حدكا هەڵسوکەوتی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا بە ناڕەوا دەزانێ

0
717

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران سەبارەت بە بارودۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا ڕاگەیەندرواێکی بڵاو کردەوە ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە حاڵێکدا کە وەزعی سووریە ڕۆژبەڕۆژ هەستیارتر دەبێ و پێویستیی یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا پتر خۆی دەردەخا، بەداخەوە شاهیدی چەند ڕووداو و کردەوەی نەشیاوی گرتن و ڕاونان و ئازاردانی ئەندامانی سەرکردایەتی چەند هێزی کوردی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کوردستانی ڕۆژئاوا و لە چەند شاری ئەم بەشەی کوردستان بووین.

ئەو جۆرە کردەوانە دەرحەق بە پارت و ڕێکخراوەکانی دیکەی کورد نەک یارمەتی بە یەکگرتوویی کورد لە پێناو دەستەبەربوونی مافەکانیان نادا، بەڵکوو کێشەکانی ناوماڵی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا قوڵتر دەکاتەوە و زیان بە بەرژەوەندیی کورد لەو بەشەی کوردستان دەگەیەنێ.

دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەمیشە پاڵپشتی خوشک وبرا کوردەکانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا و پشتیوانی دابینبوونی مافەکانیان بووە و هەیە ئەم شێوە هەڵسوکەوتەی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا بە ناڕەوا دەزانێت.

هەر لەو پێوەندییەدا داوایبرایانەمان ئەوەیە هەموو هێز و لایەنەکانی کورد لە سووریە خۆیان لە هەر کردەوەیەک دژ بە یەکگرتوویی کورد ببوێرن و ڕەوتێک لە تەبایی و یەکدەنگی بگرنە بەر کە لە بەرژەوەندی دۆزی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوادا بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٦ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.