پەرلەمانی خامنەیی

0
271

قەرەنی قادری

هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ئەوەیە کە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، پاڵێوراوی خۆیان دەستنیشان بکەن و بە پێڕستێک لە بەرنامەی کاریانەوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و، دەنگی هاووڵاتیان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. پەرلەمانیش هەم یاسا بۆ وڵات دادەڕێژێت و هەمیش چاودێریی کاروبارەکانی حکوومەت دەکات.
کاتێک حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە بەرنامەی کاریانەوە دەنگی پێویست مسۆگەر دەکەن، واتە نوێنەرایەتیی هاووڵاتیان لە حوکمڕانیی وڵاتدا دەکەن، هەر ئەوەش دەبێتە بنەمای کاری پەرلەمانی لە وڵاتدا. لە دۆخێکی ئاوادا، دەبێ ئازادییەکان و ئاستی خۆشبژیی ئابووریی هاووڵاتیان بەرز ببێتەوە، هەروەها ئاسایشی تاک، گرووپ و نەتەوەیی پارێزراو بێت.
بەڵام گشتی ئەمانە لە کۆماری ئیسلامیدا نین و، ناکرێت چاوەڕوانیی ئەوە لە کۆماری ئیسلامی بکرێت، کە ڕەچاوی بنەما سەرەکی و سەرەتایییەکانی هەڵبژاردن بکات، چونکە ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی شتێکی دیکەیە.
لە کۆماری ئیسلامیدا، ڕەوتەکە بەتەواوەتی پێچەوانەیە. تا هەڵبژاردنی داهاتوو، کە کەمتر لە دوو مانگی ماوە و بانگەشەی “هەڵبژاردن”یش دەستی پێ نەکردووە، هەر لە ئێستاوە خامنەیی لە جیاتیی هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی ئێران و “نوێنەر”ەکانی ئەوانەوە، ئاڕاستەی مەجلیسی داهاتووی ئێرانی دیاری کرد، کە مەجلیسەکە چۆن بێت و کێ “نوێنەر” بێت!
دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا، خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە قسە و باسەکانی پەیوەند بە “هەڵبژاردن”ەکانی ئێرانەوە، هەر وەکو دابی هەمیشەییی خۆی، سەرەتا باسی لە “هەڕەشە” و “پیلان”ی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و، لە دواییدا باسی لەوە کرد، کە چ مەجلیسێک دەتوانێت پێداویستییەکانی ڕۆژی ئێران دابین بکات.
خامنەیی “ئەمر”ی بە هاووڵاتیانی ئێران دا: “خەڵکی تەواوی پارێزگا و شارەکان دەبێ لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیاندا زۆر ورد بن و لە دروستیی هەڵبژاردنەکەیاندا بە متمانە بگەن. ئەگەر پێشنیازدەرانی لیستەکان، ئیماندار، شۆڕشگێڕ و خەتی ئیمام بەڕاستی قبووڵ دەکەن، دەتوانن متمانە بە لیستی ئەوان بۆ پەرلەمان و مەجلیسی خیبرەگان بکەن، بەڵام ئەگەر گرینگییەکی ئەوتۆ بە شۆڕش، دین و سەربەخۆیی نادەن و دڵیان بەدوای قسەی ئەمریکا و بیانییەکانی دیکەوە بێت، جێی متمانە نین.”
ئەمە کاکڵی قسەی خامنەیییە و بەبێ “هەڵبژاردن”، بناغەی پەرلەمانێکی داڕشت کە لە خزمەت دین و خەتی خومەینیدا بێت. ئەوەی جێی ئاماژەیە، ئەم “پەیام”ەی خامنەیی تەنیا بۆ پەرلەمانی ئێران نییە، بەڵکوو مەجلیسی خیبرەگانیش دەگرێتەوە و ئامانجەکەیشی ئەوەیە، کە هەردوو مەجلیس پێکەوە و هاوشان بەپێی ئەمرەکانی ئەو بجووڵێنەوە.
لایەنێکی دیکەی “پەیام”ی خامنەیی ڕووی لە (وەزاڕەتی ناوخۆ) و (ئەنجومەنی چاودێری لە دەستووری گشتی)یە، کە بۆ دیاری کردنی پاڵێوراوان دەبێ “وریا” و “دڵنیا” بن لەوان و ڕەچاوی “متمانە”ی خامنەییش بکەن!
خامنەیی، پەرلەمانی بۆ هاووڵاتیان ناوێت، چونکە لە “پەیام”ەکەیدا باس لە ژیان و گوزەرانی ئەوان ناکات، بەڵکوو مەجلیسێکی دەوێت تا شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و عەرەبستانی بۆ بکات و ئەوەی سامانی ئێرانیشە بیکاتە قۆرگی سووریا، حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی لە عێراق، حووسییەکانی یەمەن و سەرجەم شیعەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە دۆخێکی وادا، دەبێ چ دەرفەتێک بۆ حزب یان ڕێکخراوێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مابێتەوە، تا داوا لە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، کە لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن تا بە هەندێک لە ئامانجەکانیان بگەن، ئەویش بەڕێگەی چ کەسانێکەوە؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە