نوێنەری ڕێکخراوی “کوردماف” لە شەشەمین کۆنگرەی جیهانیی دژ بە سێدارە لە نۆروێژ بەشداری کرد/وتووێژ

0
774

ڕێکخراوی کورد ماف Association of Kurdish Rights – AKR بە هیممەتی ژمارەیەک لە چالاکانی بواری مافی مرۆڤ لە دەروەی وڵات لە رۆژی پێنجی مەی ساڵی ٢٠١٦ دا دەستی بە تێکۆشان کردووە، ئەو ڕێکخراوەیە بە دژی پێشێلکاریی ماڤی مرۆڤ لە کوردستان کار دەکا و لەو پێناوەدا هەوەڵ دەدا دەنگ و رەنگی چالاکانی سیاسیی، مەدەنی، ئایینی، کرێکاری، بواری ژنان، کۆڵبەران و لە نیهایەت دا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان بێ. پانتای کاری کورد ماف هەر چوار بەشی کوردستان دەگرێتەوە بەڵام لە حاڵی حازر دا بازنەی کار و تێکۆشانی لە کوردستانی ئێران دیاری کردووە و بۆ ئەو مەبەسەتە لە سەر راگەیاندن و بە مێدیایی کردنی مەسەلەی مافی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە.

لە شەشەمین کۆنگرەی جیهانی دژ بە سێدارە  کە ڕۆژانی ٢١ هەتا ٢٣ی مانگی ژوئەن لە هۆڵی ئۆپێڕای شاری ئۆسلۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ، بەڕێوەچوو، تێیدا کامڕان تەیمووری وەک نوێنەری ڕێکخراوی کورد ماف وەک میوان بەشدار بوو، ناوەندی ڕۆژی کورد بۆ تاووتوێ کردنی ئەو کۆنگرەیە و هەروەها ڕێکخراوی کورد ماف، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجام داوە کە دەیخەینە بەر دیدەتان.

 ڕۆژی کورد: بەڕێز کامڕان تەیمووری ئەگەر دەکرێ لەمەڕ کۆبوونەوەکە بە گشتی بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بدوێن، لە کوێ پێکهاتبوو و کی بەشدار بوو؟

تەیمووری: پێشەکی سپاس بۆ ئێوه و بۆ بەڕێوەبەرانی ناوەندی ڕۆژی کورد

له ڕاستیدا ئەمه شەشەمین کۆنگرەی نێونەتەوەیی دژ به سزای له سێداره دان بوو که به شێوەی هاوبەش  لەلایەن ڕێکخراوی “هەموومان دژ به سزای له سێدارەدان ” و ” ئیئتیلافی جیهانی دژ به سزای سێدارە ” به به شداری ١٣٠٠ به شداربوو له ٨٠ وڵاتی جیهان له ڕۆژه کانی ٢١ تا ٢٣ ی مانگی جوون ـی ٢٠١٦ زایینی به سپۆنسەری وزارەتی کاروباری دەرەوەی نۆروێژ لە تالاری بەناوبانگی ئۆپێرا  له ئۆسلۆ به ڕێوەچو.

به گشتی  وەزیرانی دەرەوەی نزیک به ٢٠ وڵاتی جیهان، ٢٠٠ دیپلۆماتکار، سەدان کەس لە نوێنەرانی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە نێونەتەوییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی دەرەوە و داد، پارڵمانتارەکان،  دادوەر، پارێزەر و سەدان کەس لە نوێنەرانی ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە نێونەتەوییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی دەرەوە و داد، دوکتۆرەکان، ڕێبەرانی ئاینی و نوێنەرانی کۆڕوکۆمەڵە جیهانیەکانی لایەنگری هەڵوەشاندنەوەی سزای له سێداره دان، لەم کۆنگرەدا بەشداریان کرد.

ڕۆژی کورد: بە گشتی باسەکانی ئەو کۆبوونەوە چی بوون و چۆن باس لە کورد و کێشەکانی بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردا؟

تەیمووری: لەو چەند ڕۆژەدا ٢ سمیناری گشتی، ٨ کۆبوونەوەی له دەوری مێز، ٨ ڤۆرکشاپ، ٥ پێشانگا و چه ندین چالاکی کولتووری دیکه ی جۆراوجۆر پێکهاتن و زۆر کەسایەتیی پسپۆڕ و شارەزا بۆ پشتیوانی لە هەڵوەشانەوەی سزای مەرگ قسەیان کرد. دۆخی سزای سێداره لە سەرانسەری دونیادا خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.  هەر لەو پێوەندیەدا سەبارەت بە هەلومەج و دۆخی سێدارەلە ئێران و کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا بە بەشداری ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە ئێرانی و کوردستانی ئێران و بەلوچستان و کەمایەتیە نەتەوەیەکانی تر لە دوو پانێلی جیاوازدا پێکهات. هه ر لەم پانێلەدا باسێک له بابەت کەمایەتیە نەتەوەییەکان و  هەلومەجی و ڕادەی سێدارە لە ئێران لەلایه ن  بەڕێز تەیموور ئەلیاسی، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد- ژنێف پێشکەش کرا. ناوبراو له باسەکەیدا وێڕای ڕوونکردنەوەی سەباره ت به پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له ئێران و بەتایبەت دووقات بوونی سێدارە لە کوردستان و بۆ کورد و چالاکانی کورد له ئێران، ئاماژه ی به موحەممەد سدیقی کەبودوەند  وەکوو نموونەیەکی زەقە له گوشار بۆ سەر چالاکوانانی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها خاپورکردنی دوو گوندی قەرەسەقەل و سەرگیزی سەر به شاری شنۆ له لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران له چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد.

ڕۆژی کورد: ئێوە وەک ڕێکخراوی (کوردماف) لەو کۆبوونەوەیە هیچ چالاکی و لێدوانێکتان هەبوو؟

تەیمووری: هەروەک ئاگادارن کەمتر له مانگێک له تۆمارکردنی یاسایی کوردماف تێپەڕ ده بێت و ئێمه وه کوو یەکەم هەنگاو و یەکەم چالاکیی خۆمان لەو کۆنگرەیەدا بەشداریمان کرد. وەکو چالاکی، ئێمه لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد له ژنێف ستاندێکمان به شێوەی هاوبەش بەڕێوه برد و له وێدا هاوکات لەگەڵ نیشاندانی وێنه و پۆستێری تایبەت به پێشێلکاریی مافی مرۆڤی کورد له ئێران و بەتایبەت کەیسی موحەممەد سدیقی کهەبوودوەند، ڕوونکردنەوەی پێویستمان به میوانانی ستانده کەدا. هەروەها وێڕای بەشداری له چەندین سمینار و پانێل، بەتایبەت پانێلی تایبەت به سزای سێداره له ئێران، لێدوان و پرسیاری خۆمان سەبارەت به پرسەکه ئاراستەی بەڕێوەبەرانی پانێلەکانی کۆبوونەوەکه کرد. له پەراوێزی کۆنگرەکه لەگەڵ چەندین کەسایەتی و نوێنەری ڕێکخراوه مەدەنیەکان دیدارمان کرد و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونمان کرد. له کۆتایی دا به شداری ڕێپیوانێکی بەرین بۆ ڕاگرتنی سزای له سێدارەدان له جیهانمان کرد.

ڕۆژی کورد: ئێوە وەک (کوردماف)، پلانی داهاتووتان چیە و دەتانهەوێ چۆن و لە چ ڕێگایەکەوە پێشێلکاریی مافی کورد بگەیێنن بە گوێی جیهان؟

تەیمووری: هەرچه ند ئێمه له سەرەتای ڕێگا داین، بەڵام پلانمان ئەوەیه که به کەڵک وەرگرتن له هەموو ئامرازەکانی پێوەندیدار، به هاوکاری لەگەڵ خەڵکی خۆمان له نێو خۆ و دەرەوەی وڵات و هەروەها دامەزراندنی پێوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ڕێکخراوه نێونەتەوییەکانی مافی مرۆڤ له جیهان بتوانین دەنگی مافخوازیی نەتەوەی کورد بهگشتی و بەتایبەت گەلی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان بین و سرنجی دونیا بۆ ئەو بەشەی کوردستان ڕابکێشین، بە جۆرێک که مافی مرۆف نەکەوێته پەراوێزی ڕێککەوتنی سیاسی و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان  لەگەڵ ڕژیمی ئێران.

ڕۆژی کورد: بە سەرنجدان بەوەی کە چەندین بنکە و ڕێکخراوی تری مافی کورد لە دەرەوە بوونیان هەیە، چ حەوجێیەک بە بنیات نانی ڕێکخراوێکی نوێ لەمبارەوە هەبوو؟ لاتوان وا نیە ئەگە رلەگەڵ ڕێکخراوەکانی تر هاوکاریتان کردبا باشتر دەبوو؟

تەیمووری: ئێمه  پێشتر ئەو بابەتەمان لەبەرچاو گرتووه و تاوتوێی ئه م بابەتەشمان کردووه. له کۆتاییدا بەو ئاکامه گەییشتین که یەکەم ئەوەی که هەرچەندی ڕێکخراوی داکۆکی له مافی کوردمان زۆرتر هەبێت ئەوه له بەرژەوەندیی ئێمەی کورد دایه چونکه بۆ نموونه لەم کۆنگرەیەدا له پانێلی تایبەت به ئێران ، نەتەوه ی فارس دوو نوێنەری هەبوو له کاتێک دا کورد ته نیا یەک نوێنەری هەبوو، بۆیه پێموایه هەرچەندی ڕێکخراوەی بەهێزمان زیاتر بێت دەتوانین به هەمان شێوه نوێنەری زیاتریشمان له کۆبۆنەوه جیاوازەکاندا هەبێت. دووهەم ئەوەی که پێمان وایه که ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی کورد سەرەڕای هەموو هەوڵ و تێکوشانیان نەیانتوانیوه هەموو بوارەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ له کوردستان و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو بارودۆخی زیندانیانی سیاسی یان پرسی کۆلبەران به گوێرەی  پێویست زه ق  بکەنەوه. بۆیه هەستمان کرد ڕێکخراوەیەکی لەو چەشنه له ئێستادا یەکجار پێویستە.

ڕۆژی کورد: ئەگەر وتەیەک یان بابەتێک هەیە کە بە پێویستی دەزانن، بفەرموون.

تەیمووری: تەنیا به پێویستی دەزانم ئەوه بڵێم که ئێمەی کورد دەبێ هەمیشه ئەوەمان لەبه رچاو بێت  که له هەلومەرجی ئێستای جیهانی و نێونەتەوەییدا، نەتەوەیەک پێش دەکەوێت که به خوێندنەوەیەکی رئالیستی و سیستێماتیک له دونیای سیاسەت و یاساکانی نێونەتەوەییدا، بتوانێت هاوکات لەگەڵ بەرەو پێش بردنی شێوازەکانی دیکەی خەبات وەکوو خەباتی سیاسی و مەدەنی، حوزورێکی ڕێکخراوەیی بەهێزی له ئاستی نێونەتەوەییدا هەبێت و به دابین کردنی لۆبیەکی بەهێز، ده نگی مافخوازانەی خۆی به گوێی دونیا بگەیێنێت و سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەویی بۆلای خۆی ڕابکێشیت.

maf5

maf3

maf2

MAF1

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت