20 نوێنەری سوننە مەزهەبی ئێران، داوای لێپرسینەوە لە مێهران مودیری دەکەن+لێدوان

0
950

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیسنا، 20 نوێنەری سوننە مەزهەبی پارلمانی ئێران داوای لێپرسینەوەی تووند لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی بەرنامەی “دورهەمی” دەکەن کە بەرهەمی نوێی “مێهران مودیری”یە و عەلی موتەهەری، جێگری سەرۆکی پارلمانیش داوای لە دەنگ و ڕەنگی ئێران کردووە، داوای لێبووردن بکات.

محەممەد قەسیم عوسمانی، نوێنەری بۆکان، وەک یەکێک لەو ٢٠ نوێنەرە سوننە مەزهەبە، ڕۆژی یەکشەممە 24ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی لە سەحنی ئاشکرای مەجلیس گوتی: “پێشکەشکاری هونەرمەند”ـی بەرنامەیەکی پڕبینەری کاناڵی سێی تەلەفیزیۆنی ئێران، بێ ڕێزی بە کەسایەتییە خۆشەویستەکانی سوننەکان کردووە و گوتیش دەبێ دەنگ و ڕەنگی ئێران بە زووترین کات لەمبارەوە داوای لێبووردن بکات و بەو پێیە یەکگرتوویی ناوەڕۆک و واتایی نێوان شیعە و سوننە لە ئێران وەک هەمیشە بەهێز بێت.”

ئەو سکاڵایەی نوێنەرانی سوننە مەزهەبی پارلمانی ئێران بۆ ئەوەیە کە لە بەرنامەی “دورهمی” یەکێک لە ئەکتەرەکان (نیار بە کوردی) لە وڵامی پرسیارێکدا دەڵێ: “تەلحە و زوبەیر کە خوا لەعنەتیان لێ بکات، فڕۆکەیان بەرهەم هێناوە”.

 هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

هەڵمەت مەعرووفی چالاکی سیاسیی کورد لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “لێرەدا دەکرێ دوو باسی جیا بکەین و باسەکە دابەش بکەین. یەکەم: مێهران مودیری پێشتریش ڕێک لەو بەرنامەیەدا بێ ڕێزی بە کوردەکان و بە هەولێری پێتەختی کوردستان کردبوو و بە دواکەوتووی لە قەڵەم دابوو، بەڵام ئەو کات، جەنابی قەسیم عوسمانیکە وەک نوێنەری بۆکان کە باژێڕێکی کوردستانیە هەڵبژێردراوە نەک وەک نوێنەری سوننەکان، هیچ دەنگی نەبوو و سکاڵای نەکرد، بەڵام ئێستا خۆی وەک نوێنەرێکی سوننە بەرجەستە دەکاتەوە و بۆ بێ ڕێزی کران بە تەلحە و زوبەیر کە لەوانەیە لە ناو شارۆمەندانی باژێڕی بۆکاندا، دڵ ئێشیەکی ساز نەکردبێ و کێشەی ئەوان نەبێ، هاوار دەکا و داوا دەکان دەنگ و ڕەنگی ئێران داوای لێبوردن بکات. پرسی دووهەم ئەوەیە کە تا ئێستا دەیان جار لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێراندا هەر لە خومەینی و خامنەییەوە بگرە تا سەرۆکی مەجلیس و لەولاتریشەوە لە ناو فیلمەکان و بەتایبەتی ئەو فیلمانەی کە باس لە مێژووی ئیسلام دەکەن، وشەی تەلحە و زوبەیر بە واتای خائین و خۆفرۆش و کافر و مولحید و دەیان وشە بە باری واتایی نەرێنیی تر بەکار هاتووە، چۆنە ئەو کات نوێنەرە سوننەکان و بەتایبەتی نوێنەرە کوردە سوننەکان، دەنگیان نەبوو و مەحکوومیان نەدەکرد؟”.

مەعرووفی هەروەها ئاوڕی لە لەسێدارەدانی گەنجانی کوردی سوننە مەزهەب لەو دواییانە داوە و گوتی: “هەر لەو مانگەدا و لەو دواییانەدا، ٢٢ گەنجی کوردی سوننە مەزهەب بەتاوانی سوننی بوون و دژبەریی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دران، پرسیاری من ئەوەیە کە چۆنە ئەو کات ئەو نوێنەرە سوننانە و بەتایبەتی جەنابی عوسمانی و هاوڕێکانی و یارانی ئەشكەوتی، هیچ لە خەمی یەکگرتوویی سوننە و شیعە و قڕانی سوننە لە ئێرندا نەبوو؟. ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە ئەوەیە کە ئەو زەق کردنەوەی سوننە و شیعە و نێشاندانی نوێنەری کورد بە نوێنەری شیعە دەتوانێ پیلانێکی خودی ڕژیم بێ بۆ ئەوەی کە زیاتر پرسی کورد لە ژێر ئایین و ئایینزادا بشارێتەوە و کێشەی نەتەوەیی کورد بە کێشەی ئایینی نیشان بدات و جەنابی عوسمانییەکان کە ئەندامانی چالاکی سپای پاسدارانن، بەڕێوەبەری ئەو پیلانەن و باش یاری دەکەن،  بۆیەش دەبێ هەر هەموومان زیاتر وشیا بین و نەهێڵین پرسی کورد بە ناوی پرسی ئایینی و لە ژێر ئەو پرسە نامۆیەدا، قوڕەسواغ بکرێت”.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە هەروەها ئاوڕی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو دواییانەی ئێران داوە و گازندەی لەو کەس و لایەنانە گرت کە لە ژێر درووشمی بریقەدار و ئیسلاح تەڵەبیدا چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆ خەڵکیان بەرەو هەڵبژاردن هاندا و گوتی: “لێرەدایە دەبێ ئەو کەس و لایەنانەی کە بانگەشەیان بۆ هەڵبژاردن و چارەسەریی پرسی کورد لە پارلمانی ئێرندا دەکرد، ئاوڕێکی جیددی لە خۆیان بدەنەوە و بەڕاستی ئەگەر ئەوە تەنیا هەڵەیەکی تاکتیکیی ئەوان بووە، داوای لێبووردن بە هۆی ئەو هەڵە سیاسییە لە کوردستان بکەن، هەڵبەت بەو مەرجە کە هەڵەکە نەخوازراو بووبێت و هەڵەی لێکدانەوەی سیاسی بووبێت. تەنیا ٦ مانگ لە هەڵبژاردنەکان لایداوە و باش دەردەکەوێ کە دەنگدان هەڵەیەکی سیاسییە کە ناکرێ کورد لە ئێران دڵی پێ ببەستێ و حیسابی لەسەر بکات، پارلمانی ئێران و چارەی کێشەی کورد وەک خوا و ئەهریمەن لێک دوورن”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.