رۆڵ و پێگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە شەڕی تیرۆریزمدا

0
491

رۆژی کورد؛
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) له‌ ساڵی 2691  ک(1991ز) تا کۆنگره‌ی یه‌که‌می خۆی 18تا20 ره‌زبه‌ری 2706 (10تا12 ئۆکتۆبری2006) به‌ ناوەکانی “یەکێتی شۆڕشگێڕانی گەلی کوردستان” و “یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان“ه‌وه‌ له‌ خه‌بات دابووه‌‌،. سنووری تێکۆشانی PAK رۆژهه‌لاتی کوردستانه‌. پارتی ئازادیی کوردستان تێده‌کۆشێ لە پێناو رزگاری له‌ کۆلۆنیالیزم و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خەبات و تێکۆشان دەکا دروشمی سه‌ره‌کیی ئەو پارتە دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستانە.

پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) پارتێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە و عەلی قازی کوڕی پێشەوا قازی محەمەد وەک سەرۆک و حسێن یەزدانپەنا وەک جێگری سەرۆک، رێبەرایەتی ئەو پارتەیان لە ئەستۆیە.
ئەو پارتە بڕوای بە هەر دوو شێوە خەباتی سیاسی و خەباتی چەکدارییە و خاوەنی هێزی پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیانن  و هێزەکانی لە دوو بەشی باشوور و خۆرهەڵاتی کوردستان چالاکییان هەیە. لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵەوە باڵی سەربازی ئەو پارتە لە نێوخۆی خۆرهەڵات بە ناوی (هەڵۆکانی ئازادیی کوردستان) چەندین چالاکییان لە شارەکانی سنە و بۆکان ئەنجامداوە.
رۆژی کورد  لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخاتە سەر رۆڵ و پێگەی پارتی ئازادیی کوردستان PAK لە شەڕی دژی بە تیرۆریستانی داعش و بۆ ئەو مەبەستەش ڕا و بۆچوونی چەند کەسێکی لەو پارتە وەرگرتووە؛

بەشداری پارتی ئازادیی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش؛

دوو ساڵ لەمەو بەر کاتێ گروپی تیرۆریستی داعش شاری مووسڵی کۆنترۆڵ کرد، شیمانەی ئەوە دەکرا پەلاماری باشووری کوردستان بە تایبەتی شاری هەولێریش بدەن، پێشبینییەکە وەڕاست گەڕا و چەکدارانی داعش دوای کۆنترۆڵکردنی مەخموور بە هێزێکی زۆرەوە بەرەو شاری هەولێر کەوتنە ڕێ، سەرکردایەتی سیاسیی باشووری کوردستان زۆر خێرا داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد کە بێنە مەیدان و لە هەمان کاتیشدا داوای لەسەرجەم پارتە کوردستانییەکان کرد هێزەکانی خۆیان لە حاڵەتی بخەنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ بەرەنگاری لە خاکی باشووری کوردستان. بە گوتەی بەرپرسێکی پارتی ئازادیی کوردستان، هەر ئەو شەوە بە 700 پیشمەرگەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداری لە شەڕی دژ بە داعش.
ئەمرۆ پارتی ئازادیی کوردستان دوای دوو ساڵ شەڕ و بەرخۆدان، خاوەنی 8 شەهید و 21 بریندارە و لە ئێستاشدا لە بەرزاییەکانی حەوزی حەویجە لە رۆژئاوای کەرکوک و لە لۆفەکانی چیای باشیک لە سەنگەرەکانی هەرەلە پێشی پاراستنی کوردستاندان 
بەڵام بۆچی پارتی ئازادیی کوردستان بەشداری شەڕی دژ بە داعشی کرد؟

shamall-piran
شەماڵ پیران

شەماڵ پیران ئەندامی کوردیناسیۆنی پارتی ئازادیی کوردستان PAK  لە بابەتێکدا بەمشێوەیە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.

بۆ وڵام بەم پرسیارە گەلێک هۆکاری ورد و درشت هەن، بەڵام سەرەتا پێویستە ئەم پرسیارە بورووژێنین کە پارتی ئازادیی کوردستان بۆ دامەزرا؟ بڕیاری بەشداریی پارتی ئازادیی کوردستان لە شەڕی داعش، بڕیارێکی لە کوت و پڕ و بێبنەمای فیکری و سیاسیی نەبووە و نییە، پارتی ئازادیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە بڕوای تەواوی بە هاوپێوەندیی و هاوپشتیی و هاوخەباتیی نەتەوایەتی لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەبووە، PAK ماوەی ٢٤ ساڵی رەبەقە ئاڵای سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستانی هەڵگرتووە، یەکەم هێزی سیاسیی بووە کە باسی لەپێویستی بەستنی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان کردووە، یەکەم هێز بووە کە بەراشکاوی ئەدەبیاتی کوردی ئێران و ئێراق و سوریا و تورکیا رەتکردۆتەوە و لە جیاتی ئەوە باشوور و باکوور و رۆژهەڵات و رۆژاوای کوردستانی لە ئەدەبیاتی سیاسی خۆیدا جێگیر کردووە، گرینگی بە خەبات و مێژووی هاوچەرخ و نوێی رێبەرانی نەتەوەیی گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان داوە و ئیلهامی لە خەباتیان وەرگرتووە، بڕوای تەواوی بەوە هەبووە کە کوردستان یەک وڵاتە و کورد یەک نەتەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و سنوورەکانی نێوان بەشەکانی کوردستان بە دەسکرد و پیلانی دوژمنانی کورد دەزانێ و حەولی داوە ئاسەواری سیاسی و سایکۆلۆژی ئەو سنوورانە لە مێشک و رۆحی مرۆڤی کورددا نەهێڵێ.
شەماڵ پیران ئاماژە بەوە دەکا لە کاتێکدا PAK چەندین جار لە لایەن براکانییەوە پەلامار دراوە و خوێنی لەبەر رۆیشتووە، بەڵام هەرگیز پەنای بۆ شەڕی براکوژی و و سات و سەودا لەگەڵ ئەم دوڵەت و ئەو دەوڵەت بە نیازی تۆڵە ئەستاندنەوە نەبردووە، بەڵام لە ئێستادا زۆر بوێرانە شەڕی دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهان دەکا. بنەمای لەدایکبوونی پارتی ئازادیی کوردستان ئەگەر لە لایەک بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکی سیاسیی بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمانکاتدا بۆ گوڕ و تین دانەوە بەو بەها و بایەخ و پرینسیپە نەتەوەییانەش لە دایکبوو کە لە پاش رووخانی کۆماری کوردستانەوە بە رادەیەکی باش لە ئەدەبیاتی سیاسی بزووتنەوەی گشتی کوردستاندا وەلانرابوو.

فەرماندە هەڵۆ ڕەمشتی دەستێکی لەو شەڕە لەدەستداوە
فەرماندە هەڵۆ ڕەمشتی
دەستێکی لەو شەڕە لەدەستداوە

بەشداریی پارتی ئازادیی کوردستان ئەمرٶ لە شەڕی داعش نەک هەر درێژەی ئەو خەباتەیە کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە بۆ دامەزراوە، بەڵکوو پابەندیی ئەو هێزەیە بە درووشم و بنەما فیکری و سیاسییەکانی، راستگۆیی و پراکتیزە کردنی ئەو درووشم و تێزە نەتەوەییانەیە کە لە مێشک و هەناوی خۆیدا تێئۆریزەی کردبوو، حەولدانە بۆ بە منزڵ گەیاندنی ئەو کاروانەی بە دەیان ساڵە سەرەتای رێگاکەی بە ئیرادە و هەناسەی سەربەخۆیی و بەدوڵەتبوونی کوردستان و پارێزگاریی لە دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد بڕیوە، زیندوو کردنەوە و برەودانە بەو کەلتوورە سیاسیی و نەتەوەییەی سمکۆی شکاک و شێخ مەحموودی حەفیدی لە ئامێزی یەکگرت، بارزانی و قازی محەممەدی لە چوارچێوەیەکدا رێکخست و خۆشەوی خەلیل و هاوسەنگەرانی گیانیان لە پێناودا بەخت کرد.”
ئەندامی کوردیناسیۆنی پارتی ئازادیی کوردستان  ڕاشیدەگەیەنێت: “ئەگەر رۆژێک لە رۆژان پارتی ئازادیی کوردستان لەم شەڕە کە PAK ناوی شاجەنگی کوردانی لێناوە، بەشداریی نەکردبا، دەبوو ئەو دەم ئەم پرسیارە بێتە گۆڕێ کە بۆچی پارتێک کە هەموو ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی خۆی لە پێناو ئەو درووشم و خەتە سیاسییەدا تەرخان کردبوو بەشداریی نەکردووە، بەڵام ئێستا کە پارتی ئازادیی کوردستان لە بەڵێن و درووشمەکانیدا راستگۆ بووە و بە سەر و ماڵەوە چووەتە ناو ئەو شەڕەوە، نەک هیچ گلەییەکی لە سەر نییە بەڵکوو بووەتە جێی متمانە و ئومێدی هەموو ئەو کوردستانییانەی بە چاوی ویژدانەوە دەرواننە پرس و بابەتە سیاسییەکان.”

حسێن یەزدانپەنا
حسێن یەزدانپەنا

حسێن یەزدانپەنا جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان تایبەت بە رۆژی کورد ڕایدەگەیەنێت: “PAK بە بەشداریی چالاک کاریگەریی لەم جەنگە بەشی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەم شەڕە کوردستانی و نێودەوڵەتییەدا دابین کردوە و رێگای نەدا و نەچووە بن باری ئەوەوە کە تاران دەیویست، کوردی رۆژهەڵات لە بەشداری و رۆڵگێڕان لەم جەنگە گەورەدا، پەڕاوێز و بێ بەش بکا. دەوری رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی نیشتمان، بە جۆرێ بەرچاوە کە لە تەنیشت سەکردایەتی کوردستان، لایەنە گرینگەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێزی لێدەگرن. هەروەها بووتە جێی سەرنجی میدیا گرینگە جیهانییەکان. بێجگە لەو دەنگدانەوە مێدیاییە گەورەیە؛ دەرهێنەری گەورەی فەرەنسی بێرنارد هێنری لێڤی، فیلمێکی بەناوی (پێشمەرگە) بۆ فستیوالی کان ساز کردوە کە سەرەتای فیلمەکە بە حەماسەی پێشمەرگەیەکی پاک، دەست پێدەکا و چەند دیمەنی دیکە گیانبازی هێزەکانمانی تێدایە. بۆیە دڵنیام کە ئەگەر میدیای کوردی رۆژهەڵات، یان هەر مێدیایەکی کوردستانی، نەتوانی ئەو دەورەی پاک، بخاتە روو، تەنیا لاوازی خۆی نمایش دەکا و ئەوەی تیشکیش بخاتە سەری، وەک میدیایەکی زیندوو دێتە ئەژمار.”
پێشتر چەند جارێک حسێن یه‌زدانپه‌نا، جێگری سکرتێری پارتی ئازادی کوردستان، لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا دەگەڵ هاوڵاتی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان تۆمه‌تبار کردبوو به‌رێگریکردن له‌پێشمه‌رگه‌کانی PAK بۆ شه‌ڕکردن له‌سنوره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا  یەکێتی دژ به‌داعش.
سەبارەت بەوەی كە بۆچی پێشمەرگەكانی ئەوان لە سنوری یەكێتییەوە شەڕی داعش ناكەن، بەرۆژنامەكەی وتووە”: ئه‌م دابه‌شکارییه‌ که‌ سنوری یه‌کێتی‌و پارتییه‌ شتێکی ناخۆشه‌، کوردستان بۆ من هه‌ر کوردستانه‌، هیچ سنور‌و سه‌نگه‌رێک له‌باشور بۆ پارتی ئازادیی کوردستان جیاوازی نییه‌، له‌هه‌ر کوێ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر کوردستان بێت ئه‌وه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ هێزه‌که‌ی ئێمه‌ ئاماده‌یه‌. به‌ڵام لێره‌دا یه‌ک شت هه‌یه‌، ئه‌ویش بونی هێزی سوپای پاسداران‌و سوپای ئێرانه‌ له‌و سنورانه‌ که‌ یه‌کێتی تێیدا باڵاده‌سته‌، ئێمه‌ ئاماده‌نین له‌سه‌نگه‌رێکدا شه‌ڕ بکه‌ین که‌ هێزی ئێرانی تێدایه‌، سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی ئاماژه‌یان به‌بونی هێزی ئێرانی داوه‌ له‌سنوره‌که‌یان، ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی قاسم سلێمانیمان بینیوه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌، ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ی ته‌واون بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین له‌سنوری یه‌کێتی، هێزه‌کانی ئێران بونیان هه‌یه‌”.

afshar-aghdasi
ئەفشار ئەقدەسی

ئەفشار ئەقدەسی، ئەندامی کومیتە ناوەندیی پارتی ئازادیی کوردستانPAK  بەمجۆرە باس لە بەشداری پارتەکەی لە شەڕی دژ بە داعش دەکا و دەڵێت: “پارتی ئازادیی کوردستان؛ وەک هێزێکی نەتەوەیی کوردستان؛ کە تەوەری سەرەکی و مەیدانی تێکۆشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام  لەسەر ئەوبنەمایەی کە کورد یەک نەتەوەیە و خاک و نیشتمانەکەی داگیر و دابەشکراوە و پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەک پرسە. خاوەنی بیر و خوێندنەوەیەکی کوردستانیانەیە بۆ پرسی کورد. پشتیوانی و هاوکاریی هەمەلایەنەی خاک و خەڵکی کوردستان لە هەرکام بە بەشەکانی نیشتمان بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی دەزانێ… لە زۆر کات و دۆخی جیاوازدا بە هەڵوێست پشیتوانی خۆی لە بزووتنەوەو رۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەربڕیوە. ئامادەیی ناردنی هێزەکانی بۆ کۆبانی دەربڕی کە دەرفەت و زەمینەیان بۆ نەرەخساند و جوابی نەرێنیمان وەرگرتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەفشار ئەقدەسی سەبارەت بە بەشداریی شەڕی داعش لە باشووری کوردستان ڕایگەیاند:  رۆژێک دوای ئاوڕدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان و  دوای ئەوەی 700 پێشمەرگەی پارتەکەمان لە نامەیەکی واژۆکراوی هەموانیدا، ئاراستەی بەڕێز کاک عەلی قازی محەمەدیان کرد کە داوای بەشداریی لە شەڕو پاراستنی باشوری کوردستانیان کرد؛ پارتی ئازادیی کوردستان بە جل و بەرگ و چەک و چۆل و بەبێ داواخوازی هیچ لایەنێك  هیزەکانی خۆی لە سنور و میحوەرە جیاوازەکانی باشوری کوردستاندا کە مەترسی پەلاماردانیان هەبوو لە لایان داعشەوە جێگیرکرد، لەگەڵ گەیشتنیان بە بەرەکانی شەڕ چەندین هێرشی شەمشەمە کوێرەکانی داعشیان تێک شکاند و پاشان لە رزگارکردنەوەی چەند گوند و ناوچەیەکدا دەوری سەرەکی و زۆر گرنگیان گێرا. هێزەکانی پاک لە میحوەرەکانی خازرو مەغمورو باشیک و ناوچەکانی دەوری موسڵ و کەرکوک جوامێرانە ، بەشداری شەڕیان کردو بە رەنج و خوێن و گیان بازیی توانیان نوێنەرایەتیەکی پڕشانازیی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم شاجەنگەدا بکات و سەربەرزو رووسوور بێ تێیدا… هەروەها لە هەڵمەتەکانی ڕاوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و رزگارکردنی ناوچەکانی باشوری کوردستان و پارێزگاریی کردن لێیان 8 تێکۆشەری نیشتمانەکەمان لە ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستاندا گیان بەختی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان کردو 21 پێشمەرگەش برینداربوون. لە ئێستاشدا هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان لە بەرزاییەکانی حەوزی حەویجە لە رۆژئاوای کەرکوک و لە لۆفەکانی چیای باشیک لە سەنگەرەکانی هەرەلە پێشی پاراستنی کوردستاندان  و رۆژانە هیرشەکانی ئەو دەوڵەتە ترۆریستە تێکدەشکێنن و لە جیاتی جیهان دەجەنگن. بێگومان لە شەڕیشدا دەگەڵ سەرفی کۆمەڵێک پێداویستی شەڕ دەگەڵ دەسکەوتی سیاسی و تۆماری مێژوویەک بۆ پارتەکەت، دەسکەوتی  کەل و پەلی سەربازی و چەک و چۆڵ و ئیمکاناتی تێدایە، کە بۆ تێکۆشەرانی پاک تەنها تۆماری مێژوویەکی پرلە شانازی و  بەجێهێنانی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی و سەلماندنی ئەو راستییەی کە کورد یەک نەتەوەیە و نیشتمانەکەی یەکێکە و هەڵگرتنی سنورە دەسکردەکانی سایکس پیکۆ و پاشان پاراستنی مرۆڤەکان لە جیهاندا لەو مەترسیە گەورەیە، هەوێن و هۆکاری بەشداریکردنیانە لە جەنگەدا.

شەهیدانی پاک
وێنەی شەهیدانی پاک

ناوی شەهیدەکانی پاک لە شەڕی داعش :
 نیگار حسەینی خەڵکی بۆکان
دیاکۆ ڕەحیمی خەڵکی سنە
زانکۆ زارعی خەڵکی کامیاران
 هێرش جەباری خەڵکی سەقز
 کارزان یارئەحمەدی خەڵکی مەلەکشاهی
 بەدرە یاری خەڵکی مەلەکشاهی
 ئەرکان ئەندووز خەڵکی مەلەکشاهی
 ئاهورا موکریانی خەڵکی بۆکان

شەماڵ مامزادە بۆکانی
شەماڵ مامزادە بۆکانی

شەماڵ مامزادە بۆکانی، کادێری پێشکەوتووی ڕاگەیاندنی پارتی ئازادیی کوردستان PAK لە لێدوانێکدا بۆ رۆژی کورد بەمشێوە باس لە بەشداری پارتەکەی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەکا: “

لە سیاسەتدا سێ تەوەری سەرەکی وەکو ئابووری و دیپلۆماسی و نیزامی ڕۆڵ دەگێڕن کە وەک ئاگادارن ، لە جیهانی ئیمپریالیستی ئابووری خاڵێکی پۆزەتیڤە بۆ بەرێوەبردنی هەمو بەشەکانی سیاسەتی ناوخۆیی ودەرکی ، بەڵام لێرەدا خۆ لە بوواری ئابووری دەدزینەوە. ئەوەی من ئامانجمە  هەڵسەنگاندنێکی ڕاسیۆنالیزمی ستراتژی زانستیانەی درێژخایەنی دوو بەشی سیاسیو نیزامییە لە کردەوەکانی پارتی ئازادیی کوردستان ،لە ماوەی دوو ساڵ شەڕ دژبە تیرۆریزمی ئیدۆلۆژیکی ئیسلامی داعش و پارێزگاری لە خاکی باشووری کوردستان کەچی بەرهەم هێناوەو دەتوانێ بۆ خەباتی دووارۆژی رۆژهەڵات چ ئاکامێکی هەبێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە تائێستا ئەم پارتە  هەشت شەهید و بیست و دوو برینداری بۆ داوە.”

مامزادە بۆکانی لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت: “لە ئەم کاتە هەستیارەداکە پیلانی قێزەونی سایکس و پیکۆ کۆتایی پێهات و بە شیوەیی فەرمی بەرەو هەڵوەشانەوە چووەو رۆژهەلاتی ناوەراست ژانی لە دایکبوونی چەند وڵاتێکی تازەی گرتووە، لە سیاسەتی تیۆری وکرداری ئێستای پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) دەروانم و بەبێ جیاوازی، بە سەرکەوتنی خەباتی حەقخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی  پێناسەدەکەم .

بێگومان هەر پارت و لایەنێک وحکومەتی وڵاتێک بۆ ئەوەیی لە کاروانی دیپلۆماسییەتی جیهانی دووا نەکەوێ و بیهەوێ پردی پێوەندی بەهێزی سیاسی و ئابووری و کەلتوری  چێ بکات ،بۆ سەلماندنی خۆی پێویستی بەجۆرێک خۆناساندن و دەرکەوتنی سەرەتایی هەیە ، کە لەم پێناوەدا لە ڕێگەی لۆبیگەریەوە بەمیلیۆنان خەرج دەکرێت کە بتوانن بۆ گەیشتن بە ئامانجیان لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانیدا باسێک لە وڵات و ئامانجە فیکرییەکانیان بکرێت ، بۆ وێنە لە بوواری حزبی، بۆ ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی بەهێزی خاوەن پێگەی وەکوسۆسیال ئەنتەر ناسیۆنالدا دەبێ پێوەرە جیاوازەکان تێپەرێنی وئەندامبوونت بە شانازی بزانی . بەڵام وا دەبینن لە ماوەی ئەم دووساڵەی شەڕی ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی و فرەخووازییەی داعشدا  کە پارتی ئازادیی کوردستان جوامێرانە تێیدا بەشدارە،جیا لەوەی، مانیفێست و پەیڕەوی پارتەکەی باوەڕی وایە لە هەرپارچەیەکی ئەم نیشتیمانە پێویست بکا پشتیوانی لێدەکات وقوربانی بۆ دەدات، بەکرداریش باڵانسی سیاسەتی ستراتژی تیۆری بەلای کرداریدا شانی خستووەو  وڵاتانی خاوەنبڕیار ، بەبێ لۆبی  پارتی ئازادیی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی بەتوانا لە بوواری سەربازی وسیاسیدا وەردەگرن و مانشێتی ڕۆژنامە پڕتیراژەکانی وڵاتەکەیانی بۆ تەرخان دەکەن ، بەجۆرێک کەناوی پارتی ئازادیی کوردستان سەربە هەموو قوژبنێکی وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمەریکائیدا دەکات و پۆل پۆل لاوەکان وکۆنەسەبازەکانی ئەم وڵاتانە وەک هێزی بیانی بێسنوور دێنە ڕیزی خەباتکارانی  پارتی ئازادیی کوردستانەوەو  پارێزگاری لە خەڵک وخاکی کوردستان دەکەن .”

مامزادە بۆکانی دەڵێت: “بۆیە بە باوەڕی من ئەم پیوەندیانە بۆ ئێستاو بۆ داهاتووی خەباتی ڕەوای ڕۆژهەلاتی کوردستان کاریگەری پۆزەتیڤ وئەرێنیان دەبێت و دەبنە قۆناغی زێڕین بۆ پشتیوانی سیاسی وچەکداری رۆژهەلات ، چەنکو پارتێک کەوەک هاوپەیمانی دژی تیرۆریزمی جیهانی پێناسەدەکرێت بەڕەچاوکردنی خاڵی یاسایی ناتواندرێ خەباتەکەی بکەوێتە کەوانەی تیرۆرە کە ئەمرۆ مۆتەکەی زۆرێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە  ، لەهەمانکاتیشدا ئەم پارتە توانیویەتی پێشمەرگەو فەرماندەو کادرەسیاسیەکانی بەخەباتی رۆژ ڕابێنێ ، بەجۆرێک کە لە مەیدانی سەربازیدا لە لایەن ڕاهێنەرانی تایبەتی هاوپەیمانانی ئەوروپی وئەمەریکیەوە بەسەدان پیشمەرگەیان توانیویانە پلەزانستیەکانی سەربازی لە شێوەیی شەڕی جەبهەیی و کۆڵان بەکۆڵان و پوچەڵکردنەوەی تەڵە تی ئێنتیەکان ولە هەمانکاتدا دروستکردنیان  تێپەڕێنن و لە بوواری زانستی هاوکاری ئاسمانیشدا مدالیا وەربگرن . وەک ئاماژەم پێدا ، پێدا هەڵدان نییەو دەبێ ئەم راستیە قەبوڵکەین بۆ دەربازبوون لە چەقبەستویی خەباتی ڕۆژهەلات پێویستیمان بەم جۆرە زانستە سەربازی ودیپلۆماسیە هەیەو دەبێت و باوەڕی ناسیۆنالیستی ئەم پارتە واتە پارتی ئازادیی کوردستان دەتوانێ دڵسۆزانی نیشتیمان لە ژێر دەواری یەکدەنگی ویەکرەنگیدا کۆبکاتەوەو ئەم پشتیوانی نێودەولەتییە بکاتەهەوێنی برایەتیو حەولی ئازادیی رۆژهەلاتی کوردستان کە دڵنیاشم باشوور بە گوێرەی توانا و هەلومەرجی سیاسی پشتیوانمان دەبێت و خوێن وئارەقەی رۆڵەکانی نیشتیمان بە فیڕۆ نادات. ئەم قۆناغە زێڕینە کە گرێدراوە بەسیاسەتی پاشەڕۆژمان بۆ دەربازبوون لە زوڵم و زۆری دەسەڵاتی تیوکراسی ئاخوندییەوە ، قۆڵی هیمەتی لێ هەلماڵن و بۆ ڕاکردن لە چەقبەستویی خەباتی رۆژهەڵات  پشتیوانی لەو سیاسەتە حەکیمانەیە بکەن.”

 

 

 

 

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌