ڕۆژنامەنووسانی قەڵادزێ، پشتیوانی لە داخوازییەکانی کەبوودوەند دەکەن

0
642

رۆژی کورد؛

دەستەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی قەڵادزێ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پشتیوانیی خۆیان بۆ داواکانی محەمەد سەدیق گیراوی سیاسی كورد، ڕۆژنامەنووس و ھەڵسوڕاوی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی ھەرھەنگاوێکی نامرۆڤانەی کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران دەکەن کە دژبە ماف و خواستەکانی کەبوودوەند و باقی گیراوانی دیکەی سیاسی کورد لەناو گرتووخانەکانی ئێراندا پەیڕەو دەکرێت.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە کە نووسخەیەکی بۆ رۆژی کورد نێردراوە؛

“کەبوودوەندەکانی ناو چاڵەڕەشەکانی ئێران لەبیر ناکەین”

بەدڵ و بەگیان پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی “محەمەد سدیق کەبوودوەند”، گیراوی سیاسی كورد، ڕۆژنامەنووس و ھەڵسوڕاوی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، و ھەروەھا داخوازی ڕەوای سەرجەم گیراوانی سیاسی کورد دەکەین کە ئێستا لەناو چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە بیانووی جۆربەجۆر بەند کراون.

“کەبوودوەند” ماوەی ٩ ساڵە لەناو چاڵەڕەشەکانی ئێراندا بەند کراوە و بە خۆڕاگرییەوە ماوەی بەندکردنەکەی بەڕێدەکات.

بەڵام ھەنووکە دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران، لەھەوڵی ئەوەدان دۆسییەی دیکە لەدژی بکەنەوە بۆئەوەی ماوەی سزاکەی درێژتر بکەنەوە، بەھۆیەشەوە کەبوودوەند ماوەی نزیکەی مانگێکە مانی لەخواردن گرتووە و دۆخی تەندرووستیشی ناجێگیرە.

ئێمە دەستەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی قەڵادزێ، ئیدانەی ھەرھەنگاوێکی نامرۆڤانەی کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران دەکەین کە دژبە ماف و خواستەکانی کەبوودوەند و باقی گیراوانی دیکەی سیاسی کورد لەناو گرتووخانەکانی ئێراندا پەیڕەو بکرێت.

لەونێوەشدا، داوا لەسەرجەم کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ھێز و لایەنە سیاسیەکانی ھەموو بەشەکانی کوردستان دەکەین کە بەدواداچوون بۆ کەیسی کەبوودوەند و تەواوی بەندکراوانی سیاسی کورد لە ئێران بکەن و ڕەفتارە دور لە ئینسانییەکانی ڕژێمی تاران بەرامبەر بە بەندکراوانی سیاسی لەقاوبدەن و ڕایگشتی لێ ئاگادار بکەنەوە.

ھەروەک بە پێویستیشی دەزانین کە ڕووی داوامان بکەینە وڵاتانی زلھێز و بڕیار بەدەستی جیھان کە بەھۆی ڕێکكەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی (۵+۱) ، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و داخوازییەکانی کورد لە ئێراندا فەرامۆش نەکرێت.

ئێمە وای دەبینین کە ھەرچەشنە سەودا و مامەڵەیەکی سیاسی کە لەنێوان ڕژێمی ئێران و وڵاتانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیدا بکرێت، کە بەوھۆیەوە پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران نادیدە بگرێت،بە ھەنگاوێکی دور لە بەھا مرۆییەکانی دەزانین.

بەھەمووشێوەیەک، پشتیوانی لە داخوازییەکانی کەبوودوەند و باقی گیراوانی سیاسی کورد لەناو گرتووخانەکانی ئێراندا دەکەین.

دەستەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی قەڵادزێ

١/ ٦/ ٢٠١٦

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.