قوتابخانەی بنەڕەتیی فەرزاد کەمانگەر لە دیاربەکر پلۆمپ کرا

0
1252

ڕۆژی کورد: بەپێی هەندێک هەواڵی بڵاوبۆوە، قوتابخانەی بنەڕەتیی فەرزاد کەمانگەر کە لە باژێڕی دیاربەکر، بە زمانی کوردی خەریکی پەروەردەی قوتابیانی کورد بوو، لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، داخراوە.

ئەرک پێ ئەسپێردراوانی دەوڵەتی تورک، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، سەردانی قوتابخانەی فەرزاد کەمانگەریان کردووە و بە وتەی خۆیان هەندێ لێکۆڵینەوەیان ئەنجام داوە و دواتر ڕاپۆرتێکیان ڕادەستی بەرپرسانی دەوڵەت کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا گوتراوە: “لە قوتابخانەی فەرزاد کەمانگەر، بەپێچەوانە و دژ بە یاسای بنەڕەتی، قوتابیەکان پەروەردە دەکرێن”.

بەوپێیەش، بەڕێوەبەرایەتی نەتەوەیی تورک لە دیاربەکر، داوای داخرانیئەو قوتابخانەیەی کردووە و داواکارییەکی لەمبارەوە داوە بە پارێزگای دیاربەکر و ئەویش فەرمانی داخرانی ئەو قوتابخانەیەی دەرکردووە.

قوتابخانەی بنەڕەتیی فەرزاد کەمانگەر. ساڵی 2013 دامەزراوە و تێیدا 60 قوتابی لە پۆلی یەک و 50 قوتابی لە پۆلی دوو و 63 قوتابی لە پۆلی سێهەمی بنەڕەتیدا دەرسیان دەخوێند.

ئەو قوتابخانەیە لە ناوچەی ڕزان ـی دیاربەکرد و لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە خەریکی پەروەردەی قوتابیانی تەمەن ٥ تا ١١ ساڵان بوو و ١٨ مامۆستاش تێیدا وانەیان دەوتەوە.

داخرانی ئەو قوتابخانەیە، درێژکراوەی سیاسەتی بە یەک نەتەوە کردنی تورکیە و لەناوبردنی دژبەرانی ڕژیم ئەردۆغان ـە کە بەتایبەتی لە دوای کودەتا بە ئەنجام نەگەیشتووەکەی ئەمساڵ دەستی پێکردووە و چڕتر بۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت