ئاڵمان هەوڵەکانی تارانی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی ئاشکرا کرد

0
898

دەزگا ئەمنیەتی ناوخۆیی ئالمان لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە رژیمی ئیسلامیی ئێران دوابەدوای رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ رۆژئاوا، هێشتا لە هەوڵی بەدەست هێنانی چەکی ناوکی دەستی هەڵنەگرتووە.
رۆژنامەی فایناشناڵ تایمز بڵاوی کردۆتەوە کە ئەو ناوەندەی ئەمنیەتییەی ئاڵمان لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا رژیمی ئێران بە شێوەی نایاسایی لە وڵاتی ئاڵماندا چالاکیی هەبووە، کە دەستی بە چەکی ناوکی رابگات.
لە بەشێکی ئەو راپۆرتەدا، کە رۆژی ١٧ی پووشپەڕ لە میدیا جیهاییەکاندا بە شێوەیەکی بەرین رەنگی دایەوە، ئاماژە بوە کراوە کە رژیمی تاران هەوڵەکانی بۆ بەدەست هێنانی ئەو مووشەکانەی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە، چڕتر کردۆتەوە.
رژیمی تاران لە دانووستانە ناوکییەکانیدا بەڵێنیی دابوو کە لە بەرامبەر لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکاندا دەست لە بەرنامەی ناوکی هەڵبگرێت. ئەم راپۆرتەی دەزگای ئەمنیی ئاڵمان یەکەم راپۆرتە کە باس لە هەوڵی نهێنیی رژیم بۆ دەست‌پێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی دەکات.
دەزگای ئەمنییەتیی ئاڵمان ئاشکرای کردووە کە رژیمی تاران ١٤١ جار لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی داوە.
ئەو ناوەندە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە رژیمی تاران زیاتر هەوڵی ئەوە بووە کە کەلوپەلی پێویست بۆ مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ناوکی وەدەست بخات.
ناوەندی ئەمنیەتیی ئاڵمان رایگەیاندووە کە مەئموورانی رژیمی تاران لە ژێر ناوی چەند شیرکەتێک کە ناوەندە سەرەکییەکەیان لە وڵاتانی تورکیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و چین‌ـە، هەوڵی بەدەست هێنانی کەلوپەلی بەرهەمهێنانی مووشەکی هەلگری کڵاوەی ناوەکییان داوە.
لێپرسراوانی رژیمی تاران لە لێدوان بۆ رۆژنامەی فایناشناڵ تایمز لەمەر هەوڵی بەرهەمهێنانی چەکی هەلگری کڵاوەی ناوکی خۆیان بواردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت