موراد قارائیلان: پێویستییەکی مێژووییە کە هەر پارچەیەک بۆخۆی ناو ماڵی خۆی ڕێکبخات

0
130

تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێم و هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕی گازی سرووشتی هەرێم لە لایەن دەمهات عەگید و هەواڵی ئامادەباشی و کاری هاوبەشی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ هێڕشی هاوبەش بۆ سەر موسڵ و شەڕی نەرم و ساردی میدیایی پارتی دێموکراتی کوردستان و ناڕەزایی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی لە کوردستانی خۆرهەڵات و کوردستانی باشوور و قسە و باس لەسەر دزێوی ئەو سیاسەتانە وایکرد موراد قەرەئیلان کە بە کەسی نەتەوەیی ناو پ ک ک ناسراوە لێدوانی فەرمی بدات و تێیدا وێڕای ئەوەی کە باس لە برایەتی ناو ماڵی کوردی بکات و داوا لە پارتی دێموکراتی کوردستان بکات واز لە دەوڵەتی تورکیا بێنێت و لەگەڵ ئەوان پەیوەندی بکات، هەندێ قسە و باسی تری هێنایە ئاراوە کە دەکرێ بگوترێ ئەوە یەکەم جارە لێدوانی ئەوتۆ لە ناو پارتی کرێکارانی کوردستان دەدرێ کە تێیدا باس لە پێکهاتنی لێژنەیەکی هاوبەشی سەربەخۆ دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی کوردستان و دەست تێوەردان لە کار و باری ناو کوردستان و قووڵ کردنەوەی ئاڵۆزییەکانی هەرێم.

لێرەدا بە کورتی و بە پێی تەوەر قسەکانی ناوبراو وەک خۆی دەنووسرێنەوە.

تەوەری یەکەم: قەیرانی کوردستانی باشوور.

قارائیلان لەم بارەوە باس لە هەبوونی کێشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن و پێکناکۆکی و دژ بەیەکی هێزەکانی باشوور و هەبوونی کێشەی ئابووری لەو پارچەیە باس دەکات و دەڵێ ئەو کێشانە هەن بەڵام ئێمە نامانهەوێ ئەو کێشانە پەرە بستێنن و قووڵیان بکەین بەڵکو دەمانهەوێ کێشەکان چارەسەر بن و ئەوان یارمەتی پارچەکانی تریش بدەن.

لە هەمان کاتدا باس لە چارەسەر کردنی پرسەکانی نێوان خۆیان و هەرێم لە ڕێگای دیالۆگەوە دەکات و دەڵێ ئێمە نامانهەوێ لەو ناکۆکیانەدا لایەنی کەس بگرین.

لە بەشێکیتری قسەکانیدا، قارایلان باس لە هەراو بوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و گۆڕان دەکات و دەڵێ پەیوەندی بەردەواممان هەیە.  لە هەمان کاتدا پێشنیار بە پارتی دێموکراتی کوردستان دەکات، دەست لە تورکیە هەڵبگرێت و لەگەڵ ئەوان یەک بگرێ، “تورکیە بۆ بڕوا نابێ، ئێمە لەگەڵ ئەوان لە قوتابخانە بوون، ئێوە وەک ئێمەیان ناناسن، ئەگەر هەموو دونیا لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان بێ، تورکیە بەتەنیا شەڕی سەربەخۆیی دەکات”

تەوەری دوو: هاوکاری ناو هێزەکانی پارچەکانی کوردستان:

قارائیلام لەو بارەوە بەپێچەوانەی سیاسەتەکانی چەندین ساڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە بە بەردەوامی حیزب و پارتی بۆ پارچەکانی کوردستان ساز کردووە و حیزبەکانی پارچەکانی تر بە بەردەوامی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بە دەست تێوەردان لە کاروباری خۆیان تاوانبار کردووە، باس لەوە دەکات کە ئێستا کاتی ئەوە نیە هیچ پارچەیەک دەست لە پارچەیەکی تر وەربدا، ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەر پارچەیەک بۆخۆی ماڵی خۆی ڕێک بخات و لەدوای ئەوە یەکێتییەک لە نێوان هەر چوار پارچە بێتە ئاراوە.

قارایلان دەڵێ ئەوە پێویستییەکی ئێستایە، چۆن؟ هەر کەس دەزانێ کە دوای ئەم شەڕەی کە ئیستا لە ئارادایە، خۆرهەڵاتی ناڤین جارێکی تر دادەڕێژرێتەوە، ئێستاش کورد بۆتە فاکتەرەکی سەرەکی و هەر بۆیەش دوای ئەو شەڕە کەس ناتوانێ کورد نەبینێ و چیتر لۆزان و سایکس پیکۆ نایەتە ئاراوە. ئیتر کەس ناتوانێ نکوڵی لە کورد بکات، کورد ٩٠ ساڵە خەبات دەکات. ئێستا سەردەمێکە کە یەکێتی نەتەوەیی دەوێت.

قسەکانی قارایلان لە سەردەمێکدا کە ماوەیەکی نە زۆر دوورە، پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی شەهید قادر کەریمی بە دەست گریلاکانی پ ک ک شەهید بوو، جێگای گومانی چالاکانی سیاسی کوردستانی خۆرهەڵاتن و دەڵێن: لە ئێستادا بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی و پشت بەستن بە ئێران و ڕووسیە، توشی قەیران بووە و زەختێکی زۆری لەسەرە،  بۆیە کەسێکی وەک قارایلانیان هێناوەتە سەر میدیاکان تا کوو بەم جۆرە لە ناڕەزایەتی گەلی کورد بە دژی خۆیان کەم بکەنەوە، ئەگینا لە کاتێکدا کە هەواڵی هاوپەیمانی و هاوبەشیان لەگەڵ ئێران بۆ شەڕی موسڵ بە بەڵگەوە بڵاو بۆتەوە، چۆن دەکرێ باس لە یەکێتی نەتەوەیی بکرێ.

هەندێک لە چالاکوانانی سیاسی کوردستانی خۆرهەڵات باس لەوە دەکەن کە ئەگر پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە و دەبێ هەر پارچەیەک سەرەتا ماڵی خۆی ڕێکبخات، چۆنە پ ک ک لق و پۆپەکانی خۆی لە پارچەکانی تری کوردستان هەڵناوەشێنێتەوە؟

تەوەری سێ : تەقینەوەی بۆڕی نەوتی کوردستان

هەرچەند کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بلاو بۆتەوە کە چەند کەسێک کە خۆیان بە پ ک کایی دەناسێنن و بە بەردەوامی “بژی سەرۆک ئاپۆ” دەڵێنەوە، بۆڕی نەوتی هەرێم دەتەقێننەوە بەڵام موراد قارائیلان لە لێدوانی خۆیدا کە هۆکاری سەرەکی ئەم لێدوانەی ناوبراوە، ئەو ئەگەرە و ئەنجامدانی ئەو کردەوە لە لایەن خۆیان و هەر کوردێکی شۆڕشگێڕەوە وەدرۆ دەخاتەوە و بە ناڕاستی دەزانێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەمهات عەگید بە ئاشکرا باسی لە تەقاندنەوەی بۆڕی گازی سرووشتی کوردستان لە ئەگەری هەناردە کردنیدا دەکات.

ماوەیەکە هەندێک دەنگۆ بڵاوبوونەوە کە باس لە هاوپەیمانەتی پ ک ک و گۆڕان بۆ تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتییەکانی هەرێم و دواتر هێنانە سەر شەقامی خەڵکی ناڕازی هەرێم لە ڕانیە و قەڵادزێ بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەتی ئێستای هەرێم و لەسەر کار لابردنی بارزانی دەکەن، قارایلان ئاماژە بەو دەنگۆیانەش دەکات و دەڵێ: “چەند ڕۆژ لەوەی پێش هەواڵی تەقینەوەی بۆڕی نەوتی هەرێم لە ڕەحا، هێڵی نەوتی کە لە کەرکووکەوە دەچێ بۆ تورکیە تەقێندراوە، هەندێک بەرپرسی هەرێمیش بە شێوازێکی بێ ئوسلووبانە ڕەخنەیان لە ئێمە گرت، ئەوان ناحەق بوون، دەیانتوانی لە ئێمەیان پرسیبا چ بووە، بەڵام ئەوان بێ پرسیار لە ئێمە بە زمانێکی نەهێنی دەستیان کر دبە ڕەخنە، دواتر پرسیان، هەندێک لایەن پرسیاریان کرد کە ئێمە سپاسیان دەکەین و باسەکە ڕوون بۆوە، لە دوای ئەوە لە ٢٧ی سەبات لە حەززە (ئیدن) لە چاپەمەنیاندا باس لە تەقاندنەوەی هێڵی پەترۆڵی کەرکووک کرا، ڕاستە ئێمە بە چڕی لەوێین، بەڵام دیارە تورک دەیانهەوێ ئەوە بخەنە ئەستۆی ئێمە، بەڵام ئێمە و بەتایبەت بۆخۆم لێکۆڵینەوەم لەسەر ئەو باسانە کردووە، ئێمە هیچ دەستێکمان لەو کارانەدا نیە، نەک هەر ئێمە بەڵکو هیچ چالاک و شۆڕشگێڕێکی کورد ئەو کارە ناکا، کەواتە کاری کێیە؟ کاری ئەوانەیە کە دەیانهەوێ ئاڵۆزی ساز بکەن واتا تورک.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت