قۆناغی مێرمنداڵی و گرنگیی پەروەردە لەو قۆناغەدا/وتووێژ لەگەڵ جەماڵ ڕەسووڵی شارەزای بواری پەروەردە

0
97

بابەتی بەردەستت، یەکێکی‌تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی   ٤و٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەڕێز جەماڵ ڕەسووڵی، پسپۆڕی بواری پەروەردە و بە پێشکەش‌کاریی شەهریار ڕۆژهەڵاتی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕاوێژ، لەسەر مژاری (قۆناغی مێرمنداڵی و گرینگی پەروەردە لەو قۆناغەدا) ئەنجام دراوە.

تێبینی: بە هۆی لەناوخۆبوونی ئەدمینەکان، خۆ لە بڵاو کردنەوەی وێنەیان دەپارێزین و بە گوڵ یادیان دەکەین.

ڕاوێژ: سەرەتا ئەگەر بکرێ مێرمنداڵی پێناسە بکەن، بە چ تەمەنێک دەگوترێ؟

جەماڵ ڕەسووڵی
جەماڵ ڕەسووڵی

ڕەسووڵی: مێرمنداڵ یا نەوجەوان بەو کەسە دەگوترێت کە لە قۆناغێکی تەمەنی تایبەت دایە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی تەمەنی لە خوار 18 ساڵ و سەرووی ١٢ ساڵە و هەروەها لە بواری ژیان و فیزیکی پەروەردەیی قۆناغێکی گرینگ تێپەڕ دەکات.

ڕاوێژ:هەرزەکاری یانی چی و بە کێ دەڵێن هەرزەکار؟

ڕەسووڵی: هەرزەکار وشەیەکی تێکەڵاو یا بڵێن (مشتق مرکب) کە هەر دوو بەشی وشەکە بە تەنیایی مانای جیاوازیان هەیە و وێکڕا مانایەکی دیکە لە بواری کۆمەڵناسی و پەروەدەوە دەدەن. بەڵام لە واقعدا هەرزەکار بە مانای مەنفی یان لایەنە خراپەکەی نیە بەڵکوو چوونکە مێرمنداڵ لەو قۆنا‌غەدا دەیهەوێ هەموو شتێک ئەزموون بکات دەست بۆ هەر کارێک دەبات جا ڕاست بێت یا نا، چوون خۆی لە ئاستێکی فکری دایە کە هیچ تێگەیشتنێکی لە دنیای ڕاستی و کۆمەڵگادا نیە و زیاتری ئەو کارانەی کە دەشی کات لە لای کەسانێک کە ئەزموون و مەنتقیان هەیە بە خراپ وەسف دەکرێت، ئەگەرچی لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نیە و پێویستە مرۆڤ ئەو قۆناغە تێپەڕ بکات و ئێمەش تەنیا ئەرکمان ڕێنوێنیە.

ڕاوێژ: تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە لە ژیان چێە؟

ڕەسووڵی: چوون ئێمە باس لە پەروەردە دەکەین ناتوانین دەق تایبەتمەندییەکانی باس بکەین یا خاڵەکانی دەست نیشان بکەین، لەو پێوەندییەدا زۆر بیرمەند و پسپۆڕی پەروەردە کاریان کردووە هەر کامەیان لە ڕووی لێکۆڵینەوەی خۆیان هەندێک خاڵیان باس کردووە. بەڵام بە گشتی تایبەتمەندی وەکوو خۆگەورەبین، مەغرور، پڕ لە وزە، بیر و هزری زۆر گەورە یا (بلند پراوزی)، خۆنیشاندان وەکوو کەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی، سینەمایی و هتد و بە گشتی ژیان لەو قۆناغەدا بە سەردەمێکی ئێحساساتی‌دا تێپەڕ دەبێت تا کوو ڕاستییەکانی ژیان.

ڕاوێژ: لە کاتێک دا کە مێرمناڵێک بە هۆی نائاگاییەوە هەڵەیەک دەکا دواییش لە لایەن بنەماڵە یا کۆمەڵگاوە بە تاوانبار دەناسرێت ئایا لێرە دا تاوانبار هەرزە کارە و بۆ؟

ڕەسووڵی: تۆ ناتوانی لە هیچ کاتێکدا هەر کەس جا لە هەر تەمەنێک دابێت سەبارەت بە هەڵەیەک تاوانبار بکەیت، چوون دەبێ تۆ هۆکاری ئەو تاوانە بناسی جا داویە بەپێی یاسا و عورفی کۆمەڵگا هەڵیسەنگێنی و پاشان بڕیار بدەی ئەوە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە مێرمنداڵ لەو ئاستە تەمەنییەدا بیر و هۆشی، هێزی لێک جیاکردنەوەی باش و خراپی نیە و دەبی کۆمەڵگا و بە تایبەت بنەماڵە مێرمنداڵ سەبارەت بە هەڵەیەکی بچووک کە ئەگەر تەنانەت ڕاستیش نەبێت سەرزەنش بکەن و بڵێن خەتاکاری و دەبێ سزا بدەرێی، چون سزا دانی مێرمنداڵێک کە بنەماڵە یا کۆمەڵگا خۆی نازانێت باشه یا خراپ، خۆی تاوان دەخولقێنێت.

ڕاوێژ: تکایە فەرموون ئەرکی دایک و بابەکان یا ئەو کەسانەی کە خۆتان ئاماژەتان پێ کرد  بۆ ڕێنوێنی کردن لەو قۆناغەدا کە مێرمنداڵان تێیدا بە سەر دەبەن چیە و تا چ ڕادەیەک ڕێنوێنی بە جێ یا نا بە جێی دەوروبەر دەتوانێ کاریگەری لە سەریان هەبێت؟

ڕەسووڵی: وڵامی ئەو پرسیارە زۆر گشتییە، بەڵام دەکری باس لە چەند لایەنی بکەی، یەکەم کۆمەڵگایەک کە خۆی قوربانیی بێسەوادیە بێ گومان مێرمنداڵ بە ئاسانی و لە ڕووی نائاگاهی و نەزانیەوە سەرکوت دەکرێت و ئاوات و ئارەزووییەکانی دەبێتە تاوان و (عقدە)، بنەماڵەش کە خۆی پێکهێنەری ئەو کۆمەڵگایەیە ناتوانێت ڕێگای دروست بدۆزێتەوە و ببێتە ڕیگا نیشاندەری منداڵەکەی. تەنیا دایک و باوک ئەگەر سەواد و ئاگاهیان هەبێت باسەکە ئاسانتر چارەسەر دەکرێت و لە غەیری ئەوەدا دایک و باوک لە ڕووی سوننەت و داب و نەریتی کۆنی خۆی هەڵسوکەوت دەکات و ناتوانێت کاریگەری باش لە سەر هەڵسوکەوتی مێرمنداڵەکەی دانێت.

ڕاوێژ: ئایا گۆڕانکارییەکان لەو قۆناغە لە ژیاندا تەنیا جەستەیی و فیزیکین یان دەروونیشن؟

ڕەسووڵی: پرسیارێکی زۆر جوانە، لە پێناسەی دەروونناسی‌دا دەڵین (ڕشد)، ڕشد بە گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕێکی بەردەوام و یەک لە دوای یەکی جەستەیی، عەقڵی، دەروونی دەگوترێت کە لە کاتی جووت‌بوونی ژن و مێرد هەتا مردنی تاک لەگەڵ تاک دا دەبێت، بۆیە لە باری ڕەوانی و دەرونیش مێرمنداڵ گەورەترین هەست کە هەستی سەربەخۆیی یا هەمان استقلال و مستقل بوونە لە تاک‌دا دێتە ڕوو و مێرمنداڵ پێی خۆشە بۆ هەموو کارێک تەنانەت دژوارترین کار کە ئەگەر لە دەستیشی نەیەت بۆ خۆی ئەنجامی بدات و لێرەدا دەبێ بنەماڵە زۆر بە وریایی ڕەفتار بکەن چون شکاندنی مێرمنداڵ بە ووشەگەلێکی وەک ناتوانی، بۆ تۆ نابێت، تۆ منداڵی یا ووشەی دیکە کە مێرمنداڵ تەحقیر کات دەبێتە هۆی ئەوەیکە کە مێرمنداڵ باوەڕبەخۆیی نەبێت و هەست بە بێگانەبوون لەگەڵ خۆی بکات.

ڕاوێژ: گرنگیی ئەو قۆناغە لە ژیان بۆ نموونە بە بەراورد لەگەڵ قۆناغی منداڵیدا چێە؟

ڕەسووڵی: قسەیەک هەیە دەڵێت “گر معمار نهد دیوار کج تا ثریا می ڕود کج”  ئەگەر کۆمەڵگا بە تایبەت بنەماڵە نەتوانێت ئەرکی خۆی لە قۆناغی منداڵیدا بەرانبەر بە منداڵ کە داهاتووی ئەو پێوەندی بە  قۆناغی منداڵی هەیە، بێگومان لە قۆناغی مێرمنداڵیشدا کە بەشێكی زۆری کەسایەتی تاک لەو قۆناغەدا شکڵ دەگرێت؛ ناتوانێت ئەرکی خۆی بە جێ بگەێنێت. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەداخەوە لە کۆمەڵگادا زیاتر عەقڵ و تێگەیشتن بە فیزیک دەزانن نە پەروەردەی دەروونی بۆیە نابی وا فکر بکەینەوە کە مێرمنداڵی گرینگ نیە بەڵکوو دەبێ هەوڵ بدەین زیاتر تەرکیز لە سەر ئەو قۆناغە تەمەنییە بکەین چۆن ئەوە لە دنیای پەروەردەدا وەک جیلی داهاتوو سەیری دەکرێت.

ڕاوێژ: هەر وەکوو دەزانن یەکێک لە گەورەترین کاریگەریەکان لە سەر مێرمنداڵان  یا پەروەردە کردن  بنەماڵەیە، کۆمەڵگا، بە تایبەت قوتابخانە  تا چ ئاستێک دەتوانێ کاریگەری هەبێ؟

ڕەسووڵی: ئێمە دەبێ زیاتر تەرکیز بخەینە سەر قوتابخانە، ئەگەرچی بنەماڵەش نابی بە هیچ جۆرێک لەبیر بکەین، چۆن مێرمنداڵ بەشی زۆری تەمەنی لە قوتابخانە تێپەڕ دەکات کەوایە ئەو شوێنە زیاترین کاریگەریشی هەیە، بەڵام چ  قوتابخانەیەک، ئایا ئەو قوتابخانەیە بەڕاستی شوێنی دەرس کوتنە یا تەزریقی بیر و هزری ئیدئۆلۆژیی تایبەت، شوێنی  ئەسپاردنی ئەرزشەکانە یا بەستەبەندی ئەرزشەکان، شێوەی سوونەتیە یا مۆدێرن ئەوە خۆی هەمو جێگای باسە دەتوانێت زیاتر کاریگەری لە سەر مێرمنداڵ و چارەنووسی دابنێت، بۆیە نابێ لە بیر بکەین کە چوار دیواریەک بە ناوی قوتابخانە کەعبەی موکەڕەمە  و بەهەشتی دنیا نیە.

ڕاوێژ: بە پێی ئەوەی تەمەنی مێرمنداڵی زۆرترین توانایی پەلکێش بوونی بەرەو ئاراستەی خراپ هەیە چۆن دەکرێ ڕێگری بکرێ لەوەی مێرمنداڵ بەو ئاراستەیە هەنگاو نەنێت؟

ڕەسووڵی: مرۆڤ تێکەڵاوێکە لە چاکە و خراپه ناکرێ هەر کەس کارێکی بە دڵی ئێمەی نەکرد بلێین خراپە و بە پێچەوانەش. ئەوەیکە لە تەمەنی هەرزەکاریدا پێش بە بەرەو ئاراستەچوونی مێرمنداڵ بگرین دەبێ یەکەم بنەماڵەکان ئاسانکاری نیسبەت بە مێرمنداڵ و داواکارییەکانی بکەن و پاشان دەبێ سیستەمی پەروەردە و فێرکردن جۆرێک بێت کە نیاز و ئامانجەکانی مێرمنداڵ تا ئاستێکی باش دابین بکات لە غەیری ئەوەدا مێرمنداڵ ژیانی بەرەو ئاقارێکی دیکە دەڕوات.

ڕاوێژ: ئایا پەروەردە لە نێوان مێرمنداڵانی کوڕ و کچ جیاوازی هەیە؟

ڕەسووڵی: پرسیارێکی زۆر جوانە،  بێ شک ئێمە لە ناوچەیەکی جیهاندا دەژین بە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیە بیروباوەڕی ئایینی زۆر پتەو و قایمیان هەیە و زیاتر پەروەردەی ئیسلامیان لە بەر چاوە تا کوو پەروەدەیەکی غەیری دینی و ئازاد، لە لایەکی دیکەشەوە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بەردەوام و بە شێوەیەکی زۆر سەرسووڕهێنەر بەرەو پێش دەڕوات. ڕوانگەی کۆمەڵگا بە کچ ڕوانگەیەکی لاوازە و کچ بە سەرچاوی گووناحی کۆمەڵگا دەزانن و تەنانەت بچووکترین مافی ژن پێشێل دەکریت و لە قوتابخانەکانیش هەندێک دەرس جیا دەکرێنەوە و هەڵاواردن دەگرنە پێش و ئاسانکاری بۆ کوڕ زۆرە و بۆ کچ سەختی هەیە لە لایەکی دیکەشەوە کچ چونکە وەک کوڕ ئازاد نیە هەمیشە بە چاوێکی دڵسۆزانە چاوی لێ دەکەن کە ئەوە خۆی کچ دەشکێنێتەوە و وردی دەکات.

ڕاوێژ: بەڕێزم دەزانم کە باسی پەروەردە کردنی منداڵان باسێکی جیهانیە و تایبەت بە نەتەوە یان وڵاتێک نیە بەڵام تکایە بفەرموون ئاستی پەروەردە لە ئێران دا بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە و تا چ ڕادەیەک درووست یا نادرووستە؟

ڕەسووڵی: ئێمە دەبێ ئەوە لە بیر نەکەین کە کورد خۆی خاوەنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن نیە و تەنیا بە سەریدا سەپاوە، ئەوەش بە داخەوە لە لایەن ڕیژیمێکە کە هیچ باوەڕێکی بە هیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤ نیە و تەنیا وەک ڕواڵەت سیستەمی پەروەردە بەڕیوە دەبات و باقی نەتەوەکانی دیکە وەک خێر یا منت دەباتە قوتابخانەکان و هیچ جیاوازییەکی پەروەردە و نەتەوەیی لەبەر چاو ناگرێت و تەنانەت بارهێنانی منداڵان بۆ ئامانجی خۆی بەکار دێنێت ئەوەش بارهێنانێکی ئیدئۆلۆژی ئایینیە بۆ سیاسەتی چەوتی خۆی.

ڕاوێژ: هەموو دایک و بابەکان دەیانهەوێ منداڵەکانیان ئەو جۆرەی کە باشه پەروەردە بکەن، لە هەمان کاتدا پێویستمان بەوەیە کە مێرمنداڵان نیشتمان پەروەر پەروەردە بکەین، پێشنیازی ئێوە چیە بۆ دایک و بابەکان تا بتوانن منداڵەکانیان وەکوو نەتەوەیەک پەروەردە بکەن، به تایبەت لەو قوناغەدا که قوناغێکی یەکجار تایبەت و ئەستەمە؟

ڕەسووڵی: دەزانی چۆنە دەبێ دایک و باوک باوەڕیان بەوە هەبێت کە بەڕاستی نەتەوەیەکی زوڵم لێکراون و خەباتێک لە ئارادا هەیە و خۆشبەختانەش ئێستا دایک و باوک دەتوانن زۆر بە ئاسانی بیری ئەوە بخەنە ناو فکری منداڵەکانیان کە ئێمە دەبێ وەک نەتەوەیەک ئازاد بژین، دەبێ خۆمان چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین و لە ڕێگای میدیا و دنیای مەجازیدا منداڵەکانیان تێبگەیێنن کە نەتەوەی کورد بوونی هەیە و دەبێ خۆیان خاوەنداریەتی لە خاکی خۆیان بکەن و ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی جیهان خاوەنی ئاڵا و سرود و جوغرافیای تایبەتین و خاکمان داگیر کراوە و دەبێ هەوڵ بدەین بۆ ڕزگاری و خەبات بکەین.

ڕاوێژ:هەروەک پێشوو ئاماژەتان پێ کرد پەروەردە کردنی مێر منداڵانی کچ تا ڕادەیەک لە ڕووی ئێسلامیەوە و لە ژێر گووشار دایە پێشنیازتان بۆ ئەم کێشەیەی کۆمەڵگا چیە و چۆن دەتوانین دایک و بابەکان ئاگادار کەینەوە لە ڕوانگەی دێموکڕاسیەوە کچەکانیان پەروەردە کەن؟

ڕەسووڵی: دەبێ بنەماڵە زۆر بە ڕوونی باسی دین و ئایینی بۆ بکات وەک شتێکی شەخسی نە کەم و نە زۆر، جا پاشان مێرمنداڵ خۆی بڕیار بدات کە ئایا دین بۆ ژیانی خۆی هەڵدەبژێریت یا نەخێر، چوون بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەر ڕاست لە قۆناغی سەرەتاییدا وەک نەریتێک منداڵ ناچار دەکەن نوێژ بکات، قورئان بخوێنێت، ڕۆژوو بگرێت و هتد، لە کاتێکدا کە منداڵ هیچ زانیارییەکی لە دین و ئیمان نیە تەنیا پێی دیکتە دەکەن کە لە داهاتوودا بە جێگای ئەوەیکە بیرەوەریی خۆشی لە دین و ئیمان هەبێت دەبێتە کەسێکی  دژ بە دین و ئیمان، دەبی دایک و باوک بێنە سەر ئەو قەناعەتەی کە نوێژنەکردن و ڕۆژوو نەگرتن کفر نیە و تاوان نیە بەڵکوو شتێکی شەخسییە.

ڕاوێژ: هەر وەک دەزانن هەر لە ڕێگەی میدیاوە بگرە تا مەدرەسە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆمبارانێکی فەلسەفی و ئیدئۆلۆژیکی لە سەر ئەو چینە وەکوو چینەکانی تر هەیە، چۆن دەکرێ لەو نێوەندەدا بیر و هزری درووست و ڕێگای بابڵێین ڕاست نیشانی مێرمنداڵان بدرێ؟

ڕەسووڵی: دەزانی چۆنه کۆمەڵگای ئێمە بە گشتی بیری فەلسەفی و  دینی تا کوو کۆمەڵناسانە و هەموو پرس و کێشەکانی ناو کۆمەڵگا لە ڕوانگەی فەلسەفی چارەسەر دەکەن لە کاتێکدا فەلسەفە زانستێکی تایبەتە بۆ ڕوون کردنەوەی دوونیا، ئێمە دەبێ خۆمان لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە کێشە و گرفتەکان بۆ منداڵەکانمان شی بکەینەوە نەک فەلسەفی و پاشان تا دەتوانین منداڵ لەهەر چەشنە بیرۆکەیەکی ئیدئۆلۆژیانە بە دوور بگرین چوون منداڵ بە بیری ئیدئۆلۆژی کۆیلە بار دێت و ئەسیر.

ڕاوێژ: هەر وەک دەزانین تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەورێکی بەرچاو لە کات پڕ کردنەوەی مێرمنداڵاندا دەبینن، ئێوە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن؟

ڕەسووڵی: ئاشناکردنی منداڵ بە دوونیای مەجازی زۆر باشە و پێویستە بەڵام بۆ پەروردەکردن بێت نەک بۆ خراکردنی مێشکی منداڵێکی پاک و بێگرد، چاو لێبکەن لە هەموو بنەماڵەکان‌دا جۆرکانی تێکنۆلۆژی هەیە بەڵام فەرهەنگی کەڵک وەرگرتن نازانین و منداڵ تەنیا دەزانێت کایە بکات، لە سەر هیچ موبایل، کامپیۆتێر یا هەر کەرەستەیەکی دیکە ئێمە تەنانەت دیکشنێری نابینین کە بۆ ئاگاهی خۆیان کەڵکی لێوەرگرن و وەک شتێک تەنیا کلاسی پێ لێ دەدەن و هێچ دیکە.

ڕاوێژ: دەگوترێ گرووپە جیهادی و تیرۆریستەکان زۆر هەوڵی خۆیان دەخەنە سەر مێرمنداڵان بۆ بەکارهێنانیان، هۆکارەکان چین؟

ڕەسووڵی: مێرمنداڵ وەک نەمامێک وایە چۆنی داهێنی وای لێ دێت، ئەوەیش بە تایبەت چونکە دەتوانێت بیر بکاتەوە باشتر دەتوانی پەروەردەی بکەی، گرووپە جیهادییەکان دەزانن کە کەسێکی تەمەن 18 ساڵ لە باری فکریەوە پرسیار دەکات کە تاک پرسیاری کرد، لە ئەسیری و ژێر دەستەیی دێتەدەر و کەس ناتوانێت بۆ مەبەستی خۆی کەڵکی لێوەرگرێت. بۆیە ئێمە دەبینین کە گروپە جیهادییەکان هەر جنایەتێکی دەیکەن زۆر دەنگ ناداتەوە بەڵام کاتێک بۆ لای منداڵ چوون، دنیا دێتە دەنگ چونکە منداڵێک کە بۆ جیهاد پەروەردە دەکرێت هەر کارێک دەکات، زیاترین هۆکار بۆ لاوازی سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە کە منداڵ ئیمکاناتی خوێندنی بۆ دابین ناکرێت و لە کاتی بێکار بوونیدا بە هۆی هەستی پرسیارکەری زۆر ئاسان دەتوانرێت بۆ مەبەستی خۆت کەڵکی لێوەرگری و هەروەها  خوودی کتاب و دەرسەکانی ناو قوتابخانەش هاندەرن بۆ ئەوەیکە منداڵ بکێشرێتە ناو گرووپە جیهادییەکان.

ڕاوێژ : مادە هۆشبەرەکان لە ڕۆژهەڵات لەم ڕۆژانە یەکێک لە گرینگترین کێشەکانە و زۆربەی تەمەنی تووشبوانیش هەر لەو تەمەنەیە بەو پێیەی سیستماتیک و بە بەرنامە کاری بۆ دەکرێ، ئەرکی بنەماڵە، مەدرەسە و گشت دڵسۆزانی نەوەی داهاتوو لەم بارەوە چیە؟

ڕەسووڵی: ڕێژیمی ئێران گەورەترین هێڵی تڕانزیتی هەموو جۆرە مادە هۆشبەرەکان لە ئاستی ناوچە و تەنات ئورووپاش دایە، داهاتی مادە هۆشبەرەکان بۆ مافیاکانی سپای پاسداران داهاتێکی سەر سووڕهێنەرە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش چونکە لە سنوورەکاندا هەڵکەوتووە بۆیە لەو کاری دزێوەی سپای پاسداران بێبەش نەبووە و مۆرەکانی ئەو ڕێکخراوە نیزامییەش لە ئێران بۆ ئاسانکاری لە کوردستان خەڵکی کورد بە یارمەتیدەری خۆیان دەگرن و تەنانەت بازاڕێکیش دەکەنەوە. دەبێ بنەماڵەکان هەتا تەمەنی 18 ساڵی زۆر بە توندی ئاگاداری منداڵەکانیان بن و سەرقاڵی کاریان بکەن تەنانەت ئەگەر داهاتیشی نەبێت. قوتابخانە ناتوانێت ڕۆڵێکی باش بگێڕێت چونکە باسکردنی ئەو کێشە لە نێو قوتابیان ترس دەخاتە ناو بەدەنەی مافیاکانی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان و لاوان و مێرمنداڵانیش ئاگادار کەینەوە کە مادە هۆشبەرەکان داهاتوویان لە ناو دەبات.

ڕاوێژ: بەڕای ئێوە پێویستە لەو قۆناغەدا منداڵ بە هەستی نەتەوەیی ئاشنا بێ؟ ئایا قۆناغێکی گوونجاوە بۆ ئاشنا کردنی لەگەڵ هەستی نەتەوەیی و ئازارەکانی کورد؟

ڕەسووڵی: بەڵی، هەمووی ئەو کەسانەی لە ئیران دەرسیان خوێندوە دەزانن لە کتابەکان دەرسی وەک میهن ما ایران و پرچم ما و زۆر دەرسی دیکە هەبوون کە منداڵیان بە هەستی نەتەوایەتی ئاشنا دەکرد، بۆیە ئەگەر ئێمەش وا بکەین زۆر باشە چوون ئێستا هەموو منداڵێک دەزانێت کە پێشمەرگە چیە، کوردستان چیە، دووژمن چیە، ئالای کوردستان چیە و زۆر دەبینین کە منداڵیکی کورد وێنەی پێشمەرگەیەک ماچ دەکات ئەوە دەریدەخات کە منداڵ توانای ئەوەی هەیە گەلی خۆی بناسێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت