ڕژیمی ئێران توخمی هزری دژە کوردبون لە ناو هاووڵاتییانی ئازاەریدا پەرە پێ ئەدات

0
49

ڕۆژی کورد: پەرە پێدانی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان نەتەوەکانی ئێران سیاسەتێکی دوژمنکارانەی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە لەلایەن پان پێرانیستەکانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە وترس لە دابەشبوونی خاکی ئێران برەوی پێ دەدرێت.

پەرەگرتن و قووڵ بوونەوەی کێشەی نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەری بەتایبەت لە پارێزگەی ورمێ، دیاردەیەکی نوێ نییە و ئەم کێشەیەش بەهۆی بە دەستەوە گرتنی کاروباری دەوڵەتی لەلایەن هاووڵاتیانی ئازەرییەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ قووڵتر و بەرینتر دەبێتەوە، هاوکات دەگوترێ حیزبە کوردییەکانیش هەوڵی هێور کردنەوەی دۆخەکە و چارەسەریی ئاشتیخوازانەی ئەو کێشە دەدەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕۆژی کورد گەیشتوون، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٩٥ی هەتاوی، پاش تەوابوونی یاریی دوو یانەی تۆپی پێی پرسپۆلیس و فوولادی تەورێز کە کاتژمێر ٦ی ئێوارە و بە ئەنجامی ٤ بە ٢ بە براوەیی پرسپۆلیس کۆتایی هات، هاندەرانی ڕەگەزپەرستی تەورێزی هێرشیان کردە سەر ئەو ماشیةانەی کە لە شارەکانی (مهاباد، بۆکان و سەقز)ـەوە چووبوونەوە سەیری یارییەکە.

ناوەندی هەواڵدەریی هاژە بڵاوی کردەوە، ڕۆژی هەینی ٢ی بانەمەڕ لە کاتێکدا یاریی نێوان یانەی مەهاباد و بەهمەنی ئامول بە ئەنجامی بەرابەری یەک بە یەک کۆتایی هات، دوابەدوای تەواوبوونی یارییەکە و لە کاتێکدا ماشێنی کوردەکان لە حاڵی گەڕانەوە بەرەو مهاباد بوون، لەلایەن چەند کەسێک بە سواری ماشینێکی بێ ژمارەوە بە بەرد و دار هێرشیان کرایە سەر و وێڕای بێحورمەتی کردن راهێنەر و چەند یاریزانێکیان بریندار کرد و بەپەلە بۆ ئورژانس گوازرانەوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە کاتێکدا خزم و کەس و کاری فەرهاد پیرۆت‌پوور بە جلی کوردییەوە لە ساڵۆنی ئەلغەدیری شاری ورمێ ئامادە بوون، لەلایەن هێندێک لە هاندەرانی پان تورکیستی یاریەکەوە بەرەوڕووی جوێن و بێ حورمەتی بوویەوە، کە ئەو یاریزانە بە هۆی ئەو بێحورمەتییانەوە بڕیاری دابوو لە گرێبەستە لەگەڵ تیمی شارەوانیی ورمێ پاشگەز ببێتەوە.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٠ی رەزبەری ساڵی ٩٤دا و لە کاتێکدا بڕیاربوو لە رێوڕەسمێکدا خانەیەکی بەساڵاچووان لە شاری نەغەدە بکرێتەوە، ژمارەیەک چەقۆ و تێڵا بەدەست هێرشیان کردە سەر رێوڕەسمەکە و وێرای بێحورەتی کردن، پوستێرەکانیان دراند و رێوڕەسمەکە هەڵوەشیندرایەوە.

بە گوتەی خەڵکی نەغەدە هێرشی ئەو کەسانە تەنیا بەو هۆیەوە بوو کە شیرکەتی (عسل کوردستان) هەنگوینی کوردستان سپۆنسەریی خۆی بۆ بەرێوە بردنی ئەو رێوڕەسمە راگەیاندبوو.

چالاکانی سیاسی و حیزبە سیاسییەکانیش لەو باوەڕەدان پەرەپێدانی کێشەی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک لەو شارانەی کە تەنانەت تورکەکان لە ناو شارە کوردییەکانی وەکوو سەڵماس، خۆی، ماکۆ، نەغەدە، تیکاب، سایین قەڵا و قوروە دەژین، سیاسەتی ڕژیمی ئسیلامیی ئیران بۆ ئاژاوە نانەوە و زیاد کردنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدایە.

ڕەزا ئەمینی چالاکی سیاسیی کورد لەو پەیونەدییەدا بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: ” سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی دەسەڵات لە ڕاستای تواندنەوە و ژینۆسایدی فەرهەنگیی نەتەوەکانی دیکەی ئێراندایە و لە کوردستانیش بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە شۆوێنیزم و فارسیزمە بە پلان و بەرنامە لە حاڵی بەڕێوەچوون دایە و پێدەچێت لە داهاتوودا تووشی تێکهەلچوونی خوێناویش ببین”.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە درێژەدا وتی: “بەهۆی جیرانەتیی کورد و ئازەری، سیاسەتی ئاژاوەنانەوەی دەسەڵات لەلایەن دەسەڵاتەوە پلانی بۆ دادەڕێژرێ و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی خوێناوی لە ئارادایە و میکانیزمی دێمۆکراتیک ڕەنگە بەهۆی هەستی پان تورکیستییەوە بۆ چارەسەریی کێشەی پانتایی خاکی کوردستان، چارەسەر نەبێ،  بەڵام زوڵم و ستەمی سەر کوردەکان بە ئاشکرا دیارە و ئەوەی ڕوونە، کوردەکان لە پێناو خاکی خۆیاندا خەباتیان کردووەو خوێنیان داوەو لە داهاتووشدا ئەو زوڵم و ستەمە ڕاسیستییە قەبووڵ ناکەن.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت