پیلانە فەرهەنگیەکانی ڕەژیم لەسەر نەتەوەی کورد/وتووێژ لەگەڵ سیاوەش محەممەدی

0
321

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی تلێگرامە کە لە ڕێکەوتی ٢٥ و ٢٦یی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی (٢٠١٦) لەگەڵ بەریز سیاوەش محەممەدی، چالاکی سیاسی و ڕاگەیێندکار  و بە پێشکەشکاری بەڕێز ژوان عینایەتی چالاکی فەرهەنگی  لەسەر مژاری (دۆخ و ئاستی کەلتوور لە کوردستانی خۆرهەڵات و ئاسمیلەبوونی فەرهەنگی) ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: فەرهەنگ چۆن و لە چ ڕێگا و میکانیزمێکەوە گەشە دەکات و خۆی لە لەناو چون دەپارێزێت؟

سیاوەش محەممەدی
سیاوەش محەممەدی

محەممەدی: دیارە فەرهەنگ یان کەلتوور لە کۆمەڵگا بەرهەمی ژیانی سرووشتی و  ڕەوتێکی مێژووییە کە زۆر فاکت لە شکڵ گرتنیدا کاریگەرن. کۆمەڵێک فاکت وەکوو جۆغرافیا، مێژوو، داب و نەریتەکان و بە گشتی بایەخەکان کە لەلایەن ئەو کۆمەڵگایە لە ڕەوتی مێژوودا دیاری کراون. بەڵام سەبارەت بە گەشەکردنی فەرهەنگ بەتایبەت لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا دەکرێت بە ڕوونی و کۆنکرێت ئاماژە بە “سیستمی پەروەردە” وەک کۆڵەکەی سەرەکی  بکەین.

ڕاوێژ: تا ئێستا و لە مێژوودا و تەنانەت ئێستاش، گەلێک فەرهەنگ و نەریت تووشی توانەوە، گۆڕان و تێداچوون بوون، فەرهەنگی کوردی ئێستا لە چ حاڵێکدایە؟

محەممەدی: دیارە بە گشتی “فەرهەنگ” لە هەموو جیهان و هەموو وڵاتاندا، بە شێوەی چرکەیی و ڕۆژانە لە حاڵی گۆڕاندایە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە هەموو ئەو گۆڕانانە لە چوارچێوەی پێکهاتەی گشتیی خۆیدایە و ڕەوتێکی سرووشتی تێپەڕ دەکات، ئەوەی لە کوردستان بە هۆی دابەشبوونی کوردستان لەسەر چوار وڵاتدا ، بەداخەوە لە هەرپارچەیەک ئەو ڕەوتی گۆڕان و کامڵ بوونی “فەرهەنگ”ـی کوردی لە بازنەی سرووشتی خۆی لای داوە و لە هەر وڵاتێک بە هۆی سیستمی ئاسمیلاسیۆن و هێژمونی فەرهەنگی زاڵی نەتەوەی باڵدەست بەرەو ئاقارێکی تردا ڕۆیشتووە.

بەڵام ئەگەر بمهەوێ لەسەر خۆرهەڵاتی کوردستان بدوێم، ئەوەی ڕاستی بێت لە خۆرهەڵاتی کوردستان پاش هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی ڕەزاخان و شکڵ گرتنی دەسەڵاتی ناوەندی،

ژوان عنایەتی
ژوان عنایەتی

بەرە بەرە کەلتوور و فەرهەنگی کوردیش، لە هەر ناوچەییەک کەوتە بەر شاڵاوی ئاسمیلاسیۆنی حکومەتی ناوەندی، لە حاڵێکدا کە تا ئەو کاتیش کورد وەک پێکهاتەییەکی نەتەوەیی، دەسەڵاتێکی ناوەندی نەبوو تا بکرێت لە ئاکامی دەسەڵات و دەوڵەتی کوردی، فەرهەنگێکی دیاریکرا بەرهەم بێت، هەر بۆیە لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا، بەداخەوە فەرهەنگ و کەلتووری کوردی کەوتۆتە ژێر تەوژمی ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندییەوە کە ئەو ڕەوتانەش لە چەند قۆناغێک پێکهاتوون و هەر قۆناغێکیش ئامانجێکی دیاریکراوی بووە کە دواتر ئاماژەی پێدەکەم.

ڕاوێژ:  لە زانستە مرۆییەکاندا چەمکێک بە ناوی ” ئاسمیلاسیۆن ” (واتا توانەوە) هەیە،و هەروەها لێرەش باس کرا. زۆر جاریش باس لەوە دەکرێت کە نەتەوەی کورد لە لایەن دەسەڵاتەوە ئاسمیلە کراوە.  تکایە ئەگەر لەگەڵ ئەو ڕوانگەیە هاوڕان، ئەو بابەتە ڕوون بکەنەوە و  هۆکارەکانی توانەوەی فەرهەنگی کوردی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات چییە؟

محەممەدی: بەڵێ ئاماژەییەکی جوانت پێ داوە، دیارە بەشێک لە شارەزایانی زانستی مرۆیی کاتێک دێتە سەر پێناسەی “ژینوساید”(واتە کۆمەڵکوژی)، ئەو چەمکە بە دوو جۆر  پێناسە دەکەن، “ژینوسایدی سپی” و “ژینۆسایدی ڕەش”، ڕوون و ئاشکرایە کە ژینوسایدی ڕەش یان هەمان کۆمەڵکوژی زیاتر ڕەهەندێکی فیزیکی (جەستەیی) هەیە و دەکرێت بە کوشتنی ملیۆنان جوولەکە بە دەستی هیتلێر یان شاڵاوی ئەنفالی کوردان لە لایەن سەددام حۆسەین، یان فەرمانی جیهادی خۆمەینی دژ بە خەڵکی کورد، وەک تەنیا چەند نموونەیەکی زەق ئاماژە بکەین، بەڵام ئەگەر بێینەوە سەر ڕۆژهەڵات دەبینین کە ڕەوتی ژێنوسایدی ڕەش لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندیی تارانەوە لە هەمبەر کوردی ڕۆژهەڵات بەو توندوتیژییەی کە هیتلێر بەرامبەر بە جووەکان یان سەددام بەرامبەر بە کوردەکانی باشوور کردی نەبوو، هەرچەند کە ئەمە بە واتای لەبەرچاوگرتنی کوشتنی خەڵکی قارنێ و قەڵاتان و شەهیدکردنی هەزاران کەسی سڤیل لە شەڕی سنە و خاپوورکردنی هەزاران گوند و …تاد، نییە، بەڵکوو بەو واتایەیە کە تەنیا لە بواری کەیفی (جۆری) دا لەو ئاستەدا نەبوو کە ئێمەی کورد وەک ژێنوسایدی ڕەش چاوی لێدەکەین، لە لایەکی تریشەوە کۆماری ئێسلامی بە هۆی ئەو درووشمانەی کە لە سەرەتای شۆڕشەوە هەڵیگرتبوون نەیتوانی و نەیدەوێرا لەوە زیاتر لەو فازەدا بجووڵێتەوە، هەر بۆیە لەسەر هەمان ڕێچکەی حکوومەتی ڕەزا شا و حەمە ڕەزا شا، لە چوارچێوەی ژێنوسایدی سپی یان هەمان ئاسمیلاسیۆن هاتە پێش و هەتا ئەم چرکە ساتەش درێژەی هەیە.

ڕاوێژ: دەگەڕێمەوە سەر وڵامی پرسیاری پێشووتان که باستان له سەردەمی ڕەزاخان کرد،  لێره پرسیار ئەوەیە: دەکرێ ڕوونتر قامکی لەسەر دابنێن، چۆن لە سەردەمی ڕەزا خانەوە و ڕەزا خان لە کەی و چۆن ئەو هەوڵەی دەست پێکرد؟

محەممەدی: مێژووی دەوڵەتی هاوچەرخ لە جۆری سانترالیزمی لە ئێراندا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕەزاخان، واتە پاش هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی ڕەزاخان بوو کە بەرەبەرە، دەوڵەتی ناوەندی لە ئێراندا لە قالبێکی هاوچەرخ و ئەوڕۆییدا شکڵی گرت، هەر لەو سەردەمەدا بوو کە دابەشکاریی ئەرزی لە چوارچێوەی دیاری کردنی سنووری پارێزگاکانەوە بگرە هەتا کێشانی ڕێگا و ڕێگاوبان بۆ گوندەکان و دانانی قوتابخانەی فارسی و ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی میلی ئێران و … شکڵی گرت. بەڵام یەکەم هەوڵەکانی ڕەزاخان بۆ تواندنەوەو ئاسمیلەکردنی نەتەوەکانی بندەستی حکوومەتی ناوەندی لە  دابەشکاری ئەرزی پارێزگاکان دەستی پێکرد، بە شێوەییەک کە زۆربەی ئەو پارێزگایانەی کە پێکهاتەییەکی نەتەوەیی تایبەتیان هەبوو بە جۆرێک ئاراستە کران کە لەهەر پارێزگاییەک چەند نەتەوەییەک پێکەوە بژین و ئەو ئەقڵیەتەش لەسەر بنەمای “تەفرەقە بیانداز و حکومت کن” بوو، جگە لەمانەش تێکۆشان کە پارێزگاکان کەمتر لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ڕاستەقینەیی مرۆیی دانیشتووانی بێت.

بەشێکی تری ئەو ڕەوتە لە گۆڕینی ناوی شارەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە دەرکردنی “شناسنامە” کە ئەویش هەر لە سەر بنەمای ئەقڵیەت و ناوە ئێرانییەکان دیاری کران، بەڵام کاریگەرترین بەشی ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن لە سەردەمی ڕەزاخان، یان با بڵێین کۆڵەکەی سەرەکی ئەو ڕەوتە، سەپاندنی  خوێندن بە زمانی فارسی بەسەر هەموو نەتەوەکانی ئێران بوو.

ڕاوێژ: لە قسەکانتاندا وا دەردەکەوێ کە ئەو سیاسەتەی کە سەردەمی ڕەزاخان دەستی پێکرد، لە لاین ڕژیم کۆماری ئیسلامیشەوە درێژە درا، باشە مەگەر ئەو دوو ڕژیمە لێک جیاواز نین؟ چۆن هەر دووکیان لەو بارەوە هەڵگری یەک سیاسەتی یەکگرتوون؟

محەممەدی: ڕاستیەکەی ئەوەیە کە چ حەمەڕەزا شا و چ ڕژیمی کۆماری ئێسلامی ئێران، تەنیا درێژەدەری ڕەوتێک بوون کە لە سەردەمی ڕەزاخان بە شێوەییەکی “هاوچەرخ” هاتە نێو واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی حکوومەتە ناوەندییەکاندا دەنا بۆ شیکردنەوەی زیاتری ئەم باسە و مێژووی دەستپێکردنی ڕەوتی ئاسمیلە کردنی گەلانی نیشتەجێ لە سنووری ئێران، پێسنییار دەکەم هاوڕێییان کتێبی د.هێرش قادری کە لە ناوەندی ئێستراتژیکی حدکا بڵاو کراوەتەوە، بخوێننەوە بەڵام لە چوارچێوەی هاوچەرخ و ئەمڕۆیی ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن، کۆماری ئێسلامی درێژەدەری ڕەوتێک بوو کە لە سەردەمی ڕەزاخاندا دەستی پێکرد و لە سەردەمی کۆماری ئێسلامی لە هێندێک بواردا بەری گرت و چەند قۆناغێکی گرنگی تری پێ زیاد کرا.

ڕاوێژ : بەڕای ئێوە بارودۆخی ئێستای فەرهەنگی کوردی بەگشتی و بەتایبەت خۆرهەڵات لە چ ئاستێکدایە؟ هەڵبەت گرنگ بوونی کولتوری کوردی له نێو کۆمەڵگای ئێستایدا لە چ ئاستیک دا دەچێته پیش؟

محەممەدی: بەڕای ئەمن، بەداخەوە زۆر باشی نابینم، بۆ نموونە لە بواری فەرهەنگی و کەلتووری و زمانیشەوە درزێکی گەورە کەوتۆتە نێوان دانیشتووانی باشووری زاگرۆس واتە لۆرسان و چوارمەحاڵی بەختیاری لە لایەک و بەشەکانی تری کوردستان لە لایەکی تر، لە نێو شاری کرماشان بەهەمان شێوە لە باری فەرهەنگییەوە بە هۆی ئەو ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن و سەرلێشێواوی تاکی کرماشانی یان هەمان بحران هویتییە (قەیرانی شوناس) کە خۆش بووە هیچ بە باشی نابینم و دواجار ئەو ڕەوتی ئاسمیلاسیۆن و لێکترازانی بەشەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، خەریکە سنووری دەگاتە ناوچەکانی هەورامانیش، واتە ڕەوتێک کە یەکەم قۆناغی خۆی لە چوارمەحاڵی بەختییاری و لۆرسان دەست پێ کرد و قۆناغی دووهەمی گەییشتە کرماشان، ئێستا فازی سێهەمی ئەو پیلانە لە هەورامان دەستی پێکراوە، هەرچیش لە باکووری خۆرهەڵاتی کوردستان بێت، بە هۆی جیاوازی و مەودای کەلتووری لە نێوان کورد و تورکی ئازەری، زیاتر هەوڵ دراوە کە لە باری جۆغرافیای مرۆڤی، درێژە بەو ڕەوتە بدرێت، نموونەیەک کە هەم لە سەردەمی ڕەزاخان و هەمیش لە سەردەمی کۆماری ئێسلامی لە “ئەلئەحواز” بە باشی جێبە جێ کراوە و پێکهاتەی مرۆیی ئەو پارێزگاییەش گۆڕدراوە، بەڵام ئەوەی کە لە باشووری خۆرهەڵاتی کوردستان پەیڕەو کرا و بە باشیش چۆ پێشەوە و تا ڕادەییەکیش سەمەری گرتووە، زیاتر لە باری کەلتووری و زمانی بووە کە ئەگەر دەرفەت هەبوو لە کاتێکی تردا بە وردی ئەو پیلانانەی کە لە لورسان، کرماشان و هەورامان دەست پێکران و ئێستاش بە تایبەت لە هەورامان بە خێرایی خەریکە بە هاوکاری کۆمەڵێک لایەنی کوردی دەچێتە پێش شییان دەکەمەوە.

ڕاوێژ: کاک سیاوەش له وڵامی پێشوودا ئاماژه به خراپ بونی بارودۆخی کولتور به گشتی و به تایبه ت له خۆرهەڵاتی کوردستان کرا و هەروەها دەست لەسەر دانانی کیشه ڕاستەوخۆکان و هۆکارەکانی ئەو بابەته… و هەروەها لە کۆتایی دا باستان له دەست پێکردنی پیلانەكان له سەردەمێک دا له شار و شارۆچکەکانی کوردستان و هیندێک شار به تایبەتی و ئاماژه به هاوکاریی هیندێک لایەنی کوردی لەسەر ئەو بابەته و درێژ خایەندیهەتا ئێستاتان کرد، تکایه زیاتر بۆمانی ڕوون بکەنەوە.

محەممەدی: دیارە هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێدا ڕەوتی ئاسمیلاسیۆنی فەرهەنگی بە مەبەستی تێکدانی جۆغرافیا و تان و ڕایەڵی مرۆیی ناوچەکان بەتایبەت ئەو شار و دەڤەرانەی کە تایبەتن بە نەتەوەکانی غەیرەفارس لە ئێران و لە باری کانگای ژێر زەوی و سرووشتیش دەوڵەمەندن و دەکرێت وەک ناوچەی ستراتژیکیش لەبەرچاو بگیردرێن، لە سەردەمی ڕەزا خان هەتاکو ئەمڕۆ لەلایەن دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوەندەوە لە بەرچاو گیراون کە لێرەدا بە شێوەی بابەتی تێدەکۆشم لەسەر خۆرهەڵاتی کوردستان ڕاوەستەی زیاتر بکەم.

ئەمن بەش بە حاڵی خۆم پێم وایە ئەو ڕەوتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ فاز دا دەستی پێکردووە و هەتاکوو هەنووکەش درێژەی هەیە، فازی یەکەمی هەر لە سەردەمی قاجارەکان و دواتریش لە سەردەمی پەهلەوی دەستی پێکراوە لێ درا و ئەویش ناوچەکانی لۆرسان و چوارمەحاڵی بەختیاری بوو، دیارترینی ئەم بەشەش لێکدابڕانی سنووری ئیداری ناوچەکان و دابەش کردنیان لەسەر ئەو پارێزگایانەی کە سەر بە نەتەوەکانی تر بەتایبەت فارس بوون و هاوکات هێنانە بە لێشاوی کارمەند و کاربەڕێکەری سەر بەحکومەتیان لە ناوند بۆ ئەو ناوچانە بووە.

بەڵام ترسناکترینی ئەو بەشە کار لەسەر مێژوو و چەواشەکاری مێژوو و هاوپەیوەندی ڕەگەزی و نژادی ئەو بەشە لە کوردستان و دابڕانیان لە کورد و نیشاندانیان وەک نەتەوە یان بە قەولی خۆیان “قەوم”ێکی جیاواز لە کورد بووە و ئەو مەبەستەشیان لە ڕێگای کۆمەڵێک مێژوونووسی بەکرێگیراو جێ بەجی کردووە. بە داخەوە لەو فازەش تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوونە، بەڵام فازی دووهەمی ئەو ڕەوتە لە کرماشان و ئیلام دەستی پێکرد و بە هەمان شێوە و هەمان بەرنامە بۆ ئەو ناوچانەش پەیڕەو کرا، بەو جیاوازییەی کە لە کرماشان تێکۆشان زیاتر لە باری زمانییەوە کار بکەن و بە یارمەتی کۆمەڵێک مێژوونووس و زمانزانی بەکرێگیراو تێکۆشان کە زمانی کوردی کەلهووری بلکێنن بە زمانی پاڵەوی و دواجاریش وا نیشان بدەن کە نزیکایەتی ئەو زمانە زیاتر بە زمانی فارسییە تا کوردی سۆرانی و … بەداخەوە باری جوغرافی ناوچەکانی خوارووی خۆرهەڵاتی کوردستان و جیاوازی ئایینیش یارمەتی دەرێک بوون بۆ ئەو پلان و بەرنامانەی حکوومەتە ناوەندییەکان.

جگە لەمانەش دوای بەسەرکار هاتنی ڕژیمی ئێسلامی لە ئێران و بە دیاری کراوی دوای دانانی شەبەکە ئۆستانییەکان، بەداخەوە ئەو کاناڵ و شەبەکانەش بوون بە ئامرازێک بۆ ئاسمیلەی زیاتری خەڵکی دەڤەرەکە کە زۆر بە کورتی ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەم، بۆ نموونە زۆربەی هەرەزۆری بەرنامەکانی شەبەکەی پاریزگای زاگرۆسی کرماشان، بە زمانی فارسین و بە تایبەت ئەو بەرنامانەی کە لەسەر بنەماڵەیان کۆمەڵایەتی یان سیاسین بە فارسی پێشکەش دەکرێن، هاوکات هەموو ئەو بەرنامانەی کە تەنز و پێڕابواردنن یان  لەسەر ژیانی لادێ و ئاژەڵداری و خیڵەکان و …تاد، بە کوردی پێشکەش دەکرین، بیخەنە بەرچاوی خۆتان، کاتێک کچێکی کرماشانی چاو لەو کاناڵە دەکات، دەبینێت کە دوکتورێکی دەروونناس بە کۆت و شەلوار  و بە زمانێکی ناسکی فارسی سەرقاڵی باس کردن لە گرنگی بنەماڵەیە، هاوکات بەرنامەییەکی دواتر دەبینێت کە پیرەژنێکی لادێیی لە نێو کۆمەڵێک حەیوان و ئاژەڵدا بە زمانی کوردی سەرقاڵی باس کردن لە جۆری ژیانی لادێ دەکات.

ئەمە بە شێوەی نەخوازراو لەسەر “ناخوداگاه جمعی” خەڵک شوێندانەر دەبێت، بەو واتایە کە زمانی فارسی زمانی دکتور و با سەوادە و زمانی کوردیش هی شوان و مەڕدار، دەرەنجامەکەشی ئەوەیە کە کاتێک ئەو کچە گەورە دەبێت، پێ خۆشە کە لەگەڵ کۆرێکی فارس مێرد بکات یان لەگەڵ منداڵەکانی بە فارسی قسە بکات، دیارە ئەمە پێچەوانەشە، یانی شموولی پیاوەکانیش دەکات. بەڵام فازی سێهەم، کە هەر وەک ئاماژەم پێ دا تایبەتە بە ناوچەی هەورامان.

راویژ :  باس له ئێستا کرا ، که بؤ وینه خخۆرهەڵاتی کوردستان که له ژیر ده ستی حکومه تی ئيستايی ئیران دایه و بی گومان گه وره ترین ئامانج له لایه ن ئه و حکومه ته وه رون و ئاشکرایه، تا چ راده یک رژیم توانیویتی به تایبه ت کلیک له سه ر ئه و به شه ی کوردستان بکات وتا چ راده یک جی هیوایه  بؤ پیشگرتنی ئه و دوخه؟

محەممەدی: لە ناوچەی هەورامان، شێوەی کار و چالاکی و بەڕێوە بردنی ئەو فازە جیاواز لە ناوچەکانی ترە، بۆ نموونە تەرکیبێکە لە هەموویان، ئێستاکە لە هەورامان رەوتێک سەری هەڵداوە کە هەورامییەکان بە کورد نازانن و لە لاییەک دەیبەستنەوە بە فارسەکان و لە لاییەکی تریش وەک نەتەوەییەکی سەربەخۆ نیشانیان دەدەن. ئەو ڕەوتە هەم  بەشێک لە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیم پاڵپشتی لێ دەکەن و هەمیش لە دەرەوە بە داخەوە لایەنێکی کوردی لەسەریان سەرمایەگۆزاری دەکات. هەر لەو پەیوەندییەشدا لە ساڵانی ڕابردوو چەندین لێکۆڵینەوە و کتێب و بابەت و ڕێکخراوە لە ناوچيکە دانراون کە ئەو جۆرە بیرۆکەیە بڵاو دەکەنەوە.

راویژ : به داخه وه خخۆرهەڵاتی کوردستان هەر کات بەرانبه ری زۆری و گوشارەکان بوه و زۆر کات دیتراوه که له هەر لایەنێکەوه ناحەقی و پیلان گێڕانێکی زۆری بەرانبەری کراوه، ڕەنگە ئەوانەش هۆی هەرە زۆری  ئەو بارودۆخە بێ، لەوانەیە هێندێک جاریش بەر له پیلانەکان کۆمەڵگا خۆی تاوانبار بێ، هەڵبەت ڕای هەندێک کەس کە خەڵک خۆی کەمکاری بکات و کەم بایەخ بەو پرسە بدات، ئێوە چۆنی دەبینن؟  

محەممەدی: ڕاستە بەشێک لە کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ خۆدی کۆمەڵگای کوردیش، بەڵام ئێمە دەبێت ئەو کۆمەڵگایە وەک کۆمەڵگاییەکی “کۆلۆن” کراو و داگیرکراو چاو لێ بکەین، مرۆڤ ناتوانێت لە ئاوەها حاڵەتێک دا هەموو خەتاکە یان بەشی زۆری خەتاکە بخاتە سەر کۆمەڵگاییەک کە دەست و باڵی بەستراوەتەوە و وەک زیندانییەک دێتە بەرچاو.

راویژ :به ڕای ئێوه له بابەت گشت کوردستان، بەشەکانی تر چەندەیان کاریگەری لەسەر یەکتری دەبێ؟  

محەممەدی: دیارە بە هۆی فاکتی جۆغرافیاشەوە بێت، لانیکەم سێ بەشی کوردستان لە باری کەلتوورییەوە کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر یەکتر هەیە و دەبێت، بە تایبەت کە ئێستاکەش بە هۆی ماس میدیا ، ئەو کاریگەرییە زیاتر بووە، ئەگەریش چاو لە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەییەکی سیاسی بکەین دەبینین کە لە ساڵانی ڕابردوودا ، لە باری گەشەی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیش یارمەتیدەرێکی باش بووە بۆ پارچەکانی تری کوردستان، کە لێرەشدا دەیان و سەدان نموونەی زیندوومان لەبەردەستدایە، بە تایبەت لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری ئەو بەشەی کوردستان زیاتر بووە.

ڕاوێژ: کاک سیاوەش هەندێ جار  هەندێک باس لەلایەن هەندێ نووسەری کوریشەوە دێتە ئاراوە بۆ نموونە دەگوترێ هەورامی زمانە نەک زاراوە یان یارسانەکان یان ئیزیدیەکان کورد نین، لاتان وایە ئەوەش هەنگاوێکی لەم چەشنەیە کە ئاماژەتان پێدا؟ هەروەها بناغە و سەرچاوەی ئەو چەواشەکارییانە لە کوێوەیە؟

محەممەدی: بەڵێ ڕاست ئەوەش دەچێتە ئەو خانەیە، با نموونەتان بۆ بێنمەوە، ئێستا لە شاری مەریوان و کۆمەڵێک گۆندی دەوروبەری مەریوان ڕەوتێک هەیە کە بەردەوام کار لەسەر ئەوەی دەکات کە هەورامی زمانێکی سەربەخۆییە و هەورامییەکان کورد نین، ئەو ڕەوتە بەشێکی ڕاستەوخۆ لە لایەن بەشی فەرهەنگی سپای پاسدارانی نەبی ئەکرەم لە شاری کرماشان هیدایەت دەکرێن و بەشێکیشیان بەندن بە پژاکەوە، هەر کامە و مەبەستێکی خۆیان هەیە، ئەوەی ئێران دیارە مەبەستیان چییە، بەڵام ئەوەی پەکەکە زیاتر بە دووی ئەوەدا دەگەڕن تا وەک خۆیان دەڵێن ، تێزی “جوامع دمکراتیک” لە خۆرهەڵات پیادە بکەن، دیارە ، جوامع دمکراتیک باس لە گرێدانی کۆمەڵێک لە کەمینە دەکات و تا پێش ئەمانە ئێمە باسی “نەتەوە”مان دەکرد، واتە دەمانگۆت کورد یەک نەتەوەیە و بۆیە دەبێت کوردستان یەک وڵات بێت و دەوڵەتی خۆی هەبێت، بەڵام ئەمە لەگەڵ بیروبۆچوونی بەڕێز ئۆجالان و پەکەکە کە لەم دواییانەدا لە زیندان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە یەک ناگرێتەوە ، ئەوان ئێستا لە ڕوانگەییەکی چەپەوە باس لە جوامعی دمکراتیک و برایەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، کە وابوو بۆ ئەوەی بسەلمێنن کە لە کوردستان ئێمە نەتەوەمان نییە و ناتوانین لە ژێر چەتری دەوڵەتێکی نەتەوەییدا کۆ ببیننەوە، کێشەی زاراوە و ئایینەکان زەق دەکەنەوە و هەر لە ئێستاشەوە پلاتفۆرم و شتەیان بۆ دادەنێن و تا بە قەوڵی خۆیان هەموو ئەو پلاتفۆرمی کەمینانە لە ژێر چەتری کۆدار کۆ بکەنەوە.

هەر بۆیە دەبینی، بۆ یارسانەکان پلاتفۆرمی تایبەتی خۆیان داناوە و بۆ لۆر و لەک و هەورامییەکانیش وایان کردووە و دواجار لە ژێر ناوی ئەوەی کە ئەمانە کورد نین و “کۆمەڵگە”ن لە ژێر چەتری “کۆدار”دا خڕیان کردووەتەوە، ئەو سیاسەتەش لە ڕۆژئاوا و باشووریش دیتمان کە لە نێو ئیزەدییەکان چۆن زەق کرایەوە. ئێستاش ئەوانەی کە لە مەریوان  و پاوە و گۆندەکانی ناوچەی هەورامان ئەو بیروبۆچوونە پەرە پێ ئەدەن کە هەورامی کورد نییە ، بە شاهدی هەموو چالاکوانانی مەریوانی و پاوەیی، دەستیان لە هەموو دایرە و دام و دەزگاکانی حکوومەتی ئاوەڵاییە و لە هەمان کاتیش هەموو چالاکییەکان و بەرنامەکانیان لە ڕێگای دوو بەرنامەی هەورامی لە کاناڵەکانی “نەوروز تی ڤی ” و “ئستێرک تی ڤی” بڵاو دەکرێتەوە و زۆر بە ئاشکرا و بە بێ ترس لەگەڵ ئەو کاناڵانەش وتوێژ دەکەن و تەنانەت بەرنامەی حەفتانەشیان بۆ حازر دەکەن، بە بێ ئەوەی هیچ کێشە و گرفتێکیان بۆ ساز ببێت.

خاڵی سەرنجڕاکێشەکەی ئەوەیە کە هەمان ڕەوت لە شاری پاوە، ڕێکخراوەییەکیان لە ژێر ناوی نەسیمی هەورامانی داناوە کە دانەری ئەو ڕێکخراوەیە “سەرهەنگێکی سپای پاسداران”ە و لە هەموو دامو دەزگاکانی پاوەش دەستی کراوەیە و خۆی هەمەکارەیە.

ڕاوێژ: به واتایەک دەگوترێ که تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بردنه پێش و پێشکەوتنی سیاسەتی خۆیان دەستیان لەسەر له ناو بردنی فەرههەنگی کوردی که پێی خۆشیان دەگرێتەوه که یەکێکیشه له کارەکانیان که دەتوانین نێوی بەرین داناوه….  باسەکه لێدوان و شیکاریەکی یەکجار زۆری دەوێ بەڵام لە کۆتاییدا حەز دەکەم باس لە ڕێگای چارەسەری بکەن، ئێمەی کورد لە هەمبەر ئەو پیلانانە چ بکەین؟ به ڕاستی گرفتێکی یەکجار گەوره بۆ له نێو بردنی بنکه و مێژوی کورده که تا ئێستا هاتۆته بەرچاو، ڕێگای چارەسەری به ڕای ئیوه چیه؟

محەممەدی: ئەمن پێم وایە ئێستا بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە لە نێوخۆی کوردستانن، دەبێت لە هەموو زەرفییەتەکانی مەوجوود کەڵک وەربگرن و بە گرتنی کۆڕ و کۆبوونە و و سمینار، خەڵکی ڕوون بکەنەوە، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە لەو شارانە دەژین کە چەند زاراوەیین یان چەند ئایینێکیان هەیە، نابێت بکەونە تەقابۆل و دژایەتی لەگەڵ ئەو کەسانە، دەبێت بە قەناعەتیان بگەیێنن، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی کە شوێن کەوتووی ئەو فکرانەن، لە ڕووی نەزانین یا لە ڕووی ڕەق و کینەوە کەوتوونەتە داوی ئەو جۆرە بیرۆکانە، بۆ نموونە هەورامییەکانی مەریوان، زۆرجار دەبینین کە لە لایەن سۆرانییەکانەوە کەوتوونەتە بەر پلار و گاڵتە و … یان زۆر جار کەسانی دەس بەقەڵەم و نووسەر وایان نیشان داوە کە زمانی کوردی یانی سورانی و ئێوە مافی ئەوەتان نییە لە دوا ڕۆژدا بە زمانی دایکی خۆتان بخوێنن و بنووسن ، یان لە ناوچەی سەرپێڵی زەهاو بە هەمان شێوە، ئەو کەسانەی کە کوردی جافن و مەزهەبیان سۆننەیە، هەمان هەڵسۆکەوتیان لەتەک یارسانەکان هەیە، لە کرماشانیش کە بمێنێت، ئەمن پێم وایە بە گشتی ئەحزابی کوردی  لە ڕۆژهەڵات جگە لە پەکەکە ، باش جووڵاونەتەوە، چە بە دانانی بەرنامەی کەلهۆری و هەورامی لە تلویزیۆنەکانیان و چە بە دانانی بەشی کەلهۆری و هەورامی لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانیان و چە بە بەشداری کەردنی یارسنا و کەلهۆر و هەورامییەکان لە بەڕێوەبەری حیزبەکانیان، دەبێت ئەو ئەخلاقە شۆڕ بێتەوە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و ئەنجۆمەن و سمینارەکانی نێوخۆ، هەر بۆ نموونە ماوەییەک لەموە پێش لە شاری بانە سمینارێک گیرابوو کە لەو سمینارە ڕێگایان نەدابوو کە وتاری کەلهۆری و هەورامی لێ بڵاو بکریتەوە، ئەمن لەگەڵ بەشێکی زۆری چالاکانی نێوخۆ لە پەیوەندیدا بووم، کە شتەکەیان باس کرد زۆری پێ دڵ ئێشابوون.

ڕاوێژ: ئایا بەنزین پێداکردن به ناکۆکی نێوان کورد و ئازەریش له ورمێ هەر کاری پ ک ک یە؟  بۆ ئه وه ی بڵێت مومکین نییه فیدڕاڵیەت له ڕۆژهه ڵات بچەسپێ؟

محەممەدی: ڕاستییەکەی ، باسی ورمێ زۆر ئاڵۆزترە و مکانیزمی کاری پەکەکە لە ورمێ و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات زۆری جیاوازی هەیە، بەو حوکمەی کە پەکەکە تا پێش دامەزراندنی پژاک، بە شێوەی فەرمی لە نێو شاری ورمێ بنکە و بارەگای هەبوو، هەر چۆن ئێستا پارتی و یەکیەتیش نوێنەرایەتییان لە نێو شاری کرماشان هەیە، کە ئەمن بۆ خۆم شاهیدی عەینیم و چەندین جار سەردانم کردوون، پەکەکە لە ورمێ کێشەی جەزبی هێز و نیرووی نییە، لەبەر ئەوەی کە بە هۆی نزیکایەتی ئەدەبیات و ئەو جۆغرافیایەی کە لە باکوور خەباتی تێ دەکات لەگەڵ ناوچەکانی ورمێ، پەکەکە لە نێو شەکاک و کورمانجەکانی ورمێ راحتر توانیویەتی جەزبی نیروو بکات بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، پەکەکە لە هەورامان و کرماشان و شەنگال، جگە لەوەی کە دەیهەوێت خەڵک بگەیێنێتە بەو دەرەنجامەی کە دەوڵەتی نەتەوەیی زیانی هەیە، هاوکات دەیهەوێ بە سیاسەتێکی پۆپۆلیستی جەزبی نیروو بکات و زیاتر خۆی بناسێنێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت