راگەێندراوی سازمانی خەباتی كوردستان لە پێوەندی بە 28ی گەلاوێژ یادی فەتوای خومەینی لە دژی خەڵكی كوردستان

0
191

ڕۆژی کورد: سازمانی خەباتی كوردستان لە پێوەند بە 28ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی فتوای خومەینی لە دژی خەڵكی كوردستان، ڕاگەیێندراوێکی دەرکردووە کە وێنەیەکی بە ڕٶژی کورد گەیشتووە.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

خەڵكی خۆراگری كوردستان!
گەلانی ژێر ستەمی ئێرانی ئاخوند لێدراو!
28ی گەلاوێژی ساڵی 1358 رۆژێكی رەش لە مێژووی گەلی زولملێكراوی كوردە  و هاوكات پەلەیێكی شەرمەزاری هەتاهەتاییە بە نێوچاوانی حكوومەت و سیستەمی بونیادنراوی دەستی ئاخوندان و لەسەرووشیانەوە خومەینی خوێنرێژ و جەلادە. رۆژێكە كە لە وەڵامی ویست و داواكارییە رەواكانی خەڵكی كوردستان و لە جەرگەی بانگەشە بۆ دانووستان و وتووێژ خومەینی دامەزرینەری رژیمی ئاخوندی لە فەتوایێكی درندانە دا گیان و ماڵ و نامووسی گەلی كوردی حەلال كرد و فەرمانی جیهادی دەركرد.

28ی گەلاوێژ بۆ گەلی كورد تەنیا روداوێكی دڵتەزێنی مێژوویی نییە، بەڵكو پێناسەیێكە بۆ فەلسەفەی خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵە و هێماێكە بۆ غەدرلێكراوی و مافخوراوی بەدەستی رژیمێكی تاسەر ئیسقان دیكتاتۆر و جینایەتكار و بێ بەزەیی.

لەكاتێكدا كە تازە شۆڕشێكی دژی دیكتاتۆری بە هیمەت و خەباتی هەموو پێكهاتەكانی ئێران و یەك لەوان گەلی كورد، سەركەوتبوو و خومەینی و داردەستەكەی خەریكی بناغەدانانی نیزامێكی دیكتاتۆرتر و خوێنرێژتر لە رابردوو بوون. گەلی ئاشتیخوازی كورد بە خێرایی هەیئەتێكی نوێنەرایەتی لە نوێنەری زۆربەی شارەكانی كوردستان لە ژێر ناوی لوئی جەرگەی  لە مەهاباد بۆ دانووستان و وتووێژ پێكهێناو بانگەشەی ئاشتی و عداڵەتخوازیی و مافویستی بەرز كردەوە، بەڵام نیزامی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، لەرێگەی فرت و فێڵ و بەردەوامی لەسەر سیاسەتی حاشالێكردن و بە تۆمەتی درۆیین هەوڵی لە خشتە بردنی بیرورای گشتی ئێران و چەواشەكردنی رەوایەتی خەباتی گەلی كوردی دا و كوردی بە كافر و جودایی خواز ناساند.
ئەو رۆژە شوومەی فەتوا نارەواكەی خومەینی تێدا دەركرا وەڵامێكە بۆ هەموو ئەو كەسانەی بەتایبەت كەسانی بەكرێگیراو كە تا هەنووكەش پرسیار لەسەر رەوایەتی خەباتی گەلی كورد دادەنێن و خەباتی فرەرەهەندی گەلەكەمان دەخەنە ژێر پرسیار. وەڵامێكە بۆ هەموو ئەو كەسانەی چ كورد و چ غەیرە كورد كە دەڵین نەدەبوایە كورد دەستی بۆ چەك ببردایە و زۆر جار كورد وەك خەتاباری سەرەكی دەناسێنن.
بەلێ، كاتێك هەموو دەرگاكان بەرووی كوردا داخران و وەلامی هەموو باگەشە و داوایێكی رەواو ئاشتیخوازانەی گەلەكەمان بە نەخێر و حاشا لێكردن رووبەروو بوو و نەك تەنیا لەگەڵ نەدان بەڵكو بە بڕیارێكی تاهەنووكەش سەرسوورهێنەر و دەگمەن لە مێژووی ئێستای مرۆڤایەتی فەرمانی كوشتار و لەناوبردنی ئەو گەلە درا، سروشتیە بۆ بەرگری و مانەوە، كورد دەست بۆ چەك ببات و پارێزگاری لە گیان و ماڵی نەتەوەكەی بكات.
چەندە ساویلكەن دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكان كە وایان دەزانی بەو فەتوایە لە زمانی خۆیانەوە غائیلەی كوردستان كۆتایی پێ دێ و ئەو گەلەی پێ چاوترسێن دەكرێ‌، ئەمرۆ لە پاش 37 ساڵ كورد نەك تەنیا بۆ هەنگاوێكیش پاشەكشەی نەكردووە لە ویست و داوا رەواكانی بەڵكو رۆژ لەدوای رۆژ مكۆرتر و سورترە لەسەر حەق ستاندن و وەرگرتنی مافەكانی و هیچ ترسێكیشی نییە لە هیچ قوربانی و تێچوویێك.
راستیەكی تاڵی دیكە ئەوەیە كە بە درێژایی هەموو ئەو سالانەی دەسەڵاتی ئاخوندی لەسەر كار بووە سێبەری قورسی ئەو فەرمانە شوومە لەسەر كوردستانی داگیركراو دا لانەچووە و رۆژانە بەو ئەدەبیات و گووتارە زبر و درندانەیە لەگەڵ گەلەكەمان هەڵسووكەوت دەكەن و سیاسەتی فەرمی تا هەنووكەی دەسەڵاتداران هەمان سیاسەتی كوشتن و لە ناوبردن و قڕ كردنی بە كۆمەڵە، بەڵام لە رێگە و  بەئامرازی جۆراوجۆر. هیچ گومانێك لەوەدانییە هەتا ئەو دەسەڵات و رژیمە دواكەوتوو و دیكتاتۆرە لەسەر كار بمێنێ‌ مێتۆدەكانی دەسەڵات لەبەرانبەر داواكانی گەلی كورد هەمان مێتۆدی سەردەمی خومەینی و فەتوا شوومەكەی رۆژی 28ی گەلاوێژ دەبێ.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران لە ساڵیادی فەرمانی جیهاد دژی گەلی كورد درود دەنێری بۆ هەموو شەهیدانی رێگەی رزگاریی گەلی كورد و مردن و سەرشۆڕی دەنێرێ‌ بۆ هەمووبەشدارانی جینایەت لە كوردستان چ لە رابردوو و چ لە ئێستا. هەروەها داوا لە سەرجەم وەڵاتانی دیموكراتیك و پارێزەری مافی مرۆڤ و بە تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە ئەو رۆژە وەك جینوساید و هەوڵ دان بۆ كۆمەڵكوژ كردنی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران بناسێنن و هەموو ساڵێ لەم یادە دا ئەو دەسەلاتە شەرمەزار و پرۆتیستۆ بكەن. هیوادارین ئەم بۆنەیە هۆیەك بێ بۆ ئەوەی هێزە سیاسیەكانی كوردستان هەنگاویی جیددی بۆ یەكیەتی و تەبایی و یەكخستن و لێك نزیك كردنەوەی تواناكان بنێن و بە یەكریزی و یەكگرتوویی  سێبەری ئەو دەسەڵاتە بەسەر كوردستان و ئێرانەوە نەمێنێ‌ و بە یەكەوە لە پێناو دامەزراندنی حكوومەتێكی دیموكراتیك و خەڵكی تێبكۆشین.
سەركەوێ‌ خەبات ی رزگاریخوازانەی گەلی كورد
بروخێ‌ رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی
 سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران 
كومیتەی ناوەندی 
28ی گەلاوێژی 1395

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت