وەڵامێک بۆ ڕەخنەگرانی نمای کچم

0
866
۲٥٠٠ ساڵە مافی منداڵی کورد پێشێل دەکرێت ، دەکوژرێت ، زیندەبەچاڵ دەکرێت کیمیاییباران دەکرێت ، هەتیو دەخرێت سوکایەتی پێدەکرێت ، توندوتیژی بەرانبەر دەکرێت ، ئیشی پێدەکرێ ، نە ئەو کات و نەئێستا و نازانم بۆ داهاتوو کەسێک نەبوویە فریاد رەسیان و داکۆکیان لێبکات .

هەر کارێک خراپ و نەگونجاو و نەشیاو بێت لە کوردەواریدا پێی دەڵێن ئەمە کارێکی منداڵانەیە چونکە هەمیشە منداڵ بە کەم سەیرکراوە بروا بە تواناکانی نەکراوە منداڵ لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەردەوام مەحکوم بووە بە سزدان و بێدەنگ کردن .
کاتێک منداڵی کورد هەر لەسەرەتاوە سەرکۆنە دەکرێت بێگومان لە داهاتوودا مرۆڤێکی شەرمن تێکشاوی لێدەردەچێت

ئێستا هەندێک بەرێز وەک ئەوەی خەمخۆری دۆز و دۆخی منداڵی کورد بن دێن و تانە و تەشەر و توانج ئاراستەی نواندنەکانی نما و خێزانەکەی دەکەن وەک ئەوەی ئێمە جگەر کۆشەکەمان ناردبێتە سەر جادە و سواڵمان پێکردبێت .
ئەو ئازیزە رەخنەگرانە بە حساب ( داکۆکیکاری مافی منداڵن ) دەبێت بزانن نواندنی هونەری چییە و بەشداری سیاسی چییە
دەشێت هیچ نا داکۆکیکاری مافەکانی منداڵ ئەوەندە جیهانبین بێت لە ئاستی ڕۆڵ و بەشداری منداڵ لە کاری نواندندا
دەبێت تێبگات نواندن یەکێکە لە خولیاکانی منداڵ و مافی هەر منداڵێکە بەشداری بکات ، ئەگەر حەرامە ئەوە قسەیەکی ترە .
هەر رەخنەیەک لەسەر نواندنەکانی کچەکەم قابیلی قبوڵ و خستنە سەر چاوانە بەڵام بێدەنگکردنی ، ڕێگرییە لە ئازادی دەربرین چونکە لەوە دەگەم هەندێک لەکوێوە قسە دەکەن و چەند لە بەرژەوەندیانە تەنانەت مندڵێکیش نەبێت لەبەرژەوەندی گشتی قسە بکات

لە ئێستادا رەخنەگرەکان سێ جۆرن ، دڵسۆزی ، نەزانین ، سیاسی .
هەندێک دڵسۆزن و ترسیان لەوە هەیە بەهۆی توانجی نواندنەکانەوە ئازار بە نما بگات کە ئەمە هەرگیز ناچێت بە عەقڵمدا سوپاس بۆ دڵسۆزیان .
هەندێک ناشارەزان وا دەزانن نواندن هەر بۆ ژن و پیاوی بەساڵآچووە نابێت منداڵ کاری نواندن بکات .
هەندێکیش کارەکانی نما بە ئاراستەی سیاسی دەزانن کە ئەمەیان هەر زۆر دوورە لە راستییەوە و هەرگیز کارەکانی کچەکەم ناخەمە خزمەتی هیچ حزبێکەوە دژی حزبێکی تر بە حزبەکەی خۆشمەوە .

سەبارەت بە رەخنەگرتن لە حکومەت و پەرلەمان لەبەر ئەوەیە ئەو دوو دامەزراوەیە موڵکی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانن و لەسەر کەس تاپۆ نەکراون هەر هاوڵاتییەکیش مافی خۆیەتی رەخنە لە دامەزراوەکانی بگرێت .

من نامەوێت جارێکی تر وەڵامی رەخنەی بەشداری نەکردن بدەمەوە ئەوە بڕاوەتەوە لای من و دایکی کە کچەکەمان کاری نواندنی رەخنەیی و تەنزئامێز بکات کە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی و لە پاڵ ئەوەشدا وەک هەر منداڵێک یاری دەکات و تەماشای تەلەفزیۆن دەکات و کاتی چیرۆک خوێندنەوە و گەڕانیشی هەیە و ئەمساڵیش دەچێتە باخچەی ساوایان

هیواداریشم ئەوانەی لەغەمی مافەکانی مناڵاندان کە بە ئۆتۆمبێلەکانیان لە ترافیکەکاندا وەستان چاویان لەسەر چرکەژمێری هاتووچۆکە هەڵگرن و سەیرێکی ئەملا و ئەولای خۆیان بکەن بزانن چی دەبینن
یان سەردانێکی کەمپەکان بکەن و بزانن منداڵ لەوێ چۆن دەژی ،
یاننا هەر ئەوەندە بە گەورەکان بڵێن با قاچیان لەسەرسندوقی ئەو منداڵە بۆیاخچییانە هەڵگرن .

نەریمان سابیر

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here