پەکەکە بۆ وا دەکا!؟

0
166

 نووسینی : جەمیل ئەحمەدی
لە دوای خستنە خوارەوەی فرۆکەیەکی ڕوسی لەلایەن تورکیەوە و ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات، چەندین وڵاتی جیهان و بەتایبەت ناوچەیی دەیانهەوێت لەم گۆمە لێڵە ماسی بگرن، کە یەکێکیان کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ڕەنگە بۆ هندێ کەس پرسیار بێت کە بۆ ئێران دەیهەوێت سوود لە ئاڵۆزی نێوان تورکیە و ڕوسیە وەرگرێ، بەڵام ئەگەر چاو بە مێژووی ئەم دوو وڵاتەدا بخشێنین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێران و تورکیە هەمیشە ناکۆکی گەورە لە نێوانیاندا هەبووە و زۆر جاریش پەنایان بردۆتە بەر شەڕ.
بەڵام زەقبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان ئێران و تورکیە لە کاتی ئێستادا لە سەر سوریەیە، کە تورکیە بە تەواوی توانای خۆیەوە دژایەتی ڕێژیمەکەی بەشار ئەسەدی دەکا و دەستی یارمەتی بۆ نەیارەکانی درێژ کردوە. بە پێچەوانەوە ئێران پشتیوانی لە ڕێژیمی سوریە دەکا و چاودێرانیش پێیان وایە، مانەوەی سوریە بە واتای مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ڕوخانیشی زەمینە خۆشکەرە بۆ ڕوخانی ڕێژیمی ئێران.
ئەم ناکۆکیەکان وایان لە ئێران کردوە کە لە ماوەی ٣-٤ ساڵی ڕابردوودا، مداوم بۆ هەلێک بگەڕێ کە تۆڵە لە تورکیە بکاتەوە، بەڵام ئەو هەلەی بۆ نەڕەخسا تا کاتی هاتنەناوەوەی ڕوسیە بۆ سوریە و خستنەخوارەوەی فرۆکە ڕوسیەکە لە لایەن تورکیەوە. ئەم ڕووداوانە دەستی کۆماری ئیسلامیان ئاوەڵا کرد و دەتوانین بڵێین کە لە کاتی ئێستادا، ئێران هەلێکی زێڕینی بۆ ڕەخساوە کە تۆڵە لە تورکیە بکاتەوە، بەڵام چۆن؟ ئەمەیان زۆر ڕوونە و دەتوانێ لە ڕێگای هاوپەیمانەکانیەوە گورزی گەورە لە تورکیە بدا، ئەگینا ئێران هەرگیز جورئەتی ئەوە ناکا بە هێزەکانی خۆی دژ بە تورکیە شەڕ بکا و بەڵکو شەڕی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ دەکا.
باشترین هاوپەیمانی ئێران کە بتوانێت بە ئاسانی زەربە لە تورکیە بدا پەکەکەیە، و پەکەکەش وەک هەر هێزێکی تر، هندێ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت سوود لە دەرفەتەکان وەرگرێت، و باشترین هەلیشە بۆ پەکەکە کە ئێران بەکار بهێنێ بۆ فشار خستنە سەر تورکیە، لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد و باکوری کوردستان بەتایبەتی، بە شەرتێک پەکەکە بە سیاسەتێکی دروست و حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکا، نەک وەک ئەوەی کە ئێستا دەیبینین. لەم کاتەدا کە ئێران پێویستی بە پەکەکەیە و پەکەکە دەتوانێت سوود لە ئێران وەرگرێ بە قازانجی خۆی، کە چی پەکەکە وەک هەموو جارێ بووەتە ئاڵەتی دەستی ئیران و ئێران پەکەکە بەکار دەهێنێ بۆ مەبەستە گڵاویەکانی خۆی. ئێران تەنیا دوژمنی تورکیە نییە و لە مێژوودا هەمیشە دوژمنی کورد بووە و هەیە، و لەم ساتەشدا کە کورد خەریکە دەگا بە خەونەکانی و کیانێک بۆ خۆی بنیات بنێ، کەچی ئێران لە هەوڵدایە لە ڕێگای پەکەکەوە لە بەرژەوەندیەکانی کورد بدا و شەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە پەکەکە بکا.
ئەگەر تەماشای ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە بکەین، بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە پەکەکە لە بەهانەیەکی بچوک دەگەڕێ کە شەڕی هێزەکانی تری کوردستان بکا، بەتایبەتی حدکا و حکومەتی باشوری کوردستان، و بە هەموو شێوەیەک دەستی داوەتە دژایەتی کردنیان. لە چەند ڕۆژی ڕابردوەدا، دوو جار هەواڵێکی جەواشەکارانەیان بڵاوکردۆتە و دەڵێن سپای تورکیە ئاموزشی هێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەدات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێمە، ئەمە تەنیا بەهانەیە و پەکەکە باش دەزانێ کە کەس باوەڕ بەم قسەیە ناکا، بەڵام چوون ئامانجی لە پشتەوەیە چەند بارەی دەکاتەوە. پەکەکە تەنیا ئامانجی زەمینەخۆشکردنە بۆ شەڕ، شەڕێک کە ڕەنگە زۆر کەس بە شەڕی براکوژی بزانن، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە و ئەگەر خوا نەکا چتی وا ڕووبدا، دەتوانین بڵێین شەڕی پاڕێزەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حدکایە.
پەکەکە هێزێکی تۆتالیتارە و هیچ هێز و لایەنێکی کوردستانی قەبوڵ نییە و پێیشی قەبوڵ ناکرێ، هەر بۆیە هەوڵ دەدا بە هەر قیمەتێک بووبێ ئەو هێزانەی ناچنە ژێرباڵیەوە و بە ڕەقیبی خۆیانی دەزانێ بە چۆکیاندا بهێنێت، و شک و گومانی لەوە نییە کە حیزبی دیموکرات و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو هێزی گەورەی کوردستانن و هەرگیز ئامادە نین سەربەخۆی خۆیان لە دەست بدەن و بچنە ژێرباڵیەوە، هەر بۆیە مداوم هەڵ دەدا شەڕی ئەم دوو هێزە بکا.
باشترین چارە ئەوەیە کە حدکا وڵامی شەڕێنگێزیەکانی پەکەکە نەداتەوە بە لێدوانی تووند و لە ڕێگای کاناڵە دیپلۆماسیەکانیەوە هەوڵی وەستان و فشارخستنە سەر پەکەکە بدا، و خەڵکی کوردستان ئاگادار بکاتەوە لەم مەترسیە و خۆی ئامادە بکا بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت