سەرۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان بۆ كۆچی دواییی مامۆستا هێدی، پەیامێکی بڵاو کردەوە

0
1285

ڕۆژی کورد: ێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستانی باشوور، بەبۆنەی كۆچی دواییی شاعیرى ناوداری كورد، مامۆستا خالیدی حیسامی ناسراو بە (هێدی) پەیامێكی بڵاو کردۆتەوە و تێیدا سەرەخۆشیی خۆی بەو بۆنەوە ڕاگەیاندووە.

 دەقی پەیامەكە بەو شێوەی خوارەوەیە:

بەبۆنەی كۆچی دواییی شاعیر و نووسەری نێوداری كورد مامۆستا خالیدی حیسامی (هێدی)، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستای خوالێخۆشبوو و خۆمان و هەموو گەلی كوردستان دەكەم و، لە خوای مەزن نزای بەهەشتی بۆ دەخوازین.

مامۆستا خالیدی حیسامی كە پێش ٨٩ ساڵ لە گوندی شێخاڵی نێوان هەردوو شاری بۆكان و مەهاباد لە بنەماڵەیەكی دیار لەدایك ببوو، كەسایەتی و شاعیرێكی جێگەی شانازیی خەڵكی خۆشەویستی بۆكان و مەهاباد بوو. مامۆستا خالیدی حیسامی لەگەڵ هەردوو شاعیر و ڕۆشنبیری نێودار هێمن و هەژاری موكریانی، سێكوچكەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیاتی موكریانیان پێكهێنا و، كۆڵەگەیەكی بەرچاوی ڕۆشنبیری و ئەدەبی كوردیش بوون بەگشتی.

مامۆستای خوالێخۆشبوو خالیدی حیسامی، بەشدارییەكی بەرچاوی لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و شۆڕشی ئەیلوولدا كردبوو. شیعر و نووسینەكانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی كۆماری كوردستان و هەروەهاش لە شۆڕشی ئەیلوول و، كاركردنی لە ڕادیۆی دەنگی كوردستانی عێراقدا، هەمیشە بۆ خۆی جێگەی شانازی بوون و، بۆ شۆڕشگێڕانی كوردستان و پێشمەرگەش مایەی ورەبەرزییەكی زۆر بوون.

مامۆستا خالیدی حیسامی، دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، وەك شاعیرێكی شۆڕشگێڕ، جارێكی دیكە نزیك و تیكەڵاوی شۆڕش بوو، ئەو وەفادارییە و نزیكییەیشی وایكرد كە بتوانێت دەق و شاكاری شیعریی پڕ به‌هەست بۆ كۆچ و بیرەوەرییە ساڵانەكانی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی بنووسێت لەپێش ڕاپەڕین.

مامۆستا خالیدی حیسامی، بۆ ئێمە پێشمەرگە، ڕۆشنبیر و وەفادار و یادگارێكی پێشەوا قازی محەممەد و بارزانیی نەمر بوو.

مامۆستا خالیدی حیسامی، ویڕای شیعرە شۆڕشگێڕییە هەستهەژێنەكانی، غەزەلنووسێكی گەورە بوو، لەو بوارەشدا بە هەستی ناسك و جوانناسیی خۆی، جێگەیەكی دیاری لەناو ئەدەبی كوردیدا بۆ خۆی كردووەتەوە.

مامۆستا خالیدی حیسامی، بە خەبات و بەرهەمەكانی هەمیشە وەك كەسێكی خۆشەویستی گەلەكەی و وەفاداری ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان و كوردایەتی دەمینێتەوە. یادی بەخێر و ڕۆحی شاد بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان.
٢٨ى ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٦

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت