پرسی ژنان لە خۆرهەڵاتی کوردستان/وتووێژی تایبەتیی ڕۆژەڤ لەگەڵ خاتوو کازیوە ئەنامەقی

0
887

خوێنەری خۆشەویست، وتووێژی بەردەستت سمینارێکی تایبەتی ژووری ڕۆژەڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام ــە.

لەم وتووێژەدا کە دووەمین وتووێژی وەرزی یەکەمی چالاکیەکانی ژووری ڕۆژەڤ ــە، پرسی ژنان لە خۆرهەڵاتی کوردستان خراوەتە بەر باس و لێکدانەوە. ڕۆژڤ بۆ ئەم مەبەستە، میوانداریی خاتوو کازیوە ئەنامقی، چالاکی مافی ژنان و وتەبێژی پارتی فێمێنستی کوردستانی کردووە و هەروەها خاتوو ژیلا موستەئجێر، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان، ئەرکی پێشکەشکاریی ئەم دیمانەیە وە ئەستۆ گرت.

دەقی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:

ڕۆژەڤ: خاتوو کازیوە، هەرچەند چالاکێکی سیاسیی و مافی ژنانی ناسراون، بەڵام سەرەتا وەکوو نەریتی ژووری ڕۆژەڤ، خۆتان بە ئێمە و هاوڕێیانی ژوورەکە بناسێنن.

ئەنامەقی: کازیوە ئەنامەقی، خەڵکی مەهاباد، دانیشتووی دانمارک، خوێندکاری ماستەر لە دەروونناسی پەروەردەیی  و وتەبێژی پارتی فێمنیستی کوردستان.

ڕۆژەڤ: بۆ چوونە ناو باسەکەوە دەمەوێ بەم شێوەیە دەست پێبکەم کە گەلۆ ئەوە چییە بەردەوام ئێمە ناچار دەکات کە باسی ژنان بە جیا بکەین و هەوڵمان دەدات بە شێوەیەکی زۆر تایبەتی لەسەر مافی ژنان بدوێین و ڕا و بۆچوونی خاوەنڕاکان وەرگرین.

ئەنامەقی: چونکە کۆمەڵگای ئەمڕۆ بەم دەرئەنجامە گەییشتووە کە بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ،  پێویستە وزەی مرۆیی هاوتەریب بن.  واتە ناکرێ وزەی یەکێک لە ڕەگەزەکانی مرۆیی لەبەر چاو نەگیرێ، جا بۆ ئەمەش پێویستە کە مافی یەکسان بۆ هەر ۳ ڕەگەز دابین بکرێ و لایەنێک پشتگوێ نەخرێ بۆ لایەنێکی دیکە هەر وەک تاکوو ئێستا کە لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا باوە.

ڕۆژەڤ: ئەو هاوتەریبییە تا چەندە لە خۆرهەڵاتی گۆی زەوی بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەتایبەتی و ئێران و کوردستان بەتایبەتیتر بەدی دەکرێت؟

ئەنامەقی: دیارە کە لە ئاستی پێویستدا نییە کە تەنانەت ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانیش هاودەنگ هاوار بۆ یەکسانی مافی ژنان دەکەن.ڕاستە سەرەتایە بەڵام هەنگاوی باش لە ئارادا بۆ گەییشتن بەو ئامانجە.

ڕۆژەڤ: بە گشتی فیمینستی کورد چی دەوێت ؟ داوای ماف لە کێ دەکات؟ لە کاتێکدا کورد مافی ئینسانی پێ نادرێت ئەمە خۆ دەرخستنە یا خەباتە؟

ئەنامەقی: وەک دکتور قاسملو ئاماژەی پێکرد کە دوای سەرکەوتنی کورد ئەمجار ژنان خەباتیان دەست پێدەکا، بۆیە ئێمەی ژنی کورد بەپێوستمان زانی هاوتەریب لەگەڵ چالاکی و خەباتی نەتەوەیی، پرسی نافی یەکسانیش بوروژێنین کە لە کاتی سەربەخۆییدا، ژنانی کوردی بەهێز لە کاروباری چاکسازی وڵات و دەوڵەت دەستیان هەبێ و وزە و پۆتانسیلی پەسیڤ لە کۆمەڵگای وڵاتی نوێدا کەمتر بێ.

ڕۆژەڤ: حاشاهەڵنەگرە کە ژنانی کورد دەچەوسێندرێنەوە و زۆر جار دەکەونە بەر توندوتیژی، هۆکاری ئەو توندوتیژییە چییە ؟ بۆچی سەرەڕای هەبوونی دەیان ڕێکخراوەی ژنان، دۆخی مافی ژنان بەو شێوەیە چاوەڕوان دەکرێت بەرەو باشتربوون نەڕۆییشتووە؟

ئەنامەقی: یەکێک لە فاکتەرەکان نەریتی کۆمەڵگایە پیاو بە باڵادەست دادەنێ لە هەموو لایەنەکنەوە، واتە ئێستاش ژن وەک بەردەست و ژێردەستی پیاو دەناسرێت کە پێویستە بۆ هەموو کار و کردەوەیەک، پیاو بڕیار بەسەر ژندا بدات.

  • ئەم نەریتە پیاومەزنییەش بەهۆی ئایینەوەی چەندبەرابەر پڕڕەنگتر دەبێتەوە و زۆرتر بەستێنێک دەخولقێنێ بۆ توندوتیژی لە لایەن پیاوانەوە ئەگەر بێتوو ژن لەژێر فەرمان دەربچێ، بەڵام سەبارەت بە ڕێکخراوەکان، یەکەم ئەوەی کە یاسای ڕۆژهەڵاتی ناویین زۆرتر لەسەر بنەمای ئایینە کە ئەمەش دەستی رێکخراوەکان زۆر ئاوەڵا ناکا

۲. کۆمەڵگا لۆمەی ڕێکخراوەکان دەکات ئەگەر دژەباو بن،

۳. زۆرینەی رێکخراوەکان لەژێر سەرپەرشتی پیاوانەدان کە ئەوانیش بەهەمان شێوەی کۆمەڵگا بیر دەکەنەوە و ڕای پیاوان بەسەر ژناندا زاڵە

٤. مەرج نییە هەمووی ئەو ژنانە کە بانگەشەی یەکسانی ماف دەکەن، خۆیان لە نەریتە کۆمەڵایەتی و ئایینییە نەرێنییەکان داماڵی بێت واتە تاکوو ئێستاش بەردەوامن لەسەر هزری کۆمەڵگای پیاومەزن، ئەمەش تەنیا بەهۆی خۆبواردنە لە لۆمە و تانەی کۆمەڵایەتی پیاوانە

٥. ترسی ژنان لە سەرکۆنە بوون و گاڵتە پێکردن لە لایەن پیاوانی دیکەوە کە زۆرجار ئەمە فاکتێکی زۆر گرینگە کە دەبێتە هۆی بێدەنگ بوونی ژنان

٦. هەروەها ئیرەیی بردنی ژنان بە یەکدیی کە ئەمەش لە کۆمەڵگا پیاومەزنەکاندا باوە، ئەم جۆرە کۆمەڵگایە وا لە ژن دەکات کە بۆ پەسەندبوونی خۆی، ژنانی دیکە سەرکۆنە بکات بەداخەوە.

ڕۆژەڤ: یەکێک لە هۆکارەکانی دۆخی ئێستای ژنان نەبوونی ڕێکخراوە و ئەنجومەنی ژنانە بەڕای من، ئەویش یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە بەداخەوە پیاوانی ئێمە کە زۆرینەیان دۆکتورا و ئەندامی فەرهەنگی شارەکانن و لە هەموو شتێکی کۆمەڵگا و یاسا و دەسەڵات ڕەخنە ئەگرن و تازە کاتێکیش لەگەڵیان قسە دەکەی دەڵێن ئێمە لایەنگری مافی ژنانین بەڵام ئیجازە نادەن بە کچان و هاوژینەکانی خۆیان بێنە نێو کاری فەرهەنگی و چالاکییەکان و بەتەنیا خۆیان خەریکن یەکەتازەی دەکەن و خۆیان کە کەسانێکی سەرشناس و ناسراون بەڵام بەداخەوە بەداخەوە ، کەس هاوژینەکانیان ناناسن و لە گۆشەی ماڵدا پەراوێز خراون تازە زۆرێکیشیان کە هاوژینەکانیان کەسانێک کراوە بوون و چالاک، زۆربەیان بەجیاوەبوون خەتم بووە، بۆیە من ڕەخنەی ئەسڵیم لە پیاوانی فەرهەنگی و چالاکی کوردستانە. ڕای ئێوە سەبارەت بە ئەم شتە چییە خاتوون؟؟ نەبوونی ڕێکخراوەی داخوازی مافی ژنان تا چەندە کاریگەرین و بەرچاوتەنگی پیاوان لە پێشکەوتنی ژنان و بوون بەلەمپەریان؟؟؟ بەڕاستی تا ئەبێت مجەوزی دانانی ڕێکخراوەی ژنان بەربەستی بۆ دروست  ببێت؟ مێژووی بزووتنەوەی فێمینیسمی ژنانی وڵاتانی تر دەخوێنینۆ دەبینین کە بەردەوام دەسەڵاتێک پشتیوانی ڕێکخراوەکانی ژنان بوون، بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵات پیشتیوانی ڕێکخراوەکان بۆ دروست کردن و  بەرەو پێشەوەچوونیان ناکەن؟ بەبێ پشتیوانی ڕێکخراوێکی سیاسی هیچ ڕێکخراوەیەکی ژنان ناتوانێت سەرکەوتوو بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.

ئەنامەقی: گرفت و لەمپەڕی هەر گەورەی بزوتنەوەی ژنان، پیاوانی بەناو ڕۆشنبیرن کە زۆرجار دەبینین نووکی تیژی پێنووسیان ڕوو لە ژنانە، ئەمەش تەنیا زیان لە ژن نادات بەڵکوو بەگشتی کۆمەڵگا بەرەو داڕمان دەبا.

ئەم بۆشاییەی بوونی ژنان لە چالاکی هاوتەریب لەگەڵ هاوژینەکانیان تەنیا تایبەت بە بەرەی ڕۆشنبیر نییە بەڵکوو بەداخەوە لەناو سیاسییەکانیشدا زەقترە. ڕێکخراوی داکۆکی کردن لە مافی ژنان زۆرن بەڵام وەک ئاماژەم کرد سەربەخۆ و ژنانە نین و زیاتر جێبەجێکاری داخوازی و یاساکانی پیاوانەن وەک لە مافخوازی ژنانە.  هەروەها نەبوونی تۆڕێکی پێوەندی دروست و کارا لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان، دەبێت بە هۆی ڕکابەری و کێبڕکێ لەنێوانیاندا و بەداخەوە دۆزی ژن لەم فوتباڵەدا بزر دەبێ.حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات لە بارێکی قورسدا بەسەر دەبەن، دەکرێ بڵێین ئێستا لە ئاستەنگترین قۆناغی مێژوویی خۆیان دان.

دابڕانە حیزبییەکان و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین و هەروەها پیلانەکانی حکومەتی ئێران کاریگەری زۆر خراپی لەسەر بارودۆخی حیزبەکان داناوە کە بەداخەوە جۆرێک چاوچنۆکی دەسهەڵاتی پەرە پێداوە. جا بۆیە ئێمە وەک پارتێکی فێمنیستی کوردستانی، ڕاستە کە حەز بە هاوکاری هەموو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکەین بەڵام لە هەمان کاتدا خۆمانمان لێیان بێ نیاز کردووە و هەوڵی سەربەخۆیی خۆمان دەدەین. واتە دژایەتییان ناکەین و ئەوانیش دژایەتیمان نەکەن، بۆمان بەسە چونکە هیچ نەبێ لە یەک خاڵدا کۆکین ئەویش بوونی دووژمنێکی هاوبەشی نەتەوەیی.

ڕۆژەڤ: لووتکەی هێرشی فیمینیزمی کوردی ئەحزابی کوردین لە حاڵێکدا ئەحزابی کوردی ڕۆڵی ئەرێنییان بەرانبەر ژنان زیاتر دیارە تا نەرێنی ئەمە سەر لێشێواویە یا هۆکاری تری هەیە؟

ئەنامەقی: ئەمە ڕاستی نییە.پارتی فێمنیستی کوردستان بە کردەوە سەڵماندوویەتی کە دژی نەریتی هەڵەیە لە کۆمەڵگادا، جا حیزبەکانیش بەشێکن لە کۆمەڵگا و هەروەها لە زۆر چالاکی و بواردا هاودەنگیمان لەگەڵ پارتەکانی دیکە دیار و بەرچاوە.

ڕۆژەڤ: تکایه باسی خۆسووتاندنی ژنان له رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، بۆ دەبیت ئاماری خۆسووتاندن له رۆژهەڵات له شارەکانی تری ئیران زۆڕتر بێت؟هۆکاری چیه بەڕای ئێوە خۆیان دەسووتێنن؟

ئەنامەقی: لاوازی کلتورسازی. نەبوونی ئابووری سەربەخۆ. نەبوونی تۆرێکی پشتیوانی ژنان بۆ ژنان. بێ ئاگا بوون لە یاسا و مافەکانی ژنان. گەورەتر بوونی ئاستی پیاومەزنی لە کوردستان بە نیسبەت شارەکانی دیکە. نزم بوونی ئاستی خوێندەواری.

ڕۆژەڤ: وەکوو چالاکێکی مافی ژنان تا چەندە ئاگاداری مێژووی کورد هەن؟ گەلۆ ژنی کورد لە سەرەتاوە وەکوو ئێستا کەوتووەتە بەر شەپۆلی چەوساندنەوە یان وەکوو سەرەتا ژن سالاری بووە ؟ توندوتیژی دژی ژنان و بەگشتی پێشێلکردنی مافی ژن تا چەندە لە کوردستان وەکوو نەریت سەیر دەکردرێت؟! هاتنی ئیسلام تا چەندە کاریگەریی لەسەر پێشێلکاریی مافی ژنان و چەوساندنەوەی ژنان بووە ؟ کاریگەریی ئیسلامی بوونی کۆمەڵگا بەرچاوترە یان نە ئەوە بووەتە نەریت ؟

ئەنامەقی: وەکوو هەر تاکێکی نیشتمانخواز، نەتەوەی خۆمم خۆش دەوێ و بۆ ناسینی زیاتر نەتەوەکەم دیارە بەردەوام مێژووی کۆن و هاوچەرخی کورد دەخوێنمەوە. لە مێژووماندا ژنی ئازا و بوێرمان زۆرتر لە نەتەوەکانی دیکە هەبووە و هەیە کە هاوشان لەگەڵ هەموو خەبات و چاکسازییەکدا هەوڵی  پاراستنی نیشتمان و هەروەها پەرەدانی ئاستی وریایی و هۆشیاری بوون، بەڵام بەداخەوە ژمارەیان ئەوەند زۆر نەبووە کە بتوانن دژی هزرە هێرشبەر و سەرکووتکەرەکان بوەستنەوە، بە هاتنی ئیسلامیش کە ڕوونە، ئەم هێرشانە چەند قات بوونەوە و دزە کردنی یاسای ئاینییەکانیش بۆ ناو دەسهەڵات و کۆمەڵگا ئەم ڕەوتەی توندتر کرد. بەشێوەیەک کە ئێستا وەها ئاوێتەی نەریت کراوە کە پاڵاوتنی ئاسان نییە. دەکرێ بەڵام پێویستی بە وزەیەکی گشتی و بەردەوامە.

ڕۆژەڤ: مەبەستی من لە ڕێکخراوە لە ناوخۆی وڵات بوو، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە ڕێکخراوێکمان ببێت و بیەوێت بۆ ڕووداوێک ڕێپێوانێک ڕێک بخات لە وڵاتانی دیکە و مێژووی بزووتنەوە فێمینیستییەکان بەردەوام کەسانێک بوون لە مەجلیسی نوێنەرانی خەڵک و پارتە سیاسییەکان پشتیوانیان کردوون، بە بڕوای ئێوە همچنین شتێک لێرە ئیمکانپەزیرە؟ بێگومان ئەگەر پشتیوانییەکی قەوی ببێت ، جورئەت بۆ کارکردنیش زۆرتر دەبێت.

ئەنامەقی: ئەگەر مەبەست پارلمانی ئێران بێ، بەداخەوە ئەوەندە دێمۆکراتیک نییە کە پاڵپشتی بزوتنەوەیەکی ژنانە بێ چونکە پەرڵمان لەسەر بنەمای ئایینە و ئایینیش بۆ پیاوانە.  تەنانەت من وەک خۆم هیوام بە ڕێفۆرمخوازەکانیش نییە چونکە دەبێ لە فیلتێری دەولەتێک رەت بن کە بڕوای بە مافی مرۆڤ نییە و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ژن نیوەی مرۆڤە.

ڕۆژەڤ: وەکوو پارتی فمینیستی کوردستان پەیوەندیتان  لەگەڵ رێکخراوەکانی تری تایبەت بە ژنان چۆنە و لە چ ئاستێکدا پیان خۆشە هاوکار و هاو فکر بن بۆ زیاتر کارکردن لەسەر دۆخی ژنان لە روژهەڵات بە تایبەتی؟ ئایا پەیوەندی کاری و فکریان هەیە لەگەڵ رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات؟

ئەنامەقی: لە ڕاستیدا ئێمە پارتێکی نوێین کە بەرەورووی کۆمەڵگایەکین کە پڕە لە گرفت. زیاتر فۆکووسمان لەسەر چالاکی کۆمەڵایەتییە و هاوکاتیش لە پلانی کاریماندا هەیە کە پەرە بە پێوەندییەکانمان بدەین لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە.

ڕۆژەڤ: خاتوو کازیوە، تا چەندە باس کردن لە مافی ژنان لە حیزبەکان و مافی بەرابەری و …هتد وەکوو دروشم دەبینن ؟! بەکردەوەیی بوونی ئەو دروشمانە لە حیزبەکاندا تا  چەندە جێگای دڵخۆشین بۆ ئێوە و ئاسۆیەکی ڕوون وێنا دەکات ؟

ئەنامەقی: تەنانەت ئەگەر دروشمیش بن، هەر جێگای دەسخۆشین چونکە بەشێوەیەک ئەوانیش مژاری ژن بەرجەستە دەکەنەوە و دەتوانین بڵێین بەشێک لە ئاگایی ئەمڕۆی ژنان هەر بەیارمەتی ئەم درووشمانە هاتووەتە ئارا. بۆ ئێمە وەک پارتی فێمنیستی کورستان، دەستەبەربوونی یەکسانی ئامانجە جا لە هەر پارت و لەژێر ناوی هەر ئایدیۆلۆژیایەک بێ.هەوڵی ئێمە تواناسازی ژنانە نەک دژایەتی کۆمەڵگا یان حیزب یان پیاو.

ڕۆژەڤ: وەکو دەستپێک دەموەێ ئەوە بپرسم ئەساسی کاری هەر مەجموعە رێکخراوێک کە کار بۆ رزگاری کۆمەلگایەک دەکات،سەرەتا زانیاری ورد بەخشین بەو کۆمەلگایە،دواتر بەپێی پلانی خۆیان هەول بۆ ئامانجی خۆیان دەدەن.ئایا ژنانی رۆژهەڵات ئەو جۆرە کە پێویستە دەسترسیان بە زانیاری تایبەت بە خۆیان هەیە کە بگەن بەو قەناعەتە کە کاتیەتی لە بن دەستی بێنە دەر؟ یان ئەگەر زانیاریەکان هێشتا بەرادەی پێویست نین،کەی ئەو کاتە دێ؟

ئەنامەقی: پرسیارەکە هەندێک ناڕوونە. ئایا مەبەست ژنانی ڕێکخراوەکانە؟ کام ڕێکخراو؟ یان خود مەبەست بەگشتی ژنانی ڕۆژهەڵاتیە؟

ڕۆژەڤ: نە ژنانی رۆژهەڵات مەبەستمە،رێکخراوەکان وەکو ئەو ئەرکە کە هەیانە وەزیفەیانە زانیاری کۆمەڵگا بەرنە سەر، ئایا لەو ئەرکەدا موەفەق بوونە تا ئیستا؟

ئەنامەقی: ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگاداری ئەوە هەن کە مافیان لێ زەوت کراوە بەڵام بەداخەوە تووشی چەشنێک ئاڵۆزی بوون و هەندێکیان نازانن کە چ جۆرە مافێکیان دەوێ. ئەمەش وا دەکا کە دوو ڕوانگە دێتە ئاراوە:

۱. ژنانی دژ بە فێمنیسم: چونکە لە مانای فێمنیسم و ماف تێناگەن و بەچەشنێک بەرهەڵدایی دەیناسن، هەر بۆیە بۆ خۆ بواردن لە لۆمەی کۆمەڵگا هاوار دەکەن کە من فێمنیست نیم.

۲. ژنانی فێمنیست: کە ژمارەیەکی کەمیان لە فێمنیسمی ڕاستەقینە تێگەییشتوون و هەوڵ بۆ یەکسانی دەدەن بەڵام لە بەرامبەر ئەم دەستەدا دەستەیەکی دیکە هەن کە بەناو فێمنیستن بەڵام بە کردەوە و گوتار ڕەوتی فێمنیسم چەواشە دەکەن. کە ئەم دەستە لە دژە فێمنیسمەکان مەترسیدارترن.

ڕێکخراوەکانی ژنانیش زیاتر لەم دوو بەرە پێک هاتوون و دەکرێ بڵەین بۆخۆیان پێویستیان بە وەرگرتنی زانیاری زیاتر و پتەوتر هەیە لەسەر فێمنیسم. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، رۆژهەڵاتی کوردستان بەستێنی لەبارترە بۆ گەییشتن بە یەکسانی کۆمەڵایەتی

ڕۆژەڤ: پێتان وایە پیاوان رۆڵێکی بەرچاو(راستەوخۆ یا نارراستەوخۆ) لە پشت ئەم دەستەوە دەگێرن؟

ئەنامەقی: بۆ ئەم دەستە، بەڕای من بێ ئاگایی خودی ژنانە سەبارەت بە مافەکان. هەڵبەت ئەم بێ ئاگاییە ناڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە سەر پەروەردەی کۆمەڵایەتی کە ئەویش بەهۆی ئایینەوەیە. بەڵام بۆ دەستەی یەکەم ڕاستەوخۆ پیاوان ڕۆڵ دەگێڕن.

ڕۆژەڤ: لە گەڵ تەزریقی زانیاری بە ژنان بۆ هاتنە دەرەوە لە ژێردەستی  وسەربەخۆ بوون،من پێم وایە هاوکات دەبێ مەهارەتیش ببنین،بەراستی ئێمە لە تێئۆری ماندووین،هەوڵی چالاکانی ژنان  لەم بوارەدا لە چ ئاستێکدا دەبینن؟

ئەنامەقی: تێئۆرییەکان باشن بەڵام لەگەڵ ڕاستی کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر گونجاو نین هەربۆیە پێویستە فەلسەفەیەکی نوێ داڕێژرێتەوە بۆ ئەم مەبەستە.  ئەم فەلسەفەش تەنیا لە ڕێگەی پەروەردەی کۆمەڵگاوە دەکرێ.بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ژنان زیاتر لە یەکدی و هزری یەکدی نزیک ببنەوە، مەبەست ئەوە نییە کە هزری یەکدی قەبول بکەن بەڵکوو ناسین و  قەبولی هزر و بیروڕای یەکدی زیاتر ئامانجە، خاتوونەکان پێویستە بە دڵێکی فراوانترەوە لەگەڵ یەکتر هەنگاو بنێن بۆ چوونە پێش.

ڕۆژەڤ: ئه رکی ئه نجومه نیک فێمنستی چییه بۆتێگە یاندن ژنانی دژبه فێمنیسم، دووخە ڵک چە کارێک له م بواره ئه توانێ کات،وە رێگە حە ڵی ئێوە بۆ ئه م دە ستە له ژنان چییە ، به عه نوان وتە بێژی ئه نجومه نی فێمنستی کوردستان؟

ئەنامەقی: ئێمە وەک پارتی فێمنیستی کوردستان، بە مەبەستی بەخشینی بەرچاوڕوونی زیاتر لەسەر چەمک و ئەرکی فێمنیست،ئەم ناوەمان هەڵبژارد. پێمان وایە کە کردەوە، گوتار و چالاکی ئێمەی فێمنیستی کورد دەتوانێ تیشک بخاتە سەر لایەنی نەرێنی ڕەنگدانەوەی چەمکەکە. بۆ سڕینەوەی ئەم ڕوانگە نەرێنییە تەنیا پێویستە بە هەنگاوی بەردەوام و تاقەت و سەبر هەوڵی ناساندنی فێمنیسم بدرێ و خەڵک زۆرتر ئاگادار بکرێنەوە لەسەر خواستی فێمنیسم.

ڕۆژەڤ: بڕواتان وانييە کە ژن خۆی بەشێک بێت لە هۆکاری ژێر دەستە بوون بۆ نمونە لە دەری و لە ناو کايە سياسيەکاندا ژن پاڵپشتی ژن نييە…لە نێو ڕێکخراوەکان و هەتا لە نێو کۆمەڵگاش هەميشە پياو بەڕابەر دەزانن تەنانەت لە پڕۆسەی هاوژينی دا هەموو خاوەنداريەتی بۆ پياو دەگێرنەوە و ئەوەش دەبێتە جۆرێک نرخ دانان لەسەر هەبوونی ژن و بەماڵی کردنی پياوەکە…لە هەمان کاتتدا هەر ژنە ئامادەی هەيە ببێتە شەريکی ژيانی ژنێکی دی… ئايا رێکخراوەکان چيان کردووە تا لەو بارەيەوە ژنان وشيارتر بکەنەوە؟

ئەنامەقی: ئەم پرسیارە پارادۆکسی زۆرە ئەو بەڕێزە دەتوانێ ڕوونتر پرسیارەکەی بخاتە روو؟

ڕۆژەڤ: خاتوو کازیوە  ئەگەر جەنابتان وەکو خۆتان و ئەو جۆرە کە لە کێشەکانی ژنان ئاگادارن،بتانهەوێ کێشەکان پلە بەندی و ئەولەویەت بەندی بکەن،چۆن ئەو پلە بەندیە دەکەن و دەلیلتان چیە؟ کام کێشە لە سەرەتاوە دادەنێن و …

ئەنامەقی: توندوتیژی خێزانی، بەڕای من توندوتیژی خێزانی گەورەترین کێشەی ژنانە،چونکە هۆکار و بنەمایە بۆ زۆربەی کێشەکانی دیکە. دوای ئەویش یاسایە کە هاوتەریب لەگەڵ نۆرمی کۆمەڵایەتی کێشەی زیاتر بەسەر ژناندا دەسەپێنێ

ڕۆژەڤ: رۆلی میدیا بۆ هیچ کەس لە گەیاندنی زانیاری و دروست کردنی پرسیار و هەیەجان و بەرپەرچدانەوەی روداوەکان لای موخاتەب،شاراوە نیە،بۆ لەگەڵ ئەوەیکە ژنان زۆرترین کێشەیان هەیە لە کۆمەڵگای کوردی دا هەنووکە میدیایەکی تایبەت روماڵی پرسەکانی ژنان ناکات تا لانی کەم ئازارەکان ببن بە دیاردە و زوتر بەرەو چارەسەری بچن.؟

ئەنامەقی: لەڕاستیدا میدیا ئێستا تەرخان کراوە بۆ پرسی ژنان و قسەی بریقەداریش زۆر دەکرێ سەبارەت بە مژاری ژن بەڵام  کێشەکە ئەوەیە هەر ئەو کەسەی دێت و باسی مافی ژن دەکا ئەگەر پیاو بێ ئەوە خۆی مافی ژنە و خوشکی خۆی پێشێل کردووە و دەیکا و ئەگەریش ژن بێ ئەوا بۆخۆی لە خراپترین دۆخدا ژیان بەسەر دەبا و قسەکانی لە کردەوە دوورن. ئەو دەستەش کە بەڕاستی ئێمانیان بە بوونی ئەم گرفتە هەیە خۆیان پەراوێز دەخەن چونکە زۆرجار ماندوو دەبن، کەم نین ئەو ڕۆژنامەنووس و رۆشنبیرە پیاوانە کە قەڵەمیان بۆ پاڵپشتی کردن بەکار دێنن لە پرۆسەی مافی ژنان بەڵام لەناکاو دەبن بە دووژمنی مژارەکە و زیانیان لە قازانجیان پترە.لە سەرووی هەمووی ئەوانەوە دەکرێ ئاماژە بەوە بکەین کە میدیاکان لەدەست پیاوان دایە و هزری پیاوانە بەڕێوەی دەبا.

ڕۆژەڤ: بۆچی ژن لە سياسەت دا پشتيوانی يەک نين؟ لەنێو کۆمەڵگاو بە حادەتی کلتوری و دين نرخ لەسەر ژن دانراوە بە ئالتوون و ماڵ.. ئەوە جۆريک نييە لە کۆيلە بوونی ژنان کە هەموو قورساييەک لەو بارە دەخەنەوە سەر شانی پيان بۆچی ژنان ئامادەن ببنە شەريکی ژيانی ژنێکی تر هەتا کە لاينی دينيشی بەهێز نەبێت و ئەو نمونانەش هەن بەشێک لە کێشەکانی ژيانی ژنان خۆشيانن ئايە پێتان وانييە کە ئەوانەش کێشەبن کە کێشەن چی کراوە بۆ وشيارکردنەوەی ژن.خاتوو کازیوە لەو چەشنە پرسیارە کە تایبەتە بە فرە ژنی ،،پرسیاری زۆر هاتوون بەشێوەگەلی جۆراو جۆر،سەرتۆپی هەموشیان ئەوەیەکە ئێوە چیتان کردووە بۆ لەناو بردنی فرە ژنی لە کۆمەڵگای خۆمان؟یانی رۆژهەڵات

ئەنامەقی: لە سیاسەتدا پیاوانیش پشتیوانی یەکدی نین، چونکە سیاسەت واتە گۆڕەبانی ململانێی هێز و دەسهەڵات. بەپێی تیۆری داروین، بەهێزترینەکان دەمێننەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم نرخ دانانە لە ئایینەوە وەرگیراوە و مارەیی ژن دەکا بە کۆیلەیەکی سێکسی، هەروەها فرەژنیش هەر دین ڕێگەی پێداوە و ئەو ژنەی کە ئامادەیە مێرد بە پیاوێکی ژندار بکات بەقەد ئەو پیاوە بێ مێشک و نەزانە و لەوانیش نەزانتر ژنێکە کە ئامادەیە هەوێساری قەبوڵ بکات. جا بۆیە ئەم جورە ڕەخنانە زیاتر ڕووی لە ئایینە وەک لە ژن. هەروەها ئێستا دیاردەی فرەژنی ڕوو لە کزبوونە کە ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆشنگەرییەکانی ڕێکخراوەکان و ئەمانە پێمان دەڵێن کە هەوڵەکانمان هەرچەند بچووک بەڵام کاریگەرن.

ڕۆژەڤ: لە دوای بریاری کۆنگرەی یەکەم تان کە تەنها ژنا دەتوانن ئەندامی پارتی فێمینیست بن،بریارتان بۆ وەرگرنی پیاوان وەکو ئەندام نەداوە؟

ئەنامەقی: وەک سیاسەتی پارتی فێمنیستی کوردستان، جارێ بەردەوام دەبین لەسەر تەنیا وەرگرتنی ئەندامی ژن، چونکە پێویستە کۆمەڵگا بەو ئاستە لە متمانە بە هێز و توانستی ژنان بگات کە بتوانێ ڕوانگەی نەرێنی لەسەر خودڕێبەری ژنان بسڕێتەوە.

ڕۆژەڤ: پارتی فێمێنیستی کوردستان وەکوو رێکخراوەکانی تری ژنان،ئەندامی لە نێو خۆی کوردستان هەیە؟شێوەی کارکردنیان چۆنە؟کاری تەشکیلاتی،یارمەتی ئابوووری

ئەنامەقی: بەڵێ لەناوخۆی وڵات ئەنداممان هەیە، کە کارەکان زیاتر فۆکوس دەکەنە سەر چالاکی مەدەنی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی

لایەنی ئابووری هەر بەسەر ئابوونەی ساڵانەوە تامین دەبێ کە ئەندامانی دەرەوەی وڵات دایدەنێن.

ڕۆژەڤ: رۆانگەتان لەسەر هەبوونی کۆنەپەرەستی ئێدەئالیستی ئیسلامی نێو وڵاتەکەمان کە هەموو کێشەکانی بییرو رایی فێمنیستی لەوێ سەر هەڵدەدات چیە بە رائی جەنابتان ڕێکخستن بۆ زانیاری پیاوان و هەندێ کەم لە ژنان بۆ ڕووخاندنی کونەپەرەستی گڕنگتر نیە جەنابتان باش ئەزانن تا کۆنەپەرستی نەڕۆخێ هیچێک سەبارەت بە چالاکی فێمنیستی بەدەست ناکەوێ.

ئەنامەقی: ناوەڕۆکی ئایین بۆ خەڵک ڕوون بۆتەوە. یەکەم زەبر بۆ ئایین بەدەستی داروین، دووهەمیان بەدەستی فرۆید و ئێستاش خودی ئایین لە ڕیشەی ئایین دراوە. ئێستا ئایین خەریکە پێناسەی خۆی دەکا و ئەمەش پەلەقاژەی مان و نەمانە.  ئاینییەکان خەریکن وردەوردە بەتەمای حۆری، دونیا لە بوونی خۆیان پاک دەکەنەوە جا بۆیە وەک جاران جێگەی نیگەرانی نین، بەدڵخۆشییەوە گەنجی سەردەمیش وریان و بەکۆنەنەپەرستییەوە سەرقاڵ نین.ئەو ژمارەش کە هەن یان بەرژەوەنییان لەگەڵ ئایینە یان ئەوەی کە لە قۆناغی گوزار دان و تێدەپەڕێ

ڕۆژەڤ: زۆر سپاس خاتوو کازیوەی ئازیز بەراستی ماندوو بون،دەستان خۆي بێتمکات تەواوە و پرسیار زۆر ماوە،ئەگەر شتێکی گرینگ هەیە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەن فەرموون

ئەنامەقی: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەتان و دەرفەتی گونجاو، تاکە تکام ئەوەیە کە خوێندنەوەی ئامانجداریان هەبێ و بۆخۆیان ڕاستییەکان بدۆزنەوە، چونکە دۆزینەوەی ڕاستی تاک بوێر دەکات بۆ گەییشتن بە سەربەستی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت