نوێنەرانی مەجلسی ئێران: ئێمە خۆمان بە شوێنکەوتووی خامنەیی دەزانین

0
601

ڕۆژی کورد: غولامڕەزا کاتب، سکرتێری ئوسولگەرای هەیئەتی بەڕێوەبەریی مەجلیسی دەیەم، لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ئەمڕۆی مەجلیس دا، ڕاگەیێندراوی نوێنەرانی مەجلیس بۆ خامنەیی خوێندتەوە.

لەو ڕاگەیێندراوەدا، نوێنەرانی مەجلیسی دەیەم، سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ “ڕێنماییە بەنرخەکان” و “هۆشدارییە ئەخلاقییەکان” ـی خامنەیی دەربڕیەوە و گوتوویانە: “بەرنامەی شەشەمی پەرەپێدان، ئابووریی خۆڕاگری، پرسە فەرهەنگییەکان و خۆڕاگری لە هەمبەر “ئیستکباری جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا”، ئەو بەشانەن کە ئەوان سەرنجی تایبەتی پێدەدەن و لەبەر چاوی دەگرن.”

لە بەشێکی تر لەو ڕاگەیێندراوەی نوێنەرانی خولی دەیەم هاتووە: “ئێمە رایدەگەیێنین کە بەپێی بڕوای لە دڵەوەمان بە نیزامی ویلایی و بەپێی یاسای بنەڕەتی، بەرپرسیارەتییەکانی مەجلسی شۆڕای ئیسلامی بە شەئن و پێگەی ویلایەت دەزانین و خۆمان بە ڕێڕەوی جێگری ئیمانی زەمان دەزانین.”

شایانی ئاماژەیە کە لە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پارلمانی ئێران، مشتوومڕ و جیابیرییەکی زۆر لە نێوان کوردەکان لە کوردستانی خۆرهەڵات هەبوو و بە ئاشکرا بەسەر دوو بەرەی تەحریمی و دەنگدەر و داکۆکیکار لە دەنگدان، دابەش ببوون، لایەنگرانی دەنگدان، لایەنگرانی تەحریمیان بە کەسانێک لە قەڵەمدا کە تەنیا یەک شێوە بۆ خەبات دەزانن و ناتوانن و نایانهەوێ لە هەموو دەرفەتەکان کەڵک وەرگرن و ئەوەش دەبیتە هۆی بێبەش مانەوەی کورد و دوورکەوتنەوە لە مافەکانی کە دەتوانێ لە چوارچێوەی پارلمان و یاسای ئێراندا دەستەبەر بێ. لە بەرانبەریشدا لایەنی تەحریمی دەیانگوت، پارلمان و نوێنەر، هی خەڵک نین و هەڵبژێردراوی ڕژیمن و هیچ هیوایەک بە چاکسازی لەو ڕژیمەدا نیە و لە ئەنجامدا نوێنەر دەبێ بەرژەوەندییەکانی ڕژیم بپارێزێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.