رۆژنامەنووسانی یەکیەتی بۆ میدیاکانی ئیتلاعات: “سنوورەکانی سلێمانی و تاران کاڵ بکەینەوە”

0
2023

هاوکات لەگەڵ سەردانی سەرکونسولگەریی ئێران بۆ لای میدیاکانی رووداو، K24 و باسنیوز، ژمارەیەک لە میدیاکارانی سەربە یەکیەتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆران سەردانی میدیاکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئیرانیان لەو وڵاتەدا کردووە و لێدوانی دژبەرانی رژیمی ئێرانیان بە درۆ و بوختان لەقەڵەم داوە.

رۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز ئه‌ندامانی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌وانانی سلێمانی، سەردانی نووسینگەی ماڵپەڕی کوردپرێسی سەربە وەزارەتی ئیتلاعاتیان لە شاری سنە کردووەو چالاکانی کورد لێدوانی رۆژنامەنووسانی سلێمانیان بە مەترسی لەقەڵەم داوە.

ئەو ماڵپەڕەی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات لەو پەیوەندییەدا بڵاوی کردۆتەوە: “ئەندامانی سەنیدکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ران و هه‌واڵنێران و لێژنه‌ی نووسه‌رانی ئاشنا بوون و وێڕای سه‌ردانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م هه‌واڵده‌رییه‌ له‌گه‌ڵ شێوازی کارکردن، ئیمکانات و دۆخی فیزیکیی ئه‌و هه‌واڵده‌رییه‌ ئاشنا بوون“.

هاوکات ماڵپەری زمانحاڵی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری کاروان ئەنوەر سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی سلێمانی و بەرپرسی PUKmediaی زمانحاڵی یەکیەتی، وێڕای داواکارایی کاڵکردنەوەی سنوورەکانی سلێمانی و تاران، خوازیاری پتەوتر کردنی پەیوەندیەیکانی نێوانیان بووە.

ئەو بەرپرسەی ماڵپەڕی فەرمیی یەکیەتیی نیشتمانی رایگەیاندووە: ” له‌ ماوه‌ی ١٠ ڕۆژی سه‌ردانماندا بۆمان ده‌ركه‌وت به‌ پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ خراپه‌كانی راگه‌یاندنه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوایی، ئێران زۆر جیاوازتر و كراوه‌تره‌ له‌ بواری رۆژنامه‌وانی، وڵاتانی رۆژئاوایی چالاكیه‌كانی ئێران پێچه‌وانه‌ی راستییه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌“.

32-23لەو سەردانەدا، نەبەز گۆران – ئەندامی ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەحمەد میرە_ سەرنووسەری گۆڤار و ماڵپەڕی لڤین، کاروان ئەنوەر_ بەرپرسی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سلێمانی و بەرپرسی ماڵپەری یەکیەتیی نیشتمانی و چەندین میدیاکاری یەکیەتی و گۆڕان لەگەڵ رەحیم جەعفەری بەرپرسی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگەی سنە لە ناوەندی کوردپرێسی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات چاوپێکەوتنیان کردووە.

ماڵپەڕی کودرپرێس وەکوو ناوەندی سەرەکیی ماڵپەڕەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات لە کودرستان و بەدژی بزافی فەرهەنگی رۆشنبیری و هەروەها ئەندامانی حیزبەکانی کوردستان لەژێر چاوەدێریی حاجی هادی رۆکن‌ئابادی و خالید کۆلوو خەڵکی پەسوێی پیرانشار و دانیشتووی کرماشاندا چالاکی دەکات.

کوردپرێس بە شێوەیەکی جیدی و چڕ و هاوتەریبی میدیاکانی یەکیەتیی نیشتمان و پارتی کرێکارانی کوردستان، گرینگی بە هەواڵی کوردستانی باشوور، باکوور و رۆژئاوا ئەدات و بە شێوەی هاوتەریب و ئامانجدار، ئەردۆغان و ەوڵەتی تورکیا وەکوو تاقە دوژمنی کورد لەقەڵەم ئەدەن.

هاوکات لە کۆنفرانسی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست، کە هەنووکە ەل شاری سلێمانی و بە تێچووی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە حاڵی بەریوەچووندایە، پرسی کورد و هێزە کوردییەکانی دژبەری رژیمی ئیران لەو کۆنفرانسەدا پەراوێز خران و ئیزنی قسە کردنیان پێ نەدراوە.

سەردانی رۆژنامەنووسانی سەربە دەزگاکانی یەکیەتیی نیشتمانی و هەروەها لێدوانی مەترسیداری ئەو رۆژنامەنووسان لە میدیاکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە، نیگەرانیی لە ئەگەری دەستپێکردنی شەپۆلێکی تیرۆری فەرهەنگیی کوردی رۆژهەڵات لەلایەن میدیاکانی سلێمانیەوە لێکەوتۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژی کورد، سەرکونسوولی ئێران لە رۆژانی رابردوودا وێرای سەردانی کەناڵەکانی رووداو، کودرستان ٢٤ و هەروەها باسنیوز، داوای لەو سێ دەزگایە کردبوو کە سەردانی میدیاییەکانی ئێران بکەن، کە لەگەڵ وڵامی نەرێنی بەرەوڕوو ببویەوە.

سەرکونسولی ئێران کە لەگەڵ کەسێکی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات، سەردانی ئەو ٣ دەزگایەی شاری هەولێریان کردبوو، سەرجەم ژوورەکانی بنکەی سەرەکیی کوردستان ٢٤ و کەناڵی رووداوی چاو لێکردبوو.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژی کورد، سەردانی میدیاکارانی سلێمانی و داواکاریی کونسولی ئێران لە میدیاکانی هەولێر، لە چوارچێوەی پرۆژەی وەزارەتی ئیتلاعات بەناوی “ئاراستە کردنی میدیاکانی هەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندیی کۆماری ئسیلامی”دا بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت