PKKكوردستانی سووری بە چوار ملیۆن دۆلار فرۆشت

0
3181

وەرگێڕ لە کرمانجی بۆ سۆرانی: هه‌ڵمەت مەعرووفی

پێشەکی

 هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ئەو بابەتە کە دیمانەیەکی ڕووداوە لەگەڵ بەریز وەکیل مستەفایۆڤ، ئەنجام دراوە، من بابەتەکەم لە ماڵپەری

ئاوێستا وەرگرتووە کە ئەویش لە ڕووداوی وەرگرتبوو، ئەو بابەتە پێشتر لە ماڵپەڕێکی تر بڵاو بۆتەوە کە وەرگێڕی بابەتەکە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕەکە بوو بەڵام مخابن بە هۆی نەبوونی بیر و ڕای ئازاد و چەق بەستوویی حیزبی بەڕیوەبەری سەرەکی، ئەو بابەتانە سڕاونەوە و ئێستا لە ڕۆژی کورد دادەندرێنەوە.

پ ک ک کوردستانی سووری بە چوار میلیۆن دۆلار فرۆشت

ساتەکانی کۆتایی ژیانی خۆیدا هەر بە خەیاڵ و بیری دامەزراندنەوەی جارێکی تری کوردستانی سوور، تێپەڕ دەکات. ئەو کوردستانەی کە لە ٢٥ی گوڵانی ساڵی ١٩٢٣  دامەزرا و لە ١٨ی تەباخی ساڵی ١٩٣٠، کۆتایی پێهات، ناوەندی ئەو کۆمارە شاری لاچین بوو. بە هۆی گوشاری سەرۆک کۆماری یەکەمی تورکیە واتا مستەفا کەماڵ ئاتاتورک و پەیمانی نەهێنی نێوان ناوبراو و ستالین و باقرۆڤ، ژیانی کوردستانی سوور کۆتایی پێهات.

سەرۆکی پێشووی تەڤگەری ئازادیی کوردستانی قەفقاز، وەکیل مستەفەوەی، لە ساڵی ١٩٩٢، لە سەر داواکاری ڕوسیا و ئەسمەنستانێ، سەر لە نوێ کوردستانی سووری دامەزراندەوە، بەڵام تەمەنی ئەو کۆماری یەکجار کورت بوو، وەکیل مستەفا لەمەڕ هۆکاری تێکچوونی ئەو کۆمارەدا دەلیت: “کوردەکان پشتیوانی ئەو کۆمارەیان نەکرد.” بەڵام ئەو ‌هێشتاش خەون بە کوردستانی سوورەوە دەبینێت و دەڵێت: “هەزار و پێنسەد ساڵی تریشی بەسەردا تێپەڕ بێت، کوردستانی سوور هەر دادەمەزرێتەوە”.

رووداو: بزوتنەوەی ئازادیی کوردستانی قەفقاز، کەنگێ دامەزرا و ئارمانجی ئەو بزوتنەوەیە چ بوو؟

وەکیل مستەفایۆڤ: بزوتنەوەی ئازادی کوردستانی قەفقاز کە ئارمانجەکەی بریتی بوو لە دامەزراندنی کوردستانی قەفقاز، یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە ٩/٦/١٩٩٢ دا گرت. لەو کۆنگرەیەدا من وەک سەرۆک هەڵبژێردرام و پرۆفیسۆری مێژوو، شەریف عەشیری وەک جێگری یەکەم و نووسەر و لێکۆڵەر عەلی خانێ مەمۆ کە لە پارلمانی ئەرمەنستانیشدا کاری دەکرد، وەک جێگری دووەم هەڵبژێردراین.

  • بۆچی کوردەکان دژایەتی ڕووسیای قەیسەریان دەکرد؟

بەڵێ، کورد ببونە دوژمنی ڕووسیای قەیسەری. ئەوەش لە دوای ئەوە بوو کە نیکۆلای یەکەم لە ساڵی ١٩٢٨دا فەرمانیدا کە کوردە مسوڵمانەکانی ئەو دەڤەرە قڕ بکردرێن و ئەرمەنی و یونانی و ئاشوری و نەتەوەکانی دی دۆستی ئێمە لە شوێنی ئێمە نیشتەجی بکردرێن. لەبەر ئەوەی کە کوردستانی قەفقازیا بۆ ڕووسیا شوێنێکی ستراتژیک بوو و دەیانتوانی لەوێڕا هێڕش ببەنە سەر ئێران و عوسمانیەکان. هەر بۆیەش زۆرترین هێڕشەکانی ئێمەیان قڕ و تاڵان کرد. ئەو دوژمنایەتییە هەتا ئەوڕۆکەش هەر بەردەوامە، ئەوان تا ئێستاکەش، بڕوایان بە کوردەکان نییە. ئەو ئەرمەنی، یونانی و ئاشوریانەی کە هێنابوویاننە قەفقازیا نەیانتوانیبوو لەو شوێنە (کوردستانی قەفقازیا) درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن. چونکە ئەو شوێنە شوێنێکی شاخاویە، هەر بۆیەش ڕووس ناچار بوون کە تورکەکانی ئێران کە ئیستا بە “ئازەری” ناویان لێ دەبردرێت، لەو دەڤەرە نیشتەجی کران. تورکەمانیشیان لە ئێران هێنا و ئازەربایجانیان بۆ ئەوان درووست کرد. بۆ ئەرمەنیانیش، ئەرمەنستانیان درووست کرد و کوردانی قەفقازیاشیان بۆ قەزاقستان و قرقیزستانێ راگواست. هەتا ئێستاش نەتەوەی ئێمە لە ناو ئەواندا ماوەتەوە. من ژمارەیەکی بەرچاو و زۆری ئەرشیڤی نەهێنی ئازەربایجان و ئەرمەنستانم وەدەست خستووە و لە ناو پەرتوکخانەکەی خۆمدا چاپیشم کردوون.

باشە چۆن بوو کە لە ساڵانی ١٩٩٠ دا هزر و سیاسەتی ڕووسەکان گۆڕدرا و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاگەیاندنی کوردستانی سوور لە ئازەربایجان ڕاگەیاند؟

بەرژەوەندی ئەوان لەوەدابوو. قەفقازیا لە دەستی ڕووسیادا بوو، نەیاندەزانی چۆن بیگەڕێننەوە ژێر ڕکێفی خۆیان. لە ساڵی ١٩٩١دا لەو کاتەدا کە ئازەربایجان سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و لە سۆڤیەت جیا بۆوە، پارلمانی ئازەربایجان فەرمانێکی دەکرد کە تێیدا کوترابوو کە ئێمە تورکین، زمانی ئێمە تورکیە، خاکی ئێمە خاکی تورکە؛ ئەوان قسەیەکیشیان هەیە: نەتەوەیەک و دوو وڵات، واتا ئەوان هەردوکیان تورکن، بەڵام خاوەنی دوو دەوڵەتن. ڕووسیا و ئەرمەنیەکانیش بەو قسەیە دڵگران بوون، بە منیان گووت کوردستانی سوور ساز بکە، ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیت لێدەکەین، لە بواری چەک و هەموو جۆرە پیویستییەکی تر. ئەو پشتیوانیە لەبەر چاوە ڕەشەکانی ئێمە نەبوو، بەڵکو بە هۆی ئەوەوە بوو کە هەرچی گاز و نەوتی ئازەربایجان هەیە بۆ تورکە دەنێردرا، ئەگەر بهاتبا و کوردستانی قەفقازیا پێکهاتبا، ئەو گاز و نەوتە دەچوو بۆ ڕووسیا، بۆیە ئەوان ناچار بوون بە هۆی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، جارێکی تر ئاواڵەتی کوردان بکەن. لە باری هێمانیەتی و تەناییدا ڕووسیا بە هۆی هاوسنوور بوونی لەگەڵ کوردانی قەفقازیا، لە خۆی پشت ئەستوور و دڵنیا دەبوو. ئەگەر کوردستان درووست نەبێت، ئەرمەنستان دەژاکێت. چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا، هەواڵنیری ڕووداو لە ئەرمەنستانێ، دیمانەیەکی لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەرمەنی کە لە سەرۆکایەتیدا کار دەکات پێک هێنابوو، ئەو بەپرسە کوتبووی: ئەوە خاکی وانە (کوردان)، هەروەها کوتبووی: “ئێمە زۆر هەوڵمان داوە کە کوردوستان ساز ببێت بەڵام ئەوان بۆخۆیان نەیاندەویست. ئێستاش ئەوە خاکی ئەوانە و با بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.”

  • تۆ کۆماری کوردستانی سوورت ڕاگەیاند، بەڵام تەمەنی ئەو کۆمارە کەم بوو. چما؟

ساڵی ١٩٩٢، ئەو کاتەی کە ئێمە کوردستانی سورمان ڕاگەیاند، شاری لاچین کرا بە پێتەختی ئەو کۆمارە و شارەکانی کەل باژێر، گوبەدیل، زەنگیلە و جەبراییل لە ناو سنووری ئەو کۆمارەدا بوون. دوای دوو مانگ، لەسەر داخوازی ڕووسەکان، ئەمن چومە مۆسکۆیە و لەگەڵ بەڕێوەبەری سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، بە مەبەستی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوانماندا، هەڤپەیڤینێکم کرد.  دوای تەواو بوونی هەڤپەیڤینی نێوان من و ڕووسەکان، ئەوان سێ کەسی تریان ڕاسپاردبوو کە بێن بۆ لای من. منیان بانگ کرد بۆ ژوورێک و پێیان گووتم کە ئازەربایجان سێ ملیۆن و نیو دۆلار دەدات بە تۆ و لە مۆسکۆ خانوویەکت دەداتێ، پلە و پایەیەکی باشیش دەدات بە کوڕەکەت، بەڵام تۆ لە بەرانبەردا تەنیا دەست لە کوردستانی قەزاقستانێ هەڵگرە و بڵێ کە ئەوە خاکی ئازەربایجانە نەک خاکی کوردستان. من زۆر بە تووندی وڵامم دانەوە و پێم گووتن کوردستان شەڕەفی ئێمەیە، ئێمە هیچ کات شەڕەفی خۆمان بە پارە نافرۆشین. بەڵام بەداخەوە بەرپرسەکانی پ ک ک لە ڕووسیا و وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا ماهیر وەلات لەگەڵ هەڤاڵێکی دیکە بە دزییەوە چوونە باکۆیە و بە حکومەتی ئازەربایجانیان گووتبوو کە ئەگەر ئێوە چوار ملیۆن دۆلار و چەک بدەن بە ئێمە ئەو  ئێمە وەکیل مستەفائۆڤ تان بۆ خانەنشین دەکەین. حکومەتی ئازەربایجان چوار ملیۆن دۆلار و ئەژمارێکی زۆر چەک و تەقەمەنی پێدابوون. ئەو چەک و چۆڵانە بە ترۆمبیلی شەهید “مەناف” راگواسترابوون بۆ ناوچەی وانێ. کاتێک کە تورک ئەوەیان زانیبوو، مەنافیان شەهید کرد، مەناف خزمێکی نزیکی من بوو. هەڵبەت ئەو مێژوویە زۆر تاڵە، بەڵام ئەوان کوردستانی قەفقازیان کردە قوربانی. دوای ئەوەی کە چەک و پارەیان وەرگرت، بە منیان گووت کە دەبێ من بچم بۆ لای سەرۆک ئاپۆ. کوتیان کە ئەو داوای کردووە تۆ ببینێت، منیان خانەنشین و تەریک کرد.

  • تۆ لە کوێ چاوت بە ئۆجەلان کەوت و باسی چی کرد؟

ئەمن لە شامی پێتەختی سوریە ئۆجەلانم دیت. ئەو بۆیە منی بانگ کردبوو کە ئیتر من بە هیچ شێوەیەک بۆم نیە باس لە خەباتی کوردستانی قەفقازیا بکەم. ئاپۆ بە منی گووت: ئێمە کوردستانی مەزن ساز دەکەین. هەر بۆیەش من بە کەیف خۆشییەوە پێشوازیم لە وتەکانی وی کرد و قەبووڵم کردن. بەڵام من بە ئۆجەلانم گووت، سەرۆکی من، ئەگەر تۆ دەتهەویت کۆمۆنیزم دابمەزرێنی ئەوا دەبێ زیاتر لە ٧٠% نەتەوەی کورد قڕ بکەین، چونکە زیاتر لە ٧٠% خەڵکی کورد بڕوایان بە خوا هەیە، لەناو کورداندا، مسوڵمان، عەلەوی، ئێزیدی، ئەهلی حەق، شەبەک و کاکەیی و ئیسلامی  بڕوایان بە خوا هەیە، لەناو کورداندا، مسوڵمان، عەلەوی، ئێزیدی، ئەهلی حەق، شەبەک و کاکەیی و ئیسلامی بوونیان هەیە کە بروایان بە خوا هەیە؛ هیچ کات نەتەوەی ئێمە بێ خوایی قەبووڵ ناکات، و تەنیا ٣٠% بڕوایان بە خوا نیە، ئەوان بە وڵاتانی دەوروو بەر دەڵێن ئەوانە کافرن و هەموویان قڕ دەکەن.

  • تۆ باست لە پشتیوانی ئەومەنستان و ڕووسیا لەو کۆمارە کرد؟

من بە ئاپۆم گوت کە سەرۆکی ئەرمەنستانێ بە بەردەوامی پێم دەڵیت کە دووسەد گریلایان بێنە ئەرمەنستانێ با کوردی قەفقازیا بڕوا بە ئەرمەنستانێ بکەن، هەروەها وەرنەوە سەر زەوی و زاری خۆتان و هێزی چەکداری خۆتان درووست بکەن. ئاپۆ گووتی: تۆ بڕۆ لای سەرۆکی ئەرمەنستانێ، پێی بڵێ ئەمن ٢٠٠ گریلایان دەنێرم بۆ ئەوێ. هەروەها من بە ئاپۆم گووت: تۆ بۆخۆشت وەرە ئەرمەنستانێ، لەوێ ببە بە سەرۆک، کوردستانی قەفقازیا جێیەکی ئازاد و ئارامە، پێمگووت تۆ لە ناو عەرەباندا چ دەکەی؟ ئەسەد و سوری جارێ ئیزن نادەن دەوڵەتی کوردستانی پێک بێت، بەڵام ئەوە ئەرمەنستان ئامادەبوونی خۆی ڕاگەیاندووە، ئێستا هەر هەمووی بەشێک لە بەرپرسانی ئەرمەن دەڵین ئەو شوینە خاکی کوردانە و بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆتان. بەڵام پ ک ک، گریلای ناردنە باشووری کوردستانێ و شەڕی لەگەڵ برایانی باشووری کرد. ڕۆژئاوای کوردستانێ ئازاد بوو، بوون بە هاوکاری ئەسەد و ڕۆژئاوای کوردستانیان دابەش کرد. ئەوان دەوڵەتی کوردستانیان ناوێت، ڕۆژئاوای یەکپارچەی کوردستانیان کرد بە سێ کانتۆن.

  • ئۆجەلان هیچ پەیامی سپاس و پیزانینی بۆ بەرپرسانی ئەرمەنستان نەناردن؟

ئۆجەلان نامەیەکی نووسی و گووتی بیگەیێنە دەست سەرۆکی ئەرمەنستانێ. نامەکەی دایە دەستی من، لەکاتی ڕۆیشتنمدا، لە فرۆکەخانەی شام، هێزەکانی فرۆکەخانەی شام منیان پشکنی و نامەکەیان بینی. ئیدی ئەوان بە عەرەبی قسەیان کرد و نامەکەشیان برد. ئەو کات من تەلەفوونم بۆ ئاپۆ کرد، پێمگووت کە نووسراوەکەیان لە من سەندووە، پێی وتم: کێشە نیە، من نامەیەکی دیکە دەنووسم و لەو چەند ڕۆژەدا بۆت دەنێرم. تا ئێستاش من نەهێنی بردنی ئەو نامەیەم نەزانی و لێی تێنەگەیشتم.

  • ئاپۆ نامەی بۆ ناردیەوە؟

من پێنج ڕۆژ لە مسکۆ چاوەروانی نامەی ئاپۆ بووم، دوایە ماهیر وەلات هاتە لای من و گووتی: سەرۆک ئاپۆ کوتوویەتی با وەکیل نەچێت بۆ لای سەرۆکی ئەرمەنستانێ. تۆ بۆ خۆت بڕۆ نامەکە بگەیێنە. منیش گووتم: ماهیر تۆ زمانی ڕووسی نازانی و ئەرمەنیش نازانی، سەرۆکی ئەرمەنستانیش نە تورکی دەزانێت و نە کوردی، ئێوە بە کامە زمان لەگەڵ یەکتری دودوێن؟ ماهیر گوتی: من وەرگێڕێک لەگەڵ خۆم دەبەم. پێم گووت: کەس ئامادە نیە لە رێگای وەرگێڕێکەوە نەهێنیەکانی دەوڵەتی خۆییت پێ بڵێت. لەسەر ئەو بابەتە دڵ ئێشاویی ەک لە نیوانماندا ساز بوو. دواتر ماهیر وەلات کەسێکی نارد، بەڵام ئەرمەنەکان ئەویان قەبووڵ نەکرد و تا ئێستاش ئەو نامەیە نەگەیشتووە و دواتر ئاپۆ گیرا.

  • بەر لەوەی کە ئۆجەلان بگیردرێت، تۆ داوات لێنەکرد بچتە ئەرمەنستانێ؟

بەڵێ ئەمن چەند جاران بە هەڤاڵانی خۆمم گوت: ئیوە بە دەستی خۆتان، ئاپۆتان خستە دەستی تورکیە، ئێوە بڕواتان بە من نەکرد، بڕواتان بە ڕووسەکان و چرنۆڤسکی کرد و ئاپۆتان ناردە لای ئەوان. هەر بۆیەش ئۆجەلان کەوتە بەندیخانەوە. پ ک ک هەر بەوەش ڕانەوەستا کە کوردستانی قەفقازیای بە چوار ملیۆن دۆلاران فرۆشت. ڕێگریان لە میللەت دەکرد. دەیانگوت نابێ بچن بۆ لای وەکیل، ئێمە پێویستیمان بە سێ چوار گوندان نییە، ئێمە دەمانهەوێت کوردستانی مەزن ساز بکەین و گەنج و لاوەکانی کوردستانی قەفقازیایان بۆ سازکردنی کوردستانی مەزن، بردە باکووری کوردستان. گەنجەکان بڕوایان بە وتەکانی ئەوان کرد. تەنانەت ئەمنیش چومە ناویان لە کانادا ، من بڕوام وابوو کە ئەگەر کوردستانی مەزن پێک بێت بە دڵنیاییەوە باشترە. من ڕێزێکی زۆر لە خەبات و شەونخوونی گریلاکان دەگرم، بەڵام ئەو هەژارانە نازانن کە پ ک ک کوردستانی مەزنی گەرەک نیە و کۆمۆنیزمی گەرەکە. من هەمیشە دەڵێم؛ باشە، ئەگەر ئیوە خەبات بۆ کوردستان دەکەن، بۆچی ئاڵای کوردستان هەڵنادەن؟ لە کاتێکدا کە ئاڵا هێمای ئێمەیە. خێڵی ئێمە، خێڵی جەلالیە لە ئاراراتێش ساڵی ١٩٢٧ هەتا ساڵی ١٩٣١، کوردستانی ئارارات ڕاگەیێندرا.  باوکیشم لەو شەڕەدا بەشدار بووە، لەو کاتەوە ئاڵای کوردستان هەڵدراوە. ئاڵای ئەو کات، خۆری تێدابوو. بەڵام ئەوان ئاڵای خۆیان هێنا، کەس نازانی ئەو ئاڵایەیان لە کوێوە هێنا.

لەو هەڵوێستەیانڕا بۆ من دەرکەوت کە ئەوان تەنیا خەڵک فریو دەدەن. بە ناوی کوردستانی مەزن، لە ناو خەڵک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بارزانی ناخوازێت دەوڵەتی کوردستان پێک بێت. باشە، کێ دەستی ئێوەی گرتووە، فەرموون ئێوە درووستی بکەن. بەڵام ئەوان ئەوەیان ناوێت. ئەگەر نا دەرگای ئەرمەنستان هەمیشە کراوە بوو، بە شێوەیەکی کراداری پشتگیری و هاریکاری ئێمە بوون. پ ک ک هەمیشە بە بەردەوامی ناڕازی بوو لەوەی کە لە ژێر دەستی عەرەبان لە سوریا  کە بە بەردەوامی زۆرداریان لە کوردەکان کردووە، خەبات بکەن. من بۆخۆم ئەوەم بە ئۆجەلان گووت، بەڵام ئەو نەهاتە ئەرمەنستانێ، یەکێکی تر لە هەڵەکانی وان ئەوەیە کە زیاتر لە دووسەد هەزار کورد لە کوردەکانی قەفقازیا لە بن خێوەتاندا دەژین، تەنیا و تەنیا لەبەر ئەوەی کە تێکەڵ بە ڕیزەکانی ئەوان نەبوون. من بە بەردەوامی پەیوەندیم لەگەڵ گەنجەکانیان هەیە. ئەوان دەیانهەویت کۆمەڵە و گرووپی گەنجان درووست بکەن بەڵام بە هۆی ئەوەی کە پ ک ک ڕێگری دەکات، ناتوانن ئەو کارە بکەن.

  • ئێوە تا چ رادەیەک بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە پێویست دەزانن؟

کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستییەکی ئەو قۆناغەیە. ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر کوردەکان پیویستیان بە گوتارێکی هاوبەش و یەک گوتاری هەیە، بەڵام مخابن هەندێک کەس بەربەست و کۆسپ دەخەنە سەر ڕێگەی و نایانهەوێت ئەو کۆنگرەیە سەر بکەوێت. هەندێک کەس خۆیان وەک زۆرینە دەبینن، هەر بۆیەش بە گوێرەی ڕوانینی ئەو کەسانە، دەبێت بەشی وان لەو کۆنگرەیەدا زیاتر بێت لەوانی تر. هەروەها نایانهەوێت ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی لە هەولێر بیت و بکەونە بن سیاسەتی بارزانی و حکومەتی کوردستان. ئەوان بە بەردەوامی دەڵێن سەرۆکی کورد و کوردستان ئاپۆیە. بە بەردەوامی کێشە ساز دەکەن، بارزانی مرۆڤێکی ژیرە، سیاسەتمەدارێکی زیرەکە. ئەو شارەزای نهێنیەکانی جیهانە و پێش بینی دەکات کە چ ڕوودەدات. هەر بۆیەش بۆ سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەوان ئالتێرناتیڤی بارزانی نین. پێویستە نەتەوەی کورد تێبگەن، بارزانی چ دەڵێت، ئێوە وا بکەن.

  • ئیستا پرسی سەربەخۆبوونی باشووری کوردستانی باسێکی گەرمە. لە ڕوانگەی تۆوە ئێستا کاتی سەربەخۆبوون هاتووە؟

دۆخەکە یەکجار گونجاوە، هەندێک لە سەرکردە و نووسەرانی ئێمە لە دژی ئەو بڕیارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسە دەکەن و دەنووسن، بەشێکی هەر زۆری وان سەرقاڵی پیلانگێڕین بۆ ئەوەی کە شکست بە رێفراندۆمەکە بێنن، چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا خەتیب دیجلە بابەتێکی نووسیبوو، دەڵێت کەرکووک کوردستانی نیە و ئی کوردان نییە، بەڵکو ئی هەموو نەتەوەکانە. ئێمە کوردستانمان ناوێت. منیش نووسیم تۆ کێی کە کوردستانت بوێت یان نا! چەند جارانیش بۆ ساڵح موسلیمم نووسی: چما تۆ وا دەکەی؟ لەلایەکەوە تۆ میللەتت کردە دوژمنی مسوڵمانان، لە لایەکی ترەوە تۆ ئەوت کرد بە دوژمنی ئەسەد. ئێستاش دەتهەوێت بە هەمان شێوە تۆ میللەت بکەی بە دوژمنی برایانی کوردی باشووری کوردستان.

ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کوردان دەکوژیت و دەڵێن کورد کافرن. PYd هۆکاری ئەوە بوو. یەکێک لە هەڵە هەر گەورەکانی ئەوان ئەوە بوو کە ڕۆژئاوای کوردستانیان دابەش کرد بە سێ کانتۆنی. ئێستا کوردستان بووە بە ٧-٨ پارچە. لۆژیک و ڕەواییەکەی لە کوێیە؟ دواتر ساڵح موسلیم ڕایگەیاند کە ئێمە دەوڵەتی کوردیمان ناوێت، باشە، تۆ چما پشتگیری بەشار ئەسەد دەکەیت؟ بەشار دوژمنی ئێمەیە. ئەسەدی باوک، کوردی ژینۆساید کردن، بەشار، گەلیک جاران گووتوویەتی ئەمن ناهێڵم لەو شوێنە کوردستان درووست ببێت. باشە، چۆن ئێمە بڕوا بە بەشار ئەسەد بکەین، بەشار ئەسەدیش ڕازی بێت ئێران ناهێڵێت.

من بە هەموو بڕوای خۆمەوە دەڵێم هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی گەلێک گونجاوە بۆ سەربەخۆ بوون. ئەو کەسانەی کە نایانهەوێت و ڕازی نین و بیانووی نابەجێ بۆ ئەو مژارە دێننەوە، لە ژێر باندۆڕ و کاریگەری ئێراندان، ئێران چۆنی گەرەک بێت ئەوان وا دەکەن.

پێویستە گەلی کوردستان، بڕیاری خۆی بدات. ئەوەش پیویستی بە قوربانیدانە، ستالین تا حکومەتی سۆڤیەت درووست بوو، سی هەزار مرۆڤی بەند کرد. بە دەیان هەزار خەڵکی زانینگایی و ژنراڵی سەربازی و خەڵکی ئاسایی تیرەباران کرد، ئەمریکاش هەتا درووست بوو لە باکوور تا باشوور، قڕ کرا. ئەوان تا دەوڵەتی خۆیان درووست کرد، قوربانیان دا، ئەمڕۆ زۆر زەحمەتە ئێمە بە دیمۆکراسیەت بتوانین دەوڵەتی کوردستانێ دابمەزرینین، هەر کاتێک کە ئێمە کوردستانمان درووست کرد، ئەو کات دەتوانین دێمۆکراسیەت پەیرەو بکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.