كچانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سەنگەرەکانی کوردستانی باشوور ئامادەی شەڕن

0
4976

ڕاپۆرتی تایبەتیی ڕۆژی کورد

سەردەمانێک بوو تامەزرۆی بینینی ئەوان بووم. بیستبووم کۆمەلێک لە كچانی ڕۆژهەلات لە سەنگەرەکانی باشوورن  بۆ شەڕ لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.. یەکەم جار بوو دەچوومە ئەو شوێنە، یەک یەک هاتن و بە گەرمی بە خێرهاتنیان کردم و لەگەڵ یەکتری ئاشنا بووین .. تەمەنیان  زۆر نەبوو ، ١٨ تا ٢٦ ساڵ، هەموویان ئامادە بوون و چەک و ڕەختی خۆیان بەستبوو و تفەنگیان لەسەر پێ… هێماکانی کچ بوون پێیانەوە دیار بوو.. گوارەکانی گوێیان و ملوانکەیەکی ناسک لە گەردنی هەندێکیان و ڕەوتی ڕویشتنیان… جل و بەرگیان وەک هی کوڕان و هیچ جیاوازییەکی نەبوو… کاتێک فەرمانیان پێدرا سواری ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان بن، گورج و گۆڵ پەڕینە سەر و تەواو ئامادە بوون … بەرەو سەنگەرەکانی شەڕ وەڕێکەوتین و چووین بۆ دوایین خاڵەکانی شەر و نزیکترین سەنگەر لە چەکدارانی تیرۆریستەکانی داعش… تەنیا ٨٠٠ مەودای نێوان ڕووناکی و تاریکی و مرۆڤ و مرۆڤکوژ هەبوو… فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش بەسەر سەرمانەوە دەسووڕانەوە… هەر کام لە کچەکان لە سوچێکی سەنگەرەکان ڕاوەستان و ئامادەی فەرمانی فەرماندەیان بوون… دەست لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکان و چاوی زیتیان لە شوێنی دوژمن… لە یەکیان نزیک بوومەوە… من و کات پەلەقاژەمان بوو بۆ قسە کردن… تەمەنی زۆر کەم دیار بوو… هەستم کرد بچووکترینیان بێ .. کەوتینە گۆ. ناوی هاژە بوو و دوو ساڵ بوو پێشمەرگە بوو… هاژە لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە و دوای ئەوەی داعش هێرشی کردبووە سەر شەنگال و کچان و ژنانێکی کوردی زۆر بوونە قوربانی، بیر دەکاتەوە و لە خۆی دەپرسێ چما و بۆ دەبێ هەموو کات کورد زوڵمی لێ بکریێت و بۆ ئەویش بێ هەڵوێست دانیشتووە… هەر بۆیە بڕیار دەدا و لە مەریوانەوە  بەرەو باشوور بەرێدەکەوێ .. هاژە دەڵێ: “من ناتوانم دەست لە سەر دەست دابنێم.. نابێ چیتر کچ بە لاواز و پەسیو بزانن… من هاتووم بڵێم منیش دەتوانم لە هەمبەر داگیرکەران بوەستم.. هاژە بە دەستە بچکۆڵانەکانی کلاشینکۆفەکەی هەڵدەگرێ و خەریکی پرۆڤە دەبێتەوە.. دەور تا دەوری سەنگەرەکان جگە لە پێدەشتێکی ڕووت، هیچ شتێکی ترم نەبینی… تەنیا لە خوارووی سەنگەرەکانەوە، باشیک یان هەمان بەعشیقە دەبیندرا… قاپۆڕە گوللـەکان و تۆپ و بە قەولی خۆشیان دیارییەکانی داعش، هەموو وەک کلۆکسیۆنێک لە سوچێکی سەنگەر ڕیز کرابوون… کچەکان لە تەنیشت کوڕەکان و لەناو سەنگەرەکان، بڵاو ببونەوە… یەکسان و بێ جیاوازی…٢٠ کچی پێشمەرگە لە ناو سەنگەرەکانی بەرگری …٢٠ كچی بوێر لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژ‌هەڵات… هەڵاتوو لە یاسا سەپێندراوەکان بە سەریاندا… هاتوون لەناو خاک و خۆڵی باشوور بەرامبەر دوژمن بوەستن… دوای چەند کاتژمێرێک لە پرۆڤە و ڕا‌هێنانی تایبەتی خۆیان، بڕیاری گەڕانەوە بۆ شوێنی تایبەتیی خۆیان درا کە چەند کیلۆمەترێک لە سەنگەرەکان دوور بوون.. ئەمجارەیان منیش لەگەڵیان سەرکەوتم و سواری ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکە بووم .. بە چەپڵە و بە دەم سروود گوتنەوە ملی ڕێگامان گرت… سرودی ئەی ڕەقیب و ئەی شەهیدان و دایکان مەگرین بۆمان و پێشمەرگەی کوردستانم .. بە جۆش و خرۆشەوە دەیانگوتەوە… ئۆتۆمبیلەکە دەڕۆیشت و من بە کامێرای چاوم وێنەی یەکە بە یەکەی کچەکانم لە مێشکی پڕ لە پرسیار و بژی بۆ ئەو کچانە، تۆمار دەکرد … چ شانازییە كچانی کورد ئەمڕۆ وەها شێرانە ڕاساون وخرۆشاون…

 گەیشتینەوە شوێنی پشویان… ژوورێکی بچوک… لە سوچێک تفەنگەکانیان …لەو لاترەوە چەند پەتوویەکی سەربازی خۆیان مەڵاس دابوو… لەسەر دیوارەکەی قەفەسەیەکی  کتێب، چەند کتێبێک تیایدا دەبیندرا.. ڕۆمان و پەرتووکی سیاسی… لەو لاتریشەوە ڕادیۆیەکی سووری بچووک و بەرنامە و پلانی کاری ڕۆژانەی کچەکان کە ناویانی لە سەر نوسرابوو.. پشوویەک  کە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی  زیاتر بیاندوێنم…لە سەرەتادا هەستم کرد تەمەنیان وای لێکردوون بێنە ئەم مەیدانە و ئەم ڕێبازە هەڵبژێرن.. قووڵتر بوومەوە لەگەڵیان، کونجکۆڵانە هۆکارەکانی هاتنیانم پرسی و زانیارییەکانیان… کۆسپەکانی کۆمەلگا، خێزانەکان، یاسا سەپێندراوەکان بە سەر ژناندا.. ڕێگە نەدان بە خۆدەربڕینەکان، زەوت کردنی ئازادییەکانیان…زۆر لەو شتانەی کە هەموو کچانی ڕۆژهەڵات و ئێرانیش دەناڵێنن بە دەستیانەوە… ئەوەی جێگای سەرنج بوو بۆم خوێندەواریی کچەکان بوو، زۆربەیان خوێندەوارییان لیسانس و ماستەر بوو… لە بوارەکانی وەک گرافیک و دیزاین، پەرەستاری، بیناسازی، یاسا، زمانی ئینگلیزی  و…تاد.

پرسیارم زۆر بوو، دەرگای قسەو باسم کردەوە… لەم سەردەمە کە كچانی کۆمەڵگا پێویستیان بە نموونەی ئەم کچانە هەیە و ئەمان دەتوانن ڕێکخەرانێکی باش بن بۆ کار و چالاکیی جۆراوجۆر، بۆ چەکیان هەلبژاردووە؟ بۆ مەیدانی شەڕ و بۆ پێشمەرگایەتی؟!

یەک لە كچەکان کە دەرچووی بەشی یاسا بوو و وەک خۆی دەیگوت ماستەری هەیە لەم بوارەدا، بە چاوەکانیڕا كچێکی بزۆز و چالاک و زیت دیار بوو. ناوی سۆلین بوو.. زیاتر لە هەمووان بۆم جێگای سەرنج بوو .. سیمایەکی تەواو کچانە… بە بۆیەی نینۆک، ئاڵای کوردستانی لەسەر ڕوومەتی نەخشاندبوو… کەوتە هەڤپەیڤین لە گەڵمدا.. لە من پرسیار و لەو وەڵام… بوێرانە و ڕاشکاوانە وەڵامی دەداوە.. لەگەڵ هەر وەڵامدانەوەیەک، “ئافەرین”ـم پێ دەگوت لە دڵی خۆمدا… کچیک دەرچووی یاسا بێ، باشتر نیە بە پاڕێزەری لە مافەکانی ژنان و کچان لە ڕۆژهەلات هەوڵی سەندنی ماف بدات نەک پەنا بردن بۆ چەک..؟ سۆلین چاوەکانی زیت کردەوە و وتی: “ئەی ئەگەر من نەتوانم بە ئازادی دەنگم هەڵبرم و قسە بکەم..؟ ئەی ئەگەر ڕێگام لێگیرا؟! ئەی ئەگەر من کە سەەرەتاییترین مافم واتا زمانم و نەتەوەکەم لێم زەوتکراوە، نەتوانم داکۆکی لێبکەم، چۆن دەتوانم پاڕیزەر بم؟!…” ئەو دەیگوت ڕاستە تەنیا بە چەک و پێشمەرگایەتی نابێ بەڵام ئەمە یەکێکە لە ڕێگاکان و من بە بیر و ئەقڵم ئەم ڕێگایەم هەڵبژاردووە و هیچ کات پەشیمان نیم.. سۆلین هزری کوردایەتی و بڕوای بەربەرین بە کوردستانی گەورە وای لێکردبوو جیاواز نەبوو بۆی ئەگەر بۆ باشووریش شەهید بێ. دەیگوت: “دوای ئێرە سەرەی ڕۆژهەلاتە .. ئێمە لێرە خۆمان ڕادێنین بۆ ئەوەی بە ئەزموون بین بۆ خەباتی چەکداری و زیندوو کردنەوەی ناوی پێشمەرگە لە ڕۆژهەلات .. لەگەڵ قسەکردن و وەڵامدانەوەی، هۆنراوەکەی مام هێمن ـم بیر هاتەوە: “من تەشی ڕێسێکی وەک شیرینی وەفاییم بۆ چیە         کیژی وریای چاوکراوەی فێرە زانینم دەوێ”.

ئەوان ئەوەندی بڕوایان بە خۆیان بوو، پلانی کاریان داڕشتبوو بە کارانەی دەیزانن لە داهاتوو و دوای شەڕ چالاکتر دەبن لە مەیدان.. بیری دەرکردنی گۆڤاری تایبەت بە ژنان بە دیزاین و نوسینی خۆیان، بە وەرگێران لە زمانەکانی دیکەوە… بە خەبات و هەوڵدان بۆ كچانی هەر چوار پارچەی کوردستان .. بیری کۆن و چەقبەستوو بڕوخێنن و شوێنی تایبەتییان هەبێ و ناویان بخەنە مێژووی کوردەوە ..

ئەو پۆلە کچە بەشێک بوون لە کچەکانی پارتی ئازادی کوردستان ..ئەوان دەڵێن ئێمە لەرزە دەخەینە دڵی دوژمنان و داگیر کەران … ئەوان بە شیوازی جۆراوجۆر، بەتایبەت لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی  کچەکانیان ڕاهێناوە و فێری کوردایەتی و ژیانیان دەکەن.. هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە میحوەری باشیک، زیاتر لە دوو ساڵە بەرامبەر چەکدارانی داعش شەڕ دەکەن.. فەرماندەی ئەم هێزەش دەڵێ: “ئەمە ڕێگا خۆشکەرە بۆ کۆ کردنەوەی ئەزموون بۆ شەڕ لە ڕۆژهەلات”… ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژانە كچان و کوڕان لە قوتابخانەی تایبەتیی خۆیان جیا لە یاساکانی شەڕ و کاری سەربازی، فێری زمانی کوردی و ئینگلیزیش دەبن…هەموو هەوڵیشیان ئەوەیە گەنجانی کورد بە ئەزمون بکەن جا چ لە ڕووی کوردایەتی و چ لە ڕووی سەبازییەوە بۆ داهاتوو و شەڕ لە  کوردستانی ڕۆژهەڵات.

1

3

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت