پارتی دەیهەوێ لە ڕێگای ئەدهەم بارزانییەوە لە ئێران نزیک بێتەوە

0
135

بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی “لڤین”دا بڵاو بۆتەوە،  پارتی بۆزاڵبونی بەسەر یەکێتی و گۆڕان و سلێمانیدا، هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئێران دەکات.

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاپۆرتی لیڤن، و بە پشت بەستن بە رۆژنامەی ئاوێنە، كە زانیارییەكانی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستكەوتووەو لەژمارەی ئەمرۆی  رۆژنامەكەدا بڵاوكراوەتەوە، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گەرموكوڕی تێكەوتووەتەوە و دوای دووساڵ لە داواكاری بارزانی بۆ سەردانی ئێران هەفتەی داهاتوو ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت و لەسەر ئاستێكی باڵا پێشوازی لە بارزانی دەكرێت.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ماوەی دوو ساڵە بارزانی  دەیەوێت سەردانی  ئێران بكات، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئامادەنەبوون لە ئاستێكی بەرز پێشوازی لێ‌ بكەن، بەڵام دوای گەرموگوڕبوونەوەی  پەیوەندییەكانی نێوانیان و ئاڵوگۆڕی رێكەوتنامەی  نوێی هەواڵگری و ئابوری ئەمجارە تاران وەك سەرۆكی هەرێم پێشوازی لە بارزانی دەكەن و تەنانەت رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێرانیش چاوی بە بارزانی دەكەوێت.

لەراپۆرتەدا روونكراوەتەوە پارتی لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی ئەم قۆناغەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران ئەدهەم بارزانی ناردووە بۆ سلێمانی، لەبەرئەوەی ئەدهەم بارزانی لەو سەردەمەوە كە سەركردەی  حزبوڵای  شۆرشگێری كورد بووە پەیوەندی تۆكمەی لەگەڵ سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هەیە.

 ئەو رۆژنامەیە ئاشكراشی دەكات هەرچەندە پارتی بەردەوام لە هەندێك لە راگەیاندنەكانییەوە هێرشی كردووەتە سەر ئێران بەڵام ئەو حزبە بەنهێنی بەردەوام لە گفتوگۆی چڕدا بووە لەگەڵ ئەو وڵاتە.

بەپێی راپۆرتەكە رۆژی هەینی داهاتوو  سەردانەكەی  مەسعود بارزانی بۆ ئێران دەست پێدەكات و بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و وەزیری ئیتلاعات كۆدەبێتەوە و دۆخی عیراق و سوریا و مەسەلەی نەوت و ئەگەری ئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێ‌ لەنێوان پارتی و ئێران و هەوڵدان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە حاجی ئۆمەراندا بۆ ئێران لەبری گەرمیان لە ئەجندای سەردانەكەیدایە.

رۆژنامەكە دەشڵێت لەسەردانی ئەمجارەی بارزانیدا بۆ تاران ئەگەری ئەوە هەیە پارتی و بارزانی سازش لەسەر حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن و لەو رووە ئاشكرای دەكات : لەسەردانەكەیدا بارزانی دەربارەی نفوزی  پەكەكەش لەگەڵ ئێران قسە دەكات و پێشبینی دەكرێت بارزانی سنورێك بۆ جموجوڵی پاك و پژاك و حزبی دیموكرات دابنێت و لەبەرامبەردا ئێران بارزانی بەرەسمی وەك سەرۆكی هەرێم بناسێت.

رۆژنامەكە ئاشكراشی دەكات ئەدهەم بارزانی ساڵی رابردوو 2 جار سەردانی ئێرانی كردووەو لەگەڵ چەند بەرپرسێكی هەواڵگری و سیاسی ئێران كۆبووەتەوەو پرۆژەی نزیكبوونەوەی پارتی و ئێران و دروستكردنی حزبێكی  ئیسلامی ئۆپۆزسیۆنی بۆخۆی باس كردووە.بەڵام دواتر ئێران و پارتی لەسەر ئەوە رێككەوتوون لەبری دروستكردنی حزب، ئەدهەم بارزانی لەسنوری سلێمانی كاربكات و پێگەی  پارتی لەسنوری سلێمانی-گەرمیان بەهێز بكات.

بەپێی سەرچاوەكانی ئەو رۆژنامەیە لەم سەردانەی بارزانیدا ناردنی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی  لەگەڵ ئیتڵاعات باس دەكرێت، بریارە ئەدهەم بارزانیش هاوسەفەری بارزانی  بێت.

شایانی ئاماژەیە کە ئەدهەم بارزانی، دامەزرێنەری “حیزبووڵا” یە لە ئێران کە پێکهاتبوو لە ئەژمارێک بارزانی کە بە ڕواڵەت ئەو کات لە پارتی جیاببوونەوە و لەژێر ئەمر و فەرمانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، شەڕێکی خوێناویان لەگەڵ حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی حیزبی دێموکرات کرد و هەندێ بەڵگە و ڤیدیۆیش لەمبارەوە بوونی هەیە کە تێیدا، ئەدهەم بارزانی بەتایبەتی دژ بە دوکتور عەبدووڕڕەحمان قاسملوو دەدوێ و دەڵێ ئەگەر ئیمان فەرمان بدات ئەوا لە ناویان دەبەین.

پێویست بە ئاماژەیە کە لە بەرەبەری سەفەری بارزانی بۆ ئێران، چالاکانی سیاسیی کوردستانی خۆرهەڵات لە نامەیەکی فەرمیدا داوایان لە ناوبراو کردووە لە سەفەرەکەی خۆی بۆ ئێران باس لە دۆخی کەبوودوەند بکات و داوای ئازادکردنی لە بەرپرسانی کۆماری سێدارە بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت ڕایەڵەی فەیسبووک، باس لە ئەگەری گوشاری پارتی بۆ سەر خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئارا دایە کە بە هۆی ئێرانەوە گوشار بخاتە سەر ئەو حیزبە و پاشەکشەی پێ بکات، بەشێک لە پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبەش باس لەوە دەکەن کە چوونەوە و دەست پێکردنەوەی خەباتی نوێ بە ئەمر و لەسەر ویستی هیچ لایەنێکی غەیری ڕۆژهەڵاتی نەبووە تا بە قسە و ئەمری ئەوانیش بوەستێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌