ڕاپۆرتێک لەسەر 6 کچە چالاکی کوردی دەستبەسەر و بانگکراو لە لایەن بنکە ئەمنیەتییەکانەوە

0
1070

بەشی مافی مرۆڤی ڕۆژی کورد: دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی کچان و ئافرەتانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە لە چاوان پێشووتر بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، نیمەعت مەلا ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ لە وتووێژێکدا لەگەڵ گەورەژووری ڕاوێژ لەمەڕ هۆکاری ئەو دەستبەسەرکردنانە دەڵێ: “گرتنی کچان لەو هەلوومەرجەدا بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ هەڵسوورانی ئەوان و بەپێی پێشینە و ڕابردووی کورد و ئەو هەوڵانەی لەم دواییانەدا لە گشت کوردستان دیتمان، ئەوە دەسەلمێنێ کە حاکمیەتی زاڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان ترسی زیاترە لە جاران.”. لێرەدا ئاوڕێک لەسەر 6 کچە کوردی دەستبەسەرکراو و بانگکراو لە لایەن بنکە ئەمنیەتییەکانەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدەینەوە.

مەنیژە فاتحی:

مەنیژە فاتحی، کچی بەهمەن، تەمەن ٢٢ ساڵان،  ڕێکەوتی 15ی ڕەشەممەی 1394ی هەتاوی لەلایرن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی باژێڕی بۆکان دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە دۆخی ناوبراو وتاوان و چارەنووسی لەبەردەستدا نیە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی فاتحی لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “کاتژمێر ٧ی شەو بوو، ٣ کەس لە هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیم هاتنە ناو ماڵ و بێ ئەوەی کە هیچ مۆڵەتێکی یاسایی و دادوەرییان پێبێ، مەنیژەیان دەستبەسەر کرد و بردیان، سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵە بەدواداچوونێکی زۆریان بۆ کردووە و بنکەی پەیوەندیدار نەماوە لە بۆکان و ورمێ، نەچووبن، بەڵام تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبەر دەست دا نیە و هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە و ئێستاش 165 ڕۆژە، مەنیژە بێ سەر و شوێنە و بنەماڵە بە تووندی نیگەرانن”.

سەحەر فەیزی:

سەحەر فەیزی، کچە کوردی خوێندکاری بواری بەڕێوبەربەریی بازرگانیی زانکۆی تەورێز، کچی مستەفا و تەمەن ٢٤ ساڵان کە ڕۆژی چوارشەممە 23ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەلایەن مەئموورە جل شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە باژێڕی سەقز کە بە هۆی بەشداریی چالاکانە لە مانگرتنی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، دەستبەسەر کراوە.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی فەیزی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای تێەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی سەحەر، بە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیێندراوە کە سەحەر لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرە.”

ترووسکە وەیسی:

ترووسکە وەیسی، هاووڵاتییەکی کوردی بانەیی لە لایەن فەرمانگەی ئیتلاعاتی بانەوە بانگهێشت کراوە و ڕووبەڕووی هەڕەشە و لێپرسینەوە بۆتەوە.

کەسێک لە نزیکانی بنەماڵەی وەیسی لەمبارەوە بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “ترووسکە وەیسی، تەمەن ٢٧ ساڵان، کچی ئەحمەد، بەپێی بەرگەی بانگکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، کاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕۆژی شەممە 23ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە باژێڕی بانەی کردووە و تا ڕۆژی یەکشەممە 24ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی بۆ ماوەی ٢٥ کاتژمێری ڕێک لە ژێر لێکۆڵینەوە، لێپرسینەوە و هەڕەشە و گوشار و تۆقاندن دابووە”.

نەجیبە ساڵحزادە:

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ گەلاوێژ، نەجیبە ساڵحزادە چالاكی كرێكاری كورد كە تۆمەتی بێ رێزی بە پیرۆزیەكان و بێ رێزی بە رێبەری كۆماری ئیسلامی درابووە پاڵ لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز دادگایی كرا. ناوبراو سەرجەم ئەو تۆمەتانەی كە درابووە پاڵی رەتی كردەوە.

هەروەها نەجیبە ساڵحزادە دوای دادگایی کران، لە لایەن ئەماكینەوە بانگ کراوە وو لێپرسینەوەی لە گەڵ كرا.

نەجیبە ساڵح زادە کە خێزانی مەحموود ساڵحی، چالاکی کرێکاریە، تاوانی بڵاو کردنەوەی هەندێک بابەتی لە فەیسبووکدا بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا بێ ڕێزی بە خامنەیی کردووە بەڵام ساڵح زادە ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە و دەڵێ من لە بنەڕەتدا فەیسبووکم نیە و ئەو تاوانە بێ بنەمایە.

زەینەب جەلالیان:

زەینەب جەلالیان کە تەمەنی ٣٣ ساڵە و ٨ ساڵ بەرلە ئێستا لە خاڵی پشكنینی “قازانچی”، لە لایەن هێزە جل شەخسییەكانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوازرا. سەرەتا سزای سێدارە لە لایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە بۆ ناوبراو دەرچوو کە پاشان بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و هەوڵ و تێکۆشانی بنەماڵە و پارێزەری زەینەب، بۆ داشکاندنی ئەو سزایە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، تاکوو ئێستا بێ‏ ئاکام ماوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بەهۆی دۆخی ناتەندرووستی زیندانەوە، تانە کەوتۆتە سەر چاوی. هەروەها ڕێگری لە چاوپێکەوتنی بەردەوامی حەفتانەی لەگەڵ بنەماڵەکەی لێ دەکرێت. لە ماوەی ٨ ساڵ دەستبەسەر بوونیدا، تا ئێستا هیچ مەرەخستی و ئیزنی هاتنەوە بە زەینەب جەلالیان نەدراوە.
پارێزەری زەینەب جەلالیان لە دواترین وتووێژیدا گوتوویەتی:  پێشگرتن بە مرەخەسیی ئەو زیندانییە سیاسییە، لەوانەیە بۆ ناچار کردنی بە دانپێدانانی تەلەفزیۆنی بێ.

ئەفسانە بایەزیدی:

“ئەفسانە بایەزیدی”، چالاکی خوێندکاریی کورد، ڕێکەوتی 5ی گوڵانی 1395ی هەتاوی لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی وەزراتی ئیتلاعاتی باژێڕی بۆکان دەستبەسەر کراوە.

ئامینە، دایکی ئەفسانە لە وتووێژێک لەگەڵ بەشی فارسیی ناوەندی ڕۆژی کورد باس لەوە دەکات کە دوای تێپەڕبوونی ٣ مانگ لە دەستبەسەرکرانی کچەکەی تەنانەت ئیزنی نەدراوە کچەکەی ببینێ و گوتووشیەتی کچەکەی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ لە دۆخێکی خراپی جەستەیی دایە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەرپرسانی ئیتلاعات بە بنەماڵەی بایەزیدیان ڕاگەیاندووە کە کچەکەیان بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کراوە و سەردانی کوردستانی باشووری کردووە، تاوانێک کە دایکی ئەفسانە بە تووندی ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێ کچەکەم تەنیا لەگەڵ چەند خوێندکارێکی تر کۆبوونەوەی هەبووە و باسیان لە دۆخ و مافی خوێندکاران کردووە و ئەندامی هیچ حیزبێک نیە و نەبووە.

هەروەها شاهۆ برای ئەفسانەش چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی خوشکەکەی، ڕێکەوتی 9ی گوڵانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شوێنی کارەکەی خۆی و بە شێوەیەکی هاوشێوە دەستبەسەر کرا بەڵام دوای ماوەیەک ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژ، ئەفسانە بایەزیدی پاش تێپەڕینی سێ مانگ لە دەستبەسەر کردنی، چارەنووسی ڕوون کراوەتەوە.

ئەفسانە لە لایەن بەرپرسانی ئەمنیەتیی ورمێ‌وە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران زیندانی کراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ڕێگای تەلەفوونەوە بنەماڵەی ئەفسانەیان ئاگادار کردۆتەوە کە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن. شایانی باسە کە تەنیا دایکی ئیزنی چاوپێکەوتنی لە گەڵ کچەکەی پێدراوە.

ئەو چاوپێکەوتنەوە تەنیا ١٥ خوڵک درێژەی هەبووە و بەرپرسانی ئەمنیەتی هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەفسانەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ناو بردووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.