فیلمی پێشمەرگە لە فیستیڤاڵی کان پیشاندرا

0
1125

رۆژی کورد؛
ئەمرۆ کاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆ لە بەشی تایبەتیی (séance special) فستیڤاڵی کان فیلمی پێشمەرگە، بە بەشداری بەشێک لە ستافی فیلمەکە نمایشکرا و جەماوەرێکی زۆر بۆ بینینی فیلمەکە لە هۆڵئ ئادرێ بازین ئامادە بوون.
فیلمی پێشمەرگە، فیلمێکی دیکۆمێنتارییە و کاتژمێریک و سی دوو خولەکە، باس شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان پێشمەرگە و داعش بە درێژایی هەزار کیلۆمیتر لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستان دەگەڵ داعش دەکا، فیلمەکە لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک و جەلەولاو خانقین تەسویر کراوە و لە شنگال کۆتایی پێدێ.
ئاڵا هووشیار کامێرامانی سەرەکی ئەم فیلمە کە لە کوردستانەوە بەشداری لە رێوڕەسمی پیشاندانی فیلمەکەدا کردبوو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژی کورد ڕایگەیاند: ئەمرۆ فیلمی پێشمەرگە لە فستیڤاڵی کان بە بەشداری بەشێک لە ستافی فیلمەکە لەوانە دەرهێنەرەکەی بێرنارد هێنری لێڤی و منیش وەک کامێرامان و وێنەهەڵگری فیلمەکە، پیشاندرا و جەماوەرێکی زۆر بۆ بینینی فیلمەکە ئامادە بوون.
ئاڵا هوشیار باسی لەوە کرد کە “ناوەرۆکی فیلمەکە باس لە چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە لەوانە شێخ جەعفەر و سیروان بارزانی، کەماڵ کەرکووکی و حوسێن یەزدانپەنا و شەهید مەغدید هەرکی و پێشمەرگەکانی کوردستان دەکا کە چۆن شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکەن. شەهید مەغدید هەرکی قارەمانی سەرەکی ئەم فیلمەیە کە لە ناوچەی چیای زەرتک لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگە لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕیان کرد و فەرماندە مەغدید هەرکی پاشان شەهید دەبێت، لە بەشێکی دیکە لە فیلمەکە باس لە برینداربوونی من دەکا کە لە کاتی وینەگرتن لە یەکێک لە دیمەنەکان بریندار دەبم و دواتر لە نەخۆشخانە چارەسەریم بۆ کرا. فیلمەکە بە ئازادیی شنگال کۆتایی پێدێ، بەڵام ئەوەی کە زۆر تیشکی خراوەتەسەر شەهید بوونی فەرماندە مەغدید هەرکی یە و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و پاشەکشە و شکستی هێزەکانی داعش ئامانجی سەرەکی ئەو فیلمەیە.
زمانەکانی کوردی و عەڕەبی و ئینگلیزی لەو فیلمەدا بەکارهاتووە، بەڵام سەرجەمی دیالۆگەکان وەرگێردراونەتە سەر زمانی فەڕەنسی و وەرگێرانەکانیش لە کوردی و عەڕەبییەوە بۆ فەڕەنسی لە لایەن چەند کەسێکەوە ئەنجامدراوە کە یەکێک لەوان رۆژنامەنووس هەڵگورد سەمەدە.”
لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ رۆژی کورد ئاڵا هووشیار باس لە دەور و رۆڵی پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) کە پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کرد و گوتی: پارتی ئازادیی کوردستان هەر لەسەرەتای دەسپێکی شەڕ دژی تیرۆریستان بەشدارییان لەو شەڕەدا کردووە و سەرەتای فیلمەکە بەر لەوەی بچێتە ناو ڕووداوەکان وێنەی دوو پێشمەرگە نیشان دەدا کە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستانن، ئەم دوو پێشمەرگە دەچنە سەر گردێک و پاشان بۆمبێک دەتەقێتەوە و یەکێک لەو پیشمەرگانە کە ناوی هەژارە بریندار دەبێ و پاشان بە برینداری دەگەرێنەوە ناو مەقەڕەکانی خۆیان لە بەرەکانی شەڕ، هەر وەها دیمانەیەکی کورت دەگەڵ حسێن یەزدانپەنا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی (پاک) کراوە کە چۆن پێشمەرگەکانیان گوندێکیان لەدەستی داعش ئازاد کردووە و خانوویەک کە لە لایەن داعش بۆمبڕێژ کراوە دەتەقێننەوە.
ئاڵا هوشیار ئاماژە بەوە دەکا کە جەماوەرێکی زۆر بۆ بینینی فیلمی پێشمەرگە هاتبوونە ناو هۆلەکە و نزیکەی 250 کەس بەشدارییان کرد جەند دەرهێنەری ناوداری ئوروپیش لەوێ ئامادە بوون. دوای کۆتاییهاتنیش، فیلمەکە چەپڵەرێزان کرا و بێرنارد هێنری لێڤی درهێنەری فیلمەکە قسەی کرد و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی فیلمی پێشمەرگەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە. هێنری لێڤی ئاماژەی بەوە کرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی داعش دەکا، ئەو هەر وەها تیشکی خستە سەر خەباتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان .

سایتی فه‌رمیی فێستیواڵی كان و لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌ت به‌ فیلمی پێشمه‌رگه‌ 

 13275719_1262554353774095_150295435_n13233483_1262553767107487_1040807637_n13250577_1138361092892578_1399581314_n

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.