بۆکان:  پەردە لەسەر ڕۆمانی “هەرا و تووڕەیی” لادرا

0
1442

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجوومەنی ئەدەبیی بۆکان، ڕۆژی ٥شەممه ١٥ی ڕەزبەری ٩٥ کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی “هەرا و تووڕەیی” بەرهەمی ناوازەی نووسەری بەناوبانگی ئامریکایی “ویلیام فاکنێر” و وەرگێڕدراوی محەمەد ڕەمەزانی بۆ کوردی لە هۆڵی سیمورغ باژێڕی بۆکان به بەشداری ڕێژەیەکی بەرچاو لە هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی بەڕێوە چوو.

لەم کۆڕەدا محەممەد رەمەزانی، دوای دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی بۆ ئامادەبوان باسێکی کورتی لەسەر پڕۆسەی وەرگێڕانی کتێبی “هەرا و تووڕەیی” پێشکەش کرد.رەمەزانی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە زەرفییەتەکانی زمانی کوردی کرد کە دەکرێ شاکارێکی وەک “هەرا و تووڕەیی” لە خۆیدا بتوێنێتەوە و ئەوە دەیسەلمێنێ زمانی ئێمەش گەر بێتوو لێزانانه مامەڵەی لەگەڵ بکرێ توانستی ئافراندنی دەقی پێشکەوتوو و جیهانی هەیه.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا ڕومان‌نووسی بۆکانی “سەید قادر هیدایەتی” به خوێندنەوەی یادداشتێک” بەرەوەپیری کتێبی ناوبراو چوو و لەوێدا ئاماژە بەوە درابوو کە زمانی گوند چەندە دەتوانێ به هانای نووسەرانەوە بێ و کەلێنە تاریکەکانی گێڕانەوەی کوردی پڕ بکاتەوە.

بەشی سێهەمی ئەم کۆڕە تایبەت بووە به پانێلی زانستی لەسەر کتێبی هەرا و تووڕەیی به بەشداری بەڕێزان: ساڵح سووزەنی(شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی)، عەتا نەهایی(ڕۆمان‌نووس) و دوکتور بەختیار سەجادی (مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەری ئەدەبی).

لە درێژەی بەرنامەکەدا “رەزا شەجیعی” بەرپرسی چاپەمەنی گوتار لە بابەت چۆنیەتی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێبی هەرا و تووڕەیی چەن وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.شەجیعی لە درێژەی وتەکانیدا مزگێنی چاپی چەند بەرهەمی تری لە ناوەندی گوتار ڕاگەیاند.

بەشێکی دیکەی کۆڕەکه بریتی بووە لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی “هەرا و تووڕەیی” به بەشداری مامۆستایان:فەتاح ئەمیری،حەمەدەمین شامحەمەدی،ناسر وەحیدی و حوسێن شێربەگی.

فرۆشی کتێبەکه و واژۆی لە لایەن مامۆستا محەمەد ڕەمەزانی لەسەر کتێبەکان دوایین بەشی کۆبوونەوە ئەدەەبییەکه بوو کە لە کەشێکی گەرم و دۆستانەدا بەرێ کرا.ئەم کۆڕە کاتژمێر ٦:٣٠ کۆتایی پێ هات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت