چالاکوانانی سەردەشت و دەورووبەری پشتیوانیی خۆیان لە کەمپەینی “بەڵێ بۆ پەرەپێدانی رێگاوبانی پیرانشار” ڕاگەیاند

0
879

ڕۆژی کورد: بەشێکی بەرچاو لە  چالاکوانان و شارۆمەندانی باژێڕی سەردەشت و دەورووبەری لەڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە کە لە پەیجی سەرەکیی کەمپەینی “بەڵێ بۆ پەرەپێدانی رێگاوبانی پیرانشار” بڵاو بۆتەوە، پشتیوانیی خۆیان لەو کەمپەینە داواکارییەکانی  لەمەڕ نوێژەن کردن و پەرەپێدانی رێگاوبانی سەردەشت و پیرانشار ڕاگەیاندووە.

پێشتریش بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی باژێڕی نەغەدە، پشتیوانیی خۆیان لەو کەمپەینە و داواکارییەکانی ڕاگەیاندبوو و خۆشیان داواکاریی هاوشێوەیان بۆ ڕێگاوبانی نەغەدە، هێنابۆ ئاراوە.

دەقی پشتیوانیی ئەو چالاکوانانە بە شێوەی خوارەوەیە:

له چەند رۆژی رابردوودا، کۆمەڵێک چالاکوانی شاری پیرانشار کەمپەینێکی جەماوەرییان لە سەر نێوی “بەڵێ بۆ پەرەپێدانی رێگاوبانی پیرانشار”، پێکهێناوە و ئامانج لەم کردەوەیە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری رێگا سەرەکیەکانی نێوان پیرانشار و شارەکانی دەورووبەریەتی. رەوشی ئەم جادانە لە حاڵەتی ناستاندارد دایە و پێوەرەکانی رێگای سەرەکی نێوان دوو شاری تێدا بەدی ناکرێ و بەم شێوەیەش وەک دیاردەیەکی مەترسیداری لێهاتووە و بۆتە یەکێ لە هۆیە سەرەکیەکانی پێکدادانی ئۆتمۆبیلەکان و هەر بۆیەش کۆمەڵێک رووداوی هاتووچۆی لێکەوتۆتەوە. لەم نێوانەدا مەخابن دەگوترێ کە تا ئێستا سەدان هاووڵاتی لە پیرانشار و شارەکانی دەورووبەری گیانیان لەدەست داوە و یان بریندار بوون، بە چەشنێک کە ئامارەکان دەریانخست کە لە دوو حەوتووی رابردوو پتر لە 15 کەس کوژراو و بریندار لەم رووداوانەدا هەبوون. بە پێی بەردەوامی ئەم دۆخە، چاوەڕێ دەکرێ خەسارە گیانی و ماڵیەکان وەک پێشوو بەردەوام بن.
لەلایەکی تریشەوە، گەر بڕوانینە رێگاوبانە سەرەکیەکانی سەردەشت، هەر بە شێوازی پیرانشار، رووبەڕووی خەراپی و ناستانداردبوونیان دەبینەوە و لەگەڵ ئەمەش بیرمان دەخاتەوە کە ئەم رەوتە خەراپە (هەروەها لە یاسا لادان و بێ ئیحتیاتی شۆفێرانیش) بۆتە هۆی گەلێک رووداوی هاتووچۆ و جەرگبڕانی کۆمەڵێک بنەماڵە. بۆیە خەساری گیانی و ماڵی لێرەش لە ئاستێکی باڵا دابووە و لایەنی پەیوەندیدار وەک پێویست ئاوڕی لە نۆژەن کردن و پەرەپێدانی ئەم جادانە نەداوەتەوە و هەموو ئەو جادە سەرەکیانە ئێستاش یەک سایدن و نەکراون بە رێگای دووساید. رەوشێکی ئاوا، راستەوخۆ گیانی 120،000 هەزار شارۆمەندی سەردەشت کە بیانهەوێ بەسەر ئەم جادانەدا هاتووچۆ بکەن و تەنانەت خەڵکانێک کە لە دەرەوەڕا بەرەو شار بێن، دەخاتە مەترسی و ئەگەری زۆری قەومانی دووبارەی رووداوی نەخوازراو لەئارا دایە. دیارە بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزشکی، خوێندن، پیشەزای و …، هاتووچۆ بۆ دەرەوەی سەردەشت زۆرە و بەتایبەت کە یەکەمین شاری بۆردمانکراوی کیمیای جیهانە، بەرکەوتووان و بریندارانی چەکی کیمیای بۆ چارەسەری پزشکی، دایم لە هاتووچۆ دان. ئاستی باڵای ئەم رووداوانە، لە بوار دەرووناسیشەوە کاریگەری لەسەر دانیشتوانی سەردەشت هەبووە و ترسی مردن لەم رێگایانەدا بەرۆکی گرتوونەوە و زۆر کاتیش مەرگیان بەم شێوازە لە زەینیان تێپەڕاندووە و تووشی مەرگی سپی بوون و ئەمنییەتی رەوانیان دابەزیەوە.
ئەگەر لە کەرتی ئابورییەوە بڕوانینە سەردەشت، ئاشکرایە کە ئیش و کاری سەر سنوور و دەرگا سنوورەیەکان، پشکێکی زۆری ئەم کەرتەی لەم شارەدا پێک هێناوە و خەڵکانێکی زۆر تێیدا چالاکن. سەردەشت وەک یەکێ لە دەروازە سەرەکیەکانی هەناردە و هاوردە و هێڵی تڕانزێتی ئەژمار دەکرێت و کەلوپەلێکی زۆری پێدا دەپەڕێتەوە، کە وێڕای رۆڵی لە ئیقتسادی گشتی ئەم وڵاتە، هەلی گەشەی ئابوری لە شارەکانی دەوروبەریش رەخساندووە. دەزانین کە لە یەکەمین پێشمەرجەکانی سەرەکی ئەم چالاکییە بازرگانیانە، ژێرخانی رێگاوبانە و بە بێ جادەی لەبار و شیاو، ئەم چالاکیانە پەکیان دەکەوێ، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ ئەم حاڵەتە بە چاو دەبیندرێت. پەرەپێدانی توریسم و گەشتوگوزاریش لە سەردەشت خۆی بە ستاندارد بوونی رێگاکانی دەبەستێتەوە. هەر بۆیەش بە پێی رێگا و بانە سەرەکیەکانی هەنووکەیی سەردەشت، وێڕای زەوت کردنی مافی دانیشتوانی ئەم شارە لە هەبوونی رێگای ستاندارد، ناشتوانین چاوەڕێی گەشە و رەونەقی ئیقتسادی بکەین و تەنانەت گەشە لە بەشەکانی تریش تووشی کێشە دەکات. بانگەشەی بەفەرمی کردنی بازارچەی کێلێش بەبێ ستانداردکردنی ئەم رێگاوبانانە بەرەو پێش ناچێت و دەبێ بەرپرسانی شار ئاگاداری ئەم خاڵە گرینگە بن، ئەگەریش بەم جۆرەی ئێستا ئەم سنوورە بکردرێتە فەرمی، ئەگەری هاتنە پێشی رووداوی هاوشێوەی تانکەرە نەوتییەکانی مەریوان، لەگۆڕێدا دەبێت. هەروەها پێشبینیش دەکەین کە بارودۆخێکی لەم جۆرە، لە رێگا لادانی چالاکییە بازرگانیەکان و تجارەتی رەش بەرفراوان دەکات وەک ئێستا کە بە روونی بەر چاو دەکەوێت. لەگەڵ ئەوەش، هاتووچۆی ماشێنی باری و گواستنەوەی کەلوپەل بۆ هەناردە و هاوردە، مەترسی پێکدادانەکان دەباتە سەرێ و گوێنەدان بەو خاڵانە و کار نەکردن لە پێناویان، گەمە کردن بە ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیەیە.
ئێمە وەک بەشێک لە چالاکوانان و خەڵکی شاری سەردەشت و دەورووبەر، هاودەنگی خۆمان بۆ کەمپەینەکە رادەگەیەنین و پشتگیری دەکەین لە هەموو داوا رەوا و یاساییەکانی کەمپەین و خەڵکی پیرانشار. هەروەها پشتیوانی لە لێدوان و داواکارییەکانی چالاکانی شاری نەغەدەش دەکەین کە پشتگیری کەمپەینی پیرانشاریان کردووە و ئەوانیش بەم جۆرە خوازیاری پەرە پێدانی رێگاوبانی شاری نەغەدە و ناوچەکە بە گشتین. لەگەڵ دەربڕینی هاوخەمیشمان بۆ بنەماڵەی قوربانیانی رووداوی هاتووچۆ، داوا دەکەین ئاوڕ لەم داواکاریانە بدرێتەوە و نۆژەنکردنی رێگاوبانەکانی پیرانشار، نەغەدە، سەردەشت و شارەکانی تر، بە پێی پێوەرە ستانداردەکانی هاتووچۆ بە زووترین کات بەڕێوەبچێ و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئاستی بەڵێنی جێبەجێنەکراو و بابردوو بێنە ئاستی کردەوەی واقعی و جدی، تاکوو چیتر مافی ئەم خەڵکە پێشێل نەکرێت و کارەسات دووپات نەبنەوە. داواکاریەکانمان بۆ نۆژەن کردنی جادەکانی سەردەشت، هەموو مێحوەرە سەرەکیەکانی رێگای ئەم شارە، واتە جادەکانی سەردەشت_مەهاباد، سەردەشت_بانە، سەردەست_بۆکان(لێدانی جادەی نێوانیان بە شێوەی ستاندارد) و سەردەشت_پیرانشار و هەروەها جادەی گوندەکان بۆ ناو شاریش دەگرێتەوە. لە کۆتاییشدا خوازیارین کە لە هەموولایەکڕا، پشتگیری لە کەمپەینەکە بکردرێت. پشتیوانی و یەک دەنگیشامان لەگەڵ کەمپەینی پیرانشار لەم خاڵەی خوارەوە دەردەبڕین و واژۆی پشتگیریمان بۆ کەمپەینەکە دەنێرین:
(بەڵێ بۆ پەرەپێدان و نۆیژەن کرنەوەی رێگای سەرەکی سەردەشت- پیرانشار و بەڵێ بۆ بردنە سەری ئەمنییەت و ئاسایشی هاتووچۆی ئەم جادەیەوە)

لینکی پەیجی کەمپەین لە فەیسبووک

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت