ڕاسان و وانەکانی (لێکدانەوەیەکی ڕەخنەیی لە ڕاسان و پاشكەوتەکانی)

0
883
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

هەڵمەت مەعرووفی

ڕاسان، ئەو پۆلە جووڵە و چالاکیانەی کە لە دوای پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حدکا دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا توانی دەنگی کوردی خۆرهەڵات بە جیهان بگەیێنێ و بیکاتەوە بە ڕۆژەڤ، لە دوو گۆشە نیگاوە دەکرێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە بریتین لە دەستکەوتە گشتییەکانی کە بە دەستکەوتی ئەرێنی ئەژمار دەکرێن و هەروەها دژکردەوەکانی کە دەکرێ و دەبێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، مەبەست لە بەشی دووهەم هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان، تواناییەکانیان، لێدوانەکانیان و بە گشتی ئەوەی کە پەیوەندی بە بەرەیەکی یەکگرتوو یان یەکڕێزیی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە.

دەستکەوتەکان:

بۆ باس کردن لە دەستەکەوتەکان ئەگەر لە کۆتاییەوە بەرەو دەستپێک بچێن دەکرێ ئەو باسانە لە چوارچێوەی بوون بە ڕۆژەڤی خەباتی ڕٶژهەڵات، بخەینە ڕوو

یەکەم: سەردانی سەرکۆنسوولگەریی ئەمریکا لە هەولێر و وەڤدی هاوڕێی بۆ سکرتاریای حیزبی دیموکرات و باس کردن لە پرسی تیرۆریسم و پشتیوانی لە دژبەرانی تیرۆر بکەین کە خودی ئەو چەمکە دەکرێ زۆر لێدوان و باسی لەسەر بکرێت و بنووسرێت.

دوو: بەشێکی زۆر و بەرچاو لە گۆڤارە جیهانی و پڕتیراژەکان باسیان لە خەباتی ڕۆژهەڵات کرد و بوونی هێز لەو پارچەیە بوو بە ڕۆژەڤ کە دەکرێ ئاماژە بە ماڵپەڕە جیهانی و هەواڵدەرییەکانی وەک دەنگی ئەمریکا، ئەلعەرەبیە، ئەلجەزیر، ئەلحەیات، شەرقولئەوسەت و ڕۆژنامەکانی ئوتریش و فەڕانسە و هەندێ وڵاتی تر بکەین.

سێ: بوون بە مژاری وتار و بابەتی نووسەران و شرۆڤەکارانی جیهانی کە زۆربەشیان هاوڕا لەگەڵ ئەو خەباتە بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاندنیان بۆ کردبوو، بۆ نموونە غەسان شەریل لە وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی ” ئایا کوردەکان لە داعش مەترسیدارترن؟[1]” بە چڕی باس لەو بابەتە دەکات. هەروەها ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بە چڕی وتووێژی لەگەڵ سکرتێری هەر دوو حیزبی کۆمەڵە و دێموکرات کردووە و ئەوەش هەڵگری باسی خۆیەتی. هەروەها ڕۆبێرت ئاندریا، شرۆڤەکاری بەناوبانگی ڕۆژئاوایی لە بابەتێکدا لە ژێر ناونیشانی “چما ئێران دوای ٢٠ ساڵ سەرلەنوێ لەگەڵ ئەو گرووپە کوردیانە شەڕ دەکاتەوە؟[2] لە ناشناڵ ئینترێستدا دەپڕژێتە سەر ئەو باسە کە لەمێژ ساڵ بوو باسی لێوە نەکرابوو. هەروەها ڕۆبێرت سپێنسیر لە “نیۆیۆرک پۆستدا” و لە بابەتێک لە ژێر ناونیشانی ” سەرەکترین هێزی دژ بە ئەمریکا ئێرانە نەک داعش”[3] دوای باس کردن لە مەترسییەکانی ڕژیمی ئێران بۆ ئەمریکا و جیهان، باس لە حەوجێی پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە گشتی دەکات، کە ئەو ڕوانگە ڕووهەڵماڵاوانەیە و ئاشكرایە خۆی دەتوانی خاڵێکی ئەرێنی بێ لە هەمبەر دۆخی کورد و خەباتەکەی کە بەر لە ڕاسان، بەدی نەدەکران. ئەوە جیا لە دیمانەی تەلەفزیۆنی و میدیا دیدەییەکانە کە بە هۆی درێژبوونەوەی بابەت خۆی لێدەبوێرین.

چوارەم: ترس و لەرزی کۆماری ئیسلامی و شکانی ئۆبەهەت و شان و شەوکەتێک کە لەسەر بنەمای پووش و پەڵاش دایمەزراندبوو و وای نیشان دەدا کە بە هیچ هێزێک ناشکێ و باکی لە مووشەکە دوورمەوداکانی ئەمریکا و ئیسراییلیش نیە. مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حدکا، لە لێدوانێکی خۆیدا لەمبارەوە دەڵێ: “پێشمەرگاکنی ئێمە بە دەیان جار بەو سنوورانەدا دەرباز بوون و چوونەوە قووڵایی خاکی کوردستان، بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان لە سنوورەکان پێ بگا”، ئەوە واتا ئەو هەیمەنە درۆیینەی کە کۆماری ئیسلامی لە میدیاکان و بە تاقیکاریی موشەکەکان و لە هەڕەشەکانی لە کۆبوونەوە ساڵڕۆژەکاندا دەیگێڕێ، شکاو لەرزۆک بووە. هەروەها عەبدووڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە شەرقولئەوسەتی گوتووە:”  ١٠ عەمەلیاتمان بە دژی هێزەکانی ڕژیم و سپای پاسداران، پێکهێناوە کە زۆربەی هەرە زۆری لە ناو باژێڕە کوردەکاندا بووە و بە سەرکەوتووییەوە ئەنجام دراون و هیچ خەسارێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە.”[4]، ئەوە واتا کۆماری ئیسلامی هیچ کات نەیتوانیوە بە پێچەوانەی ئیدعا بێ ناوەرۆکەکانی خۆی، سنوورەکان گاڵە بدات و ناشتوانێ وابکا باڵدار بڕوا باڵی بوەرێنێ و ناڵدار بڕوا ناڵی بوەرێنێ.

پێنج: زەقتر بوونەوەی کێشە و تەنگژەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەڕەبی و بەتایبەتی سعوودیە: هەرچەند بەپێی هەموو بەڵگە و لێدوانەکان تا ئێستاش هێچ وڵات و هێزێکی بیانی لە پشت ئەو ڕاسانەی حدکاوە نیە بەڵام ڕاشکاوانە دەبیندرێ دوای ئەوەی کە ڕاسان دەستی پێکردووە، دوژمنایەتی و دووبەرەکیی نێوان عەڕەبستان و ئێران، زەقتر بۆتەوە بە گوێرەیەک کە وەزیری دەرەوەی سعوودیە بە ئاشکرا دەڵێ: “با ئێران ڕوونی بکاتەوە، دەیهەوێ شەڕ بکا یان نا؟”. لە ئێستاشدا چەند وەفد و هەیئەتێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و نەتەوەکان (جیا لە کورد) لە سعوودیەن کە نەبوونی کورد و بەشداری نەکردنی لەوێ خۆی خەسارناسی دەوێ و ئەو خەسارناسییەش پێی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵیش دەگرێتەوە کە لەو بابەتەدا ناگونجێ بەڵام پێویستە حیزبەکانی کوردستانی ڕٶژهەڵات لە خۆیان بپرسن چما کوڕی شا و موجاهیدینی خەڵق کە هێچ پێگەیەکی ڕاستەقینەی ئەوتۆشیان نیە و هێزێکی ئەوتۆشیان نیە، دەبێ بەشدار بن بەڵآم ئەوان نا؟

باسی دووهەم: لێکدانەوەیەکی خەسارناسانە لە خۆمان وەک هێزە کوردییەکان

یەک: نەبوونی هاوڕیزی و تەبایی: گریمان وابوو بە دەستپێکردنەوەی ڕاسان، خەبات بچتە قۆناغێکی ترەوە، تەنانەت گریمانە دەکرا، دوو لایەنی دێموکرات یەکتر بگرنەوە و ئەوەش ببێتە هەوێنی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان (دوو لایەنی نەتەوەیی نەک حیزبی کۆمۆنیست)، بەڵام نەک وانەبوو بەڵکوو لێدوانە یەک لە دوای یەکەکان دەریدەخات کە ئاراستەکە پێچەوانە بوو و نەتەنیا کار نەیکێشا یەکڕیزی، بەڵکوو دەستە پشتی پەردەکان وایان کرد، ناووناتۆرە و بێ ڕێزی لە ڕادەی دژایەتی و دوژمنایەتیدا بێتە ئاراوە. خەباتگێڕانێک کە ڕاسانیان بە خەونی خۆیان دەزانی و سەدان جار ڕەخنەیان لە مانەوە لە دەشتی کۆیە و نەبوونەوەی خەبات دەگرت، ئەمجارە خۆیان بوون بە دژبەری خەبات و ڕاسانەوە و بە شکست خواردوویان لە قەڵەمدا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە بڕوای چاوەدێران و بەپێی لێدوانی خودی حدکاش، ڕاسان و خەبات هێشتا لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی یەکەم قۆناغی  خۆیدایە.

دوو: پشتیوانیی حیزبەکانی تری خۆرهەڵات لە ڕاسان: شیمانە و گریمانەیەکی تر کە لە ناو خەڵک و بەشێک لە سیاسیەکاندا دەکرا ئەوە بوو کە ئەگەر لە خۆشبینانەترین حاڵەتیشدا، بەرەیەکی یەکگرتوو و هێزی هاوبەش پێکنەهێت، ئەوا سەرجەم حیزبە چەکدارەکانی تر، بچنەوە چیاکان و کاری هاوبەش بکرێت، ئەوە لە حاڵێکدایە کە تەنانەت هەندێ دمەقاڵە و موزاحیمی یەکتری بوونی کاتیش لە کێلەشین هاتە پێش کە خەسارناسییەکەی لەم بابەتەدا ناگونجێ، هێزی هاوبەشی حدکا و کۆمەڵەش کە پێکەوە چوونەوە لە ڕاستیدا لە دونیای مەجازی و لەلایەن شۆڕەسوارانی فەیسبووکەوە، بەو شێوەیەی کە دەبێ ڕەنگدانەوەی نەبوو ئەوە جیا لەوەی کە لە لێدوانی بەرپرسانی هەر دوو حیزبێشدا ڕەنگدانەوەی نەبوو و کەمترین باسیشی لێوە نەکرا و هەر کەس بە جیا باسی لە سەرکەوتنەکانی خۆی کرد کە ئەوە ناتوانێ ڕێگا بۆ بەرە و کاری هاوبەش و هێزی هاوبەش خۆش بکات و پێویستە کاری میدیایی بۆ بکرێت و هەر دوو لا، دان بە کارە هاوبەشەکانیان دابنێن. ئەوانە جیا لەوەیە کە پ ک ک بە ڕاشکاوی ئەو جووڵە و ڕاسانەی خستە پاڵ عەڕەبستان وتورکیە و ڕاستەوخۆ ئەجیندای ئێرانی دووبارە کردەوە.

سێ: مانۆڕی میدیایی و بە جیهانی کردن: لە سەرەوە باسمان لەوە کرد کە کوردستانی ڕۆژهەڵات تا ئاستێکی باش بە میدیایی بوو و بوو بە ڕۆژەڤ، بەڵام ئایا ئەم کارە حیزبەکان و دێموکرات خۆیان کردیان؟ بە دڵنیاییەوە نا. لاوازترین بەشی ڕاگەیاندن، بەشی ڕاگەیاندن بە زمانی بیانیی حیزبەکانە، کەمترین هەواڵیان ئابدەیت دەبێتەوە و هیچ ماڵپەڕێکیشیان بە تەواوی نیە کە بە چەند زمانی بیانی بێ ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر حیزبێک بێ گومان وزەیەکی باشی مرۆیی لە دەرەوەی وڵات و لە وڵاتە جیاوازەکان هەیە و دەتوانێ ناچاریان بکات بە بەڕێوەبردن و وەئەستۆگرتنی ئەو بەشانە و بڵاوکردنەوەی نووچە و بابەتی پەیوەندیدار، کارێک کە تا ئێستا نەکراوە و بێژی کورد تەنیا دوو زمان دەزانێ ئەویش کوردی و فارسیە. گوێ نەدان بە زمانە بیانییەکان و نەگەیاندنی هاواری خۆمان بە زمانەکانی تر و ناچارکردنی خەڵکانی بیانی بە بیستن و بینینی هەواڵەکان و داخوازییەکانمان، گەورەترین خەساری سەرەکیە لە خەباتی خۆرهەڵات بەتایبەتی و کورد بە گشتی. کورد تا ئێستاش وەک کەو سەری لە ژێر بەفر ناوە و وادەزانێ دونیا ئەوە و داگیرکەر، هەر ئەوەش وایکردووە کورد تەنیا شاخەکانی هاوڕێ بێت و تا ئێستاش نەتوانێ لە دەرەوە خۆی پێناسە بکات.

چوار: ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە بۆ ڕای گشتی: تا ئێستاش خەڵکانی ناوخۆ ناچارن بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ و زانیاری یان دڵنیابوون لە درێژەداربوونی خەبات، هانا بۆ هەندێ ماڵپەڕی ڕژیم یان هەندێ پێشمەرگە و ئەندامی ناسیاری خۆیان ببەن کە ئەوەیان خەسارێکی گەورەیە و نابێ پشت گوێ بخرێت. پێویستە دوای هەر قۆناغێک لە خەبات، ڕای گشتی ئاگادار بکرێتەوە، هەنگاوەکان باس بکرێ و خەڵک دڵنیا بکرێتەوە کە خەباتەکە بەردەوامە و ناوەستێ، خەڵک دەبێ دڵنیا بێ بۆ ئەوەی بتوانێ ڕیسک و مەترسییەکان قەبووڵ بکات، خەڵکانی ناوخۆ ناتوانن لە بێ ئاگایی و بێ دڵنیاییدا و تەنیا بە هەستی پاکی کوردانەوە خۆیان و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە و دواتر خۆیان بە دۆڕاو بزانن. بۆیە پێویستە لە ڕێگای میدیایەکی خۆییەوە زوو زوو ڕای گشتی ئاگادار و دڵنیا بکرێتەوە.

لێرەدایە دەبێ حیزبەکان لە خۆیان بپرسن، گەلۆ کوا میدیامان؟ ئایا دەکرێ بۆ هەتاهەتایە لەسەر میدیاکانی کوردستانی باشوور کە بە دڵنیاییەوە ئەوانیش بەرژەوەندی و ڕێسا و یاسا و ئاراستەی خۆیان هەیە کە ناکرێ چاوەڕوان بین هەمیشە لەگەڵ ئێمە هاوئاراستە بێت حیساب بکەین؟ کەواتە بوونی میدیایەکی خۆیی و تەرخان بە خەبات، سەرەکیترین پێویستییە بۆ خەبات و پاڵپشتی پێشمەرگە  و خەباتە و دڵگەرمکەری خەڵک و ناسێنەری خەبات و بەربڵاوکردنێتی.

تێبینی: خەسارناسی و باس لە بەشی دووهەم زۆر لەوە درێژترە کە بۆ باسی تر و کەسانی تری بەجێ دەهێڵم و بەوەندە دەیبەستمەوە.

 

  سەرچاوەکان

[1] http://www.rojikurd.net/aya-kurdekan-le-dahsh-metrsidartrn/

[2] . http://www.rojikurd.net/chma-eran-dway-20-sal-le-inglisiyewe/

[3] http://www.rojikurd.net/iran-ias-thegreatest-enemey-for-usa14407-2/

[4] . http://www.rojikurd.net/muhtedi-bo-sherqulewset/

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت