ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور لەمەڕ تۆپ بارانی ناوچە سنوورییەکان

0
637

ڕۆژی کورد: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمەڕ تۆپ بارانی ناوچە سنوریەکانی هەرێم لە لایەن ڕژیمی ئێران، ڕاگەیێندراوێکی دا.

لە بەشێک لەو پەیامەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو زیانانە ڕادەگەیاندووە و داوای لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێی خۆی واتا ڕژیمی ئێران و توركیا کردووە بۆمبابارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرن.

لە بەشێکی تری ئەو ڕاگەیێندراوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور داوا لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات چیتر خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرش کردنە سەر ڕژیمی ئێران و تورکیا بەکار نەهێنن.

دەقی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێم بڵاو بۆتەوە بەو شێوەی خوارەوەیە:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیاوە بۆمباباران كران، لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بریندار بوون، هەروەها دەیان گوندنشین ناچار بوون گوندەكانیان چۆڵ بكەن و دەیان مەڕدار و جوتیار و كۆچەریش، ناچار بوون لە كوێستانەكان بێنە خوارەوە و زیانێكی زۆر بەر كشتوكاڵ و ئاژەڵی هاووڵاتیان و ژینگەی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگه‌رانیى خۆی بەرامبەر ئەو زیانانە ڕادەگەیه‌نێت و داوا لە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ، كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا دەكات بۆمبابارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕابگرن. هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی نەگۆڕە و پابەندە بە دۆستایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەكانی ئەو دەوڵەتانە و هەوڵدان بۆ ئاشتی و ئارامییەكی بەردەوام بۆ گەلی هەرێمی كوردستان و گەلانی ئێران و توركیا و ناوچەكە.

لە هەمان كاتدا ناڕەزاییی خۆمان بەرامبەر بەكارهێنانی خاك و سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیه‌نین بۆ زیانگەیاندن و هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەكەین كە چیتر خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنن و ڕێز لە ئارامیی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و پابەندییە یاساییەكان و پەیوەندییە دۆستایه‌تییه‌كانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێیەكانی، بگرن..

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت