەلیی بە هەموو تواناوە جوانترین سروود و هۆزانی ئینسانی – شۆڕشگێڕانە و حەماسی‌یان هۆنییەوە و ورەی بەرەی شۆڕشیان گەیاندە لووتکە.

– کۆمەڵێک رەخنەگری کورد هاتنە مەیدان و پێش رووداوکان کەوتن و هەوای نائومێدی و داگیرکەر‌پەسەندیان لێدا. بەشێک لەوانە مرۆڤی کوردپەروەر بەڵام خاوەن تەحلیلی هەڵە بوون و بەشێک تەسلیم‌تەڵەبەکانی ناوخۆ بوون کە خۆیان بە ریفۆرمخواز دەناسێنن!

– کۆماری دژی گەلیی ئاخوندی کە بە راسانی نوێی رۆژهەڵات شکۆی درۆیینی لە ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەیی و ناوخۆیی‌دا داڕمابوو نە تەنیا بە دڕندانەترین شێوە دژکردەوەی بەرانبەر بە گەلی کورد لە رۆژهەڵات پیشاندا و لە هیچ چەشنە وێرانی و کاولکارییەکی ئینسانی – سرووشتی دەستی نەپاراست بەڵکوو لە هەموو تواناکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەت بەرانبەر بە گەلەکەمان کەڵکی وەرگرت و بە هەڕەشە و گوڕەشەی ترسنۆکانە هەوڵی کپ کردنی راسانی رۆژهەڵاتی دا. پاش ئەوەی لە رۆژهەڵات سەرنەکەوەت گوشاری خستە سەر باشوور و ئێستاش بە هەموو شێوەیەک دەیەوەێ هاوسەنگییەکانی ناوچە بە کەڵکوەرگرتن لە نفووزی خۆی دۆخێکی وا بێنێتە پێش کە بە سانایی بتوانێ سیناریۆی شکست خواردووی ١٩٩٦ دووپات بکاتەوە و بە خەیاڵی خاوی خۆی جووڵانەوەی میللی – دێمۆکراتیکی “حدکا” بۆ هەمیشە بسڕێتەوە. بەڵام پێداگری “حدکا” و ئامادەکاری هەمەلایەنە ئەو دەرفەتەشی لێگرتوون

– دەست و پێوەندەکانی کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامی ئێران لە باشوور هەوڵیان دا سەرەتا بە بایکۆتی خەبەریی ئەو راسانە مێژوویی‌یە بێ‌بایەخ بکەن بەڵام کە زانییان بڕیارەکە بڕیارێکی کاتیی نییە و ئیستراتیژی قووڵی سیاسی – نیزامی لە پشتە هەوڵی دا بە هەڕەشە و توندکردنی فەزای دەور و پشتی ناوەندەکانی “حدکا” لە باشوور بەر بە چالاکی نوێ بگرێ. بەڵام بێ‌ئاکام بوونی ئەو هەوڵانەش کاری گەیاندۆتە هەڕەشە بۆ هاوکاری کردنی هێرشی کۆماری سێدارە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی “حدکا” لە باشوور.

 دوو:

– هەڵوێستی بەناو ریفۆرمخواز و جاشەکانی رۆژهەڵات بۆ لاکردنەوە نابێ چوونکە دژکردەوەی چەکداری و چەنەیی هەر دوو لایان لە یەک نەفەسەوە دێ و یەک ئاراستەیان هەیە. بەڵام هاوڕێیانی وڵاتپارێزی رووناکبیر نابێ ئەوەیان لەبیر بچێ کە کات، کاتی هەڵوێستی ئینسانی – شۆڕشگێڕانەیە نەک ئانالیز و تەحلیلی سیاسی – فەلسەفی، چوونکە تەحلیل لە شەرایتی هاوسەنگدا و لە فەزای هێمنی ئاکادمیکدا دەکرێ و هەڵوێست لە ئەتمۆسفێڕی ناجێگیر و نا هاوسەنگدا. هەڵوێستیش هەمیشە کورتکراوەی تەحلیلێکی درووستە لە فەزایەکی ناهاوسەنگدا.

– حیزبەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی نقەیان لێبڕاوە و پێوەندی ئیستراتژیکیان لەگەڵ کۆماری سێدارە و تیرۆردا هەیە دەبێ باش بزانن کە هەر چەشنە کردەوەیەکی نالەبار بەرانبەر بە راسانەوەی رۆژهەڵات هێلی کۆتایی سیاسەت کردنیان دەبێ. خۆشیان دەزانن کە نە کۆماری سێدارە تیرۆریستەکەی ١٩٩٦ە و نە هاوسەنگییەکانی ناوچە لەو ئاستەدایە و نە کۆمەڵانی بەهەڵوێستی باشوور جارێکی دیکە قەبووڵی پەلڕاکێشانی کۆماری داعش‌ئاسای ئێران دەکەن!

– هێزە شۆڕشگێڕەکانی رۆژهەڵات هەر وەک بەهەڵوێست بووگن پێویستە بە کردەوە ئەو بەرنامانەی بۆ هاوکاری‌ دایان رشتووە بخەنە بواری کردەوە و کات بە فیڕۆ نەدەن. وەک دەڵێن هەموومان لە یەک پاپۆڕداین!

– ئەندامان و لایەنگرانی فەرمیی حیزب لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەبێ ئەرکی سەرشانی خۆیان بە پێی بڕیاری حیزب بەڕیوەبەرن. نەک خۆپیشاندانی چەن کاتژمێریی لە ئۆرووپا و ئامریکا بەڵکوو ئاکسیۆنی چەندین رۆژەیە کە وڵامدەری ئەم هەل و مەرجە دەبێ. دەبێ شۆرای سیاسەتگوزاری لە دەرەوەی وڵات پێکبێ و بە رێخستنی ئاکسیۆنی پەیگیر و شێلگیر و بە راگەیاندنی بەهێز سەرنجی جیهان و مرۆڤایەتی راکێشن. هەرچەشنە درەنگێک بەتایبەت پاش هەڵوێستی کۆتایی حیزب خەساری گەورەی لێدەکەوێتەوە!

کۆتا گوتە ئەوەی کە شکۆی درۆیینی کۆماری ئاخوندی – تیرۆریستیی ئێران درزی بردووە و هەموو لایەکمان دەبێ بە مەسئوولییەتی موتڵقەوە چالاک بین.

سڵاو لە راسانەوەی رۆژهەڵات!

سڵاو شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی نوێی گەلەکەمان!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت