نووری مالکی، داردەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لە کورد دەکا، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی باشوور بە توندی وەڵامی دایەوە

0
582

نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و جێگری سەرۆککۆماری ئێستای عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەخباری لوبنانی بە توندی هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و هاوکات دەڵێ: کورد مافی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی نییە، چونکە کورد بەشێکە لە عێڕاقی کۆماریی فیدراڵ .

مالکی وەک نوێنەرانی رژیمی ئێران لە بەغدا دەدوي و دەڵێ :  دەبێ کورد بوەستێنرێ و ئەگەر پێویست بکات ئەوا دەبێت لە بەرامبەریاندا هێز بەکاربهێنرێت”.

مالیکی هێرشی تووندیشی کردە سەر عەرەبە سوننیەکانی عێراق و بە پێکهاتەیەکی ونبوو، شڵەژاو و بێ مەرجەع ناوی بردن.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بێ بەش نەبوو لە رەخنەکانی مالیکی، کە حکومەتەکەی عەبادی بە لاواز و بێ توانا ناوبرد.

پێدەچێت حەشدی شەعبی بەشێكی گەورە لە ناکۆکییەکانی نێوان عەبادی و مالیکی پێکبهێنێت، چونکە پێشتر عەبادی گرووپە چەکدارەکان کە حەشدیش دەگرێتەوە بە باند و چەتەی چەکداری ناوبرد، لەکاتێکدا مالیکی رایگەیاندووە: حەشد بەشێكە لە ئەو و لێدانی حەشد لێدانی مالیکییە و هێرشکردنە سەر مالیکی، هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبییە.

لەگەڵ هەڵکشانی ناکۆکییەکانی نێوان مالیکی و موقتەدا سەدر، مالیکی ئەمجارەش تیرەکانی رەوانەی سەدر کرد و بەکەسێکی “ناشیاو و بێئاگا” لە ئەمڕۆی سیاسەتی عێراق ناویبرد.

لەسەردەمی هەشت ساڵەی فەرمانڕەواییدا، مالیکی جگە لە شیعەکان، دوو لەسەر 3ی عێراقییەکانیشی لەخۆ تووڕە کرد، بەڵام ئەو پێی وابوو کە فریادڕەسی گەل و نیشتیمانە و داهێنەر و دروستکاری عێراقی نوێیە.

هاوکات گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، وه‌ڵامى لێدوانه‌كانى مالیكی ده‌داته‌وه‌، كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌یه‌كی لوبنانى، لێدوانى دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان دابوو.

د. ئومێد سه‌باح، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا وه‌ڵامى “نوورى مالیكی، سه‌رۆكى ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌داته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سەحیفەی ئەخباری لوبنانی زێدەڕۆیی زۆری بەرانبەر مافەكانی گەلی كوردستان كردووە و قسەی نابەجێی و زێدەگۆیی لەبارەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان خستووەتەڕوو و ڕێگەی بەخۆی داوە بەپێی میزاجی خۆی باس لە ڕووداوەكان و مافەكانی گەلی كوردستان بكات. مالیكی لەسەر ئەوە ڕاهاتووە كه دوژمنایەتیكردنی خەڵكی كوردستان بۆ ڕیكلامی هەڵبژاردن بەكار دەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا نە خۆی و نە ئەو خەڵكانەی بەدوای قسەكانی دەكەون بۆ ئێمە جێگەی بایەخ نین و بۆچوونیان هیچ بەهایەكی نییە”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، :” جێگەی سەرسووڕمانە كەسێك كە بووە بەڵا بەسەر عێراق و سەرچاوەی شكست و نەهامەتی و گەشەی تیرۆر بێت هێشتا شەرەم داینەگرێت و بێتە گۆ، دەبوایە كەسێكی وەك ئەو كە عێراقی تێكوپێكدا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابا یان هەر هیچ نەبێ خۆی لەپێشچاوی خەڵكی عێراق ون كردبا.

جه‌ختیش ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ ئەو كەسەی عێراقی كردە سەرلیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و ڕەواجی دزی و بێسەروبەری و ناشەفافیەتی كرد لە وڵاتدا، ئەو كەسەی عێراقی خستەناو ئاگری تاییفەگەری و لەسەردەمی ئەو سەدان كەس لە خەڵكی ڕۆشنبیر و نوخبەی سووننەمەزهەب تیرۆر و بێسەروشوێن كرا، ئەو كەسەی نازانێ بەڵێن و ئیمزا چییە و وەك ئاوخواردنەوە پەیمان دەشكێنێ و دوورە لە پڕەنسیپەكانی مەردایەتی و مرۆڤبوون چۆن دەكرێ هەلی بۆ بڕەخسێ جارێكی تر دەستی لە دەستەڵاتدا گیر بخوات؟ لە مالیكی دەپرسین چیت بۆ عێراق كردووە؟ زیاتر لە پێنجسەد ملیار دۆلار داهاتی عێراقی لەبەردەست بوو، نیوەی ئەو داهاتەی بۆ تاڵان و گەندەڵی بەفیڕۆ دا نیوەكەی تریشی بۆ وێرانكردنی عێراق.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كه‌ :” ئەم پیاوە لە چاوپێكەوتنەكەدا زمانی هەڕەشەی لەدژی خەڵكی كوردستان بەكار هێناوە، لێرەدا پێیڕادەگەیێنین كە ئەوە مەیدان و خۆت تاقی بكەرەوە. پێشتر دوژمنی زۆر لەو بەهێزتر و سەرەڕۆتر خۆی تاقی كردووەتەوە و لەبەردەم ئیرادەی گەلی كوردستان چۆكی داوە و تووشی چارەنووسێكی شووم هاتووە”.

هه‌روه‌ها ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ لە دیباچەی دەستووری عێراقیدا بەڕوونی ئاماژە دراوە كە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی و ئەوە مالیكی بوو دەستووری پێشێل كرد و لە مانای خست و ئەگەر لە سەردەمی تاریكی حوكمڕانیی خۆی ڕێزی لە دەستوور و مافی خەڵك گرتبا بە دڵنیاییەوە ئەم كارەساتانە ڕووی نەدەدا، بۆیە كەسێك دەستووری پێشێل كردبێت بۆی نییە قسە لەسەر دەستوور بكات و موزایەدەی پێوە بكات.

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ سەربەخۆیی كوردستان مافی گەلی كوردستانە و بە هیچ شێوەیەك لەو مەقامەدا نییە قسەی لەسەر بكات، ئەوەیش با باش بزانێ كە لە سەربەخۆییدا هەموو كوردستانییەك و لایەنەكانی كوردستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێستن و ئەگەر دڵی بە بێئیرادەیی چەند كوردێك خۆشە ئەوە با دڵنیا بێت سەرئەنجام جێگەی ئەو و كوردەكانی سەر بە ئەو زبڵدانی مێژوو دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت