وتووێژی ڕۆژه‌ڤ له‌ گه‌ڵ حیسام ئه‌حمه‌دی پرسی لاوان لە خۆرهەڵاتی کوردستان

0
697

خوێنەری ئازیز و خۆشەویست؛ وتووێژی بەردەستت ، سمینارێکی تایبەتی ژووری ڕۆژەڤ لە تلگرام ــە. كه‌ له‌ ڕۆژی كورد بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ 
لەم وتووێژەدا کە وتووێژێکە لە وەرزی یەکەمی چالاکییەکانی ژووری ڕۆژەڤ، هەوڵ دراوە پرسی لاوان لە خۆرهەڵاتی کوردستان بخرێتە بەر باس و لێکدانەوە.
ڕۆژەڤ بۆ ئەم مەبەستە، میوانداریی  حیسام ئەحمەدی، چالاکی بواری لاوان و جێگری سکرتێری پێشووی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی  کردووه‌.

اقبال شادی
ئیقباڵ شادی

هەروەها  ئێقباڵ شادی، چالاکی سیاسیی کورد، ئەرکی پێشکەشکاری و بەڕێوەبردنی ئەو وتووێژەی له‌ ئەستۆ بووه‌ .

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژەڤ: وەک سەرەتا پێناسەیەکی لاو بکەن تا بتوانین بە شێوەیەکی درووست بچینە ناو باسەکە.

ئەحمەدی: لاوان هێزێکی ئەکتیڤ و گۆڕان خوازی ئەمڕۆ و بنیاتنەری داهاتوون. بەو واتایە کە هیچ چەشنە یاسا و سیاسەتێکی چەوت و ترسێنەر ناتوانێ پێش بە دونیا بینی و ماف ویستییان بگرێت.

حیسام ئه‌حمه‌دی
حیسام ئه‌حمه‌دی

ڕۆژەڤ: لێرەدا ئەگەر بمانەوێت باسێک لە لاوان بکەین سەرەتا دەبێ بزانین کێشەکانیان چین و بە وردی باسی بکەین و هەوڵی دەستنیشانکردنی کێشەکان و چارەسەریان بۆ دیاری کەین بە بڕوای جەنابتان کێشەکانی لاوان بە گشتی کە خۆرهەڵات چین و چارەسەریان؟

ئەحمەدی: کاتێک باس لە توێژی لاوان دەکرێت پێویستە لە مانا و مەفهووم و گرینگی ئەو توێژە و بەتایبەت ماف و ئازادییەکانی تێبگەین. لە هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو مۆدێرن لاوان وەک سەرمایەی کۆمەڵگا چاو لێدەکرێن و لە ڕاستای پێگەیاندنی لاواندا زۆرترین هەزینەی مادی و مەعنەوی بۆ سەرف دەکرێت، چوونکە باش لەوە تێگەیشتوون کە تەنیا هێزی لاو دەتوانێ درێژەدەری رەوتی گەشەسەندنی کۆمەڵگا بگرێتە ئەستۆ. بەڵام کاتێک باس لە قەیرانەکانی بەردەم گەشەسەندنی تواناکانی لاوان لە راستای کاریگەربوونیان لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. ناکرێ ئاوڕ لە سیستەمی سیاسی وڵات و کولتووری پەروەردەیی نەکەینەوە، لە وڵاتی ئێران و لە ژێر دەسەڵاتی سیاسی کۆماری ئیسلامی نەک هەر لاوان بە گرینگیەوە ئاوڕیان لێنادرێتەوە بەڵکوو بە مترسییەکی جدی لە کۆمەڵگا وەسف دەکرێن.
بە پشت بەستن بەو ئامارانەی کە لە سایتەکان بڵاو دەکرێنەوە، وڵاتی ئێران بە وڵاتێکی لاو کە نزیک بە 65% حەشیمەتی لە هێزی لاو پێک دێت، بەڵام کاتێک چاو بە پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا و پێگەی پێکهاتەکانی دەکەین بەو ئاکامە دەگەین کە قوربانی سەرەکی کۆمەڵگا لاوانن و لە ژێر سیاسەتی چەقبەستوانەی ئاخوندی دا ئاسمیلە دەکرێن.
هەروەک دەزانن وڵاتی ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و هەرکام لەو نەتەوانە خەوەنی هۆویەت و مێژوو و کولتووری خۆیانن، بەڵام لە قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی دا نەک هەرچاوپۆشی لەو راستییە کراوە بەڵکوو باس کردنیشی لە لایەن تاکەکانی ئەومنەتەوەیە بە لادان لە رێبازی ئاخوندی دادەنرێت، کەواتە بۆ نەتەوەی کورد کە لەکاتی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا نای بۆ کوتووە و دژی سەرەڕۆییەکانی بووە ، ئەو پلان و سیاسەتانە بە چڕ و پڕ تر دابرێژرێن کە لاوانی کورد نەتوانن ئاستی ئاگایی و دونیا بینیان هاوتەریبی یاسا پێشکەوتووەکانی دونیای مۆدێرن بێت.
بەکورتی کێشەی لاوانی کورد لە رۆژهەڵات کێشەی نەبوونی ئازادی و دێموکراسی لە کۆمەڵگا کە بەرهەمی بیری دواکەوتوانەی کاربەدەستنی رێژیمە دەگەیەنێت.
رێگا چارەی ئەوکێشانەش بێگوومان خەباتێکی چڕوپڕی هەمەلایەنە و بەردەوامە هەم لە روانگە و بیرکردنەوەدا و هەم لە مەیدانی کردەوە بۆ هێنانە کایەی فەزایەکی ئازد و دێموکراتیک کە تێیدا بەها و پرەنسیپە مرۆڤایەتییەکانی تێدا پارێزراو بێت و سەرمایەی وڵات سەرفی پێگەیاندنی تاکەکانی و بەتایبەت لاوان دابێت.

ڕۆژەڤ: پرسی شوناس بە یەکێک لە گرینگترتن پرسەکانی لاوان دادەنرێت ئەم پرسە لە گەڵ دونیای پێشکەوتوو دا چۆن هەڵدەسەنگێنرێت؟ ئایا ئەم پرسە لە ئێستای خۆرهەڵاتدا پرسێکی جدییە؟ ڕای جەنابتان سەبارەت بەم پرسە چییە؟

ئەحمەدی: پرسی شووناس و هۆویەت دانڕاوە لە خاڵە جەوهەرییەکانی یاساکانی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، لە هیچ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو دا ناتوانرێت باس لە گرینگی و
کاریگەری مرۆڤ بکرێت بەڵام هۆویەتی خۆی لێ داببڕێنیت!
ئەوە لە راستیدا بەرهەمی ئەقڵییەتی دواکەوتوانەی ئەو دەسەڵاتانەن کە یاساکانیان لە سەر بنەمای خۆێن ڕشتن و بیرتەسکی دارێژراوە. دەتوانم بە مەسئوولیەتەوە بڵێم بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی داسەپاو بەسەر کوردستان کە هەموو هێزی مادی و مرۆڤی خۆیان سەرفی ئەو مەسەلەیە کردووە، شکەستی هێناوە و لە هیچ کات و سەردەمێکدا دووژمن نەیتوانیوە کورد بوون و هۆویەتی نەتەوەییان لێ دابڕێنێت.
بزووتنەوەی کورد لە هەموو قۆناغە هەستیار و حەساسەکاندا پشت ئەستوور بووە بە لە مەیدان دابوونی لاوان لە راستای درێژەدان بە خەبات بۆ مافەکانیان لە لایەک و بەرپەرچدانەوەی بیری دووژمن کارانەی دەسەڵات لەلایەکی تر.

کەواتە پرسی هۆویەت پرسێکی هەمیشەییە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و بەتایبەتی لاوانی کورد وەک میرات گری ئەو رێبازە.
بەسەراحەت پێویستە حەرزتان بکەم کە مەسەلەی هۆییەت و شووناس هێڵی سوورە بۆ لاوانی کورد و بۆ پاراستنی شووناسی نەتەوایەتی و بونیات نانی کۆمەڵگایەکی دێموکرات و پێشکەوتوو ئامادەن بۆ هەرچەشنە قوربانی دانێک.

ڕۆژەڤ: بەو واتایە کە هیچ چەشنە یاسا و سیاسەتێکی چەوت و ترسێنەر ناتوانێ پێش بە دونیا بینی و ماف ویستییان بگرێت….بەڕێزیان وە دەڵێن ..پرسیار ئایا ئەو لاوانە بەدی دەکرێن ؟بوونیان هەس بەڕادەیەکی بەرچاوو یان گشتمان بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆمان لە ئەرکی خۆمان لادەدەین.

ئەحمەدی: بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد خاوەنی مێژوویەکی کۆن و پڕ لە شانازییە، ڕەنگه بەشێکی بەرچاوی ئەو شانازییە بۆ گیان فیدایی و سڵ نەکردنی لاوان لە تێکۆشاندا بگەرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر پلان و سیاسەتە دژە مرۆڤییەکانی هەمووکات پێویستی بە ئاگایی و رۆشەنگەری هەیە بۆ پووچەڵ کردنەوەی پلانەکانی رێژیم کە ئامانجی دوور خستنەوەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەتی لاوان لە ماف و ئازادییەکانیانە، بەڵام تا ئێستاش کۆمەڵگای کوردستان سەنگەری لە گیران نەهاتووی داکۆکی لە ئازادی و ماف ویستی نەتەوەی کوردە و پێگەی لاوان لە هەموو بوارەکانی خەباتی فەرهەنگی، کلتووری، مەدەنی و بەتایبەت سیاسیدا بەرجەستەیە .

ڕۆژەڤ: پێتان وانیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لاوانی خۆرهەڵات زۆر بە تامەزرۆییەوە ڕووداوە سیاسییەکان چاوەدێری دەکەن و لە کچ و کوڕەوە بەرەو ئەکتیڤترکردنی کۆمەڵگا هەنگاو دەنێن ؟

ئەحمەدی: من لەو باوەڕە دام لاوان لە هەموو سەردەمێک دا بە تێکۆشانی بێوچانیان پێناسەی لاو بوونی خۆیان پاراستووە، بەڵام ڕەنگە بە پێی سەردەم و قۆناغەکانی خەبات گۆڕان لە شێوەی حزووری لاوان بۆ چالاکی نواندن و ئەرک وەخۆگریان هاتبێتە ئاراوە. زۆر کات هەبووە لاوان شەقامیان کردۆتە مەیدانی تێکۆشان و دەنگی ناڕازی بوونی شار بوونە ، زۆرکات ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانیان بە رووناکبیری و بیرمەندیان کردۆتە مەکۆی ئاگایی دان بەکۆمەڵگا و دەتوانم بڵێم لە کاتەکانی تەنگانە و بەرگری ڕەوا سەنگەری پێشمەرگەیان ئاوەدان کردۆتەوە.
کەواتە کاتێک باس لە دوئەندێشی و داهاتوو ڕوانی لاوان دەکرێت بە باوەڕی من ئاساییە خوێندنەوەیان لە مێژووی تێکۆشانی نەتەوەکەیان لە ئاستێکی بەرزدا ببینین .

ڕۆژەڤ: باستان لە وشیاری، ئاگایی و تێگەییشتوویی کرد، بە بەراورد لەگەڵ توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا ، ڕۆڵی لاوان لە خەباتی مەدەنی و چالاکییە ژینگەپارێزی و فەرهەنگییەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بەپێی پێویست توانیویانە ئەرکی خۆیان وەکوو توێژی ئەکتیڤی کۆمەڵگا بەجێ بێنن ؟ دەشێ باشتریش بن ؟

ئەحمەدی: لاوان لەگەڵ ئەوەی بە توێژێکی گرینگ لە کۆمەڵگا دێنە ئەژمار بەڵام ئەوە ئەو مانایە ناگەیەنێت کە لە گرینگی و پێگەی پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگا کەم بکاتەوە. بەڵکوو هێزی لاوان لەوە دا خۆی دەبینێتەوە کە بتوانێ بازنەی تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ باقی توێژەکانی تری کوردستان بەهێزتر بکات.
ئەوەی لای من گرینگە ئەوەیە کە لاوان بەرلەوەی پێکهاتەیەک بن لەکۆمەڵگا سەرمایەی نەتەوەیەکن و پێویستە هەرچەشنە خەباتێکی ڕەوا لە راستای خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەییان بگرنە بەر ، چوونکە خەباتی مەدەنی و فەرهەنگی و…. لاوانی کورد لە ئەگەری دەستەبەر بوونی مافی نەتەوایەتی نەتەوەکەمان دەتوانێ گرینگی خۆی هەبێت.

ڕۆژەڤ: زۆر جاران باس لە ڕۆڵ و ئەرکی لاوان دەکرێت و شتێک بە ناوی ماف لەبیر دەکردرێت یان پشتگوێ دەخرێت؛ لە ڕوانگەی ئێوەوە وەکوو شارەزایەکی بواری لاوان، مافەکانی لاوان کامانەن ؟

ئەحمەدی: لە بیرکردنی مافی لاوان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە گرینگترینیان دواکەوتوویی سیستەمی سیاسی حکوومەت و قاڵ بوونەوەی بیرتەسکی و ئیدئۆلۆژیک بوونی سەرانی رێژیم لە یاسای بنەڕەتی وڵات دا. ئێمە باش دەزانین کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی یەکێک له وڵاتانی واژۆکەری جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە بەڵام بە درێژایی تەمەنی دا جگە لە تاوان، کووشتاری بەکۆمەڵ، سێدارە و تێرۆر، ژینۆسایدی لاوان لە رێگای تووشکردن یان بە مادە هۆشبەرەکان، شکاندنی قەڵەمی ئازاد و قەدەغە کردنی هەرچەشنە دەنگێکی جیاواز لە بیری سەرانی رێژیم و….هتد، کارنامەیەکی تری تۆمار نەکردووە. بۆیە لە وەها سیستەمێک دا ناتوانرێ پێناسەیەک بۆ ئازادی و مافی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بکرێت.
جیا لەوە نەک لاوان بەڵکوو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا شتێکی زیادی داوا ناکەن کە لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو دا بە مافی ئەوان دانراوە.

ڕۆژەڤ: ئەو گرینگیە لە وڵاتانی تر دا بە لاوان دەدرێت لە لای خۆمان نیە ، یەکەم بۆچی لاوان گرینگن؟ ئەو لایەن و دەزگایانەی کە دەبێ بایەخ بە لاوان بدەن کامانەن؟ لە کاتێکدا پێ دەچێ لاوان ئەو بایەخەی کە پێویستە پێیان نەدرێت و چارە چیە؟ چی بکەن باشە وەکوو لاو؟

ئەحمەدی: لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوو دا ئاماژەم پێدا کە جیاوازی وڵاتانی پێشکەوتوو لە وڵاتانی دواکەوتوو لەوەدایە کە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو مرۆڤ سالاری بوونی هەیە و هەموو سەرمایەی مادی و مەعنەوی وڵات لە پێناو رفاە و خۆش بژێوی خەڵک دا سەرف دەکرێت، خەڵک بە بێ جیاوازی لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگادا بەشدارن و بۆ بەهێزکردنی و بەرزکردنەوەی سەرکەوتنەکانی وڵات تێدەکۆشن. یاساکان حوکم لە دەنگی خەڵکەوە وەردەگرن و بەسەر هەموو خەڵکدا بێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێن! بەڵام وڵاتتانی دواکەوتوو یاساکانیان هەڵقوڵاوی کۆمەڵێک ئیدئۆلۆژی و لە راستای خزمەت بە ئامانجەکانی تەیفێکی دیاری کراودا جێبەجێ دەکرێن، مرۆڤ قوربانی سەرەکی مەزنی خوازی ئەو تەیفەیە، فەقر و هەژاری لە هەموو بوارەکانی ژیان بەشێکە لە سیاسەتی دەسەڵات و بەسەر خەڵک دا فەرز دەکرێت، ئازادی تەنیا مافی دەسەڵاتە و خەڵک خزمەتکاری دەسەڵات. ئەوانە بنەمای نەبوونی گرینگیدان بە خەڵک و بەتایبەت پێکهاتەکانی وەک لاوان لە وڵاتی ئێراندا.
بە پێی هەموو پێوەرەکان لاوان چ لە بواری هێزی جەستەیی و بەتایبەت لە رووی ئەکتیڤ بوونی هزریان بۆ پەروەردە بوون لە هەموو بوارەکانی شوێندانەر لەسەر پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا، جیاوازن لە پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگا و مەودای خزمەت کردن و ئەرک بەجێ گەیاندنیان درێژترە، گرینگتر لە هەمووی ئەو بوارانە لاوان نوێخوازتری و گۆڕان خواز ترین توێژی کۆمەڵگان .
بەڵام ئەو گۆڕان خوازی و نوێ خوازییە ئەگەر ئاگایی و پەروەردەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتووی لە پشت نەبێت رەنگە کاردانەوەی نەگەتیڤ لەسەر داهاتووی کۆمەڵگا دانێت.
بۆیە هەموو ناوەندەکانی حکوومی و مەدەنی و بەتایبەت فێرکاری پێویستە گوێبیستی دەنگ و داخوازییەکانی لاوان بن و بۆ پێگەیاندنیان بیر لە بەرنامەی درێژخایەنی پەروەردەیی بکرێتەوە تاکوو داهاتوو لە پێشکەوتن دانەبڕێت.
بەڵام هەموو ئەو چاوەڕوانییانە دەتوانێ لە حکومەتێکی دێموکرات و خەڵکی کە کەرامەتی مرۆڤی تێدا پارێزراو بێت بێتە دی، نەک لە سیستەمی حکومەتێک کە مانەوەی خۆی لە رشتنی خوێنی خەڵکەکەی دا ببینێت، کۆماری ئیسلامی تاکوو ئیستاش خەڵکی لە ژیانی “نەمر نەژی” دا راگرتووە و سەرمایەی وڵات وەک ئامرازێک بۆ درووست کردنی گرووپی تێرۆریستی لە نێو خۆ و وڵاتانی ناوچەدا سەرف دەکات و بۆ سەرکووتی خەڵکی نارازی لە دەسەڵات کەڵکیان لێوەر دەگرێت. منداڵانی کەم تەمەن لە فێرگە ئاینی و ئیدئۆلۆژیکەکانیدا بۆ کردەوەی تێرۆریستی ڕاهێنان پێدەکات و دەیان و سەدان کردەوەی نامرۆڤانە کە رۆژانە لە نێو خۆ و دەرەوەی ئێران دا جێبەجێ دەکرێن هێمایەکن بۆ ئەو راستیە کە ماف لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی نادرێت بەڵکوو دەبێ بستێندرێت!
دەتوانم بڵێم لاوانی کورد لە رۆهەڵاتی کوردستان لەو راستییە تێگەیشتوون بۆیە تا ئێستاش پێشەنگی خەباتن.

ڕۆژەڤ: ئەرکی لاوان لە ئێستادا کە بەرەبەرە ناڕەزایەتییەکان و نافەرمانییە مەدەنییەکان خەریکن گەشە دەکەن و خەڵکی هەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ڕژیمی تۆتالیتری ئێران لە بەلووچستان و ئەحوازەوە بگرە تاوەکوو چوار مەحاڵی بەختیاری و سەردەشت و عەسەلوویە و …هتد دژی سیاسەتەکانی حکوومەت هەڵوێست دەگرن؛ چییە؟

ئەحمەدی: لاوان بەگشتی و لاوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی پێویستە باش لەوە تێبگەن کە بەرپرسیارەتییەکی مێژوویان لەسەر شانە و پێویستە بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت بەشداری لە خەبات و تێکۆشاندا بکەن، لە کامە بوار دا کە دەتوانن خزمەت بە سەرکەوتنی خەبات و هێنانەدی ئامانجەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد بکەن. چوونکە تا کاتێ نەتەوەی کورد بە مافەکانی نەگات و ئازادی و دێموکراسی نەبێتە یاسایەکی جێگر بوو لە کوردستاندا پێناسەی لاو بوون و داخوازییەکانی لاوان و هەموو پێکهاتەکانی تری کوردستان لە قالبی خۆزگە دا دەمێنێتەوە.
کوردستان لە بەردەم گۆڕانێکی چارەنووس ساز دایە و پێویستە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و بەتایبەت لاوانی کورد هێز و تواناکانیان تێکەڵ سەنگەرەکانی خەبات بکەن بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەک کەم ویست و داخوازی و چاوەڕوانییەکانی هەموانی تێدا بێتە دی .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت