ئەنجومەنی جیهانی “قەڵەم” نیگەرانیی خۆی لەمەڕ دۆخی کەبوودوەند ڕاگەیاند

0
663

ڕۆژی کورد: ئەنجومەنی جیهانیی “قەڵەم” لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕوو لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێستای ڕژیمی ئێران و سادق لاریخانی، سەرۆکی دەزگای دادوەری، نیگەرانیی خۆی لەمەڕ دۆخی جەستەیی محەممەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤی کورد، ڕاگەیاند.

وێنەیەک لەو نامەیە بۆ کومیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناردراوە.

لەو ڕاگەیێندراوەدا باس لە دۆخی نالەباری ئەو ڕۆژنامەوان و نووسەر و چالاکەی مافی مرۆڤی کورد دەکات و داوا دەکات بە زووترین کات لە ڕووی پزشکییەوە پێڕاگەیشتنی پێویستی بۆ بکرێت.

ئەنجومەنی قەڵەم باس لە نەخۆشیی دڵ و نەخۆشی گورچیلە و پرۆستاتی محەممەدسدیق کەبوودوەند دەکات و پێداگری دەکات کە ئەو نەخۆشیانە بە هۆی مانگرتنی درێژخایەن، ئێستا زیاتر لە پێشوو مەترسیداربوون و گەشەیان کردووە.

ئەنجومەنی قەڵەم هەروەها ڕایگەیاندووە، کەبوودوەند ئەندامی شانازیی ئەنجومەنی قەڵەمی ئوتریش، ئەنجومەنی قەڵەمی کاتالاو و ئەنجومەنی قەڵەمی سیدنی و هەروەها ڕۆژنامەوانی ساڵی بریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٩ بووە و براوەی خەڵاتی هێلمت هێمت لە ساڵی ٢٠٠٨ ـە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت