پێشەوا بەر لەوەی پێبکەنێ، گریا

0
1172

arsalan-chalabiئەرسەلان چەڵەبی

تا وێنەی تۆمان هەبێ نامرین

رۆژی دەی خاکەلێوە بۆ هەموو تاکێکی کورد لە هەر کونجێکی ئەو جیهانە پان و بەرینە رۆژێکی رەشە و لەو رۆژە دا داخێکی قورس و گران لە جەرگی هەموو نەتەوەی کورد درا. دوژمنانی ئازادی لایان وابوو دەی خاکەلێوە کۆتایی خەباتی نەتەوەیەکی داگیرکراوە  بەڵام لە راستیدا بوو بە سەرەتایەک بۆ فێربوونی وانەی خۆشەویستی و فیداکاری و ئازادی. سەرەتایەک کە تا گەیشتن بە مافە رەواکانی خۆی هیچ چەشنە کۆتاییەک نەناسێ و بیری لێ نەکاتەوە.

لە سێدارەدانی سەرۆک‌کۆماری نەتەوەیەک هەم تڕاژێدییە، هەمیش لە لایەکی ترەوە ژێنۆسایدی هەستی نەتەوەیی و ئینسانی کوردستانە، بۆیە دەبوو لەو رۆچنە نیگایەوە بە دەیان دەقی لە سەر بنووسرێ. لە سێدارەدانی قازی محەممەد بە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ تاک، دەگەڕێتەوە بۆ رۆحی نەتەوەیەک.

من وەکوو نووسەرێک چالاکیم تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبیات دا بەرتەسک بۆتەوە و هیچ کات نە پێم خۆش بووە و نە مەیلیشم بووە بێمە ناو ئەو دونیا سەیر و سەمەرەی سیاسەتی کوردی و بمهەوێ وتارێکی سیاسی بنووسم، ئەوەی راستیش بێ هەر تێی ناگەم و هەڕەی لە بڕەی ناکەمەوە و هیچ کاتیش بڕوام بە کەسانی سیاسی نەبووە و هەموو کات لێیان ترساوم. بەڵام من خۆم پێم وایە قازی محەممەد لەو باسە بێبەرییە و هەڵگری پێناسە و کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆی بووە و لەو باوەڕە دام گوناهە بە قازی محەممەد بڵێی کەسایەتییەکی سیاسی! قازی محەممەد کەسایەتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤدۆست بووە. لە رۆژی دەی خاکەلێوەش بۆ هەموو گەلانی جیهان و کورد بە تایبەتی سەلماندی کە ئەو جیا لەوەی کە بە قەولی شەهید دوکتور قاسملوو گوڵێک بوو لە سەحرایەک دا، ئەو گوڵێک بوو لە سەحرای سیاسەتی کوردیشدا:

 “گوڵێکی پاک و بێگەرد کە هیچ کات لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و حیزبی ئامانجە ئینسانی و نەتەوەییەکانی فیدا نەکرد” ئەوە وانەیەکی مەزن و ناوازە بوو کە بە داخەوە هەتا ئێستا هیچ حیزبێکی سیاسی و هیچ سەرکردەیەکی کورد نەیتوانیوە لەو وانەیە کەڵک وەرگرێ و بیکاتە ئاڵقەی گوێی. هەر بۆیە من پێم وایە بە حیزبی کردنی کەسایەتی “قازی محەممەد” هیچ کە باش نییە بەڵکوو دەبێتە بەرتەسک کردنەوەی ئەو لە ناو رۆحی نەتەوەیی کوردا. بۆیە قازی محەممەد موڵکی شەخسی و حیزبی و هیچ لایەن و رێکخراوەیەکی سیاسی نییە. بەڵکوو دەبێ ببێتە هێمای نەتەوەیی‌بوون و ئەخلاق و رەوشتی ئینسانی بۆ نەتەوەی کورد و هەروەها دونیای سەرسووڕهێنەری سیاسەتی کوردی.

رۆژی دەی خاکەلێوە هەڵگری زۆر وانە و خاڵی گرینگە کە تا ئێستا بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە و تەنیا لە ناو کۆمەڵێک وێنە و لۆگۆ و بۆنەی حیزبی دا بەرتەسک بۆتەوە. ئەو رۆژە هەڵگری وانەی فیداکاری، لەخۆبردوویی، ئینسان دۆستی، خۆنەویستی و دەیان وانەی گرینگی تر کە وەکوو نانی شەو بۆ هەموو تاکێکی کورد بە تایبەت تاکی سیاسی کورد پێویستە کە بە داخەوە کەم وا هەیە تێیاندا بوونی هەبێ، لانیکەم لە بیست ساڵی رابردووەوە تا ئیستا ئەو وانە گەلە تەڕایی لێ بڕاوە و  زۆر بە کەمی لە روخسار و کەسایەتی کەسانی سیاسی و بە تایبەت ئەوانەی خۆ بە ڕێرەوی رێبازی ئەو دەزانن دەبیندرێ. تۆ بڵێی هۆکار چ بێ و لەبەر چی بەو ئاقارە دا رۆشتووە؟ ئەوە پرسیارێکە دڵنیام لە رۆژی دەی خاکەلێوە کە کازیوە دادێ بەربینگمان دەگرێ و داوای وەڵاممان لێ دەکا. وەڵامێک کە نامۆیە و ساڵگارێکی زۆرە لە ناو مێشکماندا سڕدراوەتەوە. تۆ بڵێی  وەها پرسیارێک هەر هەبێ لەو ناوەدا؟ من لەوەش دڕدۆنگم!

لە رۆژی دەی خاکەلێوە دەبێ لە خۆمان بپرسین بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن و بە تەمای چین و دەمانهەوێ لەو رۆژەدا چ پەیامێک بدەین؟ چیمان لە بوخچەی مێشکی کوردیمان کۆ کردۆتەوە و بە تەماین لەو رۆژەدا چۆن یادی سەرۆک‌کۆماری کورد بکەینەوە؟ چۆن بیر لەو بەرەبەیانییە نەگبەتە بکەینەوە و چۆن ببینە تیمارێک بۆ ئەو زامە قووڵ و جەرگ بڕە؟ لانیکەم چۆن نەبین بە خوێی سەر ئەو زامە؟ ئەگەریش هەر بووینە خوێی ئەو زامە لانیکەم لەو رۆژە دا نا!

لانیکەم ئەگەر گوڵێکی سیس و لەڕیش نەبووین، دڕکێکی تیژ و خوێناوی نەبین بەرووی ئەو گوڵەی لە سەحرای کورد دا ڕووا!

تۆ بڵێی  قازی محەممەد ئێستا زیندوو ببێتەوە و ئەو کەسانەی خۆ بە رێرەوی رێبازی دەزانن ببینێ کە بەو چەشنە خەریکن سەری یەکتر دەخۆن و هەر جارەی بە بیانوویەکی نائینسانی و ناحەز سووکایەتی بە یەکتر دەکەن چ بڵێ؟ تۆ بڵێی  ئێستا زیندوو بێتەوە ئەو دۆخە ببینێ چ بڕیارێک دەدا؟ ئەگەر سەر لە گۆڕ بێنێتە دەر و ئەو هەمووە چەوتی و چەپەڵییە ببینێ چ بیرێک بکاتەوە و چۆن دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ؟ نەوەی دوارۆژی ئەو هەر جارەی بە جۆرێک سووکایەتی بە کەرامەتی ئەخلاقی و ئینسانی دەکەن و هەر تاکەی دەهۆڵی خۆی لێدەدا و هەوای خۆی دەژەنێ!

45319_4612861606029_1241203757_n

حەز دەکەم جارێکی تر بێمە سەر ئەو وانەگەلەی قازی محەممەد بوو بە سەرتۆپی و فێری کردین. ئەو وانە گەلەی کە لە ئێستا دا نەوەی دوارۆژی شای گۆڕبەگۆڕی ئێرانی رەشی ناکاتەوە، نەوە نوقستانەکانی کۆماری سێدارە هێڵی بەتاڵبوونەوەی بە سەر داناهێنێ، ئەو وانەگەلە لە ئێستا هەر ئەو کەسانە خەتی رەشی بە سەر دادێنن کە لە قسان خۆیان بە رێڕەوی رێبازی ئەو دەزانن. ئەوە هەم تڕاژێدیایەکی تاڵ و جەرگ‌بڕە هەمیش کۆمێدییەکی سووررێئاڵە کە هەڵگری دەیان رۆمان و چیڕۆکە و دەشتوانێ دەیان خەڵاتی ناوداری پێ بەرێتەوە.

من دڵنیام ئەگەر قازی محەممەد بە جۆرێک لە وەها دۆخێک ئاگادار بێ هیچ کات حەز ناکا سەر لە گۆڕ بێنێتە دەر و روخساری ناحەز و رووخێنەر و دژە ئیسانی نەوەی دوارۆژی خۆی ببینێ. ئەو ئەرکی خۆی بەجێ گەیاند. بەڵێنی خۆی دا و رۆح و گیانی خۆی بە دیاری دا بەو خاکەی لێی بە خاوەن دەرکەوت. خاکێک کە ئێستا ساڵگارێکی زۆرە لە سەر مانیتۆرەکان هەر جارەی بە جۆرێک برینداری دەکەن و هەر جارەی بە لەونێک خەنجەری نەزانی و نەهاتی لە جەستەی دابەش‌کراو و برینداری رۆ دەکەن.

هەموو ئەوانە جاریکی تر من و هەزارانی وەکوو من دڵنیاتر دەکاتەوە کە دەبێ کارێک بۆ ئەوە بکرێ کە کەسایەتی قازی محەممەد بە تەواوی لە چوارچێوەی ئیدۆئۆلۆژی و حیزبی دەربێ و ببێتە کەسایەتییەکی نەتەوەیی کە وەکوو هێمایەک بۆ تاک بە تاکی گەلی کورد بدرەوشێتەوە. کار بکرێ بۆ ئەوەی ئەو کەسایەتییە سنوورەکان ببەزێنێ و تەنانەت زەفەر بەرێتە وڵاتانی تریشەوە.

هیوادارم رۆژێک بێت و ئەو ئاکارە چەپەڵانەی کە ئەوڕۆکە لە دونیا سیاسەتی کوردی و بیری تەسکی حیزبایەتی دەیبینین تەفر و تونا بن، لانیکەم لەو رۆژی دەی خاکەلێوە دا بڕیار بە خۆمان بدەین و بە خۆمان دا بێنەوە و هەنگاو بۆ ئەوە هەڵێنین کە بتوانین بە جۆرێک لە جۆرەکان یەک لەو وانەگەلەی پێشەوا فێری کردین لە ژیانمان دا رەنگ بداتەوە و نەبینە هۆکارێک بایەخە ئینسانی و نیشتمانییەکان بریندار بکەین.

پێشەوا بەر لەوەی ئازادی ڕا بێ، ڕابوو، لاجانگی رووباری لاواندەوە و سینگی شاخی شێدار کردەوە، بسکی دارستانی گەشاندەوە و خاک و خۆڵی ئاشت کردەوە لە گەڵ نەرمە تیشکی سەر زەریا و کازیوەی بەرەبەیان!

پێشەوا لە زەینی گوڵ تێگەیشت و برینەکانی پاراستنی سارێژ کردەوە، باڵندەکانی کۆ کردەوە و ئاسمانی ئاوەدان کردەوە بە جریوەی پێکەنین!

پێشەوا سەرڕێژ بوو لە بێدەنگی، دەنگەکانی بە چۆک دا هێنا و تخوونی دەنگە دەنگی ژیانەوە بوو! پێشەوا بە تەنیشت تاریکییەوە جمەی دەهات لە رووناکی! پێشەوا پێشکەش کرا بە بەهار و نەورۆزێک لە زستاندا! پێشەوا پان و بەرین بوو، بە وێنەی دەریا، سینگی سروود و سرتەی سەوزی گەڵا! پێشەوا پێکەنی و نیشتمان شکۆفەی کرد! پێشەوا هەڕەشەی لە مەرگ کرد و ژیانی دنە دا! پێشەوا بەر لەوەی پێبکەنێ، گریا! پێشەوا پشتێنی ئازادی گرێ دا!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.