پارتی و یەکێتی گوشار دەخەنە سەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات

0
907

ڕۆژی کورد: عومەر ئیلخانی زادە، سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بەئاوێنەی ‏ڕاگەیاندووە، ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێكی پارتی‌و یەكێتی سەردانیان کردوون و داوایان لێکردوون هیچ جۆرە چالاکییەک لە دژی ئێران ئەنجام نەدەن.

شاندی یەکێتی و پارتی کە سەردانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەیان کردووە بریتی بوون لە شێخ ‏جەعفەرو كەریم سنجاری‌و سەعدی پیرەو مەحمود محەمەد.

بەپێی لێدوانی سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەو وەفدە، هەڕەشەکانی ئێرانیان بە لایەنەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندووە و دەڵێ: “پێیانوتین، ئێران وتویەتی ئێمە بێدەنگ نابین لەوكارانە، ئەوان دێن چالاكی دەكەن ‏مافی ئێمەیە بێین‌و لێیان بدەین”.‏

عومەر ئیلخانی زادە ئەو گوشارانەی پارتی و یەکێتی بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگێڕێتەوە بۆ سەر بەرژەوەندیی ئابووری و دەڵێ: “ئەوان پێیان ڕاگەیاندین نابێ هیچ جۆرە چالاکییەک بە دژی ئێران بکەین چون ئەوان بەرژەوەندییان لە خاڵه‌  سنووریه‌كانی ، حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەرویزخان هەیە و بە ئێمەشیان وتووە کە ئێران ئەو سنوورانە دادەخات و ئەو سنوورانەش بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی تێدایە”.

لە درێژەی لێدوانەکەدا ئیلخانی زادە وێڕای ڕاگەیاندنی پشتگیریی خۆیان لە خەباتی نوێ بە دژی ڕژیمی ئێران، باسی لە وڵامی خۆی بۆ ئەو شاندە کردووە و دەڵێ: “پێمان ڕاگەیاندوون ، ئەو قسانەی کە لەمەڕ بەرژەوەندیی ئابووری دەیکەن و هەڕەشەکانی ئێران ڕاستە، بەڵام ئێوە چەندین ساڵە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتتان سنووردار کردووە ، ئەی بۆ گوشار ناخەنە سەر ئێران بۆ حەشدی شەعبی کە لە دوزخورماتوو چەندین کاری نەخوازراو دەکات”.

ئیلخانی زادە لە درێژەدا دەڵێ: “ئێمە پێمانوایە حکومه‌تی هەرێم تا پاڵپشتی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بێت، گوشاری ئێرانی لەسەر کەمتر دەبێتەوە”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت